بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و شۆڕش و ڕاپەڕینە یەک لەدوای یەکەکانی، کەرکووک و کەرکووکییەکان ھەردەم یەكێك لە کۆڵەکە ڕاگرەكانی شۆڕش و جووڵانەوە سیاسی و سەربازییەکانی بوون، ھەمیشە و بەردەوام کورد کە پێکھێنەر و خاوەنی ڕەسەنی شارەکەیە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی بەدی ھێناوە.
لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، جوگرافیا و پرسی نەتەوە، گرفتی ھەڵپەسێردراوی بەردەوامن، بە ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی هەزاران ساڵی میژووی کەرکووک، بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کەرکووک شارێکی کوردستانیی ڕەسەنە و زۆرینەی رەهای دانیشتوانی دێرزەمانی ئەم جوگرافیایە ھەر نەتەوەی کورد بووە، هەرچەندە بەردەوام و بە بەرنامەی ڕێکخراو کار بۆ دابڕانی ناوی (كەركووك) لە کوردستان کراوە، بەڵام لۆژیک و ڕاستییە مێژووییەکان ئەو هەوڵانەیان پووچەڵ کردووەتەوە.
بەڵگە مێژووییە ڕاستەقینەکان لەبارەی كەركووك زۆرن، بەڵام دیارترین و سادەترین خستنەڕوو و سەلمێنەر ئەمانەن؛ ھەر سێ ناوی (باباگوڕگوڕ) و (کورکوا) و (کارکوک) ھەر کوردیین و بەڵگەی کوردستانیبوونی کەرکووکە لە چەند ھەزار ساڵ لەمەوبەرەوە هەیە، بەڵام گرنگیی جیۆپۆلیتیکی و سنووری کەرکووک وای کردووە، ھەمیشە جێگەی چاوتێبڕینی وڵاتانی ناوچەیی و ھەتا جیهانیش بێت (تەعریب، ڕاگواستن، ململانێ سیاسییەکان) لە گرفتە سەرەکییەکانی كەركووك بوون. دەسەڵاتی ئێراق بە ھەموو جۆرەکانیەوە، ھەر خەریکی ھێنانی عەرەب بوون لە باشوورەوە بۆ کەرکووک و ناوچەکانی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی حەویجە.
بەڵگەیەکی دیکەی کوردستانیبوونی كەركووك سەرژمێریی دانیشتوانە ئەگەر ساڵی (١٩٥٧) وەک نموونە وەربگرین: ژمارەی دانیشتووانی شاری کەرکووک بە کورد و عەرەب و تورکمان و كریستیانەكانەوە بۆ ساڵی (١٩٥٧) دەکاتە (٢٧٩٠٠٠) کەس لەو ژمارەیە (١٧٨٠٠٠)ی کورد بووە، بەڵام سەرژمێری ساڵی (٢٠٠٣) دەکاتە (٧٥٦٠٠٠) کەس زیاتر لە (٤٠٠٠٠٠)ی کورد بووە، ئەمە جیا لەوەی ژمارەیەکی زۆر لەو کوردە ئاوارانەی کە بێلانە و دەربەدەرن و ھەتا ئێستاش هەزاران خێزان لەو ئاوارانە نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی باوباپیرانیان لەبەر بێدەرامەتی و باری ناھەمواری و دۆخی سیاسیی و ئابوورییان.
گۆڕانکاری لەو ژمارانەی سەرەوە کە باس کران لەو دەمەدا ڕوویان داوە کە هەر کاتێک دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر دەسەڵاتدار بووبێت بەردەوامی عەرەبی بۆ هاوردە كردووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە رۆژنامەی (breitbart)ی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە (دەسەڵاتی عەرەبی شیعە) لە ماوەی دەسەڵاتدارییەوە تا ئێستا لە ئێراق بە فراوانی دەستی کردووە بە پرۆسەی گۆڕانی دیمۆگرافیی پارێزگای كەركووك و، لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە (٥٠٠) گوندی سنووری كەركووك پرۆسەی تەعریب و چەکدارکردنی دانیشتوانی عەرەب دەستی پێکردووە.
راپۆرتەکە کە پشتی بە زانیاریی چەند چالاکوانێک و هاووڵاتیانی ڕەسەنی شارەکە بەستووە، باس لەوە دەکات: ”گێڕانەوەی زیاتر (١٧٦٤٠) خێزانی عەرەب بۆ ناوەڕاستی پارێزگای كەركووك و (٤٠٢٤) خێزانی تر لە دەوربەری كەركووك، ھەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر گۆڕانی دیمۆگرافیای كەركووك.“ پرۆسەی تەعریبکردنەوەی كەركووك لە ساڵی (١٩٩١) دوای جەنگی کەنداوی دووەم بەچڕی دەستی پێکردەوە کە ئەو شارەش یەکێک بوو لە شارە ڕاپەریوەکانی دژی رژێمەکەی بەعس و، زۆربەی خێزانە کوردەکانیش بەرەو شارەکانی سلێمانی و هەولێر ئاوارە کران و زەوییەکانیانیش بەخۆڕایی بەسەر بنەماڵە عەرەبە هاوردەکراوەکان دابەش کرانەوە.
هەروەها بەڵگەنامەیەکی کۆنی حکوومەتی ئێراقی سەردەمی پادشایەتی پشتڕاستی کردووەتەوە کەوا زۆرینەی دانیشتووانی كەركووك کوردن، لە کتێبی (جوگرافیای ئێراقی هاوچەرخ – چاپی یەکەم، چاپخانەی دارالسەلام بەغدا ، 1304 کۆچی / 1924 زایینی) لەلایەن ( هاشم السعدی لاپەڕە 213 ) دەربارەی لیوای كەركووك هاتووە: ژمارەی دانیشتووانی (لیوای كەركووك) دەگاتە 19 هەزار (نۆزدە هەزار) کەس، کە زۆربەی دانیشتوانەکەی (کوردن) و کەمێك عەرەب و کەمینەیەك لە فارس (مەبەستی کوردە فەیلییەکانە) و کەمینەیەك لە تورکمان هەیە. خەڵکەکە زمانی تورکی دەزانن و قسەی پێ دەکەن، هۆکاری ئەمەش بەهۆی کاریگەریی ئەو سەربازانەی تورکیایە کە پێنج ساڵە لەوێ بوون نەک ئەوەی تورکمان مێژوویەکی دوور و درێژی لە شارەکە هەبووبێت.
تەنانەت ئەم کتێبە، ئەو ڕاستییە لەبارەی کوردستانیبوونی كەركووك دەسەلمێنێت بەڵام (وەزارەتی مەعریفەی ئێراق) کاتی خۆیدا بڕیاری دا ئەم کتێبە لە قوتابخانە ناوەندییەکان و خانەی مامۆستایان لە ئێراق بخوێندرێت، چونکە بەشێکە لە مێژووی دێرینی شارەکە.
لە ساڵی (١٩٢١)ی سەردەمی پادشایەتی و لە دوای (١٩٥٧)ەوە، دەسەڵاتی ئێراق بە ھەموو جۆرەکانیەوە بەردەوام لە هەوڵی ھێنانی عەرەب بوون لە باشوورەوە بۆ كەركووك و ناوچەکانی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی حەویجە کە ئێستا لەسەدا ھەشتا (٨٠%)ی عەرەبی سوننەیە و ھەندێک تورکمانی تێدایە، بەڵام لە بنەڕەتدا قەزایەکی سەر بە شاری كەركووكە و خاکی کوردستانە ئەم پرۆسە مەترسیدارە تەنیا ناوشاری كەركووكی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو زۆرینەی قەزا و ناحیە و دێهاتەکانی سنووری شارەکەی گرتووەتەوە و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.
“کۆبەند”
“بەردەوامیدان بە تەعریب پێش هەر شتێك پێشێلكردنی دەستووری هەمیشەیی ئێراق و بەتایبەتیش ماددەی 140ی دەستوورەكەیە، هاوكات هەوڵدانە بۆ شێواندنی پەیوەندیی مێژوویی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی پارێزگای كەركووك.” گەڕانەوەی ئەو لایەنەی کە هۆکاری داگیرکردنی كەركووك بووە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری (٢٠١٧) بۆ بازنەی کوردایەتی بە هیوای پاراستنی ڕەسەنایەتیی كەركووك باش دەبێت، بە تایبەتیش کە لە ئێستادا ڕەوایەتیی داوە بە پارێزگارێکی ناشەرعی و سەپێندراو لەپێناو داخوازیی حزبیدا کە ئەوە خۆی بەشێکە لەوەی کێشەی كەركووك تا ئێستا چارە نەکراوە.
بەڵام ئایا سەڕەرای چەندان قۆناغ لە تەعریب و ڕاگواستن و داگیرکاری، دەربەدەرکردن، دەنگی كەركووك و خانەقین و دووز ناوچە کوردستانیەکانییەکان بە دەنگی (بەڵێ) بۆ جیابوونەوە لە عێراق بەڵگەی کوردستانیبوونی كەركووك نییە؟ ئەدی گۆڕی دەیان ساڵەی مردووانی ئەوە شارە کە لە زۆرینەدا کوردن و لە هۆز و عەشیرەتە کوردەکانن، بەس نییە بۆ ئەوەی بڵێین كەركووك خاکی کوردستانە و داگیرکاری و تەعریب، ناسنامە حەقیقیەکەی ناگۆڕێت.