بەشی دووەم
لە بەشی یەکەمدا باسی پەیماننامەی سیڤەر کرا. لەم بەشە و بەشەکانی داهاتوودا باس لە هۆکارەکانی پشت جێبەجێ نەکردنی پەیماننامەکە دەکرێت.
پەیماننامەی سیڤەر چەند ماددەیەکی تەرخانکراوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆشەوە، کەچی چارەسەری پرسەکە تائێستا لە چاوەڕوانیدایە. هۆکار زۆرن لەپشت جێبەجێ نەکردنی ماددەکانی سیڤەر، بەڵام لە سەرەتا واباشە کە بەهەڵەتێگەیشتنێک ڕاستبکرێتەوە ئەویش ئەو تێگەیشتنەیە کە دەڵێت کورد بۆیە بە مافەکانی خۆیان نەگەیشتن، چونکە پەیماننامەی سیڤەر جێبەجێنەکرا، یان پەیماننامەی لۆزان پەیماننامەی سیڤەری هەڵوەشاندەوە و بوو بە جێگرەوەی. ئەم تێگەیشتنە ئەگەر ڕاستیشی تێدابێت تەواوی ڕاستییەکان لەخۆناگرێت، چونکە دەوڵەتانی ئێراق، سوریا، ئیسرائیل/فەلەستین، میسر و سودان، هەموویان بە بنەما لەسەر بەند و ماددەکانی پەیماننامەی ڤێرسای و سیڤەر دامەزران. ڤێرسای شەرعییەتی بە ئینتیدابی بەریتانی و فەڕەنسی بەسەر ئەم وڵاتانەدا دا، سیڤەریش شەرعییەتی بە سنوورە دەستکردەکانی ئەم وڵاتانە دا.
لەڕاستیدا تەنیا ئەو دوو دەوڵەتە (ئەرمینیا و کوردستان) نەخشە بۆ کێشراوەی سیڤەر کە نەخرابوونە ژێر ئینتیدابی هێزە براوەکان لەسەر نەخشەی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵات بەرجەستە نەبوون. سیڤەر مافی بە کورد و ئەرمەنییەکان دا، بەڵام بەرجەستەکردنی دەوڵەتەکانیانی بە خودی خۆیان سپارد کە بە بەراورد لەگەڵ هێزی تورکەکان زۆر لاوازتر بوون. ئەوەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە بەگشتی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و نێونەتەوەییەکان هێز و ئاگایی سیاسی هۆکاری سەرەکی و یەکلاکەرەوەی پرسەکانە. ئەمە نەک هەر بۆ کوردستان و ئەرمینیا ڕاستە، بەڵکو بۆ ئێراق و سوریاش هەر ڕاستە، ئەم دوو دەوڵەتە ئەگەر نەخرابانە ژێر ئینتیدابی بەریتانی و فەڕەنسی ئەوە ئەگەری زۆر بوو کە چارەنووسیان وەک کوردستان و ئەرمینیای لێبهاتایە، واتە تورکیا هەر زوو داگیری کردباناوە.
بەهەرحاڵ، پەشێمانبوونەوەی ئەمریکا لە قەبوڵکردنی ئینتیداب بەسەر ئەرمینیا و کوردستان هۆکارێکی سەرەکی بەرجەستەنەبوونی ماددە تایبەتەکانی پەیماننامەکەیە سەبارەت بە هەردوو گەلی کورد و ئەرمەن. ئەمە بەتایبەتی بۆ ئەرمەنییەکان ڕاستە، چونکە ئەمریکا بەفەرمی ڕەزامەندی لەسەر ئینتیداب بەسەر ئەرمینیا دەربڕی بوو کەچی بۆ کوردستان لە ئاستی پێشنیار تێپەڕی نەکردبوو، بەڵام ئەوەی ئەرمینیا جێبەجێ کرابا ئەگەرەکانی خستنەژێر ئینتیدابی کوردستان لەلایەن ئەمریکاوە زۆر بەهێزتر دەبوو. ئەمەش وای دەکرد ئەگەر تورکەکان بیانەوێت کوردستان بخەنەوە ژێر ڕکێفی خۆیان ئەوە ڕووبەڕووی ئەمریکا دەبوونەوە.
ئەمریکا لەکاتێکدا پەشێمانبوونەوەی خۆی ڕاگەیاند کە خۆی سنوورەکانی دەوڵەتە چاوەڕوانکراوەکەی ئەرمینیای کێشا، بەڵام لەبەرئەوەی کۆنگرێس قەبوڵی نەکرد کە ئەمریکا ببێتە ئەندام لە کۆمەڵەی گەلان، بۆیە کشانەوەی خۆی لە بەڵێنەکە و بە پڕاکتیکیش گۆشەگیریی خۆی لە ئاست پرسە نێودەوڵەتییەکاندا ڕاگەیاند. ئەوە لە ئەمریکا چاوەڕواننەکراو بوو، چونکە دابەشکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە بۆ ئەو نەتەوانەی کە لەژێر دەستی عوسمانییەکان بوون لە بنەڕەتدا پێشنیاری وودرۆ ویڵسن، سەرۆکی ئەمریکا، بوون، کە بە چواردە خاڵەکە ناسراوە.
سەرەڕای ئەمە، بێجگە لە ئەمریکا، لانیکەم لەسەردەمی ویڵسن، زلهێزەکانی دیکە لەدیدی بەرژەوەندی کۆڵۆنیالانەی خۆیانەوە تەماشای چارەنووسی گەلان و خاکەکانیان دەکردن. دیارە ئەمریکا هەر کە هەستی کرد هاوپەیمانان (بەریتانیا و فەڕەنسا) هێندەی لە خەمی دابەشکردنی میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانین هێندە لە خەمی ئازادی و مافی چارەنووسی گەلانی ژێردەستی عوسمانییەکان نین، ئیدی بەگشتی، ئەمریکا لە هاتن و تێوەگلان لە پرسەکانی ڕۆژهەڵات ساردببۆوە.
کشانەوەی ئەمریکا چارەنووسی کورد و ئەرمەنییەکانی بەستەوە بە بەرژەوەندی و گەمەی زلهێزەکانی دیکە لە ناوچەکە وەک بەریتانیا و فەڕەنسا لەگەڵ بەلشفیکەکانی یەکێتیی سۆڤیەت کە تازە لەو وڵاتەدا دەستبەکاربوون و ترسی زۆریان لە نزیکبوونەوە و باڵادەستبوونی هاوپەیمانەکان لە تورکیا و ناوچەکە هەبوو.
لە بەشەکانی داهاتوودا باس لەم هۆکارانە دەکەین:
– هاتنی کۆمۆنیستەکان بۆ سەر حوکم لە یەکێتیی سۆڤیەت
– سەرهەڵدانی بزوتنەوەی کەمالیستەکان و ئەتاتورک
– ڕۆڵی فەڕەنسا و ئیتاڵیا و یۆنان
– ڕۆڵی پەرتەوازەیی کورد و تۆکمەیی تورک
– ڕۆڵی بەریتانیا وەک لایەنێکی یەکلاکەرەوە
وەک لە بەشی پیشووتردا ئاماژەم پێکرد، ئەم بابەتە بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵوەگەردی ئیمزاکردنی پەیماننامەی سیڤەر بە چەند بەشێک بڵاودەکرێتەوە.