٥٩هەمین خولی کۆنگرەی ئاسایشی میونشن دەستیپێکرد، کە لە 17 تا 19ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. کۆنگرەی ئاسایشی میونشن لە ساڵی 1963 دامەزراوە و دروشمەکەی “ئاشتی لە ڕێگەی دیالۆگەوە”یـە و بە گەورەترین کۆنفرانسی ئاسایش لەسەر ئاستی جیهاندا دادەنرێت. بۆ ئەوەی کۆنفرانسەکە وەک ساڵی 2020، زۆر قەرەباڵغ نەبێت زۆر بەرپرس و ڕاگەیاندکار و ڕێکخراو، داواکاری بەشداری کردنیان بۆ کۆنگرەکە ڕەتکراوەتەوە. ئەمساڵ گەورەترین شاند لە ئەمریکاوە بەشدار دەبێت، نوێنەری وڵاتانی ڕووسیا و ئێران بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا ناکەن، لەو بارەیەوە “كریستوف هیوسگن”، سەرۆكی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ڕایگەیاند، “رووسیا جێگەی لێرە نییە، چونكە ڕووسیا بە تاوانی جەنگ ناسێندراوە. “هەروەها گوتی: ئەم جارە ئێرانیش بەشدار نابێت، لەبەرئەوەی “مافی مرۆڤی پێشێڵ كردووە و لە شوێنی شاندی ئێران، چەند كەسایەتییەكی ئۆپۆزیسیۆن لە كۆنفرانسەكەدا بەشدار دەبن.”
“كریستوف هیوسگن” ڕایگەیاند ئەمساڵ باسی دۆخی ئێران، سوریا و رۆژهەڵاتی ئێران دەکەن، هەروەها ژمارەیەک ئێزدی بانگهێشتکراون، چونکە دەمانەوێت بە بیری خەڵکی بهێنینەوە کە دەبێت نەهامەتییەکانی مرۆڤایەتی لەبیر نەکرێن”. پرسی سەرەکیی کۆنفرانسی میونشنی ئەمساڵ هێرشی رووسیا دەبێت بۆ سەر ئۆکراینا ” ئامانجی یەکەم ئەوەیە کە چۆن ئاشتی بەرقەرار بکەین و چۆن کۆتایی بەم شەڕە بهێنین”. سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئاماژەی بەوەکرد، کۆنفرانسی ئەمساڵ لە کاتێکدا دەستپێدەکات، کە نزیکە لە ساڵیادی لەشکرکێشیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا. ئەم کۆنفراسی ئاسایشە بێگومان دەبێتە دەستپێکێک بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێک بکەین، تاوەکو بزانین ئێمە لە کوێدا وەستاوین. سەبارەت بەوەی کە من پێی دەڵێم پێشێڵکردنی شارستانی، کە لەلایەن “ڤلادیمێر پووتین”ەوە کراوە. لە کوێدا وەستاوین لە بەرگریکردن لە جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و لە پاراستنی یاسای نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای رێساکان.
لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو “د.کریستۆف هیوسگن” گوتی، “لە کۆبوونەوەی گشتیدا بە تێکڕای 143 دەنگ، دەنگماندا بە شەرمەزارکردنی هێرشی رووسیا. دەمانەوێت بزانین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردانەوەی چۆن دەبێت سەبارەت بە کردەوەی زیاتر، ئەوەی ئەمساڵ لە کۆنفرانسی میونشن ئێمە گرنگی زیاتری پێدەدەین لەوەی لە ساڵانی رابردوودا کردوومانە، ئەوەیە کە زیاتر ئەم کۆنفرانسەمان لەڕووی جوگرافییەوە کردووەتەوە، میوان و نوێنەرمان زۆر دەبن، ئەوەی من هەمیشە پێی دەڵێم لە باشووری گۆی زەوییەوە. لە هەمان کاتدا کەمێک دەگەڕێینەوە بۆ ڕەگی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، وەک ئەو کۆنفرانسەی بە پلەی یەکەم لە ترانس ئەتلانتیکەوە دەستیپێکرد. ئەوەش لەوەدا رەنگدەداتەوە کە ئەمساڵ گەورەترین شاندمان دەبێت لە ئەمریکاوە کە لە کۆنگرێسەوە دێن”.
“تەوەرەکانی کۆنگرەی ئەمساڵ”
کۆنفرانسەکەی ئەمساڵ دوای ساڵێک بەسەر ئەو جەنگەدا تێپەڕ دەبێت کە ئەورووپای گرتۆتەوە. بەرپرسە رۆژئاواییەکان لە هۆڵەکانی کۆنفرانسەکە تاوتوێی ئەو فاکتەرانە دەکەن کە کاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی سیاسیی و ئابوورییان داناوە. تەوەرەکانی بریتین لە: سیاسەتی بەرگریی وڵاتانی زەریای ئەتڵەسی، جموجوڵی سیاسەتی جیهانی، ئاسایشی مرۆیی جیهانی، سەقامگیری ئاسایش و تەکنەلۆجیا و تیرۆری سایبەری، پەیوەندییەکانی چین و ئەوروپا، جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، وزە و گۆڕانی کەشوهەوا.
“لایەنە بەشداربووەکانی کۆنگرەی ئاسایشی میونشن”
“نێچیرڤان بارزانی” سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە كۆنفرانسەكەدا دەكات. هاوکات 40 سەرۆك وڵات و سەرۆك وەزیر بەشداری دەکەن، هەروەها 100 وەزیری بەرگری، دەرەوە و ناوخۆ ئامادە دەبن. جگە لەوانەش دەیان كەسایەتیی بەناوبانگی جیهان و شارەزایانی بواری تیرۆر و ئاسایش بەشدارن. سەرۆكی فەرەنسا، سكرتێری ناتۆ، سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا، شاندێكی ئەمریكا كە زۆرینەیان ئەندامی كۆنگرێس-ن، شاندێكی باڵای ئۆكراینا، چەندین شاندی وڵاتانی جیهان، ڕێكخراو و ناوەندە ستراتیجی و سیاسییەكانی جیهان بەشداری لە كۆنفرانسەکەدا دەكەن. لە نێو شاندەکەی ئەمریکادا “کامالا هاریس”، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و “ئەنتۆنی بلینکن”، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەن. لەبارەی گرنگیی بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسەکەدا، کریستۆڤ هیوسگن ئاماژەی بەوەدا، کە “زۆر گرنگە کە ئەو لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دا بەشدار دەبێت”.
“وۆڵفگانگ ئایسینگەر”، بەڕێوەبەری پێشووی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ساڵی 2008 بۆ 2022 باس لەوە دەکات؛ ئەو کۆنفرانسە بۆ کۆبوونەوەی لایەنە دژیەکەکانی جیهانە و نەدەبوو نوێنەرانی رووسیا و ئێران بانگهێشت نەکرێن. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەمیشە لەو کۆنفرانسەدا هەوڵی ئەوەی داوە نوێنەری ئەو وڵاتانە بەشداری بکەن کە پەیوەندییان لەگەڵ سیاسەت و بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپاوە جیاوازە. کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کە لە لای زۆرێک بە داڤۆسی ئاسایش ناسراوە، کەم جار هەبووە بەشداربوو و قسەکەرەکانی هاوبیر بن. ساڵی 2007 “ڤلادیمیر پووتین” سەرۆکی رووسیا وتارێکی زۆر تووندی دژی سیاسەتەکانی دوای جەنگی ساردی ئەمریکا پێشکەشکرد، کە بە یەکێک لەو وتارانە دادەنرێت کە کەلێنێکی گەورەی کردە نێوان پەیوەندییەکانی ئەو دوو زلهێزەی جیهان. ئەو دوو جەمسەرەی لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن “ئەنتۆنی بلینکن” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و “وانگ یی”، وەزیری دەرەوەی چین کە بڕیارە بەیەکەوە گرژییەکانی باشووری ئاسیا و ئەمریکا بخەنە بەر باس. یەکێک لەو پرسانەش کە چاوەڕوان دەکرێت گرنگی زۆری پێ بدرێت، خستنە خوارەوەی باڵۆنێکە کە ئەمریکا بە باڵۆنە چینییەکە ناوی دەبات لە ئاسمانی ئالاسکا. بە گوێرەی ئەمریکا چین مانگی دەستکرد، رادار و ئامێری چاودێری بەو باڵۆنەوە کردووە و بۆ کاری سیخوڕی بەکاریهێناوە.
“پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکە”
ئەو کۆنگرە بە گەورەترین سەکۆی گفتوگۆکردنی ئاسایش لە جیهان دادەنرێت و تاوەکو ئێستا چەندین رێککەوتنی ئاسایش و دیپلۆماسیی جیهان لەوێوە کراون، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەشدارە و چهندین ديدار و كۆبوونهوهى لهگهڵ بهشداران و ئامادهبووانى كۆنفرانسهكهدا دهبێت، رۆژی ههينى 17-02-2023، “نێچيرڤان بارزانى”، سهرۆكى ههرێمى كوردستان به بانگهێشتێكى فهرمى بۆ بهشداريى له كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن گهيشته ئهڵمانيا. بەگوێرەی راگەێندراوێکی سەرۆکایەتیی ههرێمى كوردستان، “نێچيرڤان بارزانى” لهگهڵ سهرۆک و سهركردهى وڵاتان، بهشدارى له ديدار و گفتوگۆكانى پهيوهست به بوارى ئاسايش و سهقامگيرى و ئهو ئاڵنگارييانهدا دهكات كه رووبهڕووى جيهان دهبنهوه. بانگهێشتکردنی “نێچیرڤان بارزانی”، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیشانەی بەهێزی و گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستانە لە بواری ئاسایش و وزە لە ناوچەکەدا بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
لە کۆنگرەکەدا؛ زۆر پرسی ئاسایش و ستراتیجی وتووێژ دەکرێت و کۆنفرانسەکە هەلێکە بۆ هەرێمی کوردستان، تاوەکو پێگە و کاریگەری لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوچەکە بنوێنێت. بەشداریی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لەو گفتوگۆیانە، گرنگی هەولێر لەسەر نەخشەی سیاسی و وزەی جیهان نیشان دەدات. بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی میونشن ئاماژەیە بۆ ئەوەی بۆچوون و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە گرنگە و، بەهێزی و مانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی خاوەن بڕیار گرنگە. لە کۆبوونەوەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەمەش ئاماژەیەکە، کە وڵاتان خوێندنەوەی باشیان بۆ سیاسەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
لە کۆنگرەی میونشن زۆر بابەتی گرنگ تاوتوێ دەکرێن و بڕیار بەدەستانی نێودەوڵەتی بەشداریی هەرێمی کوردستانیان لە کۆنفرانسی میونشن بەهۆی ئەو پێگە سیاسی و ستراتیجی و جیۆپۆلیتیکییەی هەیەتی لە لا گرنگە. هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو پێگەی لە بواری ئاسایشی وزەدا هەیە، دەتوانێت ڕۆڵ و کاریگەری لە سیاسەتەکانی ناوچەکەدا بگێڕێت. “ڤۆلڤگانگ ئیشینگەر”، سەرۆکی پێشووی کۆنگرەی ئاسایشی میونشن بەشداری “نێچیرڤان بارزانی” سەرۆکی هەرێمی کوردستان شان بە شانی سەرۆک و سەرۆکی وەزیرانی وڵاتانی جیهان بە گرنگ ناودەبات لە کۆنفرانسەکە. کۆنفرانسەکە هەلێکە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بینینی بەرپرسانی وڵاتان، تاوەکو لە نزیکەوە گەنگەشەی دوایین پێشهات و پرسەکانی پەیوەست بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان بکەن. تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان هەمیشە لە لای هاوپەیمان و دۆستەکانی بە گرنگ بینراوە. پێگە و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان وەك ئەکتەرێک لە ڕووداوەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گرینگ دەبیندرێت. هەرێمی کوردستان ڕۆڵی هەبووە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ئاسایش و سەقامگیریی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچەکە. لهو دیدارانهدا هەرێمی کوردستان دەتوانێت پهیوهندیی دوو لایهنه و پهیوهندییهكانی لهگهڵ وڵاتانی ناوچهكه و جیهان پتەو بکات.
هەرێمی کوردستان وەکو ئەکتەرێکی نا دەوڵەتی بەشداری لە کۆنفرانسەکە دەکات، کە ئەمەش گرنگی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی ناوچەکە دەدات، هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کۆڕبەندە جیهانییەکانی هاوشێوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، دەتوانێت پێگەی سیاسی و ئاسایشی خۆی بەهێز بکات. بەوپێیەی کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی کۆنفرانسەکە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیدا کردووە.