لەوەتەى ئەم بەشەى کوردستان (کوردستانى باشور) بە دەوڵەتى ئیراقەوە لکێنراوە، بە چەندین شێوە بەردەوام ڕووبەڕووى چەوساندنەوەو داپڵۆسین بووتەوە، هەر لە سەردەمى پاشایەتییەوە (لەوانەیە باشترین قوناغ بێت) پرۆسەى ڕاگواستن و تەعریب پیادەکراوە.
چەندین جار لە شوڕشەکانى بارزان و ئەیلول و گوڵاندا ، گوندو وارەکانى وڵاتەکەمان خاپورکراون، ساڵى ١٩٦٣ لە گوندى (صوریا) ى دەشتى سلێڤانەى سەربەقەزاى زاخۆ نزیکەى (٧٠) کەس بە کومەڵ شەهیدکران، هەر لەهەمان ساڵدا لە حامییەى سەربازى سلێمانیدا دەیان هاوڵاتى بێگوناهى ئەو شارە لەسەر دەستى تاوانبار (زەعیم سدیق) گولە بارانکران.
ساڵى ١٩٦٩لە گوندى(دەکان)ى سەر بە قەزاى شێخان تەواوى دانیشتووانى گوندەکە لە ئەشکەوتى (دەکا) دا کە خۆیان پەنادابوو لەترسی بوردونمان وهێرشى هێزەکانى حکومەت سوتینران.
لە ٢٤ى ٤ى ١٩٧٤ دا شارى قەڵادزێ بە چەند فروکەیەک خەڵتانى خوێنکراو، زیاتر لە٣٠٠ شەهیدو ٥٠٠ بریندارى لێکەوتەوە.
لە هەشتاکاندا چەندین گوندو شاروچکە لە دەڤەرە جیاکانى کوردستاندا کیمیاباران و تەختکران، تاوانکارییەکەیان گەیشتە ئەوەى لە ١٦ى ٣ى ١٩٨٨ دا شارى هەڵەبجەى سەرکەش بە گازى کێمیایی و ناپاڵم بخنکێنن. لەهەمان ساڵدا و لە تاوانکارییەکى دیکەدا (٨٠٠٠) بارزانى لە ئۆردووگاکانى دەوروبەرى شارى هەولێر ئەنفالکران.
لەماوەى ساڵانى شەڕى ٨ ساڵەى عیراق- ئیراندا، بە تایبەتى لە ساڵى ١٩٨٨دا واتە بەر لە (٣٢) ساڵ، کەرب و کینەى شوڤینیانەى داگیرکەرى عەرەبی عیراقى بە سەرکردایەتى بەعسییەکان، بۆ لەناوبردنى گەلەکەمان گەیشتە ترۆپک و بە دروشم و ناونیشانى (ئەنفال)بەڵی (ئەنفال) ئەنجامدرا.
ئەنفالەکەیان بریتیبوو لە کوتاییهێنان بەهەموو بوون و بونەوەرەکان(مروڤ، ژینگە و هەرچى سەرچاوەى دیکەى ژیان) لە ئەنجامدا (١٨٢) هەزار کەس لە نەتەوە و ئایینىە جیاوازەکانى کوردستان لە کوشتارگەیەکى هۆلۆکۆستیدا لە ناوبران. زیاتر لە (٤٥٠٠) گوند خاپورکران.
لەبەرپاکردنى پرۆسەى ئەنفالدا، بێجگە لە باڵا دەستى بیرى شوڤینى و ویستى قەڵاچۆکردنى گەلى کوردستان لە ڕووى جەستەیی و روحییەوە، داگیرکەر مەبەستى دوورترى هەبوو، كەخۆى لە خواستى پەرتەوازەکردنى یەکجارەکى خەلکى کوردستاندا دەبینییەوە، ئەویش پەنابردن بوو، بۆ نابووتکردنى(ئابورى کوردستان) و تلانەوەى کومەڵگاى کوردەوارى لە هەژارى و نەداریدا.
پلانەکەى بریتیبوو لەوەى سەرەراى سیاسەتى فەرمى راگواستن، ژیانى کولەمەرگى دەبێتە پاڵنەرێکى دیکەى بەجێهێشتنى کوردستان لەلایەن هەژمارێکى زۆرى بێکارانەوە، لە کاتێکدا بە شیکیان لە ناچارى دەبوون بە چەکدارى ڕژێم.
خوش بەختانە پلان و پیلانەکەى ڕژێم بەو شێوەیەى کە مەبە ستی بووسەرینەگرت، بەڵام تا ڕادەیەک کاریگەرییە نەرێنییەکانى تا ئێستا بە جەستەى بونیادى ئابورى کومەڵگاکەمانەوە بە دی دەکرێن.
هەروەها کارتێکردنەکەى لە کورت بینینى (نیشتیمانى- نەتەوایەتى) هەندێ گروپی کەمى توێژێک کە دەکرێ تەنها بە( قەڵەم بەدەست) ناوزەدبکرێن خوى دەنوێنیت. لەم کۆستە نیشتیمانى و نەتەوەییەدا پێویستە گەلەکەمان و هەموو لایەنەسیاسییەکانى کوردستان بگەنە ئەو ڕاستییە: ئایا بێجگە لەرێگە گرتن لە چەند بارەبونەوەى ئەم مەینەتانە کارێکى شیاوتر و پیرۆزتر هەیە؟ بە دڵنییاییەوە نییە، ئەو کارەش تەنها بەوە دەکرێت:
یەکەم: ناکوکییەکان وەلا بنرێن، چونکە سەر چاوەى دەوڵەمەندى داگیرکەرانە بۆ لەناوبردنمان.
دووەم: یەک دەستى و تەبایی لە چواچێوەى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا، هەموومان هەماهەنگ و کارابین لە پێناوى بە دیهێنانى ئامانجە پیرۆزەکانمان لە سەربەخۆیی و پێشکەوتنى کومەڵایەتیدا.
درود بۆ گیانى پاکى شەهیدانى ئەنفال.