بەدرێژایی سەد ساڵی تەمەنی تا ئێستا ئێراق تەنھا لەسەر کاغەز وڵات بووە، گەر نا ھیچ پرەنسیپ و ڕێسایەکی بەوڵاتبوون لە ئێراق نەبووە و نابێت، ئێراق نەک ھەر وڵات نەبووە، بەڵکو بەشاریش نەچووە تەنھا گوندێکی وێران و سەرگەردانە، کەس بە کەس نییە، خاوەنی چەمکی فیدڕاڵییە کەچی شۆڤێنی ترین وڵاتە زۆرینە حوکم دەکات و کەمینە قوت دەدات، خاوەنی دادگایەکی باڵای بەناو فیدڕالییە، کەچی ئەوەی بێ لایەنە ھیچ دەنگی ناکات لەو دادگایەدا بەرژەوەندی گەلانی ئێراقە ئەوەی سەرەوەرە لەم دادگایەدا ھەر دەنگە دەنگیەتی بەرژەوەندی بێگانەیە. ئەوەی وێڵن لەیاسادا دادوەرانی ئەم دادگایەن. ئەوەی داداوەرە لەم دادگایەدا وڵاتی بێگانەیە! بەتەواوی وێڵە بەدوای بڕیارێکی ئێراقی!
ئێراق خاوەنی سوپایەکی گەورەیە کە نیوەی داھاتی وڵاتی بۆ سەرف دەکرێت، کەچی سوپاکەی بوە بەبارمەتە بەدەستی گروپە میلیشیاکان، خاوەنی حکومەتێکی گەورەی پڕ وەزیر و سەرۆکە، کەچی حکومەتەکەی تەنھا ناوە ھیچ دەسەڵاتی نییە، سەرۆک کۆماری ھەیە، کەچی سەرۆک کۆمار بڕیارەکانی تا سەقفی کۆشکەکەی ناڕوات، سەرۆک پەرلەمانی ھەیە، کەچی سەرۆک پەرلەمان نازانێت کەی کۆبونەوەی پەرلەمان دەکرێت، سەرۆک وەزیرانی ھەیە، کەچی سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی فەرمانبەرێکی ئاسایی نیە! سەرۆک حیزبە میلیشیایەکانی وڵاتانی ئیقلیمی بڕیار بەدەستن.
ھەر لە سەرەتاوە ئەوانەی ئێراقیان ھێنایە ھەبونەوە ئێراقی نەبوون! بۆ ئێراقیەکانیش ئێراقی دروستنەکرد، بەڵکو بۆ خۆیان و خەڵکی تر دروستکرد! ئێراق لەسادەترین پێناسەدا سەرگەردانە زیاتر وەسفی ئێراق بکەی بۆگەنترین وڵاتی جیھانە خراپترینە لەھەموو ڕوویەکەوە. گەر ئێراق وڵات نەبوایە شتی تر بوایە کارەسات دەبوو : ئێراق یاسا بوایە ھەموو مرۆڤەکانی دەکوشت! ئێراق دیموکراسی بوایە دیکتاتۆر دەبوو زمانی ھەموو ڕایە جیاوازەکانی دەبڕی! ئێراق ژمارە بوایە سفری دوای فاریزە دەبوو! ئێراق کارەبا بوایە روناکی نەدەبوو! ئێراق چەکی قەناس بوایە ھەرگیر ئامانجی نەدەپێکا! ئێراق شتی خواردن بوایە ئێکسپایەر دەبوو! ئێراق دەرمان بوایە ژەھر دەبوو! ئێراق تابلۆ بوایە کەس سەیری نەدەکرد! ئێراق بازرگان بوایە قاچاخچی دەبوو! ئێراق ھێزی شەڕ بوایە چەتە دەبوو! ئێراق جۆزە بوایە ھەر فیوزی دەکرد! ئێراق گیاندار بوایە بەراز دەبوو! ئێراق شێر بوایە ڕاودەکرا لەلایەن ڕێویەوە! ئێراق فەیسبوک بوایە کەس بەکاری نەدەھێنا! گەر زمانی عەرەبی بەس زمانی ئێراقی بوایە ئەوا لەھیچ شوێنێکی جیھان بەعەرەبی قسەیان نەدەکرد، ئێراق ئەو وڵاتەیە بەچات قسە لەگەڵ ئەوروپیەک بکەی ھەر بڵێی ئێراقیم بەبێ ئەوەی وەڵامت بدەنەوە بلۆکت دەکەن!
لە ڕۆژی سەربەخۆیی ئەم وڵاتەی ناویان لێناوە ئێراق منی کورد شانازی بەچی شتێکی بکەم، دڵنیام ئەو کەمە نرخەی ئێراق ھەشە بەھۆی کورد و ھەرێمی کوردستانە، زمانی کوردی لەسەر پاسەپۆرتی ئێراق نەبێت ئەوبەشەی عروبە ناویان ناوە شیمال ئێراق بە ئێوەوە نەبێت بە وڵات حساب ناکرێن و نەک لە ڕێزبەندی پێش کۆتایی دەبن لەلاوازی دا، بەڵکو ھەر لە رێزبەندیەکەدا دەردەکرێن حساب ناکەن کە ئێوە ھەر پاسەپۆرتان ھەیە، چونکە وڵات نین تا حسابتان بۆ بکرێت.