ئەم بابەتە تێگەشتنە لە چەمکی کوردسازی و باسکردنی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەم چەمکە و، نەبوونی ئەم پڕۆسێسە چ کاریگەرییەکی نەرێنی دروست دەکات. کوردسازی؛ واتە ئامادەکردن و بنیادنانەوەی کورد بە شێوازی نوێ لە ڕێگەی زەمینەسازییەکی بەرفراوانی فکری، کە بتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر دەروون و فکری تەواوی کوردەکان دابنێت، بۆ ئەوەی ژیانیان بە پارێزراوی بمێنێتەوە و بتوانن وەک ھەر ھاوڵاتییەکی تری ئەم جیھانە بە پلەیەکی بژین. مرۆڤسازی ھاوتای کوردسازییە، واتا ھەمان چارەسەرن، تەنھا جیاوازییەکە ئەوەیە مرۆڤسازی گشگیرترە و ڕێچکەی زۆر لەخۆ دەگرێت، بەڵام کاتێک دەڵێین؛ کوردسازی، ئەوە لێرەدا دیاری دەکەین کە مەبەستمان مرۆڤێکە بە شێوازە کوردییەکەی بنیاد بنرێتەوە.
با بێینە سەر مێژووی کورد، چونکە ئەوە دەتوانێ ھاوکارییەکی باش بێت بۆ ئەم سیستمە، با بزانین مێژوو چیمان پێدەڵێت لەبارەی کوردسازییەوە:
بەپێی سەرچاوە زۆر کۆنەکانی مێژوو کە بوونەتە بەڵگەیەکی دیار بۆ ئێمە و بە پێی ئەو کتێبە مێژووییانەی تازە نوسراونەتەوە وەک دوو کتێبەکەی “سۆران حەمە ڕەش” بە ناوی (کورد کێیە ؟ و، مێژووی بزرو نەگێڕدراوی کورد) لەگەڵ کتێبەکەی ” ئاکۆ محەمەد میرزادەیی” بە ناوی (مێژووی دێرینی کورد) بەڵگەی سەرسوڕھێنەر لەبارەی کوردەوە دەخەنە بەردەست و، ئەوە بەباشی ڕوونکراوەتەوە کە کورد خاوەنی وڵات و دەسەڵاتی تایبەت بە خۆی بووە و ھەندێک لە سەردەمەکان ئیمپڕاتۆرییەتیان دامەزراندووە بە ھەزاران ساڵ حکومڕانیان کردووە، کەواتە لە مێژوودا کورد پلە یەک بووە و توانایەکی باشی ھەبووە لە بەڕێوەبردنی وڵات و پارێزگاریکردن لە خاک و خەڵکەکەیدا. کەچی لە ئێستادا کە دۆخی کورد دەبینین بە ھۆی بارودۆخی سیاسییەوە و ئاراستەبوونی بە شتێکی دوور لە خۆی، جیاوازییەکی زۆری ھەیە لە نێوان ئەوەی لە مێژوودا باسدەکرێت و ئەوەی ئێستا کورد بە گشتی بیری لێدەکاتەوە! ئەمەش بە ھۆی درەنگ کەوتنی کوردبووە لەوەی زەمینەسازی بۆ خۆی بکات. بۆیەش کوردێکی ئێستای دوور لە مێژووی لێ درووستبووە.
“نەبوونی سیستمی کوردسازی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی”
ھەمیشە کاتێک منداڵێک دێتە دونیاوە بە کۆمەڵێک سمبولەوە لە دایک دەبێت، واتا لەسەر ناسنامەکەی (وڵاتەکەی، نەتەوەکەی، ڕەگەزەکەی، ناوی خێزانەکەی) دیاری دەکرێت، کەواتە وڵات و نەتەوە لە دەستنیشانکردنە یەکەمەکانن بۆ دیاریکردنی جۆری مرۆڤەکە، بۆیە ئەم مرۆڤە لەسەر سیستم و ئایدیای ئەو نەتەوە و وڵاتە گەورە دەبێت و دەخوێنێت و فێردەبێت. سیستمی وڵاتێکیش زمان و فەرھەنگ و شارستانییەتی ئەو وڵاتە لە خۆ دەگرێت، ھەر ھەڵەیەک لەو سیستمە وادەکات منداڵەکە خوویەکی ھەڵەی تێدا گەشە بکات، ئەی ئەگەر ئەو سیستمە ھەر بوونی نەبێت دەبێ چەند وێرانکەر بێت بۆ گەشەکردنی مرۆڤێک؟ بۆیە دەبینین کوردێک دەکەوێتە بەر ھێرشی دەیان سیستم و ئاڕاستەی دەرەکی، چونکە ھیچ سیستمێکی تایبەت بە خۆی نییە تا وەک پارێزەرێک بێت بۆ فکر و دەروونی، نەک ھەر مرۆڤێکی وێرانکەر دروستدەبێت لە ڕووی فکرییەوە؛ بگرە کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی ھەر لە سەرەتای تەمەنی لێی بە دیار دەکەوێت، ھێندە لە خۆ بەکەمبینیندا نوقم دەبێت لە ھەموو شتێک دەترسێت، ئەم ترسەی نەک ھەر تەندروستی و دەروون و فکری، بەڵکو لە شێوە و ئاکار و ڕەفتاریشی بە دیار دەکەوێت و نا ھاوسەنگ دەبێت.
بۆ بینینی دیمەنێک کە بە ڕوونی ڕەفتاری مرۆڤێکی پلەدوومان پشان بدات، دەتوانین سەرنجمان بخەینە سەر مرۆڤێکی بەریتانی یان فەڕەنسی کە لە بەرانبەر کوردێکدا دایبنێین، بە ئاشکرا ئەتوانین ئەوە ببینین کە کوردێک چۆن خۆی بە پلەدوو دەزانێ لەبەرانبەر ھەر بیانییەکدا، ھەر یەکەم دەرکەوتنی ئەو ھەستەش لەوەدا دیارە کە کوردەکە ھەموو ھەوڵێک دەدات بە زمانی بیانی قسەبکات تا بتوانێ بە کوردی قسەناکات، ئەمە جگە لە جووڵەی دەست و چاوەکانی و جۆری دەنگی کە ھەمان شت پشان دەدەن، تەنانەت ئەگەر کەسێکی مەعریفیش بێت ڕەنگە لە ڕووە فکرییەکەوە بتوانێ، بەڵام لە ڕووە دەروونییەکەوە ناتوانێت خۆی واببینێت، بۆیە ناڕاستەوخۆ کاریگەرییەکە دەبیندرێت و بەمەش بۆ بەرامبەرەکەی دەسەلمێنێت کە کەسی دووەمە. جا کێشەکە لێرەدایە کاتێک لە کەسێکی بیانی ئەم کاردانەوە پلەدووە ھەست پێدەکات، ھەستێکی خۆ بە پلەیەکزانی لەلا دروستدەبێت، واتا میکانیزمی خەسێنەر و خەسیو دروستدەبێت، خەسێنەرەکە بیانییەکەیە و خەسیوەکەش کوردەکەیە، بۆیە وای لێدەکات لەژێر فەرمانی ئەودا بێت، ھەستی باڵای بۆ کەسی بەرامبەر زیاد دەبێت و دەستدەکات بە بڕیاردان. ئەمەی باسی دەکەم شێوە گشتییەکەی کەسێکی بیانیی و کوردێکە، بەڵام ڕێژەییە، خەساوییەکە بەپێی بارودۆخی کوردەکە کەم و زیادی تێدایە، کاریگەری سیستمێکی فکری و دەروونی زۆر بە ئاسانی سرووشتییانە وڵاتێک دەگۆڕێت. بۆیە کاتێک ئەو سیستمە بوونی نابێت شەنگست(مەبدەئـ)یش بوونی نابێت، کاتێک شەنگست بوونی نەبوو وڵاتێکیش بوونی نابێت و مرۆڤێکی بەتاڵ لە ھەموو شتێک درووستدەبێت، کە دەتواندرێت بچووکترین جووڵەی سیاسی کاری تێ بکات یان سیستمێکی دەرەکی بیگرێتە خۆی و بیخاتە ژێر کاریگەری خۆی.
” تاگور” فەیلەسوف و شاعیری هیندی لە نامەیەكدا بۆ گاندی دەڵێت: ” ئەگەر تۆ پێت وایە بە ڕۆشتنی ئینگلیزەكان لە هیندستان قەیرانەكانمان چارەسەر دەبن، دڵنیابە لە هەڵەدایت، چونكە قەیرانەكان قەیرانی سیاسی نین، بەڵكوو قەیرانی مرۆڤ و فەرهەنگن، ئەگەر ئەو دیوە فەرهەنگییانە بگۆڕێن ئینگلیزەكانیش لێرەبن ژیان باشتر دەبێت و ئەگەر ئەوانەش نەگۆڕێن بە رۆشتنی ئینگلیز شتێك لە بارودۆخەكە ناگۆڕێت “. ئەم قسەیەی “تاگور” پشتڕاستکردنەوەی ئەوەیە کە مرۆڤی خاوەن پلەیەک ھیچ ھێزێک ناتوانێت کاری لێ بکات. بۆ دروستبوونی مرۆڤێکی ئاوا سیستمێکی جێگیر پێویستە.
“لایەنە ئەرێنییەکانی سیستمی کوردسازی”
مرۆڤی خاوەن وڵات خاوەن دەروونێکی جێگیرە، چونکە ھەمیشە ھەست بەوە دەکات کە لە پشت ئەودا ھێزێک بوونی ھەیە بۆ پارێزگاریکردنی، بەم ھۆیەشەوە خۆی بە پلەیەک دەزانێت، کاتێک مرۆڤێک خۆی بەپلە یەک بزانێ دەتوانێ کارەکانی جیھانیی بن، جیھانییانەش بیربکاتەوە، زمانەکەشی بە جیھانیی بکات و شانازی پێوە بکات، واتا گەر دەرھێنەرێکی سینەمایی بێت دەتوانێ فیلمەکانی جیھانیی بن، گەر نووسەرێک بێت دەتوانێت نووسینەکانی جیھانیی بن و کاریگەری لەسەر جیھان دابنێت، گەر سیاسەتمەدارێک بێت جیھانییانە جموجووڵی سیاسیی دەبێت …هتد واتا ھەر کارێک کە دەیکات بۆ وڵاتەکە و بۆ وڵاتانی جیھانیش دەبێتە جێی سەرنج. ئەمە لە ھەموو بوارەکاندا بەم شێوەیە کاریگەری درووستدەکات، چونکە مرۆڤی پلەیەک ھەرگیز بیر لە لاساییکردنەوە ناکاتەوە، بیر لەوە دەکاتەوە چۆن شتێکی نوێ بنیاد بنێت، چونکە مرۆڤی خەسێنەر بەھۆی دەروونە جێگیرەکەیەوە لە ناو جیھانبینینێکی گەورەتردایە، بەپێچەوانەوە کەسی پلەدوو ھەمیشە لە دۆخی چاولێکەرییە ھەرگیز ناتوانێ ئەو ڕێچکەیە بشکێنێت، چونکە ئەو ھێندە لە دۆخێکی خۆ بەکەم زانیندایە ھەرگیز بیر لەوە ناکاتەوە شتێکی جیاوازتر لەوەی ھەیە بهێنێتەبوون. “سیستمی کوردسازی” ھەنگاوێکی زنجیرەییە بۆ ئەوەی مرۆڤێکی پلەدوو و پلە سێی کورد بگۆڕێت بۆ پلەیەک، بە مەرجێک تەواوی ڕیزبەندی فکریی و دەروونیی ئەو سیستمە لە بەرژەوەندی کورددا بێت.