١. ئەگەر هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی کارتۆنی بێت و هەولێریش پایتەختی ئەو هەرێمە بێت، چۆن وڵاتەکەی لە پایتەختی هەرێمێکی کارتۆنی گەورەترین کونسوڵخانە بنیات دەنێت؟
٢. بە مێژوو ئێمەی کورد خانووەکانمان لە کارتۆن و مقەبا دروستنەکردووە، تا هەرێمەکەمان کۆمەڵێک کارتۆن بێت، چونکە لانی کەم حیسابی ئەوەمان کردووە، باران و بەفرمان بەسەردا دەبارێت، بۆیە ئەوانەی بە کارتۆن و مقەبا خانووکانیان دروستکردووە، با ئەوان ئاگاداری خۆیان بن، نەک ئێمەی کورد.
٣. بە مێژوو ئێمەی کورد، هەزاران جار فریودراوین و تێکشکاوین، بەخۆمان لێمان دراوە، بەڵام نەمان هێشتووە، ئیرادەمان بشکێت و بدات لە زەوی، بۆیە ئەمجارەش ئەگەر لێمان بدەن، زۆر نابات هەڵئەسینەوە. ئاخر نەتەوەیەک بە شکست ڕاهاتبێت و چۆکی پێنەدابێت، هەستانەوەی ئاسانە.
٤. ئەوە مێژووە، خەڵکێکی کۆچەری ئەوروپی ئەکات بە وڵاتێکی وەک (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا). کوردیش لەخاکی خۆی ئەکاتە ژێر دەست، بەڵام دواجار ئێمە نەژاد و مێژووییەکمان هەیە، کە ئێوە نیتانە. هیوادارم ئەو نەبوونەیەتان تۆڵە نەبێت لە ئێمەی کورد.
٥. کورد دەمێکە ووتوویەتی: لە کانییەک ئاوت خواردەوە، بەردی تێ فڕێ مەدە. ئێمەش لە خاک و هەرێم و پایتەختی خۆمان ڕێزمان گرتی. هیوادارین لە پای ئەو (ئاو و نان و ڕێز)ڕۆژێک نمەک نەتگرێ، تا بۆ داهاتوو دەربکەوێت کورد، چ نەتەوە و خەڵکێکە. ڕێز لە میوان دەگرێت. وەک میوان خاوەن ماڵ ناشکێنێت. بەوەفایەو بێوەفایی بەرامبەر میوانەکانی ناکات.
٦. ڕۆژانێک بەم پۆشاکە سپییە کوردییەوە، ویستمان سیمای ڕەشت و ناخی نادیارت بەرامبەر نەتەوەکەمان سپی بکەینەوە، بەڵام نەمانزانی ئەوەش کارت تێنکات! ڕووت سپی نەبوویە، ئەوە ئاساییە و ڕێزلێگیراوە، بەڵام ناخی نادیارت دەرکەوت، کە هیوادارم بەو لایەنەشدا بچیتەوە.
٧. ئێمە کورد زۆر باش دەزانین، بەڕێزتان نوێنەرایەتی یەکێک گەورەترین وڵاتەکانی جیهان دەکەن لای نەتەوەیەکی دابەشکراوی پەرتەوازەی بێ پشتیوانی وەک کورد، بەڵام ئێستاش نەمانزانی ئەو زمانە لوتبەرزەییەی ئێوە، کەی بە کۆتا دەگات؟ ئەی لەخۆتان نەپرسی ڕۆژگارێک ئێوەی ڕەشپێستیش لە وڵاتەکەتان کۆمەڵکوژ دەکران و سوکایەتیتان پێدەکرا! ئەی بۆ یادێک لەو ڕۆژانەی خۆتان نەکردەوە، تا ئێمڕۆ سوکایەتی بە نەتەوەیەک و هەرێمێک نەکەن، کە هێندەی پانتایی وڵاتەکەت سواڵی بۆ سەربەخۆیی کردووەو قوربانی بۆ داوە؟ بەداخەوە ئێوەی ئەمریکایی، نە لە مێژوو فێربوون، نە لە سیاسەتیش! چونکە ئەگەر لە مێژوو فێربوونایە، سوکایەتیتان بە هیچ نەتەوەو گەلێک نەدەکرد. ئەگەر سیاسیش بوونایە، دەبوا بزانن، شتی بچوکیش کاری گەورە دەکات، هەر وەک چۆن کلیلی بچوک دەرگای گەورەش دەکاتەوە.
پ.د.کەیوان ئازاد ئەنوەر
ئاکادیمی و کوردێکی هاووڵاتی