لە ئێستادا و دوای ساڵێك لەم بڕیارە، ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو زیانانە دەخاتەڕوو کە ئەمریکا دوای خۆی بۆ کورد و عەرەبەکانی جێهێشت.
بە فەرمانی ترەمپ، ساڵی ڕابردوو ئەو بەشە کەمەی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا کە وەك نێوەندگیرێك لەنێوان هێزە کوردییە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و سوپای تورکیا خزمەتیان دەکرد، بنکەکانیان چۆڵکرد، بەمەش ڕێگایان بۆ هێرشی تورکیا خۆش کرد. بڕیارە هەڵەشەکەی ترەمپ ئەو هێزە کوردییانەی ناچار کرد ڕۆڵی سەرەکییان لە جەنگی تێکشکاندنی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی گێڕابوو ببنە هاوپەیمانی دیمەشق لە شەڕی ناوخۆی سوریادا، بە مانا فراوانترەکەش، ناچاری کردن ببنە هاوپەیمانی ڕووسیا و ئێران.
لێکەوتەیەکی دیکەی بڕیارەکە ئەوەیە کە زۆرینەی ئەو دانیشتوانە کوردانەی لە ناوچەی سنووریی نێوان سوریا و تورکیا دەژیان بوونە سەنتەری هێرشەکانی سوپای تورکیا و میلیشیا ئیسلامییە هاوپەیمانەکانی.
ڕاپۆرتێکی ئەم هەفتەیەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەبارەی سوریاوە وێنەیەکی قێزەون دەخاتەڕوو.
ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە دەخاتەڕوو کە میلیشیا ئیسلامییەکان، کە بەمەبەستی گاڵتەجاڕی پێیان دەوترێت “سوپای نیشتمانی سوریا”، بە چەند کارێك هەڵساون کە بریتین لە تاوانی جەنگ. بەپێی ڕاپۆرتەکە، سێ لیوای میلیشیا ئیسلامییەکان “بەشێوەیەکی بەردەوام تاوانی جەنگی تاڵانکردنیان ئەنجام داوە لە هەریەک لە ناوچەکانی عەفرین و رأس العین”. هەروەها ئەو میلیشیایانە تاوانی بە ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردنە سەر زیندانییانیش تۆمەتبار دەکرێن.
ئەوەی بابەتەکەش ئاڵۆزتر دەکات، ئەوەیە ڕاپۆرتەکە ئاماژەی داوە بەو “دەنگۆیانەش کە هێزەکانی تورکیا ئاگاداری ڕووداوەکانی بەتاڵانبردن و زەوتکردنی زەویوزاری هاوڵاتی مەدەنی بوونە و لەو بنکەی گیراوانەش بوونیان هەبووە کە لەلایەن میلیشیاکانەوە بەڕێوە براون و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ گیراوان تێیاندا بەربڵاو بووە، لەنێویاندا دەنگۆی ئامادەبوونیشیان لەکاتی ئەو لێپرسینەوانەی کە تێیاندا ئەشکەنجەی گیراوان دراوە.”
ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن تورکیا بەشێوەیەکی نهێنی ڕێگای بە هاوپەیمانەکانی داوە تاوانی جەنگ ئەنجام بدەن ئەگەری هەیە ڕاست بن، چونکە سوپای تورکیا هێزی داگیرکەرە لەو ناوچەیەی کە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو چەکدارە کوردەکانی تێیدا ڕایان کرد. جگە لەوەش، ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات ئەوانەی لەلایەن میلیشیاکانەوە زیندانی کرابوون بەمەبەستی دادگاییکردن گواستراونەتەوە بۆ وڵاتی تورکیا.
لێرەدا تراژیدیاکە لەوەدایە کە خیانەت لەو کوردانەی کە بۆ تێکشاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا جەنگابوون و لەو پێناوەدا گیانیان لەدەست دابوو دەتوانرا بەری پێ بگیرێت. هێڵی دەسپێك لە ساڵی ڕابردوودا لەلایەن کۆشکی سپییەوە ئەوە بوو کە ڕەجەب تەییب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا بە ترەمپی ڕاگەیاندبوو کە هێزەکانی هێرش دەکەنە سەر ناوچەی کوردەکان و ئەمریکاش هیچ بژاردەیەکی لەبەردەستدا نییە. کەچی ترەمپ بەهیچ شێوەیەك هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووریی یاخود سزای دیکەی نەکرد ئەگەر وازی لە پرسەکە نەهێنایە. بەڵام دۆناڵد ترەمپ قسەکەی ئەردۆگانی قەبووڵ کرد و وەك هەلێك بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێکی دیکەی بێکۆتایی قۆستیەوە، تا سوود لەو دروشمە وەربگرێت کە خۆی نوێنەرایەتی باڵی چەپی توندڕەو کردووە.
لەوە ناچێت ترەمپ زۆر بایەخ بە لێکەوتەکانی بڕیارە نائاسایییەکەی ساڵی ڕابردووی بدات. ئەو لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بانگەشەی دژایەتی خۆی بۆ جەنگە بێکۆتاکان دەکات، بەڵام پشتیوانانی دەبێت وەك ساتێکی پەند لێوەرگرتن لە قەسابخانەکەی سوریا بڕوانن. ئەمریکا دەیتوانی بە تێچوویەکی زۆر کەم مەشق و هاوکاری پێشکەش بە هێزیکی باکووری سوریا بکات کە توانی دەوڵەتی ئیسلامی تێکبشکێنێت، لەکاتێکدا بێتوانایی هێزە ئیقلیمییە گەورەترەکانی وەك تورکیا، ئێران و ڕووسیاش لە مەشقپێکردنی هێزە کوردییەکان ڕوون ببوویەوە. لەماوەی ئەو چەند ساڵە کەمەش کە تورکیا لە ناوچەی ئۆتۆنۆمی باکووری سوریا بەدوور گیرابوو، کوردەکان بە بەراورد لەگەڵ باقی بەشەکانی دیکەی سوریا، توانیان تاڕادەیەك لە هێمنی و سەرکەوتوویی بژین.
لەمڕۆدا، ئەو دانیشتوانە مەدەنییانەی کورد کە هاوپەیمانی ئەمریکا بوون دژی جیهادییەکان لەژێر ڕەحمی جیهادییە هاوپەیمانەکانی تورکیادان. ئەوە تەنیا نادادپەروەریی نییە بەرامبەر بە کوردەکان، بەڵکو پەڵەیەکیشە بەسەر شکۆی ئەمریکاوە.
نووسین: ئێلی لەیک، نوسەر و ڕوناکبیر
وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا