(٤) دامەزراندن و پەرەپێدانی کۆڕبەندی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان چین و عەرەبی.
(١) دەربارەی کۆڕبەندی هاریکاری هاوبەش لە نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی؛ لە ئەیلولی ساڵی ١٩٩٩، ئەمینداری گشتی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی ئەو کات، ئەحمەد عیسمەت عەبدولمەجید، بۆ یەکەمجار بیرۆکەی دامەزراندنی کۆڕبەندی هاوکاری هاوبەشی لە نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی پێشنیار کرد، لە پێناو گەشەپێدانی ئاستی پەیوەندییەکانی سیاسی، ئابووری، بازرگانی، کولتووری و کۆمەڵایەتی. لە ئازاری ساڵی ٢٠٠٠دا بڕیارنامەیەک لە ئەنجومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئاستی وەزارەت پەسەندکرا کە بریتی بوو لە پێشنیاری دامەزراندنی “کۆڕبەندی هاوکاری و هەماهەنگی چین و عەرەبی”. لە ٣٠ی کانوونی دوەمی ساڵی ٢٠٠٤، چین و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بە هاوبەشی دامەزراندنی کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبیان ڕاگەیاند بە دەرکردنی “بەیاننامەی هاوبەش سەبارەت بە چۆنیەتی دامەزراندن و شێوازی کارکردنی کۆڕبەندەکە لە ئەیلولی ساڵی 2004. یەکەم دانیشتنی کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی هاریکاری چین و عەرەبی لە بارەگای کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی بەڕێوەچوو لە قاهیرەی پایتەختی میسر، کە ئەمە یەکەم هەنگاوی دەستپێکردنی ڕەسمی کارەکانی کۆڕبەندەکە بوو لە نێوان هەردوولا.
کۆڕبەندی هاریکاری چین و عەرەبی، چین و 22 ئەندامی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لەخۆدەگرێت و ئامانجیشیان بەرەوپێشبردنی دیالۆگ و هاریکاری و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و گەشەپێدانە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، ئابووری، بازرگانی، ووزە، پیشەسازی، وەبەهێنان، کشتوکاڵ، تەکنۆلۆژیا، کۆمەڵایەتی و کولتووری. دوای 18 ساڵ کارکردن بۆ پەرەپێدان هاریکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا، کۆڕبەندەکە توانیویەتی ١٧ میکانیزمی جۆراوجۆری هاوکاری لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەدا دروست بکات بۆ خزمەت کردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کە بریتین لە:-
- کۆبوونەوەی وەزاری و کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵا هەردوولا.
- گفتوگۆی سیاسی ستراتیژی لەسەر ئاستی بەرپرسە باڵاکان.
- سیمپۆزیۆمی پەیوەندییەکانی چین و وڵاتانی عەرەبی.
- گفتوگۆی نێوان شارستانییەتی چینی و عەرەبی.
- کۆڕبەندی چین و عەرەبی بۆ چاکسازی و گەشەپێدان.
- کۆنفرانسی بازرگانانی چینی-عەرەبی.
- سیمپۆزیۆمی وەبەرهێنان و کۆنفرانسی هاوکاری چین و عەرەبی لە بواری وزە.
- فێستیڤاڵی هونەری عەرەبی/ فێستیڤاڵی هونەری چینی.
- سیمپۆزیۆمی هاوکاری چین و عەرەب لە بواری ڕاگەیاندن.
- کۆنفرانسی دۆستایەتی چین و جیهانی عەرەبی.
- کۆڕبەندی شارەکانی چین و وڵاتانی عەرەب.
- کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەب بۆ سیستەمی بایدۆ کە سیستەمێکی مانگی دەستکردی چینیە.
- کۆڕبەندی ژنانی چین و عەرەب.
- هاوکاری چین و عەرەب لە بواری تەندروستی.
- کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی لە بوارەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن.
- کۆبوونەوەی شارەزایانی چینی و عەرەبی لە بواری کتێبخانە و زانیاری.
- کۆنفرانسی هاوکاری چین و عەرەبی بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و داهێنان.
کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەب بووەتە بزوێنەرێکی گرنگ کە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی چین و عەرەبی کە کاریگەرییەکی ئەرێنی تەواوی هەیە لەسەر ئاست و شێوازی پەیوەندییە هاوبەشە دوولایەنەکا، هەروەها مۆدێلێکی سەرکەوتووە بۆ هاوکاری نێوان دەوڵەتان لە سەرووی هەرێمەکان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.
(٢) کۆبوونەوە وەزارییە یەک لە دوای یەکەکانی کۆڕبەند؛ بەشێوەیەکی گشتی لە ئەیلولی ساڵی ٢٠٠٤ تاکو ئێستا ٩ دانیشتنی هاوبەشی فەرمی کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندەکە ئەمجامدراون لە نێوان چین و دەوڵەتانی عەرەبی، کە دەکرێت بەم جۆرە کۆبوونەوە و دانیشتنەکانی کۆڕبەندەکە بخرێنەڕوو:-
- کۆبوونەوەی یەکەم؛ لە 14ی ئەیلولی ساڵی 2004، یەکەم دانیشتنی کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی هاریکاری چین و عەرەبی لە قاهیرەی میسر بەڕێوەچوو، لەوێدا دوو بەڵگەنامەی کۆتایی پەسەندکرا، ئەوانیش “بەیاننامەی کۆڕبەندی هاریکاری چین و عەرەب” و ” بەرنامەی کاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەب”. هەردوولا بە کۆی دەنگ پێیان وابوو کە کۆڕبەندەکە وەک میکانیزمێکی نوێ بۆ بەرەوپێشبردنی دیالۆگی بەکۆمەڵ و هاوکاری نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی، بەشدارە لە دەوڵەمەندکردنی بناغەی پەیوەندییەکی پتەو و تۆکمە لە نێوان چین و جیهانی عەرەبی و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی هەمەلایەنەی ئەرێنی، بۆیە هەردوولا گەیشتنە کۆدەنگییەکی هاوبەش لەسەر دامەزراندنی پەیوەندی دروست لەسەر بنەمای یەکسانی و هاوکاری هەمەلایەنە.
- کۆبوونەوەی دووەم؛ لە نێوان ٣١ی ئایار تا ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٦، خولی دووەمی کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی لە پەکین بەڕێوەچوو، کە تێیدا ٣ بەڵگەنامەی کۆتایی پەسەند کرا، ئەوانیش “بەیاننامەی دانیشتنی دووەمی کۆبوونەوەی وەزاری چین، کۆڕبەندی هاوکاری عەرەبی” و “بەرنامەی جێبەجێکاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی وڵاتانی عەرەبی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦-٢٠٠٨” و “یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆنفرانسی بازرگانانی چینی و عەرەبی “. لایەنە چینی و عەرەبییەکان ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی میکانیزمێک بۆ ئەوەی بە یەکەوە میوانداری سیمینارێکی وەبەرهێنانی چینی و عەرەبی بکەن، و بەشێوەیەکی چالاکانە کاریان کرد لەسەر دامەزراندنی میکانیزمێکی گونجاوی گفتوگۆ بۆ هاوکاریی وزەی چین و عەرەبی.
- کۆبوونەوەی سێیەم؛ لە ماوەی نێوان ٢١ بۆ ٢٢ی ئایاری ٢٠٠٨، خولی سێیەمی کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی لە شاری مەنامای بەحرەین بەڕێوەچوو، کە تێیدا ٤ بەڵگەنامەی کۆتایی پەسەندکرا، ئەوانیش “بەیاننامەی خولی سێیەمی وەزاری کۆبوونەوەی کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەب” و “بەرنامەی جێبەجێکاری کۆڕبەندی هاوکاری چینی عەرەبی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٠” و “بەیاننامەی هاوبەشی نێوان حکومەتی کۆماری گەلی چین و کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی سەبارەت بە هاوکاری لە پاراستنی ژینگە” و “یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمینداریەتی گشتی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی و ئەنجومەنی چینی بۆ پەرەپێدانی بازرگانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە میکانیزمی سیمپۆزیۆمی وەبەرهێنان”، لایەنی چینی و عەرەبی ڕێککەوتن لەسەر خێراکردنی پرۆسەی دانوستان لەسەر ناوچەی بازرگانی ئازادی نێوان چین و ئەنجومەنی هاوکاری بۆ دەوڵەتانی عەرەبی لە ناوچەی کەنداو.
- کۆبوونەوەی چوارەم؛ لە ماوەی نێوان ١٣ بۆ ١٤ی ئایاری ٢٠١٠، خولی چوارەمی کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی لە شاری تیەنجینی چین بەڕێوەچوو، کە تێیدا ٣ بەڵگەنامەی کۆتایی پەسەند کرا، ئەوانیش “بەیاننامەی هاوبەش سەبارەت بە دامەزراندنی پەیوەندییەکانی هاوکاری ستراتیژی لە نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی لە چوارچێوەی کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی”، “بەیاننامەی کۆتایی خولی چوارەمی کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەب” و “بەرنامەی جێبەجێکاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی بۆ ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٢”. لایەنی چینی و عەرەبی ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی پەیوەندیی هاوکاریی ستراتیژی لە نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی کە بە هاوکاری هەمەلایەنە و گەشەپێدانی هاوبەش لە چوارچێوەی کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبیدا کە بەووردی ئاماژەی پێکراوە.
- کۆبووەنەوەی پێنجەم؛ لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٢، خولی پێنجەمی کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی لە شاری حەمامەتی تونس بەڕێوەچوو، لە میانەی ئەم کۆبوونەوە هابەشەدا هەردوولا بە قووڵی بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی پشتیوانی لە بابەتەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی هەردوولا، بەرەنگاربوونەوەی چەتەی دەریایی لە کەناراوەکانی سۆماڵ، هاریکاری لە بوارەکانی وزە، پاراستنی ژینگە، بەرەنگاربوونەوەی دیارەی وشکە ساڵی و بە بیابانبوون، کشتوکاڵ، گەشتیاری، سەرچاوە مرۆییەکان، گفتوگۆ لە نێوان شارستانیەتەکان، پەروەردە، تەکنەلۆژیا، تەندروستی، میدیا، وەرزش و چەندان بواری تر بەپێی پێویستی و بارودۆخی گونجاوی هەردوولا، بۆ هەموو ئەو پرس و بابەتانەی ئاماژە بۆ هەردوولا گەیشتنە کۆدەنگی بۆ یەکخستن و ڕێکخستنی هەوڵ و تواناکانیان بۆ هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەش.
- کۆبوونەوەی شەشەم؛ ڕۆژی 5ی حوزەیرانی 2014، دانیشتنی شەشەمی کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی هاریکاری چین و عەرەبی لە پەکینی پایتەختی چین بەڕێوەچوو، کە تیایدا شی جینپینگ سەرۆکی چین و شێخ جابر ئەلموبارەک ئەلحەمەد ئەلسەباح سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی کوەیت بەشدارییان کرد لە کردنەوەی دانیشتەکە.لە میانەی کۆبوونەوەکەدا ٣ بەڵگەنامەی کۆتایی پەسەندکرا، ئەوانیش “بەیاننامەی پەکین لە دانیشتنی شەشەمی کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەب”، “پلانی گەشەپێدانی دە ساڵەی کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی بۆ ماوەی ٢٠١٤-٢٠٢٤، ٢٠١٩” و “بەرنامەی جێبەجێکاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی بۆ ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٦”. لە میانی دیدارەکەدا لایەنی وڵاتانی عەرەبی بەشداربووی کۆبوونەوەلە ستایش و پێزانینی خۆیان بۆ پێشنیاری لایەنی چینی سەبارەت بە دروستکردنی پڕۆژەی ستراتیژی ” پشتێن و ڕێگا” دەربڕی، ئەم پڕۆەیە خزمەتێکی گەورە دەکات بە بەرژوەندییە باڵا هاوبەشەکانی هەردوولا.
- کۆبوونەوەی حەوتەم؛ ڕۆژی ١٢ی ئایاری ٢٠١٦، خولی حەوتەمی کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەب لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو. شی جینپینگ، سەرۆک کۆماری چین و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری دەوڵەتی قەتەر، پەیامی پیرۆزباییان بۆ کۆبوونەوەکە نارد و دوو بەڵگەنامەی کۆتایی لە میانەی ئەم دانیشتن پەسەند کران، ئەوانیش جاڕنامەی دەوحە بۆ خولی حەوتەمی کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی هاوکاری چین-عەرەب” و “بەرنامەی جێبەجێکاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦-٢٠١٨”، لایەنی چینی و عەرەبی ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی “کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی بۆ سیستەمی بەیدۆ” لە چوارچێوەی کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی، هەروەها خێراکردنی پڕۆسەی دانوستانەکان لەسەر ناوچەی بازرگانی ئازادی نێوان چین و ئەنجومەنی هاریکاری دەوڵەتانی کەنداو بە ئامانجی برەودان بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان.
- کۆبوونەوەی هەشتەم؛ ڕۆژی 10ی تەمووزی 2018، خولی هەشتەمی کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی هاریکاری چین و عەرەبی لە پەکینی پایتەختی چین بەڕێوەچوو، کە تیایدا شی جینپینگ سەرۆکی چین و شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح ئەمیری دەوڵەتی کوەیت، بەشداری دانیشتنی کردنەوەی کۆبوونەوەکەیان کرد، و 3 بەڵگەنامەی کۆتایی تێیدا پەسەند کران، ئەوانیش “بەیاننامەی پەکین لە خولی هەشتەمی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی، “بەرنامەی جێبەجێکاری هاوکاری چین-عەرەب بۆ ساڵی ٢٠١٨-٢٠٢٠” و “بەیاننامەی جێبەجێکاری چینی-عەرەبی سەبارەت بە دروستکردنی پڕۆەژی ستراتیژی “پشتێنە و ڕێگە”، لایەنی چینی و عەرەبی پێزانینی زۆریان بۆ دەستپێشخەریی هاوکاری لە بنیاتنانی ” پشتێن و ڕێگا” دەربڕی و ڕێککەوتن لەسەر بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بۆ “پەیوەندی هاوبەشی ستراتیژی لەسەر بنەمای هاوکاریی هەمەلایەنە و گەشەپێدانی هاوبەش بۆ داهاتوویەکی باشتر”.
- کۆبوونەوەی نۆیەم؛ ڕۆژی ٦ی تەمموزی ٢٠٢٠، خولی نۆیەمی کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی بە شێوەیەکی گریمانەیی بەڕێوەچوو، شی جینپینگ سەرۆکی چین پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی کۆبوونەوەکە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی دەرەوە یان نوێنەرانیان لە ٢١ ئەندامی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی و سکرتێری گشتیی کۆمکارییەکە ئامادەبوون، کە تێیدا ٣ بەڵگەنامەی کۆتایی پەسەندکران، ئەوانیش “بەیاننامەی عەمان”، “بەرنامەی جێبەجێکاری چین- کۆڕبەندی هاوکاری عەرەبی لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠-٢٠٢٢” و “بەیاننامەی هاوبەشی هاودەنگی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی” لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئەو کات وەک یەحەددیەکی گەورە لەسەر ئاستی جیهان سەریهەڵدابوو، لایەنی چینی و عەرەبی ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی لوتکەی چین و عەرەب، و بە قووڵی بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بە بنیاتنانی کۆمەڵگەی چینی-عەرەبی بۆ ئایندەیەکی هاوبەش، پاڵپشتییان ئاڵوگۆڕ کرد لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی لایەنی بەرامبەر، پێشخستنی بنیاتنانی پڕۆژەی “پشتێنە و ڕێگا” و بەرزکردنەوەی هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا و دەستپێکردنەوەی کار و بەرهەمهێنان، و گەیشتنە کۆدەنگییەکی هاوبەش.
دووەم: پەیوەندی چین و وڵاتانی عەرەبی لە سەردەمی نوێدا.
لە ساڵی ٢٠١٢ حزبی شیوعی چین هەژدەهەمین کۆنگرەی نەتەوەیی خۆی ئەنجامدا، یەکێک لە پرسە هەرە سەرەکییەکانی کۆنگرەکە بابەتی سۆسیالیزمی تایبەت بە چین بوو، بەو پێیەی سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی چینییەوە هاتە ناو سەردەمێکی نوێ، وڵاتانی عەرەبیش بە ئیرادەی خۆیانەوە چوونەتە قۆناغێکی گەڕان بەدوای ڕێگاکانی گەشەپێدان و گەیشتن بە سەقامگیری و گەشەسەندن و گۆڕانکاری. لە ساڵی ٢٠١٢ەوە پەیوەندییەکانی هاوبەشی ستراتیژی چین و وڵاتانی عەرەبی پێشکەوتنی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیووە و هاوکاری لە بنیاتنانی ” پشتێن و ڕێگا” گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز.
یەکەم: قووڵبوونەوەی بەردەوامی متمانە لەسەر بنەمای ستراتیژییەتی هابەش لە نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی
- 1. دروست کردنی کۆمەڵێک پەیوەندی هاوبەشی ستراتیژی دوولایەن؛ جیهانی عەرەبی وەک هەرێمێکی گرنگ لەسەر ئاستی جیهان چین پەیوەندییەکی هاوبەشی تۆکمەی تێدا بنیات ناوە لەسەر بنەمای ڕێز گرتن و شەراکەت.
چین و وڵاتانی عەرەبی پەیوەندی هاوبەشی ستراتیژییان لەسەر بنەمای هاوکاری هەمەلایەنە و گەشەپێدانی هاوبەش بۆ داهاتوویەکی باشتر دامەزراندووە، هەروەها چین پەیوەندی هاوبەشی بە سروشتی ستراتیژی لەگەڵ 12 وڵاتی عەرەبی لەسەر ئاستی دوو قۆڵی دامەزراندووە، لەوانەش پەیوەندیی هاوبەشی ستراتیژی هەمەلایەنە لە نێوان چین و چوار وڵات، واتە جەزائیر (2014) و میسر (لە ساڵی 2014)، سعودیە (لە ساڵی 2016) و ئیمارات (لە ساڵی 2016)، و پەیوەندییە هاوبەشە ستراتیژییەکانی نێوان چین و هەشت وڵاتەکە، واتە قەتەر (لە ساڵی 2014)، عێراق ( لە ساڵی ٢٠١٥)، ئوردن (لە ساڵی ٢٠١٥)، سودان (لە ساڵی ٢٠١٥)، مەغریب (لە ساڵی ٢٠١٦) و جیبۆتی (٢٠١٧)، عومان (٢٠١٨)، و کوێت (٢٠١٨).
- 2. پشتیوانی یەکتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سەرەکییە هابەشەکانی هەردوولا، چین و وڵاتانی عەرەبی داوای ڕێزگرتن لە سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاک و دەستدرێژی نەکردن و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و یەکسانی و قازانجی یەکتر و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە دەکەن و دەستوەردانی دەرەکی و هەژموون و سیاسەتی دەسەڵات بە هەموو شێوەکانیەوە ڕەتدەکەنەوە، و داوای ڕێزگرتن و پشتیوانی لە هەموو وڵاتان دەکەن لە هەڵبژاردنی ڕێگاکانی گەشەپێدانی خۆیان بە ئارەزووی خۆیان، بەپێی بارودۆخ و توانا نیشتمانییەکانیان. دوای ڕوودانی شڵهژانی سیاسی و ڕاپەڕینی جەماوەری و ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی لە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لە کۆتایی ساڵی 2010 و سەرەتای ساڵی 2011، چین بە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیان لە گەڕان بەدوای ڕێگاکانی گەشەپێدان و گەیشتن بە سەقامگیری و گەشەسەندن بە زووترین کات پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی کردووە.
- 3. بەیەکەوە بەرگریکردن لە ڕێساکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، چین و وڵاتانی عەرەبی بە تووندی پارێزگارییان لە سیستەمی نێودەوڵەتی کردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان ناوەندییە و سیستەمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێسا بنەڕەتییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە لەسەر بنەمای ئامانج و بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە، هەروەها هەردوولا پێکەوە پشتگیری لە فرەلایەنی دەکەن و هاوکاری فرەلایەنە بەرەوپێش دەبەن و تاکلایەنە و سیاسەتی دەسەڵات ڕەتدەکەنەوە، لە هەمام کاتدا پێکەوە داوای بە دیموکراسیکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن و پاڵپشتی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو دەکەن بۆ بەدەستهێنانی نوێنەرایەتی زیاتر و دەنگێکی بەرزتر لە حوکمڕانی جیهانیدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو و پێشخستنی دۆزی دادپەروەرانەی ئاشتی و گەشەپێدان بۆ مرۆڤایەتی.
دووەم؛ هەوڵدان بۆ ڕەخساندن زەمینەیەکی گونجاو بۆ پێشخستنی دانوستانەکان لە پێناو پاراستنی ئاشتی.
لە بەرامبەر ناکۆکی و ململانێی تێکەڵاو و ئاڵۆز لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چین چالاکانە ڕۆڵی خۆی وەک وڵاتێکی بەرپرسیاری سەرەکی دەگێڕێت و بە جددی چەمکی نوێی ئاسایشی هاوبەش و یەکگرتوو و هاوکاری و بەردەوام جێبەجێ دەکات و کاردەکات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بە مەبەستی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چارەسەری سیاسی بۆ پرسە گەرمەکان کە دەکرێت لێرەدا گرنگترین و بەرچاوترین ئەو پرسانەش بەم شێوەیە بخرێنەڕوو:
- پرسی فەلەستین.
دۆزی فەلەستین، وەک پرسێکی گرنگ ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها پەیوەندی بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و دادپەروەری و دادپەروەری نێودەوڵەتی و ویژدان و ئەخلاقی مرۆڤایەتییەوە هەیە. چین بە ئاشکرا پشتگیری لە دۆزی دادپەروەرانەی گەلی فەلەستین دەکات بۆ گەڕاندنەوەی مافە نەتەوەییە ڕەواکانیان، پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و تەواو سەروەری فەلەستین دەکات لەسەر سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ لەگەڵ قودسی ڕۆژهەڵات وەک پایتەختەکەی، پشتیوانی فەلەستین دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتی تەواو لە نەتەوە یەکگرتووەکان، چالاکانە هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە گەلی فەلەستین دەکات. پەکین پشتیوانی لە هەوڵەکانی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئەندام دەکات لەمەڕ پرسی فەلەستین، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پرسی فەلەستین لە کارنامەی نێودەوڵەتیدا لە ئەولەوییەت دابێت، هەروەها داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات پابەندی نێودەوڵەتی بن یاسا، بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، “دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی” و “پڕەنسیپی زەوی لە بەرامبەر ئاشتی” و ڕێککەوتنەکانی دیکە، پێشخستنی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان لایەنی فەلەستینی و ئیسرائیل لەسەر بنەمای “چارەسەری دوو دەوڵەت”، بە مەبەستی چارەسەری دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ پرسی فەلەستین لە ماوەیەکی کورت مەودادا.
سەرۆکی چین شی جینپینگ بایەخێکی زۆر بە دۆزی فەلەستین دەدات، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لەسەریەک بەیاننامەی پیرۆزبایی بۆ کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە بۆ یادکردنەوەی “ڕۆژی نێودەوڵەتی هاودەنگی لەگەڵ گەلی فەلەستین”. لە مانگەکانی ئایاری ٢٠١٣ و تەمموزی ٢٠١٧، سەرۆک شی جینپینگ دووجار لەگەڵ هاوتا فەلەستینییەکەی مەحمود عەباس وتووێژی ئەنجامدا و تێیدا دیدگای چوار خاڵی بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین خستەڕوو، کە جەوهەری ئەو دیدگایە پێویستییە بە توندی پێشخستنی چارەسەرێکی سیاسی لەسەر بنەمای “چارەسەری دوو دەوڵەت”، و پابەندبوون بە چەمکی ئاسایشی هاوبەش، یەکگرتوو، هاوبەش و بەردەوام، و کۆکردنەوەی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پێشخستنی دانوستانەکانی ئاشتی و پێشخستنی ئاشتی لە ڕێگەی گەشەپێدانی بەردەوامەوە. لە ساڵی 2002 حکومەتی چین نێردەی تایبەتی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریکرد، لەو کاتەوە پێنج نێردە تایبەتەکە سەردانی زۆریان بۆ فەلەستین و ئیسرائیل و وڵاتانی پەیوەندیدار کردووە، بە ئامانجی ئەوەی هەوڵی جێگەی دەستخۆشی بدەن بۆ پێشخستنی دانوستانەکانی ئاشتی.
- پرسیاری سوریا.
قەیرانی سوریا کە زیاتر لە 10 ساڵ بەردەوام بوو، ئازاری زۆری بۆ گەلی سوریا دروستکرد، هەروەها شۆکێکی جددی بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە پێکهێنا، دەرچوونی سوریا لەو قەیرانە و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی یەکدەگرێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی گشتی. چین ماوەیەکە ڕۆڵێکی ئەرێنی و بنیاتنەری بینیوە لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ پرسی سوریا، حکومەتی چین لە ساڵی ٢٠١٦دا نێردەی تایبەتی خۆی بۆ پرسی سوریا دەستنیشانکرد، کە لە پەیوەندیدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پرسی سوریا کاریان کرد و هەوڵی زۆریانداوە بۆ پێشخستنی دانوستانەکانی ئاشتی، ئەمەش بووە بەشێک لە ڕوانگەی چین بۆ چارەسەرکردنی پرسی سوریادا. پەكین بایەخێکی زۆر بە پرسی مرۆیی دەدات لە سوریا، وەجبەی زۆری هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە گەلی سوریا کردووە، لەنێویاندا پەنابەرە سوورییەکانی دەرەوەی وڵات، هەروەها چین بەردەوام دەبێت لە هەوڵە بێوچانەکانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ پرسی سوریا و هاوکاریکردنی گەلی سوریا تا ئەو جێگایەی کە دەتوانێت.
- پرسی یەمەن.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە یەمەنەوە، چین بێ چەواشەکاری پشتیوانی لە هەوڵەکانی پاراستنی سەروەری، سەربەخۆیی، یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی یەمەن کردووە، پاڵپشتی لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتیی یەمەن کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی. پەکین پشتیوانی لە چارەسەرکردنی پرسی یەمەن لە ڕێگەی سیاسییەوە کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ وەک کەناڵی سەرەکی نێوەندگیری بگێڕێت، و پشتگیری لە داواکارییەکانی شەرعیەتی یەمەن و وڵاتانی دیکەی عەرەبی کرد لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆڕبەند و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان. چین هیواخوازە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە یەمەن ئەولەوییەت بدەن بە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و گەل، پەنا بۆ ئاگربەستی هەمیشەییەوە بەرن و لە ڕێگەی وتووێژی سیاسی هەمەلایەنە بگەنە چارەسەرێکی سیاسی کە لە لایەن هەموو لایەنەکانەوە قبوڵکراو بێت و ئاشتی و سەقامگیری و نەزمی ئاسایی لە یەمەن بگەڕێننەوە لە ماوەیەکی کورت مەودادا. هەروەها چین لە ڕێگەی کەناڵە دووقۆڵییەکانەوە هەموو هاوکارییەکی کە لە توانا دابێت بۆ گەلی یەمەن پێشکەشی کردوون، لە هەمان کاتدا هەوڵی ئەرێنی بۆ کەمکردنەوەی ئازارە مرۆییەکان لە یەمەن داوە.
- پرسی ئێراق.
چین پشتیوانی لە مافی گەلی ئێراق دەکات بۆ هەڵبژاردنی ڕێڕەوی گەشەپێدان کە هاوتا بێت لەگەڵ بارودۆخی نیشتمانی خۆیان بە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیان، هەروەها پاڵپشتی هەوڵەکانی ئێراق دەکات بۆ پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی و ئاسایش و سەقامگیری و پاڵپشتی هەوڵەکانی ئێراق دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و، دەستوەردانی هێزە دەرەکییەکان لە کاروباری ناوخۆی ئێراق ڕەتدەکاتەوە. چین پاڵپشتی لایەنە ئێراقییەکان دەکات بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و ڕاوێژکارییەوە، هەروەها بۆ پتەوکردنی هاودەنگی و هاوکاری، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ئاسایش و سەلامەتی بەردەوام و خۆشگوزەرانی و گەشەپێدان بۆ ئێراق بەدیبهێنرێت. چین هەنگاوی کۆنکرێتی ناوە بۆ پشتیوانیکردن لە دۆزی ئاشتی و گەشەسەندنی ئێراق، هەر زوو دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی کاتی ئێراق، کارە ئاساییەکانی باڵیۆزخانەکەی لە ئێراق دەستپێکردەوە، بۆ نموونە بڕێکی زۆر لە پێداویستی و ڤاکسینەکانی لە کاتی خۆیدا بۆ ئێراق دابین کرد بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پەتاکە، ئەمەش بەشدارییەکی کاریگەر بوو لە یارمەتیدانی ئێراق بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پەتاکە.
- دۆسیەی لیبیا.
پڕۆسەی گواستنەوە و ڕاگوزەری سیاسی لە لیبیا شایەتی کۆمەلێک ڕووداوی وەک، پێکدادانی چەکداری و ململان و ناکۆکی زۆرجار سەریهەڵدا و بارودۆخی ئەمنی گرژ بوو. چین لە ماوەی ڕابردوودا پشتیوانی لە پرۆسەی چارەسەری سیاسی بۆ پرسی لیبیا کردووە و چالاکانە بەشداری لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان دەکات بۆ نێوەندگیری پرسی لیبیا، هەروەها پەکین داوا دەکات ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی لیبیا لە ئەنجومەنی ئاسایش و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی دیکەی نێودەوڵەتیدا پارێزراو بێت بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە پڕۆسەی سیاسی بە سەرکردایەتی و خاوەندارێتی گەلی لیبیا بەهێزتر بکات، هاوکات لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی چارەسەر لە دەرەوە و بەرەنگاربوونەوەی هێزە تیرۆریستی و توندڕەوەکان لە ناوخۆی لیبیا و پێشکەش کردنی هاوکاری بنیاتنەر.
- پرسی سودان.
سودان بە قۆناغێکی ڕاگوزەری سیاسیدا تێدەپەڕێت، لە بوارەکانی ئابووری و بژێوی خەڵکدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر سەخت بووەتەوە، لە بەشێک لە ناوچەکانیدا شایەتی ململانێی خێڵەکیی بەردەوامی هەیە، کێشەی ئەمنییش سەرهەڵدەدات، چین پشتیوانی لە هەوڵەکانی سودان دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی، هەوڵی بێوچان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سودان دەدات بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕاوێژەوە، هەروەها ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی سودان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆڕ و کۆڕبەندە فرەلایەنەکانی دیکەدا دەپارێزێت و چین لە گەلی سودان دەکات پرسی سودان چارەسەربکات و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی ئابووری بۆ سودان دەستپێبکاتەوە و بەزووترین کات ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنراو هەڵبوەشێنێتەوە، بەمەش زەمینە سازی ئەرێنی بۆ گواستنەوەی سیاسی لە سودان دابین بکات.
سەرچاوە:
http://arabic.peopledaily.com.cn/n3/2022/1202/c31660-10179236.html
http://arabic.peopledaily.com.cn/n3/2022/1202/c31660-10179236.html
کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ وەزارەتی دەرەوەی کۆماری گەلی چین
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: تەحسین وسو عەبدوڵڵا نوسەر و مامۆستای زانکۆ