“لێکۆڵینەوەیەک لە توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی تیۆدۆر نۆڵدکە”
“نۆڵدکە” ئاماژە بۆ دەقێکی سریانی دەکات کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٥٦٨ کە تێیدا ناوی شوێنێک بە ناوی تێللا دی قوردایێ Tella dē Qurdāyē بە واتای گردی کورد هاتووە لە ناوچەیەکی نزیک دیمەشق. لەو سەردەمەدا پێدەچێت پاسگەیەکی سەربازیی کورد لە سووریا جێگیر بووبێت و لێرەدا سەرنج دەخەینە سەر بەکارهێنانی فۆرمی کۆنی سریانی ناوی کورد کە بە پیتی قاف دەست پێدەکات (قوردایێ Qurdayê). هەروەها لای هۆفمانیش، لە کتێبی “شەهیدانی فارسەکان” (٦٨٢ ز) و لە “ئەکتا مارتا” و سەرچاوەکانی تردا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەم، ئاماژەی پێکراوە. هێشتا نووسینی ناوەکە بە پیتی قاف تا ئێستاش بەکاردەهێنرێت (نۆڵدکە). درایڤەر بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونی نۆڵدکە ئاماژە بە دەقێکی سریانی دەکات بە ناوی ژیانی “مار یابلاها” و تێیدا هاتووە کە کارتاواییەکان Kartawāyē قوردایەن کەوا عیبرانی و کلدانییەکان پێیان دەڵێن قوردایە Qūrdāyē، فارسەکانیش بە کورد ناویان دەبەن و ئەم قەرداوییانە خەڵکی شاخن ناوی قەردو. ئەم تێبینییە بۆچوونی نۆڵدکە سەبارەت بە ناسنامەی تەل ئەلکورد (تل الکورد) کە دەکەوێتە نزیک دیمەشق پشتڕاست دەکاتەوە.
بە بڕوای نۆڵدکە، عەرەب و فارس ناوی کوردیان بە پیتی قاف نەگوتووە، بەڵکوو پیتی کافیان بەکارهێناوە و نموونەی زۆرمان هەیە سەبارەت بەم بابەتە. بەهەمان شێوە نووسەرانی سریانی لە سەردەمی ئیسلامیدا ئەو ناوەیان وەک چۆن عەرەبەکان بە پیتی کاف دەیاننووسی، بۆ نموونە یوحەننای نوسەیبینی ناوەکەی بە شێوەی کوردیا نووسیوە. بە هەمان شێوە “ئیبن ئەلعیبری” و ئەوانی تریش تا ئێستا، وەک لەم فۆرمەدا دەردەکەوێت لە دەقەکانی سەدەکانی ١٥ و ١٧ و ١٨دا. کاتێک ئیبن ئەلعیبری لە کاتی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ساڵی( ٨٢٨ – ٨٢٩) باسی کوردانایێ Kurdanayêدەکات، لێرەدا سەرچاوەیەکی فارسی پەیڕەو دەکات و فۆرمی کۆ یان فرەیی فارسی (ئان) لە زمانی سریانیدا دەگرێتەبەر (نۆڵدکە). بێجگە لەوەی کە نۆڵدکە باسی کردووە، ناوی کوردەکان بە شێوەی تریش دەردەکەون لەلایەن ئیبن ئەلعیبرییەوە وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد و لە میانەی باسکردنی ڕووداوەکانی ساڵی ٥٥٠دا، إبن العبری باسی هێرشی ئیمپراتۆری ڕۆمانی دەکات لەسەر ناوچەکانی فارسەکان و داگیرکردنی کارداوای واتا وڵاتی کورد.
لەکاتێکدا باسی شۆڕشێک دەکات کە کورد لە ساڵی ٨٢٩ دا بەرپای کردووە دژی خەلافەتی عەباسی (لە سەردەمی مەئموونی خەلیفەی عەباسیدا)، ئیبن ئەلعیبری باسی ئەمانەی خوارەوە دەکات: کورد/ کۆردانایێ موسڵمانەکان لەدژی عەرەبەکان ڕاپەڕین، کاتێک پاشایەک لە نێویاندا دەرکەوت و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە مەهدیی چاوەڕوانکراوە. ئەم پیاوە سەرپۆشێکی بەسەر دەموچاویدا دا و خۆی بە “مەسیح” و “ڕۆحی پیرۆز” ناوبرد. خەڵک لە دەوری کۆدەبوونەوە و ئۆردووگایەکیان لە چیاکانی وڵاتی کورد کاردەوای دامەزراند و قایمکارییان تێداکرد. مەئموونی خەلیفە ترسی لێنیشت و حەسەنی فەرماندەی سوپای ناردە سەری و لە توور عابدین گەمارۆی دا، لە کاتێکدا کە دێری کارتمینی تاڵان دەکرد. ئەوجا کوردەکان تێکشکان و مەهدی هەڵهات بۆ وڵاتی ئیسحاقی ئیبن ئیهوودی ئەرمەنی، کە لەوێ دەستگیری کرد و سەری بڕی. لە شوێنێکی تردا ئەو ناوە لە لایەن إبن العبرییەوە بە شێوەی کوردایا و کاردۆ هاتووە. لێرەدا تێبینی دەکەین کە إبن العبری لە کاتی وەسفکردنی کورددا بە ڕوونی شێواز یان فۆرمولەی کوردای بەکارهێناوە.
پاشان نۆڵدکە درێژە بە باسکردنی هەندێک دەقی سریانی- نەستۆری دەدات کە تێیاندا کارتێوای و کارتاوای باس دەکرێت و ئاماژە بە تۆماس ڤۆن مارگا Thomas von Marga دەکات کە بەسەرهاتی ململانێ و خەباتی کەسێکی سریانی باس دەکات لە دژی کارتەوایی کەوا کاری تاڵان و بڕۆیان ئەنجامداوە و زیانیان بە گوندێک گەیاندووە لە بێث باغێش Baghesh Beth، ناوچەیەکە بەشێکی نیشتەجێی سریانەکانە و دەکەوێتە کوردستانەوە، لە بەشی سەرەوەی ڕووباری زێی گەورە. خێڵی کارتێوایێ Kartêwayê کڵێساکەیان لە بێیت ئابی تاڵان کرد کە دەکەوێتە لای خوارەوە و لە نزیک زێی گەورە هەڵکەوتووە و مێژووی ئەم کڵێسایەش لەلایەن تۆماسەوە دەگێڕدرێتەوە کە لە دووتوێشیدا باسی ئەسقوفێتی کەرتێوەی دەکات. هەروەها دەکرێ ئەوەشی بۆ زیاد بکرێت کەوا ئەلمەسعوودی (سەدەی دەیەم) لەگەڵ کوردە مەسیحییەکان ئەو ناوچانە کۆبووەتەوە (نۆڵدکە). پاشان نۆڵدکە لەسەری دەڕوات و دەڵێت: هەرچەندە نێردەکانی میسیۆنێرە مەسیحییەکان زۆر سەرکەوتوو نەبوون لە بڵاوکردنەوەی ئایینی مەسیحی لە نێو کوردە ڕەسەنەکاندا، بەڵام دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە مەسیحییەکانی کارتێوای لە ڕاستیدا کوردێکی ڕەسەن بوون، وەک چۆن ئەم بابەتە بە ڕوونی لە ڕێگەی کتێبی بە دوو زمان نووسراوی ئەلیاس ئەلنوسەیبینییەوە دەردەکەوێت و لە دەقە سریانییەکەیدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٨٨٠ی زایینی، کارتێوەی بە یاقوبایێ ناوزەد دەکات و بە ئاژاوەگێڕ یان یاخیبووی سەر ڕووباری دیجلە وەسفیان دەکات، بەڵام لە وەرگێڕانی دەقەکەدا بۆ زمانی عەرەبی، ئەلنوسەیبینی شێوەی کوردان بەکاردێنێت (واتە کۆی کورد) لە پێناسەکردنی یاکۆبییەکاندا (واتە کوردە یاکۆبیەکان). هەروەها گێڕانەوە عەرەبییەکان باس لە ئاژاوە و پشێویی یاکۆبییە – کوردەکان دەکات. إبن الأثیر (لە کاتی باسکردنی ڕووداوەکانی ساڵی ٢٥٨ و هەروەها ڕووداوەکانی ساڵی ٢٧٣ی کۆچیدا) و ئەلتەبەری (لە کاتی باسکردنی ڕووداوەکانی ساڵی ٢٦٦ کۆچی)، لەم سەرچاوانەدا باسیان تەنها بە شێوەی یاقووبییەکان دێت (نۆڵدکە).
بە پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە نۆڵدکە باسی کردووە، ئاماژە بەوە دەکەین کەوا گەڕیدە “مارکۆ پۆڵۆ”ی ئیتاڵی کە لە ساڵی ١٢٧٢ سەردانی ناوچەکەی کردووە، باسی لە کوردە مەسیحییەکانی مەزهەبی جاکۆبی و نەستۆری لە شاخەکانی مووسڵیش کردووە. زۆر سەرچاوەی تریش هەن کە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن کە ئایینی مەسیحی لە کوردستان و ئێراندا بڵاوبووەتەوە، لەوانە ئەوەی باسکراوە، بۆ نموونە لە ئەو شوێنەی کە بە “تۆمارەکانی شەهیدانی فارس” ناسراوە، کاتێک باس لە گەمارۆدانی قەڵاکە لەلایەن شای فارس شاپووری یەکەمەوە دەکرێت لە بێت زەبادای (بازبدی)، هەروەها لە کاتی قسەکردن لەسەر شەهیدانی کەرکووک (کەرکە دی بێت سلووک) و دەوروبەری لە سەردەمی پاشای ساسانی یەزدەگورد (سەدەی پێنجەم). سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شای ساسانی خوسرەوی دووەم (٥٩٠ – ٦٢٨) فەرمانی دروستکردنی دێرێکی لە حەلوان لە نزیک کرماشان لە کوردستانی ئێران دەرکردبوو، وەک ڕیز و وەفایەک بۆ شیرین هاوسەرە مەسیحییەکەی. لە میدیا کە ناوەکەی لە “فایلەکانی شەهیدانی فارس” لە شێوەی بێت مادایێدا Madayê هاتووە، گۆڕستانێکی گەورە و بەناوبانگ بۆ شەهیدانی مەسیحی (بە ناوی مار سێرگیۆس) هەبووە، کە لە سەردەستی ساسانییەکاندا ئیعدام کراون لە ماوەی ڕاوەدووناندا.
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە ناو کورددا، بەڵام هێشتا هەندێک داب و نەریت لە ناو کورددا ڕەگیان داکوتاوە، کە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پابەندبوون بە ئایینی مەسیحییەوە، کە هەندێک لە کوردانی غەیرە مەسیحی لە کوردستان هێشتا هەویری نانەکەیان پێ بەرەکەتدار دەکەن بە کێشانی نیشانەی خاچ لەسەری، هەروەها لەسەر هێلکەکان پێش دانانی لە ژێر مریشکە بەکڕدا و ئەو هێلکەیە بە زمانی کوردی پێی دەوترێت مۆتیک Motîk و تا ئەم دواییانە کە منداڵ نەخۆش دەکەوت، نیشانەی خاچی لەسەر تەوێڵ و نێوچاوان دەکێشرا، چوونکە پێیان وابوو کە بەشدارە لە چاکبوونەوەیان لە نەخۆشی و ڕۆحە بەد و خراپەکان دەردەکات.
دیسان ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بابەتی کورتییەکان، سەرچاوە سەرەتاییەکان بە گوتەی “نۆڵدکە” بە کورتێوەیێ ناویان دەبەن و لە کتێبی تەلموودی بابلیشدا بە بە قورتییم ناویان هاتووە و ئەم فۆرمولەیەش جیاوازە لە فۆرمولەی قوردێم کە ئاماژە بە هەمان شت دەکات و جیاوازیی نێوان دەستپێکردن بە پیتی قاف یان کاف سەرنج ڕاناکێشێت، چونکە جیاوازیی گۆکردن دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی سەرچاوەی زانیارییەکان. مایەی سەرنجدانە کەوا ناوەکەیان لە سەرچاوەیەکی عەرەبی لە سەدەی ١٤ بە شێوەی قاف هاتووە، کە سەرچاوەکە ئاماژەیە بۆ ناوی عەشیرەتێکی کورد کە لە نزیک هەولێر دەژین و بە قەرتاوییە وەسفی کردووە. لە ساڵی ١٢٦٢دا زۆرێک لە سریانەکان لە کارتێوەی کوژران. دەقە سریانیەکان بە وردی باسی ململانێ و خەباتی کارتێوێ موسڵمانەکانمان بۆ دەکەن لە دژی دوژمنە سەرسەختەکانیان لە مەسیحییە دڕندەکانی شاخ کە لە کۆتایی سەدەی ١٣ و سەرەتای سەدەی ١٤ لە قەڵای هەولێر گەمارۆ درابوون. (بڕوانە مێژووی ئیبن ئەلعیبری، و ژیاننامەی پاڵەوانی سریانی جابهاڵڵاها Jabhallaha کەوا لێرەدا کورد بە ژمارەیەکی زۆر لە هەموو چین و توێژەکان دەردەکەون، لەو ژمارەیەش ٨٠٠ پیاویان باسکراوە، کە کاری پاراستن دەکەن. هەموو ئەمانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ یەک هۆزدا ناکەین، بەڵکو زیاتر ئەوەیە کە کارتێوەی لێرەدا لە ڕاستیدا وەک گەلێک کوردن، یان لانیکەم “کورد”ی ناوچەی شاخاویی دەراوسێی ئاشووری کۆن. لە ساڵی ١٣٠١ کارتێوەی بۆسەیەکیان بۆ ئەو پەتریارکە دانا کە بەناو چیا کوردنشینەکاندا لە ئەربیلەوە بەرەو مەرگا Margāلە ئازەربایجان بە ڕێگاوە بوو (جەبهەڵڵاها ١٣٤). بەپێی تێبینییەک کە لە یەکێک لە دەستنووسە زۆر تازەکانی ئەو ژیاننامەیەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا دۆزراوەتەوە، عیبرانییەکان کورد بە کارتێوەیێ ناودەبەن. بەم پێیەش دەتوانرێت وا دابنرێت کە جوولەکەکانی ئارامی زمان لەو ناوچانەدا هێشتا هەر ئەو ناوەیان بەکارهێناوە و ڕەنگە ناوەکە بەتەواوی لای مەسیحییەکانی ئاشووری کۆن هێشتا هەر مابێت و لەناونەچووبێت. لە کۆتایی وتارەکەدا، نۆڵدکە دووپاتی دەکاتەوە کە زاراوەی “کورد” و “کوردۆخ” لە ڕووی زمانەوانییەوە یەکسان نین و پێویستە جیاوازیی لە نێوانیاندا بکرێت (نۆڵدکە).
“مینۆرسکی و نۆڵدکە و هارتمان” لەسەر پرسی بەستنەوەی کورد بە کیرتی / کیرتیوی هاوڕان و بە گوتەی ئەو، ئەمە لە ڕێگەی بوونی کورد لە ناوچەکانی فارس لە سەردەمی ساسانییەکان دەسەلمێنرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو پرسیارێک دەخاتە ڕوو سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی هەردوو “نۆڵدکە و هارتمان” سەبارەت بە بوونی هەر پەیوەندییەک لە نێوان دەستەواژەی “کورد” و “قاردۆ”دا: لەو شوێنەی کە خۆی دەڵێت، پرسی ڕەتکردنەوە وەڵامی پرسیارێکی زۆر گرنگی نەدایەوە، کە چۆن کێرتییەکان گەیشتوونەتە ڕۆژئاوای زاگرۆس و لە وڵاتی قەردۆ و چیاکانی تۆروس و باکوری سووریا نیشتەجێ بوون، پاشان دەشڵێت داگیرکاریی ماد و فارس بووەتە هۆی جموجۆڵی گەورە بۆ گەلانی ئێران، هەروەک چۆن لە بزووتنەوەی ئاساگارتی / ساگارتییەکان Asagarty/Sagartians لە ناوچەکانی سیستانەوە هاتووەتە ئاراوە. لە سەردەمی ئاشوورییەکاندا ئەم ساگارتییانە لە ناوچەکانی میدیا (زێکەرتۆ یان زاکروتی) دەژیان، بەڵام لە نەخش و نووسراوی بێستوون لە سەردەمی داریووشەوە پایتەختەکەیان بووە بە شاری ئەربیل (هەولێر)، لە نێوان ساڵانی ٢٢٠ – ١٧١دا دەبینین کەوا کیرتییەکان بەشدارییان کردووە لە جەنگی نێوان ڕۆمان و سلووقییەکان و پاشاکانی پێرکامۆندا.
سەرچاوە ئەرمەنییەکان لە سەدەی حەوتەمەوە ئاماژە بە کۆرچیخ Korçîx دەکەن کە لە کۆرتج – ئیخ Kortiç – eyx وەرگیراوە، کە کۆرتیچ بە واتای کورد دێت وەک ئەترۆپاتیچ Etropatiç کە بە واتای دانیشتوانی ئەترۆپاتین (ئازەربایجان) دێت. لە سەدەی چوارەمدا کۆرچیخ هەرێمێک بووە لە نزیک سەڵماس. کۆرچیخ وەک هەرێمێک لە جووڵەمێرگەوە تا جەزیرەی ئیبن عومەری گرتووەتەوە و ئەم ناوچانەی لەخۆگرتبوو: کوردۆخ، ئیکارخ، موتۆفۆخ (ئوتوفهان)، ئورسراوخ، گەرەتۆنیخ (سەرەپۆنێخ)، جاهوک و ئەڤپاکی بچووک. لە کاتێکدا مێژوونووسی بەڕەچەڵەک ئەرمەنی، ئەندراس، ناوەکە بە شێوەی کۆرچایک باس دەکات کە لە کۆرتی- ئێیکەوە Korti-eyik وەرگیراوە. توێژەر نیکۆڵاس ئادونتس ئاماژە بەوە دەکات کە کیرتییەکان لەگەڵ ماردیەکان پێکەوە دەژیان، لە نێوان چیای زاگرۆس و نیفات Nifat دا و لە ناوچە سنوورییەکانی ئەرمینیا، لە باشووری ماردییەکان، لەو ناوچەیەی کە دواتر بە ناوی خۆیان کۆرچایک Korçayk ناوزەد کرا، و بە گوتەی توێژەر بۆزاند لە سەڵماس هەڵکەوتووە.
لە کاتێکی دواتردا مینۆرسکی هۆشداری داوە لە پرسی بەستنەوەی گەلێکی وەک گەلی کورد بە یەک بنەچەی هاوبەشەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بەرهەمی یەکگرتنی چەند گەلێکی جیاوازن کە وەک باپیرانیان باسی کردووە. سەرەنجام ئەم گەل و هۆزە جیاوازانە بوونە یەک گەل و تا نزیکەی سەردەمی ئیسلامی، دەستەواژەی کورد وەک یەک زاراوەی ئیتنیکی بەکار دەهێنرا بۆ ئاماژەدان بە هەموو ئەو هۆزە جیاوازانەی کە گەلی کوردیان لێ پێکهاتوووە. هەروەها درایڤەر ڕەخنەی تووندی لە بۆچوونەکانی “نۆڵدکە” گرتووە سەبارەت بە بەستنەوەی کورد بە یەک ڕەچەڵەکەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کەوا “نۆڵدکە” نەیتوانیوە بزانێت کە زاراوەی جیاواز لە بنەڕەتدا، بە تایبەت ئەوانەی کە ئاماژە بە باپیرانی کورد دەکەن، زۆرجار بە شێوەیەکی گۆڕاو بەکاردەهێنرێن بۆ ئیشارەتدان بە کورد (وەک خەڵکە ئازا و بوێرەکانی شاخەکانی زاگرۆس- تۆرووس). بە بۆچوونی درایڤەر، ناوی ئێستای کورد دەگەڕێتەوە بۆ گۆکردنی یان وشەی فارسی کورد یان گورد Gurd، کە بە ڕۆڵی خۆی بە ڕەچەڵەک بابلییە و لە قەردا وەرگیراوە، کە هەمان مانای وشە فارسییەکەی هەیە، واتە ئازا/جەنگاوەر، فارسەکان بە پیتی (گ) قەرەبوویان کردووەتەوە، بەهۆی نەبوونی پیتی (قاف) لە زمانەکەیاندا.
درایڤەر وڵاتی کاردای بەوە دەسنیشان کردووە کە لە تەنیشت خەڵکی “سو” کە لە باشووری دەریاچەی وان دەژین، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، دۆزییەوە و ئەگەری بەستنەوەی وڵاتی کاردای بە کورتییەکانەوە بینی، کە لە لایەن پاشای ئاشووری تەکلات، پیلاسەری یەکەمەوە شەڕیان کرد (١١١٥، ١١١٦، 1076 پ. ز) لە ناوچەی شاخاوی ڕۆژئاوای دەریاچەی وان. بە گوتەی درایڤەر، ئەوە بوو ئەم بۆچوونە لەلایەن پێنج لە شەش ڕۆژهەڵاتناسەوە وەرگیرا کە هاوچەرخی ئەو بوون، مینۆرسکی لەنێویاندا بوو. ئەم پەیوەندییەی نێوان کورد و کاردۆ لەلایەن زۆرێک لە لێکۆڵەرانەوە ئاماژەی پێکراوە، وەک جوگرافیناسی ئەڵمانی کیپەرت، ڕۆژهەڵاتناس و جوگرافیناسی نەمسایی ویلهێلم تۆماشێک (١٨٨٤)، کە ئەمی دووەمیان هەروەها وەک درایڤەر پێیانوابوو، کە دەستەواژەی کورد بنەچەیەکی سامیی هەیە و دەبێ لە کاردۆ/ قەردۆی سامییەوە وەرگیرابێت و لە کورد یان گوردی ئێرانییەوە وەرنەگیرابێت. بەڵام لانگدۆنی زمانناس، زێدی کاردای لە دەوروبەری چیای زاگرۆس دەستنیشان کردووە و بە وڵاتی مێژوویی کورد وەسفی کردووە. لە کاتێکدا، شپایزەر کوردەکانی بە نەوەی خێڵە گووتییەکان دەزانی کە لە ناوچەکانی چیاکانی تۆروس و زاگرۆس لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی میزۆپۆتامیا دەژیان و وایبۆدەچوو کە کیرتییەکان/ کورتییەکان پەیوەندییان لەگەڵ کورددا هەیە و گووتیی دانیشتووانی کۆنی کوردستانی بە خێڵێکی کورتی دادەنا، هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو دوو ناوە کورتی و کۆتی لە سەدەی ١٣ی پێش زایین لە دەقە مێخییەکاندا بەکارهێنراون. (لە هەندێک بۆنەدا) بە شێوەیەکی هاوشێوە و گۆڕاو، ئاماژە بە هەمان گەل یان خەڵک دەکات بە بەڵگەی ئەوەی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشای ئاشووری توکوڵتی – نینورتای یەکەم (١٢٥٠ پ. ز). لەو شوێنەی کە پاشای ئاشوور لەو دەقەدا باسی خەڵکی کوتی کردووە، کە پێشتر دۆڵەکانی ڕووباری زابیان کردبووە نیشتەجێی خۆیان. پاشان لە هەمان دەقدا ئەوەشی دەخاتە سەر کە زێدی ئەم گەلەی دیاریکردووە و لە تابلێتێکی تردا ناوی لێناوە کۆرتی یان قوردی. بێجگە لە شێوە یان فۆرمولەی کورتی و گۆردی، بابلییەکان لە ساڵی ٦٥٣ پێش زایینەوە فۆرمۆلەی (قوتیل)یان بەکارهیناوە بۆ ئاماژەدان بە چیاکانی کوردستان و دانیشتووانی بە مادەکانیشەوە.
لەم دواییانەدا توێژەری نەمسایی فێردیناند هێنەربیشلەر Hennerbichler چەندین توێژینەوەی لەسەر بنەچەی کورد بڵاوکردەوە، لەوانە بابەتێکی دوورودرێژ کە تیایدا بە وردی باس لە زاراوەی کاردا دەکات و تیایدا کورتەیەک لەو بۆچوونە جیاوازانە باس دەکات کە زمانناسان و شوێنەوارناسان سەبارەت بە دەستەواژەی کاردا و کورد خستوویانەتەڕوو. لەو شوێنەی کە لێکۆڵەر پێی وایە کە بنەچەی کورد لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیدا پەیوەستە بە کۆردەی (کورتی/ کۆرهی) سۆمەری و کاردا و قاردۆ و قەردۆی سامی (کوردا لە باکووری میزۆپۆتامیا لە سەدەی ٢٣ی پ. ز، و کاردا لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران لە سەدەی ٢١ی پ. ز)، کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی گووتییەکانی پێ ناوزەد دەکرا . زاراوەکانی “کورتی” و “قرتی” لە قۆناغێکی بەراییدا، لە ماوەی سەدەی ١٣ و ١٢ی پێش زایین، لە سەرچاوە ئاشوورییەکاندا، ناوبانگێکی کاتیی بەدەستهێنابوو. لە سەدەکانی نێوان بیست و سێ و دوانزەی پێش زاییندا سۆمەرییەکان ناوی کورتی و کوردایان لە دانیشتوانی باکووری وڵاتی میسۆپۆتامیا ناوە، لە کاتێکدا ئەکەدییەکان زاراوەی ڕەگ ئەکەدیی (کاردا)یان بەکارهێناوە بۆ ئاماژەدان بە دانیشتوانی ناوچە دوورەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی باکووری ڕۆژئاوای ئێران (ئەمڕۆ). دواتر و بەتایبەتی لە نووسینەکانی نووسەرانی یۆنانی و ڕۆمانیدا، زۆرێک لە زاراوەگەلێک کە لە “و-” و “ئە-” پێکهاتبوون، بە شێوەیەکی ناڕێک و لەبریی یەکتر و شێواو بەکاردەهێنران (ئەمەش ئەوەیە کە درایڤەر پێشتر ئئیشارەتی پێکردووە) و بەندە بەو دەربڕینانەوە کە قسەکەرانی ناوخۆیی/ ناوچەیی جۆراوجۆر بەم نووسەرانەیان گەیاندووە کەوا (سامی و ئێرانیە کۆنەکان و ئەرمەن و ئەوانیتر بوون) و هەروەها ئەنجامی گۆڕانکارییە سیاسییەکان بووە.
هێنەربیشلەر لە لێکۆڵینەوەکەیدا بەناونیشانی “بنەچەی کورد” جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە داتا و زانیاریی ترشەڵۆکی ناوکیی بەردەست (دی ئێن ئەیDNA ) ئاماژە بەوە دەکەن ڕوون و ئاشکرا و هاوزەمان بوونیان سەلمێنراوە لە پەڕی باکووری (ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵات، لە باکووری میسۆپۆتامیاوە) و پەڕی باکووری ڕۆژهەڵات (زاگرۆس و دەشتەکانی ڕۆژهەڵاتی باکووری ڕۆژئاوای ئێرانی ئەمڕۆدا) و هیچ ئاماژەیەکی بۆماوەیی (ئیتنیکی) نییە کە کورد نە لە ئەنەدۆڵ و نە لە ناوچەکانی زاگرۆسەوە (کە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتەوە تا باکووری ڕۆژئاوای ئێران درێژ دەبێتەوە) سەریهەڵدابێت. بێجگە لەوەش، ناکرێت بڵێین کەوا لە پیاوێک یان دوان یان خێڵ و هۆزێکی دیاریکراوەوە هاتبێتە ئاراوە، تەنانەت ئەگەر زاراوە تاکەکانی زمانیش ئاماژە بەوە بکەن، هەروەها لە ڕووی جوگرافییەوە ناکرێ بڵێین کە تەنها لە شوێنێک یان ناوچەیەکەوە سەرچاوەی گرتبێت.
جگە لەو بەڵگە و بۆچوونانەی کە باسمان کردن و دەریدەخەن کە زاراوەکانی کاردا، کاردۆ، کورتی و ئەوانیتر کە تێکڕایان ئاماژە بە گەلی کورد دەکەن، لێرەدا وا چاکە لە کۆتایی ئەم لێکۆڵینەوەیە کە کوردستانی ئێستا بووە، بەهۆی بارودۆخی گونجاوی کەشوهەوا و جوگرافیاوە، بەو پێیەی ئەوەی بە چەرخی بەردینی کۆن ناسراوە Palaeolithic پەناگەیەک بووە بۆ مرۆڤی سەرەتایی. کوردستانیش سەرهەڵدانی و پەیدابوونی یەکەم گوندەکان بەخۆوە بینیوە (لە هەزارەی دوانزەهەمی پێش زایینەوە) و سەرهەڵدانی کشتوکاڵ لە هەزارەی نۆهەمی پێش زایینەوە و بەم پێیەش سەرهەڵدانی یەکەم شارستانییەتەکانی ناوچەکە لەپاڵ ناوچەکانی تری نیوەمانگ یان کەوانەی بەپیتدا و دواتریش، خاکەکەی سەرهەڵدانی چەندین دەوڵەت و میرنشین و فیدراسیۆنی خێڵەکی و سیاسیی بەخۆوە بینیوە، وەک خۆرییەکان، ئۆرارتییەکان، گۆتییەکان، کاسییەکان، لولوبییەکان، میتانییەکان، ماددەکان، مانییەکان، سکیتییەکان و هیتریش و باسوخواسی هەندێک لەو گەلانە بۆ هەزاران ساڵ بەبێ پچڕان بەردەوام بووە. هیچ دەقێکی مێژووییش نییە کە ئاماژە بە کۆچکردنی ئەو گەلانە لە کوردستان یان لەناوچوونیان بکات.
کێشەی سەرەکی بەردەم توێژەران لە نەدۆزینەوەی دەقە نووسراوەکاندایە بە زمانەکانی ئەو گەلانە (بێجگە لە خووری و ئۆرارتییەکان) و ئەوەی تا ئێستا دۆزراوەتەوە لە هەندێک وشەسازی، زاراوە، ناوی هەندێک کەس و ناوی خوداوەندەکان و هەندێک شوێنی جوگرافی تێناپەڕێت، بۆیە زمانناسان ئەستەمە بتوانن لە زمانەکانی ئەو گەلانە بکۆڵنەوە و ڕادەی پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر و پەیوەندییان بە زمانەکانی گەلانی ناوچەکەوە تا ئاستی یەکلاییکردنەوە، بەڵکوو تەنها زمانی ماد یان میدییەکان بە دڵنیاییەوە پۆلێن کراوە کە لە لقی باکووری ڕۆژئاوای زمانە ئێرانییەکانەوە بێت، واتە وەک زمانەکانی کوردی، فارسی و زمانەکانی بەلووچی. بەڵام لەوانەیە ئەو زمانانە لە یەکترەوە نزیک بووبن. حەموورابیی پاشای بابل لە یەکێک لە دەقەکانیدا باسی دەکات: کووتیوم (گووتی)، سوبارتۆ، توکریش (مەملەکەتی خووری)، شاخەکانیان دوورن و زمانەکانیان لێکتر دەچن. لێرەدا دەقەکە ئاماژەیە بۆ لێکچوونی زمانی خووری و گووتییە و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە لولوبی، چونکە دەقەکانی فارە (شوروپاکی کۆن) ئاماژەیان بەوە کردووە کە دانیشتوانی سوبارتۆ هەمان لولوبیەکانن (لولوبییە سوبارییەکان)، هەروەها سپایزەریش، بە پشتبەستن بە ناوی کەسەکان و ناوی جوگرافی، ئیشارەت بە پەیوەندیی نێوان زمانی لولوبی و گووتی دەدات و پێیوایە هەردوکیان سەر بە گرووپی ئیلامی بن، بەڵام هەندێک پێیان باشە ئەم زمانانە بە قەوقازی ناوببەن و لەنێویاندا پێدەچێت (کاشی)یش بێت، لەکاتێکدا توێژەر فۆرنێت، لە وتارێکیدا کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە زمانی کاشی، پەیوەندییەکی ڕوون لە نێوان کاشی و خۆری-ئۆرارتیدا دەدۆزێتەوە. سەبارەت بە زمانی مانییەکان کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەکانی باشووری گۆلی ورمێدا دەژیان و ناوی پاشاکانیان کە لە دەقە ئاشوورییەکاندا هاتووە، هەندێکیان بە ئێرانی دەچن هەندێکی دیکەشیان بە خووری و گووتی. ئەوەی کە تازە باسمان کرد، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زمانی گەلانی کۆنی کوردستان بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەیەکتر چوون پێش ئەوەی توخمە هیندۆئەوروپییەکە لە دوای حوکمڕانیی مادەکانەوە زاڵ بێت بەسەریاندا.
لە ئێستادا زۆربەی توێژەران لەسەر ئەوە کۆکن کە گەلی ئێستای کورد نەوەی ئەو میللەت و گەلانەی کۆنی کوردستانن کە تازە باسمان لێوەکردن و ئەم مەسەلەیە لە لۆژیکەوە نزیکترینە ئەگەر باسکردنی ئەو گەلانە لە دەقی مێخییدا لەبەرچاو بگرین بۆ سەردەمێکی نزیک لە مێژوو کۆن، بۆ نموونە: من لێرە بەدواوە باسی گووتی و لولوبی و کاشی و میتانییەکان دەکەم. گۆتی یان گووتییەکان: ئەوانەی لە سەرەوەباسمان کردن، لە هەزارەی سێهەم و دووەم و یەکەمی پێش زاییندا لە ناوچەکانی زاگرۆسدا ڕۆڵێکی سیاسیی بەرچاویان هەبووە. لە دەقەکاندا بە بەردەوامی باسیان لێوە کراوە تا سەدەی سێیەمی پێش زایین. لولوبیەکان: هاوشێوەی گۆتییەکان، لە دەقە مێخییەکان لە هەزارەی سێیەمەوە تا سەدەی شەشەمی پێش زایین باسکراون. کاشییەکان: لە سەرەتای هەزارەی دووەمی پێش زایینەوە لە سەرچاوە مێخییەکان باس لە کاشییەکان دەکرێت و تا سەردەمی هێلینیستی و ڕۆمانی لە دەقەکاندا ناویان هاتووە و باسیان لێدەکرێت.
میتانییەکان: پاش لەناوچوونی مەملەکەتی خوریی میتانی لە سەدەی سێزدەهەمی پێش زایین و دوای ئەوە میتانییەکان بە شێوەی جیاواز لە لایەن مێژوونووسانی یۆنانی و ڕۆمانییەوە باس دەکرێن. بۆ نموونە هێرۆدۆت (سەدەی پێنجی پێش زایین) و دوای ئەویش سترابۆ (ساڵی ٢٤ی زایینی مردووە) باس لە گەلی یان خێڵی ماتینی Matiene دەکەن کە لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێ نیشتەجێ بوون، واتە لە ناوچەی پێشووی مانییەکان و سترابۆ بە دەریاچەی دەریاچەی ماتیانی ناوی دەهێنێت. ئەم فۆرمولەی ناوەیان زۆر نزیکە لە فۆرمولەی مەیتانی کە لەسەر مۆری شوتارنای پاشایان ئاماژەی پێکراوە. هێرۆدۆت باس لەوە دەکات کە لە سەردەمی میدی یان مادەکاندا شوێنێکی تر هەبووە دیسان ناوی ماتینی بووە، بەدرێژایی کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری هالیس. ئێمە دەزانین کە ڕووباری هالیس بە گوتەی هێرۆدۆت سنووری نێوان مادەکان و لیدییەکان بووە. هێرۆدۆت ئەوەش دەڵێت کەوا ماتییەکان هەمان ئەو جلوبەرگانەیان پۆشیوە کە بابلی و گۆتییەکان لە سوپای ماد و فارسدا لەبەریان دەکرد. مێژوونووسی ئەرمەنی مۆسێس خورێناتسی (493 کۆچی دوایی کردووە) ناوی میتانییەکانی بە شێوەی کۆنەکەی خۆی هێناوە، جگە لەوەی لە کتێبەکەیدا ناوی میتانیاییەکان هێناوە و لە زیاتر لە شوێنێکدا جیاوازی لە نێوان مادەکان و میتانییەکاندا ناکات، بۆ نموونە خۆریناتسی باس لەوە دەکات کەوا جارێکیان باروێری کوڕی زەبەلاحەکان بووە بە پاشای ئەرمینیا لەبەرانبەر یارمەتیدانی بۆ ڤاریاکی پاشای میدی لە سەندنەوەی مەملەکەت لە ساردانابێلا پاشای ئاشوور و لە کاتی گێڕانەوەکەدا دەڵێت ڤاریاک میتانی بووە و لەشکرێکی کردووە و دەستی بەسەر تەختی نەینەوا و ئاشووردا گرتووە و پایتەختی پاشاکەی گواستووەتەوە بۆ خاکی ماری، واتە وڵاتی میدیا. بە پێی ئەم باسە بێت وا دیارە ڤاریاک پادشای ماد، کیاکسارێسە، کە ئیمپراتۆریەتی ئاشووری لەناوبردووە. هەمان شت لە شوێنەکانی دیکەی کتێبەکەدا دووبارە بووەتەوە، ئەوەی لە کتێبی هێرۆدۆتۆسدا ئاماژەی پێکراوە، هەروەها خورێناتسی، ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ هەیە لە نێوان (میدی) مادەکان و میتانییەکاندا هەیە. ڕەنگە مادەکان هۆزێکی میتانی بووبێتن کە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی میتانی لە سەدەی ١٣دا ڕوویان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبێت، واتە لەو قۆناغە چاوەڕوانکراوەی کە تێیدا توخمە هیندۆئەوروپییەکان دەرکەوتوون، کە خۆیان ماد و فارسەکاندا بینیوەتەوە، لە ناوچەکانی ئێرانی ئێستادا.
لە هەموو حاڵەتێکدا سەرچاوە جۆراوجۆرەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زاڵبوونی توخمە هیندۆئەوروپییەکە بەسەر زمانی کوردیدا لە دوای دەرکەوتنی مادەکان و نەهێشتنی ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری لە نێوان ساڵانی ٦١٢ – ٦٠٩ پێش زاییندا دەستیپێکردووە، کە مادەکان توانیویانە کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر گەلانی ناوچەکەدا بسەپێنن لە ئەنجامی ڕۆڵی سیاسی و فراوانبوونی جوگرافییاندا و بڵاوبوونەوە زمانەکەیان هیندۆئەوروپییەکەیان لە ناوچەکانی زاگرۆس و ئەنەدۆڵدا. بەڵام نازانین ئاخۆ کاشییەکان، گووتییەکان، خوورییەکان، لولوبییەکان و دانیشتوانی کۆنی دیکەی کوردستان وازیان لە زمانە ڕەسەنەکانی خۆیان هێناوە و زمانی مادەکانیان بەکارهێناوە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا و لەگەڵیان تێکەڵ بوون، یان ئەم حاڵەتە لە قۆناغەکانی دواتر و وردە وردە ڕوویدا.
هەندێک توێژەر هەن کە ئاماژە بە بوونی پەیوەندی لە نێوان کورد و سکیتی/ پارسییەکان (هیندۆئەوروپییەکان) دەکەن. لە سەرچاوە مێژووییەکانەوە دەزانین کە سکیتییەکان لە سەدەی حەوتەمی پێش زایینەوە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوونیان هەبووە و ڕۆڵیان بینیوە لە ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکەدا و توانییان بۆ ماوەی ٢٨ ساڵ وڵاتی میدیا داگیر بکەن و بوونیان لە ناوچەکەدا لە دوای ئەم مێژووەوە نەبچڕاوە و بەردەوام بووە، چونکە پارثییەکان، کە خێڵێکی سکیتی بوون لە ساڵی ٢٤٩ پێش زایینەوە توانیویانە کۆنترۆڵی ناوچەکانی میدیا بکەن و پاشان دەست بگرن بەسەر ئێران و میزۆپۆتامیا و چەند بەشێکی ئەنەدۆڵدا و مەملەکەتێکی بەهێز دابمەزرێنن کە تا ساڵی 226ی زایینی بەردەوام بووە. توێژەر لودویگ پاوڵ Ludwig Paul پێی وایە زمانی پارسی فۆرمێکی سەرەتایی زمانەکانی ئێرانی ڕۆژئاوایە کە زمانی کوردی یەکێکە لە لقەکانی و هەندێک لە زاناکانی زمان ئاماژەیان بە بوونی پەیوەندییەک کردووە لە نێوان زمانی پارسی و شێوەزاری زازایی-هەورامی/ گۆرانیدا.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە لێکۆڵینەوە لە بنەچەی گەلی کورد ناکرێ تەنها لە لایەنی زمانەوانیدا سنووردار بکرێت، بەڵکوو پێویستە لایەنی جوگرافی و مێژوویی و بزووتنەوەی گەلانی کۆنیش بگرێتەوە بێجگە لە زانستی جینەنەکان DNA / HLA، کەوا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە لێکۆڵینەوە نوێیەکانی کەوا تایبەتن بە ڕەگ و بنەچەی گەلان. بۆ نموونە لێکۆڵینەوە نوێیەکانی پەیوەست بە زانستی جینەکان DNA / HLA ئاماژە بە پەیوەندیی جینیی نێوان کورد و خوورییەکان و هەروەها جۆرجییەکان دەکەن. سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ جۆرجییەکان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پەیوەستە بە هاتنی خوورییەکان لە ناوچەکانی قەفقاسەوە (کە شوێنی نیشتەجێی جۆرجییەکانە) و بە شێوەیەکی سەرەکی جێگیربوونیان لە ناوچەکانی کوردستانی ئێستادا و پاشان هاوبەشی کردنی دواتریان لەگەڵ گەلانی کۆنی کوردستان لە پێکهێنانی گەلی کورددا.
سەرچاوە: کتێبی
الأقليات والقوميات فی السلطنة العثمانية بعد 1516
منشورات الجمعية التاريخية اللبنانية… مجموعة باحثين
نووسین: کۆمەڵێک نووسەر
وەرگێڕانی: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق