ڕۆژی سێ شەممە نزیکی کاژێر حەوتی ئێوارە چووم بۆ کتێبخانەیەک، کتێبخانەکە کێتبخانەیەکی گەورەیە و لە چەند نهۆمێک پێکهاتووە کتێبەکانی بە شێوەیەکی گشتی کەمێک گرانترە لە نرخی کتێبی شوێنەکانی تر. یەکێک لە نهۆمەکانی کافێیەکە، کە تایبەتە بە کتێبخانەکە کافێیەکە شوێنێکی هێمن و تایبەتە بۆ کتێب خوێندنەوە، بۆ مانەوە لەوێ پێویستە کرێی چوونە ژوورە بدەیت، هەروەها بەشداربوونی حەفتانە و مانگانە و سێ مانگیشان هەیە، ئۆفەری تایبەتیشان بۆ گرووپ هەیە سەردانیکەرانی بە مەبەستی جۆراوجۆر ڕوو لەو کافێیە دەکەن، بەشێکیان تەنها بۆ کتێب خوێندنەوە، بەشێکیان بۆ خوێندن بە تایبەت لە کاتی تاقیکردنەوە، هەروەها بەشێکی تریشان بۆ کەشێکی ئارام.
سێ شەممە کاتێک چووم بۆ ئەوێ عەرەبێک لەوێ بوو، وتی “بە عەرەبی قسە بکەین یان ئینگلیزی؟” تاکە دەستەواژە، کە توانی بە کوردی قسەی بکات، وتی “کوردی نازانم.” جێگای داخە، کە کتێبخانەیەگی گەورە، گرنگی بەکارهێنانی زمانی کوردی لەو شوێنانە لەبەرچاو نەگرتووە. مایەی کەمتەرخەمییە، کە ڕێنمایی پێویست بە مۆڵ و رێستورانت و فرۆشتگایەکان نەدراوە بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی. لەسەر خاکی خۆمان پێویستە بە زمانی بیانی قسە بکەین، تاوەکو شتێک لە فرۆشتگایەکان بەدەست بخەین.
زۆر کات لە شوێنی کارەکانمان، زۆرێک لە چالاکییەکان تەنها پەیوەندیی بە زمانی بیانییەوە هەیە، هیچ پێویستی بە بەکارهێنانی زمانی دایک نییە، کە ئەمەش کەمتەرخەمی ئێمە دەنوێنێت لە چەسپاندنی زمانی دایک لە فەرمانگە حکومییەکان پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ چەسپاندنی زمانی کوردی لە فەرمانگە و شوێن و فرۆشتگایە تایبەتەکان.
ئەو دوو بڕیارەی لەم دواییانەی سەرۆکی حکومەتیی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا مایەی گرنگیدان و پێشوازییە، هەروەها هەوڵێکە بۆ زیاتر گرنگیدان بە زمانی کوردی لە فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا “دوو فەرمانی تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایک”ی دەرکرد، یەکێکیان تایبەتە بەو هاووڵاتییە بیانییانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردییان بۆ ئامادە دەکرێت. لە فەرمانی یەکەمدا هاتووە، “لەپێناو گرنگیدان بە زمانی کوردی وەکو زمانی دایک، بڕیارماندا بە راسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە، بە ئامادەکردنی پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بە مەبەستی کارکردن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.” هەروەها لە فەرمانی دووەمدا کە ئاراستەی گشت وەزارەتەکان کراوە بۆ “گرنگیدان بە زمانی کوردی” هاتووە، “پشتبەست بە یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/ئێراق ژمارە (6)ی 2014، لەپێناو پاراستنی زمانی کوردی وەکو زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومیی و ناحکومییەکان و نووسینگە و نوێنەرایەتی و کونسوڵگەریی وڵاتان و ڕێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، بەپێی حکومەکانی یاسای ئاماژەپێدراوی سەرەوە.”
هەروەها بەپێی فەرمانی دووەم، “لە هۆتێل و شوێنە گەشتیاری و رێستۆرانتەکاندا، دەبێت گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و ڕێنوێنییەکان بە زمانی کوردیش هەبێت.