“پشکی کورد لە پرۆژە یاساکەدا”
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئێراق پێشتر رێککەوتنیان لەسەر ئەوە کردبوو، کە لە بەرامبەر رادەستکردنی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل “نەوت” و نیوەی داهاتی نا-نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوا حکومەتی بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکان بە رێژەی 12.67٪ـی بودجەی گشتیی ئێراق، بە مەرجێک حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی تێچووی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ئەستۆ بگرێت.
کاتێک ئەو رێککەوتنە گەیشتە پەرلەمانی “ئێراق” لایەنە شیعەکان پێی رازی نەبوون و چەند پێشنیازێکی دیکەیان خستە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەکو؛ رادەستکردنی هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان یان رادەستکردنی کۆی مەلەفی “نەوت” بە بەغدا، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی ئێراق بەوە رازی نەبوون و بە “لادان لە دەستوور” ناویان برد.
بەپێی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ئەمساڵ، لە پاڵ رۆژانە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ و رادەستکردنی 50%ـی داهاتی دەروازەکان و داهاتی فیدراڵی دیکەی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی ئێراق، دەبێت شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2004 وە تاوەکو 2020 یەکلایی بکرێنەوە، ئەوکات حکومەتی “ئێراق” بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
بەهۆی رێکنەکەوتنی بەشێک لە لایەنە شیعەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 تاوەکو ئێستا بودجەکە پەسند نەکراوە، زۆرینەی فراکسیۆنە شیعەکان لەگەڵ ئەوەدا نین پرۆژەی بودجە بەبێ کورد تێپەڕێنرێت.
پرۆژەیاسای بودجەی “ئێراق” تائێستا بەهۆی رێکنەکەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان و نەبوونی پێشنیازێکی دیاریکراوی شیعەکان بۆ دانوستاندن نەچووەتە نێو هۆڵی پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی ئێراقیش دەڵێت، بودجە بووەتە پرسێکی سیاسی و لە چوارچێوە یاساییەکەی خۆی دەرچووە، لە رێگەی بودجەوە گوشار لەسەر لایەنە سیاسییەکان دەکرێت.
“پرۆژەیاسای بودجە بەسیاسی کراوە و لایەنە سیاسییەکان وەک گوشار بەکاریدەهێنن، شیعەکان دوا بڕیاریان ئەوەیە کە بودجە پەسند نەکرێت، تاوەکو یاسای دادگای فیدراڵی پەسند نەکرێت، تاوەکو بڕیاردەدرێت لەسەر دیاریکردنی رۆژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێراق، بودجە لەکاتێکی هەستیاردا هاتووە، کەوتووەتە دەست هەندێک کەس کە هەست بە ئازار و کێشەی خەڵک ناکەن، بەهیچ شێوەیەک باسی دەنگدان بە یاساکە نییە.”
شیعەکان تا ئێستا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە، چیان دەوێت، ئەوان وەرەقەیەکیان ئامادە کردووە هەندێکیان دژن و هەندێکیشیان کە زۆرینەن لەگەڵ ئەو وەرەقەیەن، هەندێک هەنگاوهەن ئەگەر ئەو هەنگاوانە نەنرێن بودجە پەسند ناکرێت، بۆ نمونە یاسای دادگای فیدراڵی، بەتایبەت سەدرییەکان وا پێشبینی بۆ خۆیان دەکەن کە 100 کورسی دێنن، بۆیە دەیانەوێت هەڵبژاردن بکرێت و ئەوان پێیان وایە؛ سەرۆک وەزیران لە خۆیان دەبێت.
“هەردوو حکومەتی ئێراق و هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئەو بودجەیە دەکەن، چونکە حکومەتێک بودجەی نەبێت، حکومەتێکی کاربەڕێکەرە، بەبێ بودجە حکومەت ناتوانێت هیچ بکات، تەمەنی حکومەتی ئێراق هەمووی پێنج مانگی ماوە، لەو ماوەیەدا ناتوانرێت ئەو بودجەیە بۆ خەڵک خەرجبکرێت”.
شاندی “هەرێمی کوردستان” بێتە بەغداد سودی ئەوتۆی نابێت، چونکە تائێستا شتێک نییە دانوستاندنی لەسەر بکەن بەتایبەت شیعەکان هیچ پێشنیازێکیان نییە، ئەوەی هەیە هی حکومەتە ئەویش هیچ ناکۆکی لەسەر نییە، تاوەکو ئێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە یەکلایی نەبووەتەوە،
“کێشەکانی دادگای فیدراڵی”
“دادگای باڵای فیدراڵی” لە رووی دارایی و ئیدارییەوە؛ دەستەیەکی دادوەریی سەربەخۆییە. بەپێی ماددەی 94ی دەستوور بڕیارەکانی یەکلارەوەن و دەبێت هەمووان پێوەی پابەندبن، دادگاکە لە 9 ئەندام پێکهاتووە، 2 کورد، 2 سوننە، 3 شیعە و تورکمانێک و کریستیانێک. بەڵام دادگاکە دوو ئەندامی لە دەستداوە، بەمەش کارەکانی پەکیان کەوتووە، چونکە دەبێت بڕیارەکانی ئەو دادگایە بە کۆدەنگی بێت، نەک زۆرینە، بەپێی ماددەی 93ـی دەستوور، ئەو دادگایە 8 ئەرکی سەرەکیی هەیە، یەکێکیان؛ پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراقە. یاسای دادگای باڵا 24 ماددەیە و لە ئێستادا 21 مادەی تێپەڕیووە و 3 مادەی کێشەی لەسەرە کە مادەکانی 2 و 3 و 12ن کێشەکان چین کێشە لەسەر ژمارەی دادوەرەکان ھەیە بە جۆرێک پێشتر9 دادوەر بوون کەچی ئێستا بەشێک لە “شیعە” کە سائیرونی سەدر سەرۆکایەتی دەکات، دەیەوێت بیکات بە 15 دادوەر.
کورد و بەشێک لە سوننەکان دەڵین؛ دەبیت ھەر بڕیاریک درا بە دەنگی تێکڕای ئەندامانی دادگا بدریت، بەڵام شیعە دەڵیت؛ نەخێر بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامەکان بڕیار بدریت. سەبارەت بەوەی بودجەی پێوەبەستراوە، ئەوەیە تاکو وەک کارتی فشار بەکاری دەھێنن بە جۆریک “سائیرون” دەڵیت گەر بەو شیوازەی ئێمە دەمانەویت نەڕوات ئێمەش ناھێڵین بودجە تێپەڕیت.
بۆ “کورد” ئەم یاسایە گەلێک لە بودجە گرنگترە، چونکە بڕیارەکانی دادگای باڵا ھیچ دەسەڵاتێک ناتوانیت ھەڵیوەشینیتەوە .بودجە بۆ ساڵیک یان زیاتر بەڵام ئەم یاسایە بۆ چەندین ساڵە دەتوانرێت کێشەی سیاسی و نێوخۆی بۆ کورد و ھەرێمی کوردستان دروست بکات، “سەدرییەکان” سەرۆکایەتی رایەک دەکەن، کە بەشێوەیەکی گشتی پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجەیان بەستاوەتەوە بە سێ بابەتەوە؛
یەکەم؛ پەسندکردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی.
دووەم؛ دیاریکردنی وادەی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و، دەرکردنی یاسای ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەکان، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان.
هەرچەندە گرێدان و بەستنەوەی پرۆژە یاساکان بە یەکدی کارێکی دروست نییە زۆربەی ئەندامانی کورد لەگەڵیدانین. دادگای باڵای فیدرالی بۆ هەرێمی کوردستان بابەتێکی زۆر گرنگە، بۆیە هەموارکردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی یاخود داڕشتنی یاسای نوێی دادگای باڵای فیدراڵی پێویستە بە دەنگی 2 لەسەر3ی پەرلەمانتاران پەسند بکرێت، نەک بە زۆرینەی دەنگ. هەموارکردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە. ماوەتەوە دەنگی لەسەر بدرێت. لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای دادگای فیدراڵی خراوەتە بەرنامەی کارەوە.
ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، دەبێت “پەرلەمانی ئێراق” خۆی هەڵبوەشێنێتەوە تاوەکو یاسای دادگای فیدراڵییش هەموار و پەسند نەکرێت، پەرلەمان ناتوانێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە دەبێت ئەو دادگایە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن پەسندبکات. بۆیە دەبێت سەرەتا یاساکە پەسندبکرێت، ئەوسا پەرلەمان خۆی هەڵبوەشنێتەوە وەک زەمینەسازییەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت.
“دەرئەنجام”
بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانی ئێراق، کۆبوونەوە لەبارەی دەنگدان بۆ پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی بۆ رۆژی پێنج شەممە 18ی ئادار دواخرا. بەهۆی نەبوونی ڕێژەی دوو لەسەر سێی ئامادەبووان، پرۆژە یاسای دادگەی باڵای فیدڕاڵی نەخرایە دەنگدانەوە و بۆیە بڕیاردرا دانیشتنی پەرلەمان بۆ رۆژی پێنج شەممە دوابخرێت و لەگەڵ پرۆژەیاسای بودجە پێکەوە بخرێنە بەرنامەی کارەوە، رۆژی سێ شەممە 16ی ئادار دانیشتنی پەرلەمانی “ئێراق” بە بەشداریی 198 پەرلەمانتار لەسەر پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی دەستیپێکردەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکە پێویستە دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران کە دەکاتە 220 پەرلەمانتار، دەبێت بە “بەڵێ” دەنگ بە پرۆژەیاساکە بدەن.
لایەنە “شیعەکان” ئاماژەیان بەوە کردووە؛ ئەگەر دەنگی پێویستی دوو لەسەر سێیان هێنا ئەوا پرۆژەیاسای دادگەی باڵای فیدراڵی دەخەنە دەنگدانەوە، ئەگەر نەیانتوانی ئەوا هەمواری یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی دەخەنە دەنگدانەوە و پەسندی دەکەن بەشێک لە لایەنە شیعەکان پرۆژەیاسای بودجەی 2021ـیان بە پرۆژەیاسای دادگەی باڵای فیدراڵی گرێداوە، تاوەکو ئێستا پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 پەسندنەکراوە. ئەگەر پەسندکردنی پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵیی “ئێراق”ببێتە مەرجی پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجە و هەوڵی هەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت، ئەوە یاساکانی دیکە پشتگوێ دەخرێن، چونکە دەستدەکەن بە پەسندکردنی ناوی بەربژێران و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان. ئەوەیش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئایندەی ئێراق.
ئەو مادانەی کە گرفتی لەسەرە ماددەکانی(2 و 3 و 12) باس لەمانە دەکەن پەسندنەکراون و ناکۆکیان لەسەرە.
1-مادەی دوو:- پەیوەستە بە پێکهاتەی دادگەی فیدراڵی، کە چەند بابەتێک لەخۆدەگرێت، وەکو: ئایا دادگەی فیدراڵی لە کێ پێکدێت، لە چەند دادوەر و شارەزای شەرعی پێکدێت، لە چەند شارەزای یاسایی پێکدێت، ئایا لە کوێ دەنگدەدەن، دەنگدەدەن یان تەنیا راوێژ دەکەن، لە چ کات و بابەتێک قسە دەکەن، شارەزایانی شەرعی ئیسلامی ئایا مافی راوێژیان هەیە یان دەتوانن دەنگیش بدەن، ئەگەر مافی دەنگدانیان هەیە لە کوێ مافی دەنگیان هەیە. تاوەکو ئێستا ئەمە یەکلایی نەبووەتەوە و کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەر لەسەر ئەو بابەتە بوو. بۆچوونی لایەنە شیعەکان ئەوەیە، دەبێت شارەزایانی “شەرعی ئیسلامی” لەگەڵ دادوەرەکان دەنگ بدەن و هەندێکی دیکەش دەڵێن؛ با ئەوانە تەنیا لەو بابەتانە دەنگبدەن کە پەیوەستن بە ماددەی 2ـی دەستوور کە تایبەتە بە بنەما چەسپاوەکانی ئیسلام. هەندێکی دیکەش دەڵێن؛ نەخێر با لە هەموو بابەتێکدا دەنگ بدەن. بۆچوونی کوردیش ئەوەیە، زیاتر راوێژکردن بێت، سووننەکانیش لەگەڵ ئەو بۆچوونەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە چارەسەری مامناوەند.
2- ماددەی سێ:- پەیوەستە بەوەی کێ مافی دیاریکردنی ئەندامانی دادگەکەی هەیە، کێ دایاندەمەزرێنێت، هەندێک دەڵێن؛ ناوەکان لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەنجوومەنی دادوەریی “هەرێمی کوردستان” پێشنیاز دەکرێن و سەرۆککۆمار بۆچوون و دەنگیان لەسەر دەدات، هەندێکی دیکەش دەڵێن؛ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان پێشنیازیان دەکات و پەرلەمان دەنگیان لەسەر دەدات، پاشان سەرۆککۆمار مەرسوومی کۆماریی بۆ دەردەکات.
3- ماددەی دوانزە:- تایبەتە بە میکانیزمی بڕیاردان. بە چ شێوەیەک دادگەی فیدراڵی بڕیاردەدات، ئایا لە هەموو بابەتەکاندا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ دەبێت یان زۆرینەی سادە. لایەنی کوردی بۆچوونی وایە لە هەموو کێشەکاندا پێویستە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ بێت، لە بەرامبەردا لایەنە شیعەکان دەڵێن؛ “نەخێر با بە زۆرینەی سادە بێت”، هەروەها لەبارەی ئەو کێشانەی کە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان بەشێکن لە ناکۆکییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، کورد داوای کۆ-دەنگی دەکات و شیعەکان دەڵێن “نەخێر با لەو کێشانە دوو لەسەر سێ بێت”.