چەمکی ئۆپۆزسیۆن لە بنەڕەتدا لە (opposite) ی لاتینییەوە ھاتووە، بەواتای ڕووبەڕووبونەوە، یان دژ وەستان، بەڵام لە ئینگلیزیدا (opposition) بەھەمان شێوە بەواتای ناڕازی بوون و دژوەستانەوە دێت.
ئۆپۆزسیۆن بەگشتی بەو پارت و ڕێکخراوانە دەوترێت، کە بەرنامە و ستراتیژیان ھەیە لەڕێگای میکانیزمی دژوەستانەوە و یان بەرھەڵستیکردنەوە دەیانەوێت بگەن بە دەسەڵات و لەوێوە بەرنامە و ئەجنێدانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
ئۆپۆزسیۆنی سیاسی پێویستییەکی ھەنوکەییە بۆ بەرقەرارکردنی کۆمەڵگە و پێشکەوتن، دەرفەتی کێبڕکێی ئاشتیانە و بنیاتنەرانە دەڕەخسێنێت لەنێوان حزبە سیاسیەکاندا، ھەروەھا ئەرکی کۆمەڵایەتی- سیاسی گەورەی ھەیە، چاودێری حزبە دەسەڵاتدارەکان دەکات، یان چاودێری وردی حکومەت دەکات بۆ ئەوەی حکومەت توشی ھەڵدێر نەبێت.
ھەموو دەسەڵاتێکی دیموکراسی پێویستی بەئۆئۆپۆزسیۆن دەبێت، بۆ ئەوەی مل بەرە و ستەمکاری و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات نەبێت.
ناکرێت سیستمی مەدەنی دیموکراسی بنیاتبنرێت بەبێ بونی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، واتە پەیوەندی نێوانیان پەیوەندییەکی تەواوکارییە بۆ ئاراستەیەکی دروست بەخزمەتکردنی کۆی کۆمەڵگا.
ئۆپۆزسیۆنی سیاسی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسی بووەتە بەشێکی گرنگ لەژیانی رۆژانەی ھاوڵاتیان و حزب و ڕێکخستنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستاندا.
“سەرھەڵدانی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان”
بەدرێژایی مێژووی جیھان لەناویشیاندا کورد، کۆمەڵێ خەڵک ھەبوون دژی سیستم یان ئەو بەڕێوەبەرێتییە بوون کە سەردار و پێشڕەو حکومڕانیان بووە، بەڵام بابەتی مەبەستی ئێمە ئۆپۆزسیۆنی سیاسییە بەتایبەتی لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١ەوە لە کوردستان.
ھەرچەندە بۆچونی جیاواز لەبارەی سەرھەڵدانی ئۆپۆزسیۆنەوە ھەیە، ھەریەکەی بەپێی بەرژەوەندی خۆی خوێندنەوەی بۆ دەکات، بەڵام بەگشتی ئەگەر وەک ڕایەکی موتەوازع وەریبگرین، لەگەڵ بونی حکومەتی ھەرێم و ھەژمونی ھەردوو حزبی حاکم( پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) بەسەر حکومەتی ھەرێمەوە ھەندێ لە حزبەکانی تر وەک جۆرێک لە ئۆپۆزسیۆن خۆیان مانیفێست کردووە، بەڵام ھیچ یەک لەو حزب و گروپ و ڕێکخراوانە نەبوونە مەترسی جدی لەسەر پێگە و ھەژمونی پارتی و یەکێتی، ھەتا دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان.
ھەرچەندە پێش گۆڕانیش ھەوڵ ھەبوو بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی کارا دروست بێت، ھەر بۆنمونە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥ بەلیستی جیا بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراقی کرد، بەڵام بارەگاکانی لە بادینان کەوتە بەرھێرشی لایەنگرو ئەندامانی پارتی و بەدەر لەسوتاندنی چەند بارەگایەک بەڵکو چوار بەرپرس و کادی ئەو حزبە کوژران.
بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان بە یەکەم بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردندا لە ٢٥-٧-٢٠٠٩ توانی ٢٥ کورسی لە ١٠٠ کورسی بەدەستبھێنێت، بەوەش بۆیەکەمجار فراکسیۆنێکی گەورەی ئۆپۆزسیۆن چوونە پەرلەمانەوە، تاڕادەیەک بەرنامە و ستراتیژییان ھەبوو بۆ ئەوەی دنیایەکی جوانتر بۆ تاکی کورد دەستەبەر بکەن، بەڵام لەدوایدا چی بەسەرھات؟!
“گۆڕان وەک یەکەم ئۆپۆزسیۆنی کاریگەر”
بزوتنەوەی گۆڕان بەیەکەم بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنەکانی کوردستاندا توانی یەک لەسەر چواری کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەدەستبھێنێت لەساڵی ٢٠٠٩ ئەمەش وای لە گۆڕان کرد، بۆیەکەمجار ببێتە مەترسی لەسەر ھەژمونی پارتی بەگشتی و یەکێتی بەتایبەتی، بەڵام ئەم سەرکەوتنە تەمەنی زۆر نەبوو، یان نەیتوانی ھیچ بەرەوپێشچونێکی وەھا بەخۆیەوە ببینێت، تاکار گەیشتە ئەوەی لەدواین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراقدا نەیتوانی کورسییەک بەدەستبھێنێت، بەوشێوەش گۆڕان بووە مێژوو، ھیچ کەسێکیش ناتوانێ جارێکی تر پێشبینی ھەستانەوەی ئەو حزبە بکات، بەتایبەتی ببێتەوە بەھێزێکی کاریگەر و مەترسی بۆ سەر ھەژمونی پارتی و یەکێتی دروست بکات.
گۆڕان سەرەڕای ئەوەی سەرکردەیەکی لێھاتووی وەک نەوشیروان مستەفای ھەبوو، کە ھەم خاوەنی خەباتی شاخ و شار بوو، ھەم دنیابینییەکی جیاوازی ھەبوو بۆ سیاسەتکردن و ململانێی سیاسی، ستراتیژییەتی ھەبوو بۆ کارکردن، بەڵام ئەویش تەمەنی زۆر نەبوو بەمردنی نەوشیروان مستەفا مۆمی گۆڕان بەجۆرێک کزبووە، واخەریکە بەیەکجاری دەکوژێتەوە.
“گۆڕان و ھەڵە ستراتیژییەکانی”
ھەرچەندە گۆڕان ھەڵە و ھەڵەی ستراتیژی زۆر بوو، کەوایکرد ڕۆژگارەکەی بەم رۆ بگات، بەڵام بەندە لێرەدا زیاتر لەسەر سێ خاڵ دەوەستێت:-
یەکەم- گۆڕان ئەگەرچی لەکاتێکدا دروستبوو، واخەریک بوو دەنگی ناڕەزایەتی و بزوتنەوەی جەماوەری، یان ئۆپۆزسیۆن ھێدی ھێدی گەشەی دەکرد، بەڵام گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفا بەتێکەڵکردنی سەرکردەکانی شاخ و گەنج و خوێنەوارانی شار دەنگە ناڕازییەکانی ھەمووی قوتدا و شتێکی نەھێشت بەناوی دەنگی ناڕازی لەدەرەوەی حزبەکان، واتە گۆڕان بەم کارەی یەکەم ھەڵەی ستراتیژیکرد و پانتاییەکی نەھێشتەوە بۆ خەڵکانی بێلایەن و ڕەخنەگر، کەبەیەک دورایی لە حزبەکانەوە بوەستێت.
دووەم- یەکێکی تر لە ھەڵە دیار و زەقەکانی گۆڕان ئەو گوتارە پۆپۆلیستییە بوو، کە وای لە ھاوڵاتیان گەیاندبوو ئەگەر دەنگی پێبدەن ئەوە بەھەشتیان بۆ دروست دەکات، بەڵام ھاوڵاتیان دوای دەنگدانیان لە پێنچ ھەڵبژاردنی یەک لەدوای یەک (پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی ئێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان)بەڵام ھیچ گۆڕانکارییەکی وەھای نەبینی بۆیە بێئومێد بوو لە گۆڕان و پشتی تێکرد.
سێیەم- ھەڵەیەکی گەورەتر و کوشندەتری گۆڕان بابەتی سەرۆکی ھەرێم بوو، کەلەوکاتەدا گۆڕان شەڕی گەورەی لەسەر ئەم بابەتەکرد، لەو پێناوەشدا گوێی لە داواکاری و پێشنیاری خەڵکانی دڵسۆز نەگرت و نەیدەتوانی لەوەتێبگات ئەم بابەتە ھەروا سانا نییە، بۆنمونە نەوشیروان مستەبا پێی وابوو لەدانیشتنی پەرلەماندا ڕێژەیی یاسایی تەواو دەکات، بۆ ھەمواری یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێم، بەڵام بەھەڵەداچوو، چونکە لە دانیشتنی یەکەمدا ڕێژەی یاسایی تەواو بوو، بەڵام دوای فشارەکانی پارتی لەدانیشتنی دووەمدا شکستیانھێنا و نەیانتوانی ڕێژەیی یاسایی تەواو بکەن.
بەوھۆیەشەوە وەزیرەکانی گۆڕان لە حکومەت دەرکران و ڕێگا بەسەرۆکی پەرلەمان نەدرا بچێتەوە سەر کارەکەی، ھەتا ئێستا بابەتی سەرۆکایەتی ھەرێم، گرێکوێرەیەکە لە گۆڕاندا و ھەرکەسە و چیرۆکێکی بۆ دادەتاشی، لەنێوان ئەوەی ئایا بەتەنھا کاری یوسف محەمەدی سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمان بوو، یان فشاری نەوشیروان مستەفا پێی کردن، بەڵام لەدوای ئەم ڕووداوەوە، نەوشیروان مستەفا بەتەواوەتی بێھیوا بوو، چونکە ئەوکاتە برێت مەکگۆرکیش وەڵامی پەیوەندییەکانی گۆڕانی نەدەدایەوە، چونکە ئەمریکییەکان بە نەوشیروان مستەفایان وتبوو، وەختی ھەموواری یاسای سەرکایەتی ھەرێم نییە و ئێمە شەڕی داعشمان لەپێشەو ناکرێت، ھیچ کارێ ببێتە ھۆی لاوازکردنی سەنگەرەکانی ڕووبەڕووبونەوەی داعش، بەڵام گۆڕان گوێی بەو ھۆشدارییەی ئەمریکییەکان نەدا، ھەربۆیە کاتێ ڕێگا لەسەرۆکی پەرلەمان گیرا و وەزیرەکانی گۆڕان لە حکومەت دەرکران، ئەمریکییەکان ھیچ ھەڵوێستێکی وەھایان نەبوو.
“نەوەی نوێ ھێزێکی تازە و کۆپییەکی خراپ”
نەوەی نوێ لەدوای ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان دروستبوو، لەساڵی ٢٠١٧ ەوە، تەمەنی تەنیا چوار بەھارە، بەڵام لەو ماوە کەمەدا بووەتە خاوەن پێگەیەکی باش لە کوردستان و ئێراقدا.
ھەرچەندە نەوەی نوێ لەیەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لەساڵی ٢٠١٩دا ھەشت کورسی بەدەستھێنا، بەڵام چوارییان لە نەوەی نوێ جیابونەوە و ئێستاش کازم فاروق وەک سەرۆکی فراکسیۆنەکە بەبیانوی نەخۆشییەوە دیار نییە، بەڵام سەرچاوەکانی ھەواڵ باس لە نیگەرانییەکانی فاروق دەکەن لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید.
دواتریش لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراق توانی چوار کورسی بەدەستبھێنێت، ئەوانیش ھەرچوارییان وازیان لە نەوەی نوێ ھێنا. لەنوێترین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراقدا، نەوەی نوێ بە نۆ کورسی توانی پێش گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووش بداتەوە و بەو ھۆیەشەوە بووە ھێزێکی خاوەن پێگەیەکی فراوانتر لە پەرلەمانی ئێراقدا و ئێستاش یەکێکە لەو ھێزانەی بەدەنگی بەرز داوای ھەڵبژاردن دەکات ھاوشانی پارتی.
نەوەی نوێ ئەگەرچی ئەنجومەنی باڵایی ھەیە، بەڵام بڕیاردەری یەکەم و کۆتایی ھەر شاسوار عەبدولواحیدە، چونکە ئەو خۆیی سەپۆرتی حزبەکە دەکات و سەرچاوەی دارایی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم حزبە لە کۆمپانیا و پرۆژە بازرگانییەکانی شاسوار عەبدولواحیدەوەیە، بۆیە ئەم حزبە بەتەواوەتی ھی شاسوار عەبدولواحیدە، ھەرکات ئارەزووی ھەبوو ھەرکەسێ بەرز بکاتەوە دەیکاتەوە و بیشیەوێت ھەر کەسێ بخات یان دەریبکات ئەوە دەردەکات و کەسیش ناتوانێ بڵێ بۆ وات کرد.
عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی پێشووی گۆڕان لە کۆبونەوەیەکدا وتبوی “کێشەی شاسوار عەبدولواحید ئەوەیە نەک ھەر بەرنامەکانی گۆڕان، بەڵکو ھەڵەکانی گۆڕانیش دووبارە دەکاتەوە”.
عەبدولواحید ئەگەرچی ئیلھامی لە گۆڕانەوە وەرگرتووە و ڕۆژگارێک ھەفتانە سەردانی نەوشیروان مستەفای کردووە، بووەتە کۆپییەکی خراپی گۆڕان ئەگەر بەزووی خۆی ڕێکنەکاتەوە ستراتیژییانە کار نەکات ئەوە دوور نییە تەمەنی نەوەی نوێ لەتەمەنی گۆڕان کەمتربێت.
“نەوەی نوێ ھێزێکی بێ ڕوئیا و ستراتیژ”
بۆحزب و ڕێکخراو، گرنگترین شت ڕوئیا و ستراتیژە، بەڵام ئەوەی بە عەمەلی دەبینرێت، ئەوەیە نەوەی نوێ ھیچ ڕوئیا و ستراتیژێکی نییە، مامەڵەی ڕۆژانە لەگەڵ سیاسەتدا دەکات، بۆنمونە لەدروستبونی ئەم حزبەوە خۆپیشاندانی وەک چەکێکی کاریگەر وێنا کردووە، بەڵام لەدواین خۆپیشانداندا، کەئیلھامی لە خۆپیشاندانەکەی سەدرەوە وەرگرتبوو، چونکە پێی وابوو ئەو خەڵکە زۆرەی لەسۆشیاڵ میدیاوە ستایشی سەدر دەکەن، دێنە پشتی خۆپیشاندانەکەی ئەم، بۆیە حساباتەکەی ھەڵەبوو، بەوەش توشی شکستێکی گەورەبوو، بەجۆرێک خەڵکانێکی ئەوەندە کەم ھاتبوونە سەرشەقام کەشایەنی باسکردن نەبوو، ئەوە جگە لەوەی خۆشی ئەو رۆژە لەھیچ شوێنێکەوە دیار نەبوو، دواتر دەرکەوت لەفەیسبوکەوە سەیری خۆپیشاندانەکانی کردبوو.
شاسوار عەبدولواحید، ھێندە موعجیبە بەلایک و کۆمێنت و ھەڵای سۆشیاڵ میدیا، ھێندە لەجیھانی واقیعدا سیاسەت ناکات، ئەمەش وادەکات بەردەوام دابڕاوبێت لەواقیع، لەلایەکی تریشەوە سۆشیاڵ میدیا لە کوردستان ھەر رۆژەی لەسەر مەزھەبێکە، بۆیە خۆی دانەدەست سۆشیاڵ میدیا دواجار کارەسات بەرھەم دەھێنێت.
لەدنیاشدا نمونەی ئەم جۆرە لەبازرگانی سیاسی زۆرە و زیاتر وەک کەفوکوڵ سەرھەڵدەدەن و دواتر ئارام دەبێتەوە و نامێنێت، بۆیە بەپێی خوێندنەوەکان تەمەنی نەوەی نوێ درێژ نابێت و چۆن ھات ھەرواش دەڕوات و دواجار دەبێتە یادگارییەکی بۆ ھەندێک خۆش و بۆ ھەندێکی ناخۆش، کێشە گەورەکە ئەوەیە ھەموو ئەمانەش ئومێدی ھاوڵاتیان بەگۆڕانکاری و لاواز دەکەن، ھەتا ئاستی نەمان.