بەڕوو، لە هەڵمەتی چاندنەوە بۆ هەڵمەتی وەبەرهێنان
(بیرۆکەی بوژاندنەوە)
قسە لەسەر شتێک دەکەم کە شارەزاییم تێیدا نییە. بڕواش ناکەم تا ئێستا شارەزایانی کورد، توێژینەوەیان لەسەر ئەو بابەتە کردبێت کە باسی دەکەم.
هەرکەسێک گەر شارەزاش نەبێت، بەڵام، دەتوانێ ورد ببێتەوە و سەرنجی تایبەتی بۆ دەوروبەرەکەی هەبێت. سەرەتای هەر توێژینەوەیەکیش، لە پرسیارێکەوە دەست پێدەکات. منیش لەلای خۆمەوە پرسیارم بۆ دروست دەبێت، دەتوانم بپرسم و وەڵام وەربگرمەوە. ئێستا من دەپرسم، هیوادارم کوردستان وەڵامەکەی وەربگرێتەوە.
گەرچی شارەزای کشتوکاڵ نیم، بەڵام بیرۆکەی بازرگانی بە مێشکمدا دێت، چونکە خۆم دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و ئابووریم لە بەشی ژمێریاری. واتە بەلایەنی کەمەوە ئەگەر بیرۆکەکەم بیرۆکەی بازرگانی نەبێت، بە دڵنیاییەوە ئابوورییانە بیرم کردۆتەوەو لە سۆنگەی پەرۆشی و دڵسۆزیم بۆ کوردستان و ئابوورییەکەی، سەرنجتان بۆ ڕووەکێک ڕادەکێشم، ئەویش بەڕووە.
بەرهەمی سروشتیی بەڕوو لە کوردستان بەرفراوانە تا ئاستێک دەکرێ بە بەرهەمێک بناسێنرێت کە بنەڕەتەکەی ناوچەکانی کوردستانە. لێرەدا مەبەست لە جۆری بەڕووی درێژە.
بێگومان هەر وڵاتێک بەرهەمە تایبەتەکانی خاکی خۆیان برەو پێداوە و بە چەندین جۆر بەکاری دێنن و بەبازاڕی دەکەن تاوەکو بووەتە کەلتور لەلایان.
بۆ نموونە بەڕووە خڕەکە کە لە کوردستان بوونی نییە و لە هەندێک وڵاتی تر بوونی هەیە، کراوەتە بەرهەمێک کە هەناردەی دەرەوەی وڵاتیشی بکەن و ئێستا ئەو جۆرە بەڕووە خڕە، لە کوردستانیش دەبینرێت کە هاوردە کراوە و بەخەڵک دەفرۆشرێتەوە بەبیانووی ئەوەی ئەو بەڕووە خڕە، شیرینەو، بەڕووی کوردی تاڵە.
ئەو بەڕووە خڕە، دەبینرێت کە بە چەندین جۆر ئامادە دەکرێت و لەناو خوێ، یان سرکە یان خۆشاوی تر ئامادە دەکرێت. بەڵام بەکاڵی دەهێنرێتە کوردستان و هەر بە کاڵییش دەفرۆشرێت و دەخورێت.
ئەگەر بەڕووی کوردیی، ئاوڕی لێبدرێتەوە، ئەوا دەکرێ بە گۆڕینی جیناتەکەی یان هۆکارە تایبەتە کشتوکاڵییەکان کە پسپۆڕانی ئەو بوارە دەتوانن کاری لەسەربکەن، شیرین بکرێ، یان دوای چنینەوەی ئەو بەرهەمە، هەندێ کرداری لەسەرئەنجام بدرێ و خۆش بکرێ بۆ ئەوەی بەکەڵکی خواردن بێت. بەو شێوەیە، دەکرێ وەکو هەر بەرهەمێکی چەرەزات لە بازاڕەکان بفرۆشرێت کە دەبێتە جێگای سەرنجی گەشتیارانیش.
یان هەر هیچ نەبێ، بەرهەمی بەڕوو وەکو هەر بەرهەمێکی چەرەزاتی تر، دەکرێ بڕە چەورییەکی تێدا بێت و ئەو بڕە چەورییە بکرێتە ڕۆنی گووشراو و، دەکرێ ڕۆنی بەڕوو وەکو یەکێ لە بەرهەمە ناسراوەکانی کوردستان بناسێنرێت کە تا ئێستا لە وێنەی نەبووە و بشکرێتە بەرهەمێکی پێناسراوی کوردی. کە هەموو ئەمانە بە توێژینەوە و تاقیکردنەوە دەسەلمێنرێن و چارەسەر دەکرێت و ڕێگای سوودبینینی بۆ دەدۆزرێتەوە.
ڕێوشوێنی کۆکردنەوەی بەڕوو، لەبەرئەوەی بەرهەمێکی سروشتییە و موڵکی کەس نییە؟ ڕەنگە چنینەوەی ئاسان نەبێت، بەڵام ئەگەر کاری لەسەربکرێت، ڕەنگە ببێتە هۆی دروستکردنی بژێوی ژیانی خەڵک بەجۆرێک، وایدابنێ کارگەیەکی تایبەت بۆ دروستکردنی ڕۆنی بەڕوو دامەزراوە، ئەو کارگەیە دەکرێ وەکو ڕیکلامێکیش ڕایبگەیەنێت هەرکەس بەڕوو بچنێتەوە، ئەوە ئەوان لێی دەکڕن و بەو جۆرە هانی خەڵک دەدرێت بۆ چنینەوەی زۆرترین بەرهەمی بەڕوو. چونکە داری بەڕوو هێندە زۆرە لە کوردستان، کە ئەگەر هەڵمەتی کۆکردنەوەی بەرهەمی بۆ بکرێت، ڕەنگە بە دەیان هەزار تۆن بەرهەمی لێ کۆ بکرێتەوە.
هەڵبەت ڕێگا و بیرۆکەی وەبەرهێنان جۆراوجۆرە و، ئەگەر مرۆڤ بیەوێت، ئەوا بەرهەمەکان لە مردوێتی زیندوو دەکاتەوە، هەروەک چۆن کانزای بێ ڕۆح، بەدەستی مرۆڤ بۆتە سەرچاوەی داهاتی دەوڵەتەکان و تاکی مرۆڤی سەرزەوی.
بۆ ئەوەی بەڕوو لە هەڵمەتی تەنیا چاندن، تێپەڕێنین و وەبەرهێنانی لە بەرهەمەکەیدا بکەین، پێویستە بڕیاری لێبدەین. بۆیە هیوادارم ئەو بابەتە ببێتە بابەتێکی توێژینەوەی پسپۆڕانی بواری کشتوکاڵ و لە دواجار لەلایەن خەڵک و سەرمایەداران و حکومەتیشەوە کاری لەسەربکرێت و ببێتە بەرهەمێکی ناوازەی خۆماڵیی پێناسراوی کوردی.