دۆزینەوەی دوو بەردەنووسی تر لە نییور، باس لە دیڵمون دەکات. ئەم دوو بەردە نووسە لەلایەن کەسێکەوە نێردراوە بۆ بەرپرسی دیلمون کە ناوی (ئیلی-اپپاشرا-Ili-ippashra) بووە، هاووڵاتییەکی باڵای شاری نیپور بووە، لەهەمان کاتدا ئەم کەسە بۆ بەرپرسی شاری نیپوری نووسیوە کەناوی (الییا-Ilija) بووە، لەنامەکانیدا باس لەوەدەکات تووشی کێشە بووە لەگەڵ کۆمەڵەخەڵکێک بەناوی (ئەحلامو-Ahlamu) کە تووندوتژی و تاڵانیان بەرامبەرکردووە، پێدەچێت ئەم کەسە بازرگان بووبێت لەنێوان دیڵمون ونیپوردا لەرێگا تاڵان کراوە، بۆیە سکاڵای لە هەر دوو بەرپرسی شارەکە کردووە، ئەمانەش ئەوەدەرخەن کاسیەکان لە باشوور و رۆژئاواوە دەسەڵاتیان بەسەرئەم ناوچانەدا هەبووە و دیڵمون بەشێک بووە لەدەوڵەتی کاشی، لێرەشەوە کاشیەکان مەترسیان بۆمیسریەکان دروست کردووە، شەڕ لەنێوانیاندا سەری هەڵداوە میسریەکانیش بەرگریان کردووە.(Robert G.Hoyland,2002,p16-18).
دوای ئەوەی کاشیەکان فراوانخوازیان کرد لەبەرەی رۆژئاوا باشوورەوە رووبەرووی میسریەکان وەستان، دوای ململانێ و کێشەکان هەردوولا گەیشتنە رێکەوتنامەی ئاشتی، لەنێوان هەر دوولا دا ئاشتی و ئارامی دروست بوو، ئەمەش بەیەکەم هەوڵی نێودەوڵەتی دادەنرێت لەرووی یاسای نێودەوڵەتیەوە لەمێژووی گەلاندا، ئەم پەیوەندیەش لەسەردەمی فیرعەونی میسر(Amenohotb III) بووە، لەگەڵ پاشاکانی وڵاتی کاسی و هیتی، وەکو ئەوەی لەنامەکانی تەلعمارنەدا هاتووە(Wiliam. L.Moran,1992,p1) بەتایبەتی لەسەردەمی پاشا (کادشمان ئینلیلى یەکەم) (١٣٦٤-١٣٥٠پ.ز) کە پەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ فیرعەونەکانى میسردا هەبووە، وەک ژن و ژنخوازى و هاوسەرگیری رامیاری و گۆڕینەوەی دیارى لەگەڵ (ئامونحوتبى سێیەم،)ی میسردا. پاشان کوڕى کادشمان بە ناوى (بورنابوریاش)ى دووەم (١٣٤٩-١٣٢٣پ.ز) نازناوى پادشاى سومەر و ئەکەد و بابل و پادشاى جیهانی لە خۆى نابوو، پەیوەندییە دەرەکیەکانى زیاتر بایەخ پێداوە، بەتایبەت لەگەڵ ئامونحوتبى چوارەم (ئەخناتون). هەروەها چەندین جار نامە گۆڕینەوە لە نێوان ئەم و ئەخناتوندا هەبووە، ناردنى نوێنەر و کەلوپەلى گرانبەها، زێڕ و زیو، لەوانەش پەیکەرى بزنە کێویەک لە ئاڵتون دروستکراو، پەیکەرى خواوەند بۆ پاراستنى فیرعەون لە نەخۆشى. بەڵگە نامەکان ئەوە دەردەخەن (بورنابو –بور یاشى دووەم) دوا پاشاى کاشییە کە پەیوەندى لەگەڵ فیرعەونەکاندا هەبووە، لەم سەردەمەدا بۆیەکەم جار وشەی (براکەم) وبرایەتی نێوان نەتەوەکان دەرکەوت و گەشەی کرد، ئەمەش هەنگاوێکی یەکجارگرنگ بووە لەدروستکردنی پەیوەندی ئاشتی وبرایەتی و دۆستایەتی لەنێوان کاشی ومیسردا، وەک لە نامەکەی (Amenohotb III)ئەمینۆحوتبی سێیەم دا ئەمە بەروونی دەردەکەوێت کە بۆ پاشای وڵاتی کاشی(کادیشمان-Kadashman )ی نووسیوە، نامەکەش لە ژمارە یەکی نامەکانی تەلعمارنەدا هاتووە. ( Wiliam. L.Moran,1992,p1).
بەم کارەش توانیان پەیوەندی ئاشتی دروست بکەن و یەکەمین نوێنەری نێودەوڵەتی دابنێن لەنێوان میسر وکاشی دا، هەرلەم کاتەدابوو هەوڵی ئەوەیان داوە کێشەی هاوڵاتی نێوان هەردوو وڵات لەسوریا چارەسەربکەن وسزای ئەوکەسانە بدەن کەکێشە دروست دەکەن بۆهەردوولایان.( George Stephen:, ,p146-147.) هەروەها لەنامەکانی تەلعەمارنەدا ژمارە( ١-١٤) پەیوەندی کەبە وڵاتی بابلەوەهەیە لەسەردەمی کاشیەکاندا، بەشێکی زۆری بەزمانی خوری و بابلی و ئاشووری نوسراون، زمانی هۆری زمانێکی فەرمی بووە لەو سەردەمەدا، لەوکاتەدا نامەی پاشا میسریەکان بۆ پاشا کاشیەکان هاتووە، وەک پاشا کادیشمان(١٣٦٤-١٣٥٠پ.ز) و پاشا (بورنا-بوریاش دووەم-١٣٤٩-١٣٢٣پ.ز) نامەکان لەسەر ئاستێکی باڵا و یەکجار بەرزدا نوسراون بە ووشەی ( پاشا، براکەم، نامەکەت گەیشت…هتد)دەست پێدەکەن، پاشاکانی ئەم سەردەمەش ئەمانەبوون، (ئەمینۆفیسی سێیەم-١٣٩٠-١٣٥٢پ.ز ئەمینۆفیسی چوارەم-١٣٥٢-١٣٣٦ پ.ز) وەکو لە نامەی ژمارە(١)دا هاتووە:( {بڵێ} بە]کادیشمان ئینلیل-[Kadašman-Enlil، پاشای وڵاتی کاردۆنیاش برای خۆت، ]نیبمواریا-Nibmuareya [ پاشای گەورە،پاشای میسر، براکەت، بۆم ن هەموو شت باش دەڕوات، بۆتۆش هەموو شت باش دەبێت، بۆ خێزانەکەت، بۆهاوسەرەکانت، بۆکوڕەکانت، بۆهاوڕێکانت، بۆئەسپەکانت وعارەبانە/ گالیسکەکانت، بۆهێزەکانت، ئەوانە هەموو باش دەروات، هەر وەک چۆن بۆمن هەموشتێک باشە، خێزانەکانم، هاوسەرەکانم، کوڕەکانم، هاوڕێکانم، ئەسپ وهێزەکانم، بارودۆخی وڵاتەکەم لەوپەڕی باشیدایە…….))(١٥-١٧) (EA1 Text;BM29784,Copy B,B1,Photograph;F.G Giles1992,p1, Wiliam. L.Moran).
هەروەها لەنامەی ژمارە(٢)ی ئەلعەمارنەدا پێشنیاری هاوسەرگیری رامیاری کراوە لەلایەن پاشای کاشیەوە لەگەڵ فیرعەونی میسردا، لەژێر ناونیشانی(پێشنیاری هاوسەرگیری- Proposals of Marrige )فیرعەونیش بەم شێوەیە لەنامەیەکدا وەڵامی داوەتەوە، وەکو لەم دەقەدا هاتووە: ({بڵێ} بە[میموارییا-mimmuwareya]پاشای وڵاتی میسر،براکەم کادشمان ئینلیل[Kadašman-Enlil] پاشای وڵاتی کاردۆنیاش، بۆمن بۆ وڵاتەکەم هەموو شتێک باش دەڕوات، بۆتۆش بۆ خێزانەکەت ،بۆ هاوسەرەکانت، بۆ کوڕەکانت، هاوڕێکانت، پیاوەکانی کۆشکت، ئەسپەکانت، هێزەکانت، وڵاتەکەت،هەموو باش دەبێت.)(٦-١١) (لەگەڵ رێزمدا بۆ برای خۆم کە دەربارەی مارەکردن کە بۆمنت نوسی بوو ئەڵێی:{حەزدەکەم کچەکەت بۆمن بێت، بۆرێگانادەیت ببێت بەهاوسەرم}،کچەکەم خۆی ئامادەیە،بەڵام لێرەدا پێویستە پیاوەکە لەخوێنی پاشایەتی بێت یان بنەماڵەی پاشایەتی بێت، لێرە تەنها ئەمانە گرنگە بۆ وەڵامی ئەرێی هاوسەرگیریەکەی کچەکەم کەسێک پاشاوخانەدان نەبێت کچی پێنادرێت.(١٢-١٣)، کچەکەت ئامادەیەبۆئامادەنیت تۆ بەمنی بدەیت.{…}-{..} ؟))(EA2,Text VAT 148+2706, Copies :WA2+WA5:vs11,10, Wiliam. L.Moran,1992,p6.).
ئەوەی لێرەدا جێگای بایەخە؛ ئەوەیە کە زۆرترین ژمارە لەنامەکانی ئەلعەمارنە بۆپاشاکنی کاشی لەوڵاتی بابل و میسریەکان دەگەرێتەوە،ژمارەیەکی زۆر نامە لەنێوانیاندا ئاڵوگۆڕ کراوە لە ژێر ناونیشانی جیاوازدا، بەشێکیان پەیوەندیان بەژن و ژنخوازی و هاسەرگیری و هەواڵپرسینی کچ و دۆستایەتی نێوان هەردوولا بووە، بۆ نمونە نامەکانی ژمارە(١) تاکو ژمارە(٧) پەیوەندی بەکادشمان-ئینلیلەوەهەیە، ژمارە(٨)تاکو ژمارە(١٤) پەیوەندیان بە پاشای کاشی بورنابوریاشەوە هەیە.( Wiliam. L.Moran,1992,p16-36) لەلایەکی ترەوە بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن (بورنابو –بور ياشى دووەم) دوا پاشاى كاشیيە کە پەیوەندی لەگەڵ فیرعەونەکانی میسردا هەبووە، لەهەمان کاتدا ئەم پاشایە کچی پاشای ئاشووری هێناوە، هاوسەرگیری رامیاری لەگەڵدا ئەنجام داوە، بەوەش پەیوەندی لەگەڵ ئاشوورییەکان بەهێزکردووە. لەدوای ئەمانیشەوە ناوی دوو پاشای تری کاشی هاتووە کە پەیوەندیەکانیان لە ئاستی ئاشتی دابووە، وەک كاراخارداش و سوزيكاش كە بەنازى بوكاشى ناسراوە پەیوەندی لەگەڵ پاشای ئاشوورى (ئاشور ئوباڵتي يەكەم 1365 – 1330 پ.ز هەبووە. (سامى سعد الاحمد : سومر،1983،ص 135.)
“هاوسەرگیری رامیاری نێوان میدیەکان و بابلیەکان-میدیەکان و لیدیەکان”
یەکەم:- هاوسەرگیری نێوان میدیا و بابل.
ئەم دوو گەلە وەک دوو نەتەوەی جیاوازی رەگەزی لەناوچەکەدا رۆڵی سەرەکیان گێراوە لە دروستکردنی شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا. پەیوەندی گەلانی دێرینی کوردستان و بابلیەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حامورابی کاتێک توانیان دەسەڵاتیان فراوان بکەن و بگەنە کوردستان.(Paul Kriwaczek; 2012,p160.) لەسەردەمی بابلی نوێشدا پەیوەندی راستەوخۆی میدیا و بابلیەکان دەست پێ دەکات، ئەویش ئەوکاتە بووە کە پێکەوە شەڕیان دژی ئاشوریەکان ئەنجامداوە، میدیەکان بەهۆکاری سەرەکی هاندانی بابلیەکان دادەنرێن بۆ هەڵگەڕانەوە دژی ئاشوور، میدیەکان هاوکاری و یارمەتی و دەستپێشخەری تەواوی بابلیان کردووە بۆ ئەنجام دانی هەڵگەڕانەوە، هەربۆیە ئەم کارانە بوونە هۆی دروستکردنی پەیوەندی تۆکمەی هاوڕێتی نێوان میدیا و بابل، دواتر هاوپەیمانێتی و هاوسەرگیری رامیاری تەواوەتی لێکەوتەوە(Ctesias: 2010, B1-3,p 133-134.).
هەربۆیە کاتێک نەبو پلاسەر پاشای نوێی وڵاتی بابل هاتەسەر دەسەڵات هێرشی کردە سەر ئاشوور، هەرچەندە نەیتوانی لەو کاتەدا داگیری بکات و گەرایەوە بۆ بابل.( Joan Oates, 2000,p126.) لەوکاتەشدا کەیخوسرەو (کەیئەخسار) وەک پاشایەکی بەهێزی میدی-میدیەکان کەوتنە رێکخستنی هێزە ناوخۆییەکان و دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێز و گەلانی ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر ئاشووریەکان.(Tom Holland 2005,P6.) لەهەمان کاتدا بابل کە لەشەڕی ئاشووریەکاندا بووە، بۆئەوەی درێژە بەسەرکەوتنەکانی بدات بیری لە دروستکردنی هاوپەیمانێکی بەهێز دەکردەوە، ئەوە بوو چووە ناو هاوپەیمانیەتیەکەوە لەگەڵ میدیاکان، توانیان زۆربەی شارەکانی ئاشوور بگرن تاساڵی ٦١٢پ.ز.(A.K.Grayson,2009,p94) سەبارەت بەو رێکەتننامەیەی نێوان بابل و میدیا کە لەسەردەمی نەبو پلاسەر و کەیخوسرەو دا کراوە، سەرەتا ساڵی ٦٢٤پ.ز چاویان بەیەک کەوتووە، بەرنامەی کاری شەڕدژی ئاشووریان داڕستووە، کارئاسانیان کردووە بۆ بەستنی پەیمانامەیەکی سەربازی. پاشان ساڵی ٦١٥پ ز رێکەوتنە سەربازیەکە کەوتە باری جێبەجێکردن، پێکەوە بڕیاری گرتنی نەینەوایاندا، پاشان هێرشیان کردە سەر ئاشووریەکان، ئەوە بوو ساڵی ٦١٤ تاساڵی ٦١٢ پ ز بەتەواوەتی نەینەوای پایتەختی ئاشوریەکان کەوتە دەست میدیەکان و بابلیەکان.(. Richard Frye ,1993,p80) بەم شێوەیە پاش چوارساڵ هەموو شار و سنوورەکانی دەوڵەتی ئاشوور کەوتنە دەست میدیەکان و بابلیەکان، بەوەش کۆتای بە ئاشوورییەکان هات لە ساڵی ٦١٠ پ زدا سەرجەم سنوورەکانی باکووری ئاشوور و باکووری سوریا بوونە بەشی دەوڵەتی میدیا.( Tom Holland 2005:,P6).
لەهەمان کاتدا رێکەوتننامەکەیان بوو بە پەیماننامەی ئاشتی، هاوسەرگیری رامیاری و خزمایەتی لێکەوتەوە، ئەوە بوو( ئامێتیس) کچی کەیخوسرەو درابە (نەبوخەزنسری کوڕی نەبوپلاسەر)، دەرکەوتنی نەبوو خەزنەسر وەکو پاشایەکی بەهێز بووە هۆی کۆتای هێنان بە ئاشووریەکان وەکو هاوپەیمانێکی گرنگی میدیەکان، هەروەها دروستکردنی باخچە هەڵواسراوەکانی بابل و زەقورات و هێرشی بۆ سەر جولەکە بەهەنگاوێکی گرنگ لەکارەکانی نەبوخەزنەسر دادەنڕێت.( Brian. M. Fagan:,1998,p394. )یەکێک لەخاڵە گرنگەکانی ئەم رێکەوتننامەیەی نێوان میدیەکان و بابلیەکەکان دروستکردنی پەیوەندی تۆکمەی رامیاری و برایەتی بوو، کەبەهاوسەرگیری رامیاری ناودەبرێت، دۆزینەوەی شاری بابل و باسی باخچە هەڵواسراوەکان لەلایەن شوێنەوارناسەکانەوە ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە بۆ کچەپاشای میدی ئامیتس دروستکرابێت، چونکە ئەو شاژنە خواستی لەوەبووە کۆشکەکەی وەک سرووشتی ناوچە شاخاویەکانی هەمەدان و زاگرۆس فێنک و دارستان بێت، هەرچەندە ئەم کارەی نەبوخەزنەسر بەیەکێک لەحەوت سەرسورهێنەرەکەی دنیا دانراوە، جێی بایەخ و لێکدانەوەی زۆرترە، لەگەڵ ئەوەشدا تاکو ئەمڕۆش زانیاری زۆر لە گێڕانەوەکانی هێرۆدۆتس وەرگیراوە بۆباسی باخچە هەڵواسراوەکانی بابل کەسەدەیەک دوای دروستکردنی سەردانی کردووە و باسی دەکات.( A.K.Grayson;2009, p95).
هەرچۆنێک بێت دروستکردنی کۆشکی نەبوخەزنەسەر بەکارێکی یەکجارگرنگ دادەنرێت لەو سەردەمەدا کەپەیوەندی بە خێزان وهاوسەرگیری رامیاری نێوان ئەوان و میدیەکانەوە هەیە و هیچ گومانێک لە وبابەتە ناکرێت.( Joan Oates, 2000,p128) هەروەها زۆرێک لە مێژوونووسان باسی ئەم شاژنە میدیە دەکەن و رۆڵی گەورەی دەدەنەپاڵ لە دروستکردنی کۆشکی پاشایەتی لەبابلدا، ئەم شاژنە (ئامێتس) ساڵی (٦٣٠) پ.ز لەهەمەدانی پایتەختی میدیا لەدایک بووە، ساڵی(٥٦٥)پ.زلەتەمەنی (٦٥)شەت و پێنج ساڵیدا کۆچی دوای کردووە، ئەگەر ئەم هاوسەرگیریە ساڵی ٦١٠پ.ز ئەنجام درابێت ئەوائەم شازادەمیدیە تەمەنی (٢٠)بیست ساڵان بووە، ئەگەرساڵی ٦١٢پ.ز بێت ئەوالەتەمەنی (١٨)هەژدە ساڵیدابووە، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە زۆرێک لەزاناکان باس لەم هاوسەرگیریە رامیاریەدەکەن، بەهۆکاری پەیوەندی تووندوتۆڵی نێوان میدیا و بابل و دورستکردنی باخچە هەڵواسراوەکانی بابلی دادەنێن، بەتایبەتی لای مێژوونووس دیودۆروس سیکولوس کەلەپەرتووکی خۆیدا بەناوی(بیبلۆتیکا هیستۆریا،پ ەرتووکی دووەم) لەساڵی ٩٠-٣٠پ.زداباسیان کردووە.( Joshua J. Mark,2011,p2) لەئەنجامیشدا هاوسەرگیریەکە بووە مایەی ئاشتی نێوان مید و بابل،لایەنی ئەرێی باشی لێکەوتەوە بۆ هەردوو وڵات بەدرێژای سەردەمی نەبوپلاسەر و نەبوخەزنەسر لەبابل و کەیخوسرەو لەمیدیا، بەڵام لەکۆتای دەسەڵاتی ئاستیاگی دواپاشای ماد و و نابونیدی دواپاشای بابلدا پەیوەندی و خزمایەتیەکە، هاوسەرگیریە رامیاریەکە کاڵبوونەوە، تا دەهات گرژی و ئاڵۆزی زیاتردروست دەبوو لەنێوان میدیەکان وبابلیەکاندا تاهاتنی کۆرش و داگیرکردنی میدیاوبابل. ( Georges Roux: 1992, p380-381)
دووەم:- هاوسەرگیری نێوان میدیا و لیدیا.
دوای ئەوەی میدیەکان بەهاوکاری بابل توانیان ئیمپراتۆری ئاشوور بڕوخێنن و ببنە هێزیکی سەرەکی ناوچەکە بەهۆی رێکەوتنی میدیا و بابلەوە، دەبوو سەرجەم سنووری ئاشوورییەکان بخەنە ژێر دەستەڵاتی نوێی خۆیانەوە، هەربۆیە بابلیەکان لە باشوور و رۆژئاوا دەستیان بەفراوانخوزیەکانیان کرد، لەهەمان کاتدا میدیەکانیش لەبەرەی رۆژهەڵات و باکوورەوە دەستیان بەفراوانخوازی کرد، سەرەتا لە سنووری ئورارتووە دەستیان پێکرد، پاشان کەوتەنە شەڕەوە لەگەڵ لیدیەکان، بەم کارەش شەڕ لەنێوان میدیا و لیدیا هەڵگیرسا. ئەو جەنگە لە مێژوودا بە جەنگێکی گەوەرە ناسرا و شەش ساڵی خایاند کە لە٢٨-٥-٥٨٥پ.ز روویدا. هەریەک لە میدیەکان و لیدیەکان خۆیان بەسەرکەوتوو دەزانی لەوجەنگەدا، بەڵام هیچ لایەکیان نەیانتوانی جەنگەکە بەلای خۆیاندا یەکلای بکەنەوە و سەرکەوتن بەدەست بهێنن، زیانێکی گەوەریان لەیەکتری دا و تەواو ماندوو بوون، شەڕ لەدوای شەڕ سەری هەڵدەدا و هەردوو هێزەکە هاوسەنگ بوون هیچ لایەکیان تێکنەدەشکان، تا شەڕ پێی نایە ساڵی شەشەم، تا دەهات گەرم تر دەبوو، لەرۆژێکی پڕ لەسەختی شەڕدا، لەپڕ رۆژ بوو بەشە و خۆرگیران روویدا، ئەمەش وەک دیاردەیەکی گەردوونی پێشبینیکراو بوو لەلایەن زانا (تالیسیس میلیسیاس)، پێشتر ئایۆنیەکانی ئاگادارکردبوویەوە لە روودانی کارێکی لەوشێوەیەدا، بێگومان راست دەرچووەو ئەو خۆرگیرانە روویداوە.
لەلایەکی ترەوە ئەو کارە چاوەڕوان نەکراو بوو، بۆ هەردوو سوپاکە بووە مایەی سەرسوڕمان، لەپڕ شەڕیان وەستاند، کەوتنە گفتوگۆ و دانوستاندن و رێکەوتننامەی ئاشتیان راگەیاند. لەم کاتەشدا چەندین پاشا و نوێنەری وڵاتان بوون بەنێوەندگیری نێوان میدیا و لیدیا. یەکەمجار نوێنەری سیلیسیایەکان بەناوی (سینیسیس) کەناوێکی دیاریکراونیە بەکاردێت بۆ دەسەڵادارانی (سیلیسا) دەست پێشخەری ئاشتی نێوان هەردوولای کرد، پاشان بابلیەکان نوێنەری خۆیان نارد بەناوی (لابی-نیتوس)یان(نابونید) وەک نێوبژیوانێک داوای ئاشتی کرد بۆ هەردوولا، هەوڵی ئاشتەوایی نێوان میدیا و لیدیای دا، بەو هەنگاوانەش بە فەڕمی جەنگ راوەستا، دواتر گفتوگۆکرا و وردەکاری رێکەوتنی هەردوولا دیاری کرا بەتایبەتی دیاریکردنی سنووری نێوان هەردوو دەسەڵاتی میدیا و لیدیا.( Herodotus; 1942, B 1,p40) لەم کاتەشدا بابلیەکان کایەیەکی گرنگیان هەبوو لە ئاشتینامەکەدا کە نەبو خەزنەسر وەک هاوپەیمان و خزم و دۆستی میدیا سەرکردەی سەربازی خۆی نارد بەناوی (نابوناید)، رۆڵی باشی هەبوو لەچارەسەرکردنی کێشەکان. ئەوەی لێرەدا گرنگە راستی بوونی رووداوی جەنگ و خۆرگیرانەکەیە کە لەلایەن ئەستێرەناسەکانەوە پشتراستکراوەتەوە ئەو رۆژە٢٨-٥-٥٨٥پ.ز روداوێکی واهەبووە ( 2000,p130 . Joan Oates) پاشان رێکەوتننامەکە بوو بەمایەی ئاشتی گشتی، لەسەر داوای نوێنەری سیلیسا و بابل پێشنیارکرا کچی ئەلیاتیس پاشای لیدیا بدرێت بەکوڕی پاشای ماد کەیخوسرەو، بۆ ئەم مەبەستەش کچی پاشای لیدیا بەناوی (ئارێنیس-Aryenis) درا بە کوڕی کەیخوسرەو بەناوی (ئاستیاگیس-Astyages)، ئەم هەنگاوەش بەکرداری جێبەجێکرا و بوو بە بنەمایەکی گرنگ بۆ دروستکردنی ئاشتی و ئارامی نێوان میدیا و لیدیا، بۆ ئەوەی چیتر خوێن نەڕژێت و شەڕ روونەداتەوە.
بەوەش خزمایەتی وتێکەڵاوی لێکەوتەوە، ئەم رێکەوتننامەیە، ئاشتی و خزمایەتیە وەک خۆی مایەوە تا کۆتایی دەسەڵاتی ئاستیاگ، تا ئەوکاتەی کۆڕش توانی ئاستیاگ لەدەسەڵات دووربخاتەوە( Herodotus; 1942, B 1, p41,) هەروەها بە بڕوای توێژەر، داتاشراوەکەی ئەشکەوتی قزقاپانی ناوچەی چەمی ڕێزان لەسورداشی سلێمانی بە یەکێک لەبەڵگەڕوون و ئاشکراکانی ئاشتەوای نێوان پاشای ماد و پاشای لیدیا دادەنرێت، پاشای دەستەراست لە وێنە بەردینە هەڵکۆڵراوەکەی دەروازەی گۆڕە بەردینەکەی قزقاپان بە(کەیخوسرەو)دادەنرێت، ئەوەی لای چەپ وەک پاشای لیدیایە (ئەلاتیس) دادەنرێت. چونکە ئەم گۆڕە بەردینە یە بۆ سەردەمێک دەگەڕێتەوە کە باری وڵاتی میدیا تەواو ئارام بووە نەک سەردەمی فرائورتس کە خودی خۆی لەشەڕی ئاشوور کوژراوە، وڵاتەکەی کەوتۆتە دەست ئاشوورییەکان و داگیرکراوە، ناکرێت لەسەردەمی داگیرکاری ئاشوور و دەسەڵاتی ئەسکیسیەکاندا ئەو گۆڕە بەردینەیە دروستکرابێت لەلایەن میدیەکانەوە، هەروەها وێنەی گۆی زەوی لەسەرمێزەکەی نێوان هەردوولا هێمای رێکەوتنە لەسەر زەوەی و خاک و سنوور. هەروەها هێمایە بۆ خۆرگیرانیش لەو کاتەدا کە رووی داوە.
“هاوسەرگیری رامیاری نێوان میدیا و پارسوا (ئەخمینی/فارس)”
پەیوەندی نێوان میدیەکان و ئەخمینیەکان مێژوویەکی دووری هەیە، لەرووی زمان و فەرهەنگ و جوگرافی و رەگەزەوە زۆر لەیەکەوە نزیکن، لە بنچینەدا دوو گەلی هیندۆ ئەوروپی ئاری نەژاد بوون، لە ناوەڕاستی هەزارەی دوومی پ.زدا لەبانەکانی زاگرۆس نیشتەجێ بوون، میدیەکان لە باکوور و ناوچەکانی دەریای خەزەر گیرسانەوە، پاشان بەرە و باشوور و رۆژئاواش هاتن. فارسەکانیش لە باشووری زاگرۆس لەناوچەی پارسوای نزیک ئیلام جێگیربوون. میدیەکان توانیان هەمەدان بکەنە پایتەختی دەوڵەتەکەیان، وردە وردە خۆیان بەهێزکرد، لەسەردەستی دیاکۆ بوون بەخاوەن دەسەڵاتێکی بەهێز لەناوچەکەدا. بۆ یەکەمجار لەسەرچاوە ئاشوورییەکاندا بە مادای ناویان هاتووە، لەسەردەمی شەلمناسری سێیەم لەساڵی ٨٣٦پ.زدا.( Girshman, R, 1961, P. 90) (Richard Frye; 1993,p76) لەم بارەیەوە هێرۆدۆتس دەڵێت؛ (دیاکۆ یەکخەری سەرجەم خێڵە میدیەکانە لەچوارچێوەی یەک نەتەوەدا، لەو پێناوەشدا رۆڵی سەرەکی خۆی گێڕاوە، شوێن دەستی دیارە لەو کاتەدا. خێڵە میدیەکانیش ئەمانەبوون(Busae, Paretaceni, Struchates, arizanti, Budii,Magi (بوسای، پاراتاکنە، ساتارخیتس، ئاریزانتی، بودی،ماگی) دیاکۆکە ٥٣ ساڵ پاشایەتی کرد، یەکێک بووە لەدامەزرێنەرانی یەکێتی دەسەڵاتی میدیەکان، بەڵام بەهۆی کێشە و شەڕ و ململانێکانیەوە لەگەڵ ئاشووریەکاندا بەدیلگیراوە و دوور خرایەوە بۆ ناوچەکانی حەماه لەوڵاتی شام .(. Herodotus,1942, ,Book 1,p58) دوای دیاکۆ فرائورتسی کوری شوێنی گرتەوە، ئەم شازادەیە خواستی بەهێزکردنی میدیا و فراوانخوازی هەبوو، بۆ ئەو مەبەستە هێرشی کردۆتە سەر پارسوا، توانی فارسە ئەخمینیەکان ملکەچی میدیا بکات، بیان کات بەبەشێك لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی میدیا.
لێرەشەوە فارسەکان بوون بەمیرنیشێنێکی سەر بەدەوڵەتی ماد. ئەمەش بەسەرەتای دروستکردنی پەیوەندی نێوان میدیا و فارس دادەنرێت. هەروەها ئەم پاشایە هەوڵیدا هێزێکی گەورە دروست بکات، رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبوو، سەرکەوتنی زیاتری بەدەست هێنا، هەرێم لەدوای هەرێمی خستەوە ژێردەستی میدیاکان، تاوای لێهات هێندە بەهێز بوو توانی رووبەرووی ئاشووریەکان ببێتەوە، دەیویست ببێ بە فەرمانرەوای هەموو ئاسیا. لەم کاتەدا هەڕەشەی لەنەینەوا کرد و مەترسیەکی گەوەرەی بۆ ئاشوور دروست کرد، بەڵام بەشێك لەهێز و هاوپەیمانەکانی لێی هەڵگەڕانەوە و کەوتە شەڕکردن لەگەڵیاندا، دوای ٢٢ساڵ دەسەڵاتی لەدەستدا.(Herodotus,1942,B 1,p58).
سەرچاوەکان ئەم وتانەی هێرۆدۆتس راست دەکەنەوە باس لە هەڵگەڕانەوەی ئەسکیسیەکان دەکەن، چۆن چوونەتە پاڵ هێزی ئاشوور و ناپاکیان لە فرائورتس کردووە، بەو هەڵگەڕانەوەیەش پاشای ماد(فرائورتس) لەشەڕەکەدا کوژراوە. هەروەها پێدەچێت فارسەکانیش لەریزی ئەم هێزە هەڵگەڕاوەیەدا بن. بەم هۆیەشەوە بەشیکی زۆری وڵاتی میدیا کەوتە دەست ئەسکیسیەکان و ئاشوورییەکان، دوای فرائورتس کەیخوسرەو بوو بە پاشای میدیا، دوای ئەوەی بەسەر ئەسکیسیەکاندا سەرکەوت کەپاشاکەیان ناوی (مادیسی کوڕی پرۆتۆتیس)بووە، کەیخوسرەو هەوڵیدا سوپایەکی نوێ و بەهێز دروستبکات کە پێشتر لە ئاسیادا نەبووبێت، ئەم پاشایە توانی سەرجەم نەتەوەکان بخاتە ژێر دەسەڵاتی میدیاوە، هەر ئەمەش هۆکارێک بوو کە بتوانێت کارنامەیەک داڕێژێت و بتوانێت رووبەرووی ئاشوورییەکان ببێتەوە وەک تۆڵەیەک بۆ باوکی و باپیری، کاری لەسەرکرد، توانی ئاشوو ر بڕوخێنێت و بەسەریاندا سەرکەوێت، پاشان بەسەر سیمیری و لیدیادا سەرکەوێت و نیوەی ئاسیا بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە تا رووباری هالیس.( Herodotus,1942,B 1,p58) لەسەردەمی ئەمدا فارس-ئەخمینی بەتەواوەتی ملکەچ و باجدەری ئیمپراتۆری میدیا بوون، بەهاتنی ئەستیاگی کوڕی کەیخوسرەو و فراوان بوونی ئیمپراتۆرێتەکەی، گەشەکردنی فارس و کاڵبوونەوەی پەیوەندی نێوان میدیەکان و بابل، بارێکی ناجێگیر باڵی بەسەرناوچەکەداکێشا.
لەلایەکی ترەوە سەرچاوە مێژوویەکان ئەوەیان ساغکردۆتەوەکە قەمبیزی ئەخمینی لەناوچەی ئەنشان و پارسوا وەک میرنیشێنێک فەرمانرەوابووە، دوای ئەوەی چەند جارێ جوڵانەوە و سەرکێشی کردووە دژی میدیەکان، میدیەکان بۆ ئەوی کێشەکە بەبێ شەر چارەسەرکەن، فارسەکان ملکەچی خۆیان بکەنەوە پێشنیاری هاوسەرگیری رامیاری دەکەن، لە ئەنجامدا ئەستیاگ کچی خۆی بەناوی(ماندانە)دەدات بە قەمبیز، ناچاری دەکات باج بدات بەئیمپراتۆری میدیا، لەچوارچێوەی دەسەڵاتی میدیادا بمێنێتەوە، بەڵام ناوچەی پارسوا بەردەوام گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو، لەهەمانکاتدا بەهۆی هاوسەرگیرییەکەوە لەکۆشکی پاشایەتی هەمەدان نزیک بوونەوە، زۆرێک لە پلەوپایەی دەوڵەت بەتایبەتی سەربازی بەدەست بهێنن، تا لە دەرفەتێکدا دژی ئەستیاگ هەڵگەڕانەوە، پاشان شەڕ روویداوە، توانیان ناوچەکانی خۆیان لەدەستی میدیا دەربهێنن.
پاش سێ ساڵ لەشەڕکردن (٥٥٣پ.ز-٥٥٠پ.ز)توانیان بەرەو هەمەدانی پایتەختی میدیا پێشڕەوی بکەن، لە ئەنجامدا سەرکەوتن بەسەر میدیەکاندا، هەمەدان کەوتە ژێردەستی فارسەکانەوە، ئەوەی جێی بایەخە ئەوەیە لەدەقێکی مێخیدا کۆرش دەڵێت؛ “من کوڕی قەمبیزم، پاشای گەورە، پاشای ئەنشان، دەگەڕیتەوە بۆ جیشپیش و بنەماڵەی پاشایەتی” ( Richard Frye; 1993,p86.) هیڕۆدۆتیسیش دەڵێت: “کۆرش لەدایکەوە میدیە و لەباوکەوە فارسە دایکی کچی ئەستیاگە و باوکیشی فارسە”. ئەم هاوسەرگیریە هاوسەرگیریەکی پاشایەتی یان رامیاری بووە، کەدواتر کۆرشی لێکەوتەوە.(. Herodotus,1942,B 1, p52) هەروەها هێرۆدۆتس باس لەهەڵەی ئەستیاگ دەکات کەچۆن وڵاتی میدیای تووشی شکست کرد لەسەردەستی کۆرش. باس لەوەدەکات سەرئەنجامی هاوسەرگیری رامیاری نێوان میدیاوفارس و لیدیا ئەوهەنگاونەی لێکەوتەوەکە لەدواجاردا کۆرش توانی میدیابخاتەژێردەستی خۆیەوە. هەرلەم روانگەیەوە باس لەبرایەتی نێوان کۆرش و کروسوس پاشای لیدیا دەکات بەهۆی هاوسەرگیری نێوان میدیا فارس میدیا ولیدیاوە، کە ئەمەش پلەوپایەی بەکۆرش بەخشی، سەرئەنجام بووە هۆکاری سەرەکی گۆڕینی دەسەڵاتی میدیا، پاشان هەڕەشە بۆ سەرلیدیا و بابل.( Herodotus,1942,B 1, p39-40) هەروەها هیرۆدۆتس بەشێک لەهۆکاری کێشەی نێوان میدیا و فارس دەباتەوە بۆ پێشتر، ئەیخاتە ئەستۆی کەیئەخسار و فرائورتس، بۆنمونە بایەخدان بەسیمیریەکان پێدانی پلە پایە لەدەوڵەتی میدیا، لەلایەکیترەوە بایەخدان بە ئەسکیسیەکان (Herodotus 1942,B1,p41) هەرچۆنێک بێت بەو هۆیەوە ئەخمینیەکان دەسەڵاتیان لە میدیەکان سەندوو خۆیان بوون بە خاوەن ئیمپراتۆرێکی گەورە.
لێرەوە رۆڵ و کاریگەری ئەخمینیەکان دەست پێدەکات، بۆیەکەم جار لەسەرچاوە ئاشووریەکاندا بەپارسوا-پارسواش-پارسوماس ناویان هاتووە لەسەردەمی شەلمناسری سێیەمدا، ئەمانە لەناوچەی قەوقازە و هاتوون بۆ رۆژئاوای ئێرانی ئێستا. لێرەدا “ریچارد فرای” بەم شێوەیە باسی فارس و کۆرش دەکات و دەڵێت: “ئەم فارسانە لەوڵاتی ئیلام دەرکەوتن و لەناوچەی پارسوا گیرسانەوە بەسەرکردایەتی قەمبیز، دوای ئەوەی وردە وردە خۆیان بەهێزکرد. ئەم پیاوە کچی پاشای مادی بەناوی (ماندانە)مارەکرد، لەم ژنە کۆرش لەدایک بوو، هەرئەمەش بووە هۆی دروستکردنی ئەفسانەیەک لەلایەن هێرۆدۆتسەوە، هەروەک چۆن چیرۆکی لەدایک بوونی سەرجۆنی ئەکەدی پەیوەندی بەئەفسانەیەکەوە هەیە. کاتێک ئەستیاگ خەونێک دەبینێت، لەخەونیداکچەکەی کوڕێکی دەبێت، کوڕەکە هەموو ئاسیا دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، ئەمەش ترسێک لای ئەستیاگ دروست دەکات، بڕیاردەدات هەر مناڵێک لەدایک بوو لەناوی بەرن، بۆ ئەو کارەش هارپاکی راسپارد. کاتێک ئەومناڵە لەدایک بوو، هارپاک بردی و پەڕۆیەکی بەخوێنی مەڕێک سورکرد، وەک سیناریۆیەک بۆکوشتنی کۆرش، بەڵام کۆرش نەمرد و چارەنووسی ئەوە بوو ببێتە پاشا، دوای ئەوە ئەو چیرۆکە بۆ ئەستیاگ ئاشکرابوو، بڕیاری سزادانی بۆهارپاک دەرکرد، هارپاک و کۆڕش پێکەوە دەستیان کرد بە شۆڕش دژی ئاستاگ و میدیا. (Richard Frye; 1993,p76.)
بەپێی سەرچاوەە بابلییەکان؛ هارپاک لە ئەستیاگ هەڵگەڕاوەتەوە لەهەمەدانی پایتەخدا لە ساڵی ٥٥٠پ.زدا.( Joan Oates, 2000,p134)بەوکارەش لەئەنجامی هاوسەرگیری رامیاری نێوان میدیا-پارسوا دەوڵەتی میدیا کەوتە دەست فارسەکان، کۆتایی بەدەوڵەتی میدیا هات، چونکە بەشێک لەزاناکانی شوێنەوار و مێژوو باس لەوه دەکەن ئەوەی لەوڵاتی میدیا روویداوە تەنها ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بووە، لە ئاستیاگی پاشای میدیاوە بۆ کچەزاکەی کە کۆرشی کوڕی قەمبیز بووە،بەڵگەش بۆئەمە ناوهێنانی کۆرشە وەک پاشای ماد دوای نەمانی ئەستیاگی باپیرەی لەسەردەسەڵات. بۆنمونە کاتێک کۆرش ویستی وڵاتی ماساجیتا داگیربکات. کە ئەوکات شاژن تۆمێریس فەرمانڕەوا بوو تێگەیشت لەوەی کە کۆرش ئەیەوێت وڵاتەکەیان داگیربکات، لەنامەیەکدا کە ئەینێرێ بۆ کۆرش پێی ئەڵێت: “ئەی پاشای ماد واز لەپرۆژە و پرد و سەربازگە و کارەکانت بهێنە، کام کارە بۆ تۆ باشە بۆ بەردەوامی ئاشتی لەوڵاتەکەتدا، چی لەئاشتی و ئارامی باشترە؟ بەڵام ئەزانم تۆ ئەوەت ناوێ هەرئێستا وەرە مەیدانی جەنگ، ئەگەرئەتەوێت چاوت بەپاشای ماساگیتیەکان بکەوێت، لەگەڵ سەربازەکانت بپەڕێرەوە، ئەگەرئەتەوێ ئێمە دێینە لای ئێوە.” (Herodotus;,1942,First Book , p111-114).
لەبەرئەوانە دەکرێت بوترێت هاتنە پێشەوەی کۆرش بۆ سەر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری میدیا، وەک جێگرەوەی ئەستیاگی دوا پاشای ماد بەهۆی هاوسەرگیری رامیارەیەوه بووە، چی وەک ئەوەی بەو هۆیەوە لە کۆشکی پاشایەتی نزیک بووەتەوە چی وەکو ئەوەی هێرۆدۆتس باسی پەیدابوونی کۆرش و هەڵگەڕانەوەی دژی ئاستیاگی باپیری خۆی دەکات. ئەمانەش ئەوە دەردەخەن هاوسەرگیری رامیاری نێوان میدیەکان ئەخمینیەکان بەنەرێی بۆ میدیەکان کۆتای هاتووە،سەرئەنجام میدیەکان وەک خاوەن دەسەڵات بوونە ژێر دەستەی ئەخمینی، هەربۆیە لەوکاتەوە میدیەکان کەوتنە شەڕ و هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی دەسەڵات و شکۆی میدیەکان لەسەردەستی ماگوشە میدیەکان، ئەوە بوو کاتێک قەمبیزی جێگیری کۆرش لە میسر بوو، ماگوشەکان توانیان دەسەڵات بگرنەوە دەست، بۆ ماوەی سێ ساڵ فەرمانڕەوابوون،بەڵام دواجار دارای یەکەم توانی بەسەریاندا زاڵ بێت و بۆیەکجاری لەناوی بردن.( Tom Holland 2005:,P26)
سهرچاوه و پهراوێز:-
Letter of Tušratta of Mitanni to Amenhotep III of Egypt (EA 19, BM E 29791, obverse, © Trustees of the British Museum)
یەکێک لە “نامەکانی گردی ئامارنا” EA 19 کە باس لە دانوستان وهاوسەرگیری لە نێوان ئەمینحۆتێپی سێیەم و کچەکەی توشراتا تادوخیپا دەکات.
Jana Mynářová, Pavel Onderka and Peter Pavúk: There and Back Again – the Crossroads II, Charles University in Prague Faculty of Arts, Prague, 2015,p413-414.
لیستی سەرچاوەکان وپەراوێزەکان:
(1) Brian. M. Fagan(1998),:People of the Erarth,USA,.
(2) Ctesias: (2010) History of Persia,London, T, Lioyd Liewellyn, Jones, Janes Robson, B1-3.
(3)Colin Walters; (2007) Ancient Civilization. Ancient egypt,London.
(4)George Stephen(2009: )A History of Babylons / Assyrians,London.
(5)Georges Roux: (1992)Ancient Iraq,New Edition ,USA.
(6)Girshman, R.,(1961) Iran From The Earlest Times to the Islamic Conquest,London.
, New York,. (7).Grayson A.K:(2009):Ancient Civilization,Babylonia
(8) Jana Mynářová, Pavel Onderka and Peter Pavúk:( 2015) There and Back Again – the Crossroads II, Charles University in Prague Faculty of Arts, Prague.
(9) J.N.Postgate:Early Mesopotamia,Society,and Economy at the Dawn of History, ,2002,p39.
(10)Joan Oates:(2000), BABYLON, London, Thames, Hudson.
(11) Joann Fletcher:( 2005) The search for Nefertiti, the true story of a remarkable discovery,Lonon.
(12)JoshuaMark:(2016): https://www.ancient.eu/Nebuchadnezzar//_https://www.ancient.eu.n.
(13)J.G.Macqueen::(1975):The Hittites And Contempories in Asia Minor,Thomas and Hudson,Southampton.
(14)Herodotus;( 1942)The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York, Book 1.
(15) Kuhrt Amellie 🙁 2002) The Ancient Near East 3000-330 BC,Vol(1)NewYork.
(16)Michael Cook::(2003) ABRIEF HISTORY OF THE HUMAN RACE,NEW YORK, LONDON.
(17) Nils Billing, Susanne Carlsson, Ragnar Hedlund,Allan Klynne,Michael Lindblom,:Hugo Montgomery:(2017) ANTIKEN Från faraonernas Egypten till romarrikets fall, NATUR & KULTUR, Sweden.
(18)Tom Holland :(2005) Persian Fire, The First World Empire And The Battle For The West,Little Brown,UK.
(19)Thorkild Jacobsen :The Harps That Once Sumerian Poetry in Transletion, Yale UniversityPress,New Halven and London,1987.p368
20)Paul Kriwaczek;:( 2012) Babylon, Misopotamia and Birth of Civilization, NewYork,.
(21).Richard Frye;(1993) The Heritage Of Persia, Mazda Publishers, costa Mesa,California.
(22)Robert G.Hoyland:(2002) Arebia and The Arabs from the bronz age to the coming of Islam,London…
(23) Seton Lloyd :(1992) Ancient Turkey, Atravellers History, British museum press,.
.(24) Wiliam. L.Moran: (1992) :The Amarna Letters, London ,Edited,
. Text;BM29784,Copy B,B1,Photograph;F.G Giles, Iknaton; Legend and History London ,p1.XI The Amarna Letters, London,1992,Edited and translated by Wiliam. L.Moran.
(25)Wolfram Von Soden::( 1994)The Ancient Orient,T by: Donald G.Schley,Michgan.
.(26)احمد عبدالقادر: (٢٠١٥، )الزواج السیاسی، القاهرە.
(27)جورج رو : (١٩٨٦) العراق القديم، ترجمة حسين علوان، ط2، بغداد.
(28)سامى سعد الاحمد (١٩٨٣) فتر العصرالكاشى،مجلة سومر1983،ج1-2،مجلد 37
(29)محمد عبداللطيف محمد (١٩٨٦): الخوريون و صلات مصر بهم فى عصر الاسرة 12,جامعة الاسكندرية .
(30)محمد محی :(٢٠٢١)رمسیس الثانی.ط١، الرواق للنشر توزیع.
(31) خزعل الماجدي:(٢٠٢٠) الحضارة السومرية ،ط٢،منشورات تکوین، بغداد،بیروت،الکویت،٢٠٢٠.
*(کیلو-خیبا: (Kilu-heba-نەفەرتیتی واتە (جوانی هات یان گەیشتووە( لەدایکبووی ساڵێ 1370 پ.ز شاژن نەفەرتیتی یەکێکە لە بەناوبانگترین ژنانی جیهانی کۆن، نەفەرتیتی و هاوسەرەکەی بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیاسەتی ئایینی نیشتمانیدا ناسرابوون، کە تێیدا فۆرمێکی پرۆتۆ-یەکتاپەرستییان بەرەوپێش دەبرد کە سەنتەری لەسەر خوداوەندی خۆر ئاتن-ئاتوون بوو. لەگەڵ هاوسەرەکەیدا، لە قۆناغێکدا کە دەوڵەمەندترین قۆناغی مێژووی میسری کۆن بوو، حوکمڕانی دەکرد. هەندێک لە زانایان پێیان وایە کە نەفەرتیتی دوای مردنی هاوسەرەکەی و پێش بەرزبوونەوەی (توتانخامون-توتعنخ امون) بۆ ماوەیەکی کورت وەک وەک پاشا حوکمڕانی کردووە، کیلۆخیبا لەحەوت تا سێازدە جار لەنامەکانی توشراتادا ئاماژەی پێکراوە، کە نزیکەی ساڵانی ١٣٥٠-١٣٤٠، پ.ز بووەلەساڵی ١٣٣٠ پ.ز کۆچی دوایی کردووە،نێفێرتیتی چەندین نازناوی هەبوو لەوانە: شازادەی بۆماوەیی،گەورەی ستایشەکان، خانمی نیعمەت ،شیرینی خۆشەویستی خانمی دوو خاک، هاوسەری پاشای سەرەکی، خۆشەویستەکەی ، هاوسەری پاشای گەورە خۆشەویستەکەی، خانمی هەموو ژنان،خاتوونی میسری.
Joann Fletcher: (2005)The search for Nefertiti, the true story of a remarkable discovery,Lonon ,p228-232.
(**) نیبموارریا(Nibmuarriya): زیاتر بەنازناوی ئامینۆفیسی سێیەم دێت، لەزۆربەی نامەکانی ئەلعەمارنەدا بەوشێوەیەهاتووە.
Kuhrt Amellie : ( 2002) The Ancient Near East 3000-330 BC,Vol(1)NewYork,p334.