“به بۆنه‌ی ده‌رخستنی وێنه نوێکه‌ی سه‌دامه‌وه”
یاده‌وه‌ریی مرۆڤ زیاتر له ڕێگه‌ی وێنه‌وه ئیش ده‌کات، ڕه‌نگه گه‌ر بڵێین سه‌ره‌کیترین میکانیزمی یادکردنه‌وه و یادهێنانه‌وه وێنه‌یه هه‌ڵه‌مان نه‌کردبێت، ئه‌گه‌رچی توێژینه‌وه‌کانی ده‌روونناسی و شیکاریی خه‌ونه‌کان لای که‌ڵه دهرووناسانێکی وه‌کوو “فرۆید و یونگ” ئه‌مه پشتڕاست ده‌که‌نه‌وه که وێنه‌کان نه‌ک ته‌نها مه‌کینه‌ی یادهێنهوه و یادکردنه‌وه‌ن به‌ڵکوو زمانی سه‌ره‌کیی ناوشیاریشن، واته ناوشیار به زمانی وێنه قسه ده‌کات، ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ش که وێنه ونه و خه‌ون له ڕه‌شایی و زوڵماتدا له‌دایک ده‌بێت. نموونه‌یه‌کی سه‌یر و سه‌رنجڕاکێش که ده‌روونناسه ئێرانییه‌کان بۆ په‌یوه‌ندی زمانی وێنه و ویست و ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ و یادکردنه‌وه(زه‌ینی وشیار) و سه‌رکوتکردنی یادکردنه‌وه(زه‌ینی ناوشیار) له ڕووداوێکی واقیعی ده‌یهێننه‌وه نموونه‌ی پیاوێکه که به‌رده‌وام خه‌ون به “زنبور(زن+بور)” واته زه‌رده‌واڵه‌وه ده‌بینێت، دوای گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونه‌کانی بۆ چه‌ندین ده‌روونناس شاره‌زاترینیان ده‌ڵێت ئه‌مه هیچ په‌یوه‌ندی به خودی “زنبور” واته زه‌رده‌واڵه‌وه نییه، به‌ڵکوو ئه‌مه حه‌زی تۆیه بۆ ژنێکی بۆر و ئه‌سمه‌ر و له شێوازی زهردهوا”ه و “زنبور”ێکدا ده‌رکه‌وتووه، چون زه‌ینی ناوشیار به‌هۆی سه‌رکوتکردن و سوپێر ئیگۆوه(super ego) زمان و ده‌ربڕینی وا ئاڵۆز و ڕه‌مزی ده‌بێت.
بۆیه هه‌ندێ ستراتیژیستی سیاسی به که‌ڵک وه‌رگرتن له ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێن بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگایه‌ک تێ بگه‌ین باشترین ڕێگا ئه‌وه‌یه وێنه‌کانی زه‌ینیان به وشیار و ناوشیاره‌وه بخوێنینه‌وه و بۆ ئه‌مه‌ش دوو پانتای به‌رین و به‌رفراوان له به‌ر ده‌ستدان؛ یه‌که‌میان “زانست”ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه و دووهه‌میان ئه‌ده‌ب واته ئه‌و بواره‌ی که زیاتر له بواری یه‌که‌م ئه‌گه‌ری ده‌رخستنی هه‌ناوی کۆمه‌ڵگای له ڕێگه‌ی وێنه‌کانه‌وه هه‌یه. لێره‌دا زیاتر ڕۆڵی ئه‌ده‌ب زه‌ق ده‌بێته‌وه، ئه‌ده‌ب له‌م پله‌یه‌دا به‌ر له‌وه‌ی ستاتیکا و جوانیناسی و هه‌وڵیکی مه‌عریفیی له ڕێگه‌ی وشه و زمان و داڕشتنه‌وه بێت، ئه‌رشیڤێکی گه‌وره و ناکۆتایه له وێنه و هه‌ناوی کۆمه‌ڵگا، بۆیه ده‌بینین به درێژایی مێژوو هه‌موو ئه‌و ڕۆژهه‌ڵاتناسانه‌ی که به‌ناوی ئه‌فه‌ندی و گه‌شتیاره‌وه به مه‌به‌ستی سیخوڕی هاتوونه‌ته ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تی له کوردستان یه‌که‌مجار به‌یت و لاوک و ده‌قه شیعرییه کۆن و نوسخه خه‌تییه‌کانیان کۆ کردووه‌ته و ته‌نانه‌ت خۆیان گه‌ڕاون و ئه‌ده‌بی زاره‌کییان نوسیوه‌ته‌وه، فێری زمانی کوردی بوون و به‌یت و باویان له به‌یتبێژانه‌وه وه‌رگرتووه و نوسیویانه‌ته‌وه، ڕه‌نگه ئه‌مه ده‌روازه‌یه‌کی گه‌وره‌ش بێت بۆ بواری کۆلۆنیالیستناسی و میکانیزمه‌کانی چه‌وساندنه‌وه‌ی کورد له لایه‌ن کۆلۆنیالیسته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو که به‌شێکیان پشکی شێریان له گه‌یاندنی کورد به‌م قۆناغه پڕکاره‌سات و مه‌رگه‌ساته به‌ر ده‌که‌وێت.
به‌هه‌ر حاڵ ئه‌مه باسێکی دیکه‌یه و من له شوێن و ده‌رفه‌تی دیکه ده‌په‌رژێمه سه‌ری، به‌ڵام تا ئێره گرینگی وێنه و یادکردنه‌وه و یادهێنانه‌وه و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانی ڕای گشتی و کۆمه‌ڵگا ڕوون بوویه‌وه. لێره‌دا دێمه سه‌ر وێنه‌یه‌کی زه‌لام و تاریک و ڕه‌شی دونیای کورد که ئه‌ویش سه‌دام حسێنه، سه‌دام حسێن تا کاتێک ئه‌نفال و کیمیاباران و هه‌ڵه‌بجه و به‌گشتی پاکتاوکردنی کوردی پراکتیزه نه‌کردبووه ،وێنه‌یه‌کی ئاسایی سه‌ر شاشه‌کان بوو وه‌کوو عه‌بدولکه‌ریم قاسم و عه‌بدوسه‌لام عارف یان هه‌ر مرۆڤێکی دیکه که پله و پۆستێکی سیاسی یان سه‌ربازی هه‌یه، به‌ڵام پاش ئه‌و پاکتاوکردنه سه‌دام بوو به وێنه‌یه‌کی ڕه‌مزی و ڕه‌شی ناو دونیای ئێمه، بوو به گۆڕهه‌ڵکه‌ن و جرجی خه‌ونه‌کانی ناو خه‌ونه‌کانمان، ئیتر سه‌دام ئه‌و وێنه ساده‌یه نه‌بوو که دوو قاچ و گوێ و ده‌مێک و لووتێکی هه‌یه و به جلی سه‌ربازییه‌وه ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵکوو ئه‌و هه‌ژدیهایه‌کی کوردخۆر بوو که دوو قاچه‌که‌ی بوون به کلکی ژه‌هرڕێژ و دوو گوێکه‌ی بوون به ده‌هۆڵی مه‌رگ و لووت و ده‌میشی وه‌کوو بژنمژه و مێرووله‌خۆره ته‌نها خوێنیان هه‌ڵده‌لووشی.
ئه‌م وێنه‌یه له ئاستی وشیاردا دوو قۆناغی پێواوه یه‌که‌م هه‌مان وێنه ئاساییه‌که که باسم کرد، دووهه‌م وێنه‌یه‌ک که ڕه‌مزی بووه‌ته‌وه به هه‌مان شێوه که به وشه له چه‌ند دێڕی پێشوودا وه‌کوو ئه‌ژدیهایه‌ک رهنگڕێژم کرد و ئه‌م ئاسته‌ی قۆناغی یه‌که‌م ده‌بێته پرد بۆ قۆناغی دووهه‌م واته ڕهمزیبوونهوهی ته‌واوی سه‌دام حسێن وه‌کوو گیانکێش و بکوژ، وه‌کوو مۆته‌که‌ی مه‌رگ، وه‌کوو دۆڵپا و به گشتی وه‌کوو هه‌ر هێز و توانایی و ده‌سه‌ڵاتێک که دژی ژیان و بوونه، ئه‌م بهڕهمزیبوونه له ئاستی خه‌ونه‌کانیشدا خۆی به‌دیار ده‌خات به‌ڵام ده‌بێ له بیرمان بێت ئه‌مه به پله‌ی یه‌که‌م بۆ کورد وه‌کوو خه‌ونێکی ڕه‌مزی که فۆرنیکی کوردانه‌ی هه‌یه ده‌شێت وا بێت، ڕه‌نگه ئه‌م خه‌ونه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی شیعه‌ش که گیرۆده‌ی سه‌دام بوون هه‌ندێ هاوبه‌شێتیی گشتیی ببینێته‌وه به‌ڵام ده‌بێ ئه‌م خاڵه زۆر گرینگه‌ی دهرونشیکاریمان له پێش چاو بێت ئێمه له ڕێگه‌ی زمانه‌وه خه‌ون ده‌بینین، زمانێک که وێنه دروست ده‌کات، زمانێک که ئێمه دهخهونێنیت کوردییه وه‌کوو چۆن له‌و نموونه فارسییه‌ی “زنبور”دا کابرای فارس به زمانی فارسی خه‌ونه‌که‌ی بینیوه و مه‌به‌ست له وشه‌که‌ش ژنی بۆر و ڕه‌نگ ئه‌سمه‌ر بووه، که‌واته ده‌شێت سه‌دام له بۆ نموونه له شێوه‌ی ورچێکدا یان به‌رازێک یان ڕه‌شمار یان جرج و مارمێلکه و…هاتبێته خه‌ونی کورد، به‌ڵام ئایا هیچ بکه‌ر و ده‌زگایه‌کی ده‌رونناسی نیشتیمانیی له کوردستان هه‌بووه و هه‌یه که هه‌ناوی ئه‌م نه‌ته‌وه له ڕێگه‌ی ئه‌و خه‌ونه سامناک و مۆته‌که کوشندانهو و وێنه‌کانییه‌وه بکۆڵێت و کێشه و پرسگره ده‌روونییه‌کانی لێک داته‌وه و به پێوه‌ری ته‌ندروستیی جیهانیی هه‌ڵیانسه‌نگێنێت؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره وه‌کوو زۆر پرسیاری دیکه ڕوونه وبه داخه‌وه ئێمه له‌م ڕووه‌وه زۆر که‌مکار و خه‌مسارد بووینه. به‌هه‌ر حاڵ ئه‌م پرسیاره په‌یوه‌ست به‌م باسه‌وه ده‌کرێت نه‌خشه ڕێگای بۆ دابنرێت. په‌یوه‌ست به په‌یوه‌ندیی جیهانی خه‌ون و ناوشیار و ترس و زمان مامۆستا شێرکۆ له گۆڕستانی چراکاندا باس له پرۆسه‌ی ئۆتۆماتیکیی و خۆسانسۆرکردنی خه‌ونه‌کان ده‌کات، ئه‌و له زاری لێخوڕ و شۆفێرێکه‌وه که کاروانی ئه‌نفالکراوانی هه‌ڵگرتووه له لاپه‌ره‌ی 70 بۆ 78دا ده‌ڵێت:
“شۆفێره سه‌ربازه‌که، به‌رده‌وام چاوی بڕیبووه ڕێگای درێژی به‌رده‌می و ده‌مێکیش بوو بێ‌وچان لێی ئه‌خوڕی، له ماوه‌ی یه‌ک ساڵی جه‌نگدا دوو برای و دوو ئامۆزای له شه‌ڕه‌کانی دزفول و شووشدا کوژرابوون. زۆر له دوور و له ئاسۆیه‌کی ته‌ڵخدا، سه‌ره‌تای هه‌ڵکردنی گێژه‌ڵووکه‌یه‌کی بیابانی به‌دیکرد. بیری ئه‌کرده‌وه، خۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌دوا- له دڵی خۆیدا ئه‌یوت: ئه‌ترسم ڕۆژێ دڵی خۆم، دڵی که‌س نا/ هه‌ر دڵی خۆم../ وه‌ختی نووستن، یان لێخوڕین/ کاتێ ئه‌ڵێم که من هیچ ئاگام له‌و نه‌بێ/ فرسه‌ت بێنی و له‌ناو قه‌فه‌زه‌ی سنگمه‌وه/ به پێدزکێ وبه بێ خشپه/ خۆی قوتارکاو هه‌ڵبێ و بچێ/ له ده‌رگای دڵی عه‌ریف “ثائر” با و ئه‌ویش بلێ فه‌رموو ژوورێ و له سه‌ر کورسیی حه‌وتی نیسان دابنیشێ و /ئه‌وسا خه‌به‌رم لێ‌بدا/ که ناوبه‌ناو له کونی کونی ژووره‌وه‌ی/ ناو ده‌روونما من چی ئه‌ڵێم!”
ئه‌مه ململانێی نێوان وشیاریی و ناوشیاریی که‌سێکه که کورد نییه، شۆفێرێکه که خۆی به به‌شێک له ئه‌نجامده‌رانی ئه‌نفال هه‌ژمار ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سووسه‌یه‌ک گله‌یی و ناڕه‌زایه‌تیش له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ست پێ بکات ئا به‌و شێوه‌یه ده‌یکوژێت و سه‌رکوتی ده‌کات، ده‌کرێت بڵێن ڕه‌وتی خه‌ونبینی له پاش سه‌رهه‌ڵدانی سه‌دام حسێن وه‌کوو بکوژێک وه‌کوو هه‌یکه‌لێکی ڕه‌مزی که داهێنه‌ر و خولقێنه‌ری مه‌رگه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی زۆری ده‌وێت، ئێمه له درێژه‌دا له خه‌ونێکی شۆفێردا ده‌خوێنینه‌وه:
“هه‌ر له بیرمه/ من جارێکیان خه‌ونم بینی/ خه‌ونێکی سه‌یر!/ له‌و خه‌وه‌دا ڕائید “حه‌مدان”/ بووبوو به به‌رازێکی ڕه‌ش و له ساحه‌که‌ی موعهسکهردا/ یاری فتبۆڵی ئه‌کردوو و خێرا خێرا به پاشه‌ڵی/ له فتبۆڵه‌که‌ی هه‌ڵئه‌دا/ تا ئه‌که‌وته سه‌ر لموزی!/ وه‌ختێ که خه‌به‌رم بۆوه/ کێشام به که‌لله‌ی نه‌گریسما و/ له ترساندا، یه‌که‌نده‌ردوو، گه‌رماوگه‌رم/ بینه‌قاقای خه‌وم گرت و/ هه‌ر له جێ‌دا خه‌وم کوشت و/ چوومه ده‌رێ ولاشهکهیم دوور فڕێ‌دا! وتم نه‌بادا ئه‌م خه‌وه بۆ شه‌وێ فریا بکه‌وێ و بڕوا‌و بچێته ناو خه‌وی حهمدانهوهو و بڵێ که من ئه‌وم له ناو/ خه‌وێکی خۆمدا بینیوه/ بۆته به‌راز!”
دیاره پرۆسه‌ی خه‌ونبینین که‌وتووته ژیر کاریگه‌ریی چ ترسێکی ڕه‌شه‌وه و ده‌توانین بڵێین خه‌ون لێره‌دا له حاڵه‌تی ئۆرگانیکی خۆی ده‌رچووه و بووه به ترۆما و تۆقینێک که پانیک و تێکچوونی دهمارهههست یان عه‌سه‌بی به‌دواوه دێت بۆیه وه‌کوو گێڕه‌ره‌وه ده‌ڵێت چاره‌نووسی خه‌ونیش مه‌رگه! مه‌رگێک که خۆی هه‌ڵیده‌بژیرێت!
له کۆی ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌دا ڕۆڵی وێنه و ناوشیار، زمان و ده‌روون و سیاسه‌تم به خێرایی نیشاندا، ئه‌م وێنه مه‌رگاوی و هه‌ژدیها مه‌رگدۆست و مرۆڤخۆر و کوردکوژه بۆچی تا ئێسته هه‌ر وه‌کوو پاڵه‌وان له زاکیره‌ی به‌شێک له کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا ده‌بینرێت؟، له ڕاستیدا ناکرێت بڵێی پاڵه‌وان به‌ڵکوو پاڵه‌وان وشه فریوده‌ره‌که‌ی پانتای وشیارییه به‌ڵکوو ده‌شێت بڵێین مۆته‌که یان دهعجانییه ترسێنه‌ره‌که، په‌یوه‌ندیی ئه‌و(سه‌دام-مه‌رگ) به ئه‌وانه‌ی که خۆشیان ده‌وێت ئێسته‌ش په‌یوه‌ندییه‌ک نییه له‌سه‌ر بنه‌مای وێنه‌یه‌کی ڕزگارکه‌ری خۆشه‌ویستانه به‌ڵکوو په‌یوه‌ندییه‌که له‌سه‌ر بنه‌مای ترس، خۆشویستنی تارمایی مه‌رگ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی نه‌یانبات! ئه‌م وێنه‌یه نه‌ک له زاکیره و یاده‌وه‌ریی کورد، به‌ڵکوو له زاکیره‌ی زۆربه‌ی ئێراقییه‌کاندا چه‌سپاوه، بۆیه‌ش ڕه‌نگه به سیاسه‌تێکی نه‌زانراو و پشتی په‌رده ئێمه ته‌نانه‌ت له قه‌فه‌زی دادگاییکردنه‌که‌ی سه‌دامیشدا هه‌ر پاڵه‌وانێکمان پیشان ده‌درا که دادگا تێک ده‌دا و ده‌نه‌ڕێنێت و ده‌ڵێت من سه‌رۆککۆمارم! هه‌ڕه‌شه‌ی له ئه‌مریکا و ئیسرائیل و خۆفرۆشه‌کان ده‌کرد! ئه‌مه جگه له‌وه که هه‌موو ئه‌و وێنانه‌ش له کاتی ده‌سگیرکردنیدا بڵاو کرانه‌وه یان وێنه‌گه‌لێکی له ڕووی ماناییه‌وه ته‌ڵخ و بێ ده‌لاله‌ت بوون یان دیسان پیاوێکی به حه‌ماسه‌ت و جه‌ربه‌زه ده‌رده‌که‌وت!
دوای بیست ساڵ له ڕووخانی ڕژێمه‌که‌ی و دواتر له سێداردرانی خۆی یه‌که‌م جار میدیاکانی ئێراق وێنه‌یه‌کی که‌متر پاڵه‌وان و زهبونئاسای سه‌دام بڵاو ده‌که‌نه‌وه که له به‌رده‌م دادگای ته‌میزدا بڕیاری له سێداردهدانهکهی بۆ ده‌خوێنرێته‌وه به چاودێریی نوێنه‌ری دادوه‌ری گشتی، ئایا ئه‌م وێنه‌سازی و وێنهنواندنه له سه‌دام سیاسه‌تێکی گشتیی زلهێزه‌کان یان ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێراقی له پشته؟ یان ڕه‌وتێکی ئۆتۆماتیکیی کولتوورییه له دیکتاتۆرپهرستی له پله‌ی پاڵه‌واندا؟ بۆچی ئه‌گه‌ر له چاوی وێنه‌کانه‌وه سه‌دام هه‌ڵسه‌نگێنین هه‌ر ئه‌و پیاوه بهههیبهتهیه که هه‌بووه؟
ئایا گرفت له وێنه‌کانه یان له کایه‌یه‌ک که به وێنه و زه‌ینی ئێمه ده‌کرێت؟ بێگومان کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر و ڕه‌هه‌ند لێره‌دا ڕۆڵ ده‌گێڕن، سه‌دام وه‌کوو هه‌ر جه‌لاد و خوێنڕێژێک ترسی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بووه، دڵڕه‌ق بووه نه‌ک بوێر، به ڕواڵه‌ت و جلوبه‌رگ قاره‌مان ده‌رکه‌وتووه ئه‌گینا به‌پێی ژیاننامه‌ی دوو شه‌و جارێک له شوێنێک نه‌ده‌مایه‌وه، به‌ڵام با بپرسین به بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه جیاوازه‌کانی دڵڕه‌قترین و کوردکوژترین و خوێنڕیژترین دیکتاتۆر و شۆڤێنیی سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌و وێنه ئایدیال و بکوژه خۆشویستراوه مانای واقیعیی له جیهان خه‌ون و ترس و مۆته‌که‌کانی مرۆڤی کورد و ئێراق و ته‌نانه‌ت عه‌ره‌ب به‌گشتی گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت؟ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌یه‌ی دوایی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که به‌ره‌به‌ره فشۆڵبوونی به‌ته‌لی قادیسییه ده‌رکه‌وێت و کۆیله و گیراوه‌که‌ی تیکریت جێگه‌ی بگرێته‌وه؟