“زانكۆ لە نێوان بەرهەمهێنان و بەكاربردنی زانیندا”
“دەستپێك”
فەیلەسوف و زانای ماتماتیك “بێرتراند رهسل” دەربارەی فێربوون دەڵێت؛ لە ئێستادا ئێمە ڕوو بە ڕووی ڕاستییەكی تاڵ بووینەتەوە كە فێربوون گەورەترین ئاستەنگە لە بەردەم زیرەكی و ئازادی بیرو ڕادا. بە كورتی گوزارشتێكە هەموو كێشەكانی فێربوونی لە خۆ گرتووە، بە پێچەوانەی ئەوەی پێشبینی دەكرا گشت شۆڕش، بازدان و گۆڕانكارییە بنەڕەتێكان كە هاوتان لە تەك هەموو دەستكەوتەكانی مرۆڤایەتیدا، بە داخەوە ئێستا ئاریشەكان زیاتربوون، بە شێوەیەك چەند نەوەیەكی خوێندەوار هەن لە لایەك ڕوو بە ڕووی فراوانی دەلاقەی خوێندن و واقیع دەبنەوە، هاوكات سوودو كەڵكی فێربوون و خواستی بازاڕیش ئاریشەكی ترە.
“كێشەكانی پەروەردە”
ئاریشەكانی پەروەردە لە سەر ناوچەیەكی دیاریكراو یاخود وڵاتێك كورتناكرێنەوە، بەڵكو كۆمەڵێك دیارەدە و داب و نەریتە، نەوە لە دوای نەوە گرفتارە پێیانەوە و بێ ئەوەی كێشەكان لە تەك پێشڤەچوونی زانین و پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا تێكەڵ بە هۆكارەكانی پەروەردە بكرێن، ئاشكرایە نها بڕێك لە وڵاتان هەنگاوی دیاریان هەڵهێناوە لە پێناو پێشڤەچوونی پەروەردەدا كە لە ئێستادا پێویستی سەردەمەكەیە. دیارترین ئاریشەكان بریتین لە؛
1- پەیڕەو پرۆگرام؛ یەكێكە لە ئاریشەكانی پەروەردە، بێ ڕەچاوكردنی گرنگی و بایەخی خوێندكار دادەڕێژرێت، بۆ نموونە پێشكەوتن و گەشەكردنی تەكنەلۆجیا، كەڵك و جێبەجێكردنی لە ژیانی زانستی ڕۆژانەدا و كورتكردنەوەی پەیڕە و پرۆگرام لە بواری تیۆریدا بێ ئەوەی ئەو زانیاریانانە بخرێنە بواری جێبە جێكردنەوە و …هتد.
2- لە قوتابخانە حكومی و تایبەتێكاندا شێوازی خوێندن لە یەك و دوو شێواز تێ پەڕناكات، ئەوانیش گوێگرتن و خوێندنەوەی وانەكانە، بێ ئەوەی ڕەچاوی شێوازە جیاوازەكان بكرێت كە هەر خوێنكارێك بە جیا پەسەندی دەكات و هاوكاریشە لە خێرایی و لێهاتووی پرۆسەی خوێندن لە كن خوێندكار.
3- بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا؛ تەكنەلۆجیا لەم ڕۆژگارەدا دونیای كردووە بە گوندێكی بچكۆلانە. لەگەڵ ئەوەشدا؛ پەروەردە گرفتارە بە دەست كەمایەسی بەكارهێنانی تەكنەلۆجیاوە، چوون ئەمێستاكەش بەشێوازی هەزاران ساڵ بەر لە ئێستاو دوور لە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا پەروەردە پیادە دەكرێت، بە تایبەت لە وڵاتە تازە دواكەوتۆكاندا، لە لایەكیتریشەوە بە تایبەت لەو شوێنانەی تەكنەلۆجیا و فێربوونی بەكاردەهێن، بەشێوەیەك لە تەكنەلۆجیا دەڕوانن كە مەبەستە نەك هۆكار، كار بەشێوەك ڕایدەكرێت قوتابی لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەكانیدا تەكنەلۆجیا بەكارناهێنێت.
4- كاتێك خوێندكار خوێندن تەواو دەكات و ڕوو لە بازاڕی كار دەكات، زۆرجار تووشی شڵەژان دەبێت كاتێك ئەو دەلاقە گەورەیە لە نێوان ئەوی فێری بووە و داخوازێكانی بازاڕدا دەبینێت، هەندێجار ئەو زانستانەی دەخوێنرێت بە هیچ شێوەیەك بە لای پێداویستێكانی بازاڕدا ناڕوات، بێجگە لەوەی شێوازی فێربوون پشت گۆێگرتن دەبەستێت.
“لێهاتووی فێربوون”
لێهاتووی و شارەزای لە سەدەی بیست و یەكدا كۆمەڵێك تواناو لێهاتووین لە پێناو سەركەوتن لە چاخی زانیارێكاندا خوێندكار پێویستی پێیانە، پسپۆڕان دبێژن؛ خوێندكار پسپۆڕی و لایەنی ئەكادیمی هەرچییەك بێت پێویستە لەم بوارانەدا شارەزا بێت بە شێوەیەكی گشتی بۆ سێ كۆمەڵ دابەش دەكرێت:-
1- كارزانی فێربوون؛ گشت ئەو شارەزایانەیە كە یارمەتی خوێندكار دەدات بۆ فێربوون و بیركردنەوە، ئەو كارەش كۆمەڵێك لێهاتووی دەگرێتەوە وەك؛
أ. بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە؛ یارمەتی قووتابی دەدات لە چارەسەری ئەو كێشە و بابەتانەی ڕوو بە ڕوویان دەبێتەوە، سەرباری یارمەتیدانی خوێندكار لە بەدەستهێنانی ئەو بابەتە جیاوازانەی كە پێویستن بۆ ڕەخنەگرتنی بابەتیانە وەك ئەدەب، هونەر و مێژوو، هەروەسا یارمەتیدەرن لە شارەزای گفتووگۆ دەوڵەمەندكردنی گوتوبێژ لە میانەی خستنە ڕووی بۆچونە جیاوازەكاندا.
ب. لێهاتووی لە بواری ئالیكاری؛ بریتییە لە ڕاهێنانی خوێندكار لە سەر شارەزایی بەشداری و هاوكاری لە تەك هەڤاڵەكانیاندا، ئەو كارەش لە میانەی پێكهێنانی كۆمەڵە و دەستەی جیاواز دەبێت لە بواری فێربووندا، بەر ئەنجامی كارەكەش پێگەیاندنی نەوەیەكە لە خوێندكار كە توانای یارمەتی و ئالیكاری لە بری ڕكابەری لا دروست دەبێت، ئەوكات بۆ خوێندكاران لە چوارچێوەی كۆمەڵێكدا كار ئاسانتر دەبێت.
ت. شارەزایی لە بواری پەیوەندی كردندا؛ بریتییە لە هەوڵ و كۆششی كەسەكان بە ئامانجی پەیوەندیكردن لە تەك كەسانیتردا، بە شێوەی گتووبێژ، گوێگرتن و نووسین كە لێهاتوویەكە زۆربەی خەلقوالله ئەو شارەزایەییان تیادا نابینرێت.
پ. شارەزایی لە بواری لێكۆڵینەوەدا؛ كارزانییەكە هانی خوێندكار دەدات بگەڕێت بە شوێن زانین و فێربووندا، بە شێوەیەك خوێندكار ڕابهێنرێت بێ ئەوەی چاوی لە دەست كەسانیتر بێت خۆیی بە شوێن سەرچاوەكانی زانیندا بگەڕێت.
2- لێهاتوویی لە بواری زانین؛ بە شێوەیەكی گشتی نەهێشتنی نەخوێندەوارییە لە گشت بوارێكدا كە پێویستن بۆ سەركەوتن لە بواری كارو ژیان، ئەو لێهاتووانەش بریتین لە؛
أ. هۆشیاری لە بواری زانیاری؛ مەبەست لە نەهێشتنی نەخوێندەواری لە بواری زانیارییدا، واتە ڕاهێنان و فێركردنی خوێندكار لە چۆنێتی دۆزینەوەو بە دەستهێنانی زانیاری لە هەر جێگایەكدا پێویستی بوو، توانای دیاركردنی شوین و هەڵسەنگاندنی هەبێت تا دواتر بتوانێت بە كارامەیی كەڵكیان لێ وەربگرێت.
ب. ڕۆشنبیری لە بواری ڕاگەیاندا؛ واتە توانای خوێندكار بە گەیشتن بە هۆكارو ناوەندەكانی ڕاگەیاندن، سەرباری دروستكردنی ناوەندی ڕاگەیاندنی جیاواز كە لە میانەیانەوە دەتوانێت پەیام و بڵاوكراوەكانی تیادا بڵاوبكاتەوە وەك كتێب، ڕادوێ ، دەنگ و ڕەنگ و گۆڤار.
ت. شارەزایی لە بواری تەكنەلۆجیادا؛ مەبەست لە نەهێشتی نەزانینی بەكارهێنان و سوود وەرگرتنە لە تەكنەلۆجیا.
پ. شارەزایی لە ژیاندا؛ لێهاتووییەكە یارمەتیدەری خوێندكارە لە گشت بوارەكانی ژیاندا بە تایبەت ئەو بوارەی پەیوەندی بە بازاڕی كارەوە هەبێت، وەك دەستپێشخەری، شارەزایی لە بواری كۆمەڵایەتی و بەرهەمداری سەرباری لێهاتووی لە بواری ڕابەرێتی، پلاندانان، ڕێكخستن و بەڕێوەبردندا.
“بنەماكانی خوێندنی زانكۆ”
خوێندنی زانكۆ ئامانجگەلێك لە بەرچاو دەگرێت وەك فێربوونی زانستی ئازاد و شكۆی مرۆڤایەتی، واتە گۆڕینی بیركردنەوەی خەڵك، هاوكات لە ڕێگای زانكۆوە خۆمان ئامادە دەكەین بۆ دەستبەكاربوون لە كەرتی تایبەت و گشتیدا، هاوكات كاركردن لە پیشە جیاوازەكاندا سەرباری خۆئامادەكردن بۆ خوێندنی باڵا. واتە ئامانجی زانكۆ گەورەترە لەوەی تەنها لە بواری ئابووری و پارە پەیدا كردندا كورت بكرێتەوە، چونكی لە كۆتایدا زانكۆ ویژدانی كۆمەڵگایە، پێناسێكە بۆ پاراستنی تایبەتمەندی و پێناسی كۆمەڵگا، هاوكات بەرپرسە لە گونجاندی كۆمەڵگا لە تەك گشت پێشهات و نوێگەریەك كە دوا ڕۆژ گەرەكێتی، ئامانجی زانكۆ لە كۆمەڵگایەك بۆ یەكێكیتر بە گوێرەی پێكهاتەی كۆمەڵگاكە دەگۆڕێت و ئامانجەكانی دیاریدەكات وەك ئامانجی هزری، زانستی و كۆمەڵایەتی و …هتد.
“زانكۆ لە نێوان بەرهەمهێنان و بەكاربردنی زانین”
لە سەدەی بیست و یەك؛ توێژینەوەی زانكۆكان بنەمای زانینن، یەكێك لە خەسڵەتی زانكۆكان زۆر و زەوەندی بەرهەمی توێژینەوەكانییانە، ئەمجۆرە زانكۆیانە تەنها گرنگی بە توێژینەوە نادەن، بەڵكو بۆ پێگەیاندنی توێژەر لە هەموو بوارە جیاوازەكاندا كار بۆ داهاتوو دەكەن، لە وڵاتانی دواكەوتدا ئەمجۆرە زانكۆیانە ڕوو بە ڕووی جۆرەها ئاریشە و ئالەنگاری دەبنەوە، بۆ دەربازبوون لەو دیاردانە پێویستیان بە گەیشتنە بە زمانی توێژینەوەی زانستی، گفتووگۆی زانین و بەشداریكردن لە بەرهەمهێنانیدا ئەگەر بە شێوەیەكی لاوەكیش بێت. تا سەرەتایی سەدەی نۆزدەهەم لە كیشوەری ئەورووپادا مەشخەڵی سەرەكی زانكۆكان؛ بریتی بوو لە تاوتوێكردنی زانینە جۆراوجۆرەكان و شیكارییان، بەڵام توێژینەوەی زانستی و بەرهەمهێنانی زانین پاش بونیادنانی “زانكۆی بەرلین” لە ساڵی 1818 بە دواوە دەركەوت. بونیادنەری زنكۆكە” فیلهلم فون مهبولت” باوەڕی وابوو زانكۆ بە هەموو زانستەكانەوە دەبێت شوێنی بە یەكگەیشتنی بیرۆكە جیاوازەكان بێت، بەمشێوەیە خوێندكار و مامۆستا بەیەكدەگەن و لە ڕێگای پرسیارو گتوبیّژەوە زانین بەرهەم دەهێنن و كۆمەڵگا پێشدەكەوێت. دواتر بیرۆكەكەی “فیلهلم” سەریگرت و بوو بە بیروباوەڕی هەموو زانكۆكان. ئەستیّرەی پەروەردەو فێربوونی ئەڵمانیاش درەوشایەوە.
ئەوڕۆ پاش دوو سەد ساڵ؛ زانكۆكان، بە تایبەت ئەوانەی توێژینەوە بووە بە مەشخەڵی كارو چالاكییان لە سەدەی بیست و یەكدا كۆڵەكەیەكی زانینن لە گشت بوارو زانستێكدا هەروەسا فێربوون، وانە گوتنەوە توێژینەوە، ئامادەكردنی توێژەر لە داهاتوودا، پاش چوونە پاڵی وانە گوتنەوە توێژینەوە دەتوانین ئەو زانكۆیانە بەو جامیعانە ناوببرێن كە گرنگی بە توێژینەوە دەدەن. ئەوڕۆ ئەو زانكۆیانە پێشەنگن و لە ڕیزبەندی پێشەوەی زانكۆكانن. ئەم دەلاقە گەورەیە لە نێوان زانكۆكاندا شارەزایان لە خوێندنی باڵا بە بەرهەمهێنان و بەكاربردنی زانین ناوزەدی دەكەن. واتە زانكۆكان لە وڵاتانی پێشكەوتوو بەرهەمهێنی زانین، جامیعەكانیش لە وڵاتانی دوا كەوتوودا بەكاربەری زانینن. لەم ڕوانگەیەوە ولاتانی وەك چین، تایوان، چیلی و باشووری ئەفریكا كار دەكەن بۆ ئەوەی ئاستی زانكۆكانیان بگەیەنن بە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوو.
“زانكۆكانی كوردستان و توێژینەوەی زانستی”
شاراوە نییە زۆرن ئەو ئاریشە و ئالەنگارییانەی زانكۆكانی كوردستانیان دوور و تەریك كردووە لە بەرهەمهێنانی زانینەوە بۆ بەكاربردنی، ئهگەر تەواشای ئەو جامیعانە بكەین؛ كە گرنگی بە توێژینەوە دەدەن و شۆرەتیان بەو شێوەیە ڕۆیشتووە، لە ژێرخان، پارەداركردن و سەربەستی له بڕیارداندا زانكۆكانی كوردستان هەژارو كەمدەستن. ئەگەرچی چۆنێتی توێژینەوەكان لەم ساڵانەی دوایدا لە هەڵكشان بەرزبوونەوەدا بوون، بەڵان توێژینەوەكانی زانكۆكانی كوردستان شوێن پێگەیەكیان لە ناوەند جیهانێكاندا نییە. “Web of Science” لە سەر تۆڕی ئینتەرنێت ئامارێكی لە مەڕ بڵاو كردنەوەی ئەو توێژینەوانە بڵاو كردۆتەوە كە وڵاتان بڵاویان كردۆتەوە، ئێراق لە نێوان ساڵانی 2008 – 2014″ئەگەر هەرێمیش لە ناو وڵاتدا حساوی بۆ بكرێت” تەنها شەست و چوار توێژینەوەی بڵاو كراوەی هەیە، لە كاتێكد ا “ئێران” بە هەزار و شەشسەدو دوو توێژینەوە، وڵاتی سعودیە بە هەزار نۆسەد و شەست و یەك و میسریس تەنها بە پێنجسە دو بیست و دوو توێژینەوە بەشدارن. لێرەدا وڵاتی ئێراق وڵاتانی یەمەن، سۆمال و سوریای بە جێهشتووەو لە دوای كوێت و بە حرێنەوەیە.
“ئاریشەكانی بەردەم ئەو زانكۆیانەی گەرەكیانە ببن بەو زانكۆیانەی گرنگی بە توێّژینەوە دەدەن”
دەتوانین ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو زانكۆیانە لە چەند خاڵێكدا كۆیان بكەینەوە كە لە گشت وڵاتانی دواكەوتوودا وەك دیاردە دەبینرێ؛
1- پشتگیری نەكردنی دارایی حكوومەت و نەبوونی بودجەی تایبەت بۆ توێژینەوەی زانستی، لە بەرانبەردا حكومەت بیر لە بەشبەشكردنی خوێندن دەكاتەوە لە تەك كەرتی تایبەتدا دەرئەنجام كەڵكی خوێندن لە بری كۆمەڵگا بۆ تاكەكەس دەبێت.
2- نەبوونی ڕۆشنبیری لێكۆڵینەوە لە كۆمەڵگادا، لە ناوەندی توێژینەوەدا بە تایبەت، ئەوكات توێینەوەی زانستی وەڵامی پرسە گرنگەكان بداتەوە دەبێت بە ئامرازێك بۆ ئامانجی جیاواز لە زانكۆكاندا.
3- نەبوونی هاوبەشی یان هاوپشكی لە نێوان زانكۆ و بازاڕدا كە هۆكارێكی پاراوكردنی توێیژنەوەی زانستیە.
4- نەبوونی ئازادی سەربەخۆیی، بوونی زانكۆ بە ئامرازێكی حیزبی و بانگەشەكردنی بیروباڕە و ئایدۆلۆجیایەكی دیاریكراو، كاریگەری زانكۆ بە گەندەلی و بیرۆكۆاتی كارگێڕی.
5- نەبوونی خۆتەرخانكردنی تەواو بۆ لێكۆڵینەوەی زانستی، گرنگیدان بە لایەنی وانەگوتنەوە و كارگێڕی، دابینەكردنی ژیانی شایستە بۆ مامۆستا و ناچاركردنی كە بیر لە كار دووەم و سێیەم بكاتەوە.
“ئەنجام”
گواستنەوەی زانكۆی نەریتی بۆ زانكۆیەك توێژینەوە كاری لە پێشینەی بێت كارێكی سادە و سانا نییە، پێویستی بە گەلێك سەرچاوە و بارودۆخە، وەك پرۆفیسۆر “فلیب إلتباش” دەڵێت؛ داواكراو نییە لە زانكۆ گەشە سەندۆكان هاوشێوەی زانكۆ پێشكەوتۆكانی وەك ئۆكسقۆر، هارفاردبن، گشت سەرچاوەو بارودۆخێكیان بۆ دابین بكرێت، چوون هەریەكێكان بارودۆخێكی تایبەتی هەیە، بەڵكو پێویستە زانكۆ گەشەسەندۆكاندا ئیرادەیە ئەوەیان هەبێت ببن بە زانكۆیەك لێكۆڵینەوە لە پێشینەی كارەكانی بێت. توانای ئەوەی تیادا بێت پێشنیارو بیرۆكەی زانكۆ پێشكەوتۆكان لە بەرچاو بگرێت. پێویستە زانكۆ گەشە سەندۆكان قوناغی بەكاربردن تێ پەڕێنن و نوێترین زانیاری و زانین بخەنە بەرچاو و دەستی خوێندكارایان.