بە درێژایی مێژوو، کەرکووک بەلای پارتییەوە گرنگ و بە بایەخی زۆر تایبەتی هەبووە، بەشێوەیەک کە هەر کاتێک باس و خواس هاتبنە سەر چۆنیەتی ئیدارەدانی کەرکووک، پارتی باوەڕی تەواو و پتەوی بە کوردستانییەتی شارەکە هەبووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو پێ بە پێ گوزەر بە هەڵوێستەکانی پارتی لەبارەی کەرکوکەوە بکەین، زۆرباش ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە لە هیچ یەک لە قۆناغە دژوارەکان، پارتی ئامادەنەبووە دەست لەسەر یەک بست لەسەر خاک و کوردستانیبوونی کەرکووک هەڵگرێت. ئەم هەڵوێست و جیاواز بینیەیی پارتی بەرامبەر بە کەرکووک زۆرکات بەلای عەرەبە توندڕەوەکان و هەتا ئەو وڵاتانەی کە کەرکووکیان کردۆتە مەیدانی کێبڕکێکانیان جێگەی تێڕامان بووە، بەوپێیەی چۆن پارتی هێندە مکوڕ و باوەڕپتەوە لەسەر کەرکووک. بەرنامە و سیاسەت و تێگەیشتنی پارتی بەرامبەر بە کەرکووک لە قوڵایی دیدی بارزانی نەمر و ڕێبازی بارزانی سەبارەت کەرکووک ڕوون دەبێتەوە.
ڕەنگە مساوەمەنەکردن لەسەر کەرکووک لەلایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە بۆ حکوومەتەکانی پێشووی ئێراق باشترین سەلمێنەری ئەو فاکتە مێژووییە بێت. بێگومان سیاسەتەکانی سەرۆک بارزانی و سیاسەتی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەمان رێچکە و ڕێگایە، کە ئەویش بەردەوامیدانە پاراستنی کوردستانییەتی کەرکووک و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە ڕاگواستن یان تەعریب یاخود ئازار و زوڵم و ستەمی نەیاران بێت دژی کەرکووکییەکان. هەڵوێستی سەرۆک مەسعود بارزانی لە قۆناغی دوای نووسینەوەی دەستووری ئێراق، تاوەکوو ڕابەرایەتیی شەڕی داعش لە پاراستنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، پاشان سەلماندنی کوردستانییەتی کەرکووک لە ڕێگەی ڕیفراندۆم لە ساڵی 2017دا، سەلمێنەری ئەوەیە، شاری کەرکووک خاوەنی هەیە و هەرچەندی تەعریب و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن بکرێتە بەرنامە، بەڵام هێزێکی نەتەوەیی، سازش لەسەر شارەکە ناکات.