هه‌ندێك جار گوێمان لێده‌بێت كه ئه‌زمونى باشورى كوردستان، به خه‌باتى دێرين و حوكمڕانييه‌كه‌شيه‌وه، ئه‌زمونێكى سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و نييه.
له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌رگرييه‌كى كه له‌م ئه‌زمونه‌ش كراوه، نابينرێت ده‌ست بخرێته سه‌ر خاڵى هه‌ره گرنگى ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ى كه باشورى كوردستان به‌هۆيه‌وه پێى گه‌يشتۆته ئه‌م قۆناغه.
له‌دواى هه‌زاران ساڵ له ڕوخانى ئيمپراتۆریيه‌تى ماد و خيانه‌تى (هارپاگ)ى ده‌سته‌ڕاستى (ئاستياگ)ى مه‌زن و سوپاكه‌ى له خاكى (پاسارگاد – ته‌ختى جه‌مشيد)، كه بوونه هۆى دروستكردنى ئيمپراتۆريیه‌تى فارس له‌سه‌رده‌ستى (كوروش)ى كچه‌زاى ئاستياگ، ئايا بۆچى پارچه‌كانى تر‌ى كوردستان نه‌يانتوانيوه بگه‌نه ئه‌م قۆناغه‌ى ئێستاى باشورى كوردستان له خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى يان ئۆتۆنۆمى و هه‌رێم، يان هه‌ر ناوێكى تر، يان هيچ نه‌بێت بۆچى نه‌يانتوانيوه حوكمڕانييه‌كى دوورودرێژ – به شكستخواردووييش – بۆ خۆيان بچڕن؟
ئايا حوكمڕانى قۆرخكارى تاك حزبى سه‌ركه‌وتووه، ياخود حوكمڕانى دوو حیزبيى، ياخود حوكمڕانى فره حیزبى؟
ئه‌و كۆده چييه كه باشورى كوردستانى كردۆته خاوه‌ن حكومه‌تێكى نيمچه سه‌ربه‌خۆ و پارچه‌كانى تر‌ى كوردستان نه‌يانتوانيوه پێى بگه‌ن؟
هه‌وڵ ده‌ده‌ين وه‌ڵامى ئه‌و پرسيارانه بده‌ينه‌وه بۆ تێگه‌يشتن له‌و ئه‌زمونه‌ى كه باشورى كوردستانى تێدايه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه بايه‌خى خه‌باتى شه‌ڕ گرنگييه‌كى تايبه‌تى هه‌يه به‌تايبه‌ت بۆ كورد، هه‌ر بۆيه به (جه‌نگاوه‌ره ئازاكان) ناوبانگيان ده‌ركردووه. به سه‌رنجدان له مێژووى ئه‌و خه‌باتانه‌ى كه كورد كردوويه‌تى و تێيدا توشى شه‌ڕ كراوه، به‌ڵام هێشتا نه‌يتوانيوه هێنده‌ى خه‌باتى نه‌ته‌وه‌كانى تر بايه‌خى هه‌بێت و به ئازادى بژى.
له ساڵى ١٩٤٦ له رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، كۆمارى كوردستان له مه‌هاباد ڕاگه‌يه‌نرا، به‌ڵام پاش ١١ مانگ كۆماره‌كه له‌ناو بردرا.
له ساڵى ١٩٧٩ كورد جارێكى تر ناوچه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانى خسته‌وه ژێر ڕكێفى خۆيه‌وه، به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌ويش كۆتايى پێ هات.
له باكورى كوردستان ديارترينى شۆڕشه‌كانى مێژوو، شۆڕشه‌كه‌ى شێخ سه‌عيدى پيرانه له ساڵى ١٩٢٥، له پاش ڕزگاركردنى هه‌ندێك ناوچه‌ى كوردستان بۆ ماوه‌يه‌كى زۆر، گه‌مارۆى شارى ئامه‌دى دا، به‌ڵام زۆرى نه‌خاياند، خودى شێخ سەعیدى پیران و چه‌ندان سه‌ركرده‌ى تر ده‌ستگير كران و له‌سێداره‌دران.
له‌دواى ئه‌و شۆڕشه، باش‌ترين هه‌ل كه بۆ كورد له باكورى كوردستان هاتبێته پێشه‌وه تاوه‌كو ده‌ستكه‌وتى پێ بده‌ده‌ست بهێنن، له‌م ساڵانه‌ى دواييدا بوو له سه‌روبه‌ندى
پرۆسه‌ى ئاشتى له توركيا. ئه‌وه‌بوو كورد ٨٠ كورسى په‌رله‌مانى به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام ئه‌و هه‌له‌يان له‌ده‌ست دا كه له مێژوودا هه‌لى وايان بۆ ڕێك نه‌كه‌وتبوو تاكو له حوكمڕانى توركيادا به‌شدار بن.
له رۆژئاواى كوردستانيش ديارترين ده‌سه‌ڵاتى كوردى هه‌بووبێت، ده‌سه‌ڵاتى يه‌په‌گه‌يه كه له ساڵى ٢٠١٤ ه‌وه به‌شێوه‌ى خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری، ئه‌و ناوچانه به‌ڕێوه ده‌بات.
پێويسته هه‌ڵوه‌سته‌يه‌ك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى كورد له رۆژئاوا بكه‌ين له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ماوه‌ى ٤ ساڵ زياتره توانيويه‌تى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى بهێڵێته‌وه و به‌شێوه‌يه‌ك كه سه‌قامگيرييه‌كى ماوه درێژى له مێژووى ئه‌و پارچه‌يه‌ى كوردستاندا هه‌بووه و زۆرجاريش هه‌ندێ ده‌نگ ده‌هاتنه گوێ و به‌راورديان به هه‌رێمى كوردستان پێده‌كرد. بۆيه ئه‌و ماوه‌يه به ماوه‌يه‌كى زێڕين ده‌ژمێردرێت بۆ ئه‌وان. جگه له‌و هه‌لومه‌رجه له‌باره‌ى كه بۆ رۆژئاواى كوردستان هاته پێشه‌وه، به‌هۆى لاوازى سوپاى حكومه‌تى سوريا له ناوچه‌كانى باشورى ئه‌و وڵاته – به‌ناوى درێژه‌ى شۆڕشى به‌هارى عه‌ره‌بى- شۆڕشێكى ڕێكخراوى پێشوه‌خت نه‌بووه تاوه‌كو ئه‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رييه‌ى تا ئێستا هه‌يه، به داينه‌مۆ و ده‌ستكه‌وتى ئه‌و شۆڕشه بزانرێت.
ئێستا به سه‌رنجدان له‌م ڕووداوانه‌ى كه له سه‌ره‌تاى ساڵى ٢٠١٩ ه‌وه ده‌ركه‌وتووه و ئه‌و سياسه‌ته‌ى ئێستا ده‌يبينين له ده‌سه‌ڵاتدارانى ڕۆژئاوا سه‌باره‌ت به ڕێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ ديمه‌شق، مه‌ترسيیه‌كى گه‌وره له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌زمونه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان په‌يدا بووه به‌جۆرێك كه ته‌واوى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌يان له چركه‌يه‌كدا كۆتايى پێ بێت و ده‌ستكه‌وتێكى ئه‌وتۆيان، نه‌بێت ته‌نانه‌ت سه‌باره‌ت به مافه سروشتييه‌كانيشيان.
سه‌باره‌ت به باشورى كوردستان، چه‌ندين شۆڕشى يه‌ك له‌دواى يه‌كى نه‌پساوه ڕوويان داوه، كه له پارچه‌كانى تر‌ى كوردستان، ئه‌وه ڕووى نه‌داوه. يان ئه‌گه‌ر شۆڕشى باشورى كوردستان له قۆناغێكدا كه‌لێنى تێكه‌وتبێت و بچڕابێت، به‌ڵام ماوه‌يه‌كى كورتى خاياندووه و هه‌ر زوو شۆڕش ده‌ستى پێكردۆته‌وه.
ديارترين شۆڕشه‌كانى باشورى كوردستان: شۆڕشى شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانى ساڵانى ١٩٠٧ تاوه‌كو ١٩١٤، ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى شێخ مه‌حمودى حه‌فيد و شۆڕشه‌كانى له سڵانى ١٩١٩ تاكو ١٩٣٠، شۆڕشى شێخ ئه‌حمه‌د بارزانى ساڵانى ١٩٣١ تاوه‌كو ١٩٣٩، شۆڕشى مه‌لا مسته‌فاى بارزان ساڵانى ١٩٤٣ تاوه‌كو ١٩٧٥. له ساڵانى ١٩٧٦ به‌دواوه ديسان شۆڕشى باشورى كوردستان سه‌رى هه‌ڵدايه‌وه و نه‌پسايه‌وه.
نه‌پچڕانى شۆڕشه‌كانى باشورى كوردستان و درێژه نه‌كێشانى، تاكه داينه‌مۆ و كۆدى ئه‌و ئه‌زمونه نييه كه ئێستا باشورى كوردستان تێيدايه, به‌ڵكو نهێنى و كۆدى شۆڕشه‌كانى باشورى كوردستان، له هه‌ردوو ڕه‌گه‌زى شه‌ڕ و ئاشتيدايه، له نێوان هه‌ردووكيشياندا، سياسه‌تى هه‌لوه‌رگرتن و له‌ده‌ستنه‌دانى ئه‌و هه‌له مێژووييانه‌ى هاتوونه‌ته پێشه‌وه بۆى.
باشورى كوردستان له په‌ناى شۆڕشه چه‌كدارييه‌كاندا، شۆڕشى مه‌ده‌نيشى گرتۆته به‌ر و ئاماده‌ى هه‌ر دانوستاندنێك بووه كه حكومه‌ته يه‌ك له‌دوايه‌كه‌كانى ئێراق و دراوسێ داگيركه‌ره‌كانى چوارده‌ورى، پێشنياريان بۆ كردووه و ڕێككه‌وتنيش ڕووى داوه. ڕێككه‌وتنه‌كان ئه‌گه‌رچى كورد له هه‌ندێك له داواكارييه‌كانى، قوربانى داوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕوونه كه له شه‌ڕيشدا قوربانى زياتر ده‌درێت.
سه‌رنج بده‌ين له شۆڕشه‌كانى پێشوو چه‌ندين شه‌ڕ و دانوستان له‌نێوان شۆڕش و ده‌وڵه‌تى داگيركه‌ردا ڕووى داوه. له‌سه‌رده‌مى ده‌وڵه‌ت و شۆڕشه‌كانى شێخ مه‌حمودى حه‌فيد، شێخ ڕ‌ازى بوو له ده‌وڵه‌تى كوردستانه‌وه سازش بكات بۆ ئۆتۆنۆمى، واته له ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره‌وه بۆ ده‌ستكه‌وتێكى كه‌متر له‌پێناو دووركه‌وتنه‌وه له شه‌ڕهه‌رچه‌ند ده‌سكه‌وته‌كه بچووكيش بێت. هه‌روه‌ها له سه‌رده‌مى مه‌لا مسته‌فاى بارزانيدا ئه‌و ناكۆكى و دوو جه‌مسه‌رييه‌ى كه له‌نێوان باڵى مه‌كته‌بى سياسى پارتى و مه‌لا مسته‌فاى بارزانيدا هه‌بووه له‌و كاته‌دا، هيچيان دانوستاندنيان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت ڕه‌ت نه‌كردۆته‌وه، ئه‌گه‌رچى سياسه‌ت و مه‌رامه‌كانيش جياواز بووبن. بۆيه دواجار كورد به سه‌ركردايه‌تى مه‌لا مسته‌فا له ساڵى ١٩٧٠ به‌ياننامه‌ى ١١ ى ئازارى رِاگه‌يه‌نرا كه ئۆتۆنۆمى بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر كرده‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌وه خه‌ونه گه‌وره‌كه‌ى كورد نييه بۆ ئازادايى يه‌كجاره‌كى، به‌ڵام باشورى كوردستان ڕه‌تی نه‌كرده‌وه و بگره داواكارى خۆيشى بووه له‌و كاته‌دا. سه‌ره‌ڕاى په‌شيمان بوونه‌وه‌ى حكومه‌تى به‌غداد له به‌ياننامه‌ى ١١ى ئازار، به‌ڵام باشورى كوردستان نا‌ئومێد و بگره په‌شيمان نه‌بووه له‌و ڕێككه‌وتنه‌ى كردوويه‌تى.
له‌دواى ئه‌وه‌ش پاش چه‌ندين شه‌ڕ، به‌ڵام هه‌ردوو حزبى پارتى و يه‌كێتى ديسانه‌وه ئاماده‌ى دانوستاندن بوون له‌گه‌ڵ حكومه‌تى به‌غداد و هێشتاش حكومه‌تى به‌غداد سزاكانى سه‌ر باشورى كوردستانى قورس‌تر كردووه و به ئه‌نفال و كيمیاباران وه‌ڵامى داواكارى و دانوستانه‌كانى كوردى داوه‌ته‌وه. دواى ئه‌و قوربانيدانه گه‌وره و كاره‌ساتبارانه، له ساڵى ١٩٩١ كۆڕه‌وه مليۆنييه‌كه‌ى باشورى كوردستان ده‌ستكه‌وتىێك بوو بۆ كورد. ئه‌گه‌ر به‌و چاوى ڕووكه‌ش ته‌ماشا بكه‌ين، ده‌كرێ بڵێين له‌جياتى ئه‌وه‌ى باشورى كوردستان پێش بكه‌وێت، زياتر چۆته دواوه. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش كورد هێشتا باوه‌ڕى به دانوستان و ڕێككه‌وتن هه‌بووه. ئه‌گه‌رچى شتێكى ئه‌وتۆى لێ سه‌وز نه‌بووه، به‌ڵام دواجار و له دواى ڕوخانى ڕ‌ژێمى به‌عس له ساڵى ٢٠٠٣، به له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و قه‌واره ديفاكتۆيه‌ى كه هه‌يبوو، هه‌روه‌ها ديسانه‌وه به‌بڕوابوون به دانوستان و ڕێككه‌وتن، هه‌روه‌ها به سياسه‌تى هه‌لوه‌رگرتن له هه‌له مێژووييه‌كان، توانيان به فه‌رمى، ئه‌م هه‌رێمه بۆ خۆيان جێ‌گير و به ده‌ستوريى بكه‌ن و شێوه‌يه‌كى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ربگرێت و ته‌نانه‌ت مافى دياريكردنى چاره‌نووسى خۆى به فه‌رمى له ده‌ستوردا جێ‌گير كرا.
بابه‌تى ڕيفراندۆم ئه‌گه‌ر به به‌راورد به‌و سياسه‌ته‌ى ماوه‌ى نێوان ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى شێخ مه‌حمودى حه‌فيد بۆ ئۆتۆنۆمى، يان سه‌رنجى ئۆتۆنۆمييه‌كه‌ى شێخ مه‌حمود و ديسان پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى حكومه‌تى به‌غداد و سه‌رنجى ڕێككه‌وتننامه‌ى ١١ ى ئازار و نسكۆى شۆڕشى ئه‌يلول ته‌ماشا بكه‌ين، هه‌مان سيناريۆى كاره‌ساتبارى كورد، به‌ڵام كورتخايه‌نتر ده‌بينين. پاش ريفراندۆم كۆمه‌ڵێ ده‌رگا به‌سه‌ر باشورى كوردستاندا داخران. له ڕووى دپلۆماسييه‌وه هه‌ندێك لاوازى پێوه ده‌بينرا، هه‌ندێ ناوچه‌ى كوردستانيمان له‌ده‌ست دايه‌وه و ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌بوو ئه‌زمونه‌كه‌مان ديسان بگه‌ڕيته‌وه خاڵى سفر كه ئه‌وه‌ش ڕووداوێكى ئاسايى و چاوه‌ڕوانكراو ده‌بوو بۆ كورد نه‌ك ريفراندۆم بكرێته جێى گله‌يى و ڕه‌خنه. هه‌رچه‌نده ئه‌م گه‌مارۆيانه له‌چاو مه‌ترسييه‌كانى جاران كه باسمان كرد، زۆرى نه‌خاياند و له‌ماوه‌ى كه‌متر له ٦ مانگ، سه‌رجه‌م په‌يوه‌ندييه‌كان ئاسايى بوونه‌وه جگه له په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غداد تاوه‌كو له‌م دواييانه‌دا به‌پێى ئه‌و بڕوايه‌ى كه له ئه‌زمونى ڕابردوو بينراوه كه شه‌ڕ و ڕێككه‌وتن ڕه‌گه‌ز و نهێنى و كۆدى سه‌ركه‌وتنه، بۆيه كورد له باشور، ڕێككه‌وتنى ڕه‌ت نه‌كرده‌وه و جارێكى تريش ڕ‌ازى بوو به‌وه‌ى بچێته‌وه به‌غداد تاوه‌كو به به‌هێزى بمێنێته‌وه.
به كورتى، باشورى كوردستان به هه‌موو كه‌موكوڕييه‌كانيه‌وه، كۆده‌كانى پێشكه‌وتنى ناسيوه كه شه‌ڕ و رێككه‌وتن بووه و سه‌لماندوويه‌تى كه په‌يامى ئاشتى هه‌يه چى سه‌ربه‌خۆ بێت يان سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت.
تا ئێره كه كورد له باشور به چى كۆدێك گه‌يشتووه به‌م ئه‌زمونه ئاشنابووين و بۆمان ده‌ركه‌وتووه، كه ته‌نيا سياسه‌تى شه‌ڕ و ڕێككنه‌كه‌وتن، كورد ناگه‌يه‌نێت به‌و ئامانجه‌ى كه هه‌يه‌تى، بگره زياتر له‌ژێر چه‌پۆكدا ده‌بێت.
په‌يكه‌رى ئه‌زمونه‌كانى باشورى كوردستان ده‌كرێ به كورتى به‌م شێوه‌يه پيشان بده‌ين تاكو بزانين باشورى كوردستان له‌كوێوه هاتووه و گه‌يشتووه به چى:
– هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕوخانى ئيمپراتۆريه‌تى ماد (ئيمپراتۆريه‌تى كوردى)
– ده‌وڵه‌تى كوردستان ساڵى ١٩١٩
– ئۆتۆنۆمى بۆ كوردستان ساڵى ١٩٢٢
– ئۆتۆنۆمى بۆ جارێكى تر له ١١ ى ئازارى ساڵى ١٩٧٠
– خۆبه‌ڕێوه‌به‌ريى به فه‌رمى نه‌ناسراو و دانپێدا نه‌نراو ساڵى ١٩٩١
– هه‌رێمى كوردستان ساڵى ٢٠٠٥ و به‌فيدراڵيبوونى ئێراق به فه‌رمى
– ئه‌نجامدانى ريفراندۆم له باشوورى كوردستان و جێبه‌جێكردنى مافى بڕياردان له چاره‌نووسى گه‌لى كوردستان و سه‌ركه‌وتنى به ٩٣% ى ده‌نگى به‌ڵێ بۆ جيابوونه‌وه له ئێراق.
به‌پێى ئه‌و په‌يكه‌ر و ڕيزبه‌ندييه، ده‌بينين باشورى كوردستان به شه‌ڕ و ڕێككه‌وتن و به قۆستنه‌وه‌ى هه‌له مێژووييه‌كان، چه‌ندين به‌رزى و نزميى له ماف و داخوازى و ئامانجه‌كانى بينيوه و قوربانى گه‌وره‌ى داوه و به ئاسانى ئه‌م ئه‌زمونه به‌ده‌ست نه‌هاتووه.
ئێستا به به‌راوردى ئه‌زمونه‌كانى باشورى كوردستان له‌نێوان شۆڕشه يه‌ك له‌دوايه‌كه‌كانيدا، هه‌روه‌ها ئه‌زموونى باشوورى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌زموونى ٤ ساڵه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان، لێره وه‌ڵام ده‌ده‌ينه‌وه.
ئه‌گه‌رچى تاك حیزبيى مه‌رج نييه بۆ سه‌ركه‌وتنى حوكمڕانى، هه‌روه‌ها ئه‌زموونى فره حیزبيش مه‌رج نييه بۆ سه‌ركه‌وتنى حوكمڕانى.
نمونه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان كه ته‌نيا حیزبێك ده‌سه‌ڵاتى له‌ده‌ستدايه، وا له‌به‌رده‌م مه‌ترسييه‌كى گه‌وره‌دايه. ئه‌وان كه رۆژگارێك سياسه‌ت و حوكمڕانييه‌كه‌ى خۆيان به سه‌ركه‌وتووتر ده‌زانى له سياسه‌ت و حوكمڕانييه‌كه‌ى باشورى كوردستان، له‌دواى بڕياره‌كه‌ى ئه‌مريكا بۆ كشانه‌وه‌ى له سوريا، نوێنه‌رى په‌يه‌ده له سلێمانى، له ديدارێكى له‌كه‌ناڵى گه‌لى كوردستان ڕايگه‌ياند كه ئه‌وان سياسه‌تان هه‌ڵه‌بووه و خه‌ريكه به‌ره‌و هه‌ڵدێريان ده‌بات و ئه‌زمونى ڕۆژئاوا به‌ته‌واوى له‌ناو ده‌چێت. ئه‌مه‌ش يان بێ ئه‌زمونييه، يان هه‌ژمونييه و له‌ژێرهه‌ژموونى په‌كه‌كه‌دايه كه ئه‌ويش دانوستان و ڕێككه‌وتنى قبوڵ نييه.
سيستمى دوو حیزبى له باشورى كوردستان دواى ڕێككه‌وتننامه‌ى ستراتيژى پارتى و يه‌كێتى تاوه‌كو ساڵى ٢٠١٤، تا ڕاده‌يه‌ك حوكمڕانييه‌كى ئاسايى هه‌بوو. له‌وه به‌دواوه حیزبه‌كانى تر و به‌تايبه‌ت بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و هه‌ندێ حیزبى تر به‌شدارى حوكمڕانى هه‌رێمى كوردستانيان كرد به‌ناوى حكومه‌تى بنكه‌فراوان، به‌ڵام به‌پێى ڕاو بۆچوونى زۆرێك له كه‌سايه‌تى و ڕۆشنبيره دياره‌كانى كوردستان كه پێشتر پشتگيرى حكومه‌تێكى بنكه‌فراوانيان ده‌كرد، ئێستا ڕايان پێچه‌وانه بۆته‌وه و پێيان وايه ئه‌زموونى حكومه‌تى بنكه‌فراوان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و خۆزگه به حوكمڕانييه هاوبه‌شه دووانييه‌كه ده‌خوازن.
به‌شێوه‌يه‌كى گشتى، تێگه‌يشتنى كوردانى باشور ئه‌وه‌يه كه له‌گه‌ڵ شه‌ڕدا، ده‌بێ دانوستان و ڕێككه‌وتن بوارى بۆ بهێڵرێته‌وه به‌تايبه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى تريش ئه‌گه‌رچى داگيركار و دوژمنيش بن. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ين، دواجار هه‌ر ئه‌و بيرۆكه و ڕێگايه‌ى دانوستانانه ڕێككه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه و سه‌رى گرتووه، كه بژارده‌ى ڕاست بوون و، خواروخێچييه‌كان ته‌نيا بۆ ماوه‌يه‌كى كاتى خۆيان گرتووه.
دواجار له هه‌موو هه‌لومه‌رجێكدا، له شه‌ڕدا بێت يان له دانوستاندا، یەکگرتووى نێوان هێزە سیاسییەکانى هەرێم کاریگەرى ڕاستەخۆ وبەچاوى دەبێت لەسەر بەهێزبوونى سەرجەم هەنگاوەکانى داهاتووى هەرێمى کوردستان.