لەساڵی ١٩٩٤ تا ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەعس، بەهیمەتی ڕەوانشاد سەرۆک “مام جەلال” و حکومەتی هەرێم توانرا؛ سێ گرێبەستی نەوتی ئەنجامبدرێت لە کێڵگەکانی (تەق تەق) لە جۆری گرێبەستی خزمەتگوزاری لەگەڵ کۆمپانیای (جینڵ ئینێرجی) کە یەکێک لەگرێبەستەکان خودی سەرۆک “مام جەلال” واژۆی لەسەرکردوو و، ئەمە گرێبەستانە بوونە بنەما بۆ ئەوەی نهوت وغاز ببنە سەرچاوەی داهاتی “هەرێمی کوردستان”. لەدوای ڕووخاندنی ڕژێم و پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی لە “ئێراق” لەساڵی ٢٠٠٥ و سەلماندنی مافی وەکو یەکی (کورد و عەرەب) لە بەڕێوەبردنی نەوت و غاز لە ئێراق و جێگیرکردنی ئەم مافە لە ماددەکانی (١١١ ،١١٢)ی دەستووری هەمیشەیی “ئێراق” کە بەهیمەتی لیژنەی نوسینەوەی دەستوور کە ژمارەیەکیان کوردبوون و دیسانەوە سەرۆک “مام جەلال” پشکی شێری هەبوو.
لە ساڵی ٢٠٠٧دا پەرلەمانی کوردستانی بە پشتبەستن بەو دوو ماددەی دەستوور یاسای (نەوت و غاز)ی هەرێمی کوردستانی ژمارە (٢٢) ی ساڵی ٢٠٠٧ دەرکرد، پاڵپشت بەم یاسا؛ حکومەتی هەرێم توانی (٥٧) گرێبەستی لەگەڵ پەنجا و حەوت دەوڵەت و کۆمپانیا ئەنجامبدات و، بۆری نەوتی کوردستان بەندەری “جەیهان” ببەستێتەوە و “هەرێمی کوردستان” بە نەخشەی وزەی جیهانەوە ببەستێتەوە، دیسانەوە ڕۆڵی ڕەوانشاد سەرۆک “مام جەلال” بەرچاو و، دیاربوو لە ڕۆژی دەستپێکردن و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەڕێگەی بۆری کوردستانەوە.
بە بۆچوونی بەندە؛ هەنگاوەکانی پرۆسێسی نەوت تا نەخۆش کەوتنی سەرۆک “مام جەلال” بە شێوازێکی ئاسایی ڕۆیشت و بێ کێشە بوو، لە داگیرکەرانی کوردستان دەیوت؛ دەوڵەتی کوردستان خەونی شاعیرانەیه، بەڵام لە پاڵ ئەمەدا، بنەما سەرەکیەکانی دەوڵەتی دادەنا کە سەرچاوەی ئابورییە و، ئامادەکردنی ژێرخان و سەرخانی بەهێز بۆ هەرێمی ئێستا و دەوڵەتی ئایندە، بەڵام بەداخەوە دوای نەخۆشکەوتنی ئاراستەکە گۆڕا و بە بۆچوونی من پەلەکرا لەڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ و ئەوکێشانەی کەبەدوای خۆیداهێنای. بگەڕێینەوە بۆ ناونیشانەکەمان، ئایا ڕۆڵی نەوت ئەرێنی بووە یان نەرێنی؟ ئایا ئەم قەیرانەی ئەمڕۆ نەوت هێناویەتی؟ یان بێ پلانی و کەمتەرخەمی حکومەتە بۆ سەرچاوەکانی ئابوری تر وەک تەواوکاری ئابوری کوردستان؟ بە بۆچوونی من؛ ڕۆڵێکی گرنگی بینی، لەڕوانگەی پەیداکردنی داهات بۆ “هەرێمی کوردستان” و پشتیوانی سیاسی و دەستووری بۆ “هەرێمی کوردستان”، لە ئەمڕۆدا هاووڵاتیانی “هەرێمی کوردستان” نەوت و غاز وەکو سەرچاوەی نەهامەتی و هەژاری سەیردەکەن، بەڵام بە بۆچوونی من؛ پێچەوانەکەی ڕاسته و، نەوت ڕۆڵێکی ئەرێنی بینیووە و، توانیویەتی پشکی شێری هەبێت لە ئابوری کوردستان، بەڵام کێشەکە لەوەدایە؛ بڕیار بەدەستانی حکومەتی “هەرێمی کوردستان” تەنها پشتیان بە تاکە سەرچاوەی داهاتی نەوت بەستووە، نەوتیش ناتوانێت جێگەی سەرچاوەکانی تر بگرێتەوە.
ئەگەر ئێمە شیکارییەک بۆ بودجەی هەرێم بکەین، ئەوجا دەزانین کە نەوت پشکی شێری گرتووە و خزمەتێکی باشیکردوە، ڕۆڵەکەی ئەرێنییە، نەرێنی نییە کە بەم شێوەی لای خوارەوەیە:-
هەرێمی کوردستان لەئێستادا پێویستی مانگانەی تەنها بۆ مووچە نزیکەی ملیارێک دۆلارە، جگە لە پڕۆژەکان. با تەنها باسی مووچە بکەین؛ هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی (یەک ملیار دۆلار) هەیە و ساڵانە (دوانزە ملیار دۆلار) بۆ ئەوەی ئەم دوانزە ملیارە پەیدا بکات، دەبێت بەگوژمەی نزیکەی (بیست و چوار ملیار دۆلار) نەوت بفرۆشێت بۆئەوەی مافی کۆمپانیا نەوتییەکان بدات. لەئێستادا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی فرۆشتنی نەوت، (دە) مانگی دیاریکردووە و ئەگەر ئێمە لەڕوانگەی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت-ەوە شیکاری بکەین؛ ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هەرێم لەساڵی ٢٠٢٠ دا بەبڕی (چوار ملیار دۆلار) نەوتی فرۆشتوە و دەردەکەوێت ناتوانێت بەگوژمەی (بیست وچوار ملیار دۆلار) نەوت بفرۆشێت، کەواتە بۆمان ڕوون بووەوە؛ ئەوە تاوانی نەوت نییە کە “هەرێمی کوردستان” تووشی قەیرانی دارایی وئابوری بۆتەوە، بەڵکو بێ پلانی حکومەتە، کە پشتی کردۆتە سیانزە کەرتەکەی تری سەرچاوەی ئابوری، کە کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، پیشەسازی، پترۆکیمیاوی، پیشەسازی، بازرگانی، بانک، تەندروستی، پەروەردە و، خوێندنی باڵا،هونەر و وەرزش…هتد.
چارەسەر
پێویستە حکومەتی “هەرێمی کوردستان” بۆ پڕکردنەوەی بودجەکەی و ڕزگاربوون لەکورتهێنانی بودجه، بیر لەپلانێکی تۆکمەی ئابوری بکاتەوە، ملەڕێگەی وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆییەوە، چەندین سەرچاوەی ئابوری تر بۆ هەرێمی کوردستان پەیدابکات و، خۆی ڕزگار بکات لە پاشکۆیەتی ئابوری و سیاسی بەغداد و وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش؛ چەند نمونەیەکە لە پشت بەسەتن بەنەوت و، دیاریکردنی داهاتی نەوت بۆپڕکردنەوەی بودجە:-
١- ڕووسیا: بە گشتی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت، چل لەسەد پشت بەداهاتی نەوت دەبەستن بۆ پڕکردنەوەی بودجە جگەلە (هەرێم، بەغداد، نایجیریا، کۆنگۆ). ڕووسیا ئەگەر نەوت چل دۆلار بکات تووشی کورتهێنانی بودجە نابێت.
٢- سعودیە: ئەگەر نرخی یەک بەرمیل نەوت بگاتە (هەشتا دۆلار) پاشان سعودیە ڕزگاری دەبێت لەکورتهێنانی بودجە.
٣- هەرێمی کوردستان: دەبێت نرخی نەوت بگاتە ٣٠٠ دۆلار، ئینجا “هەرێمی کوردستان” دەتوانێت بودجەیەک ئامادە بکات بۆ مووچە و بودجەی بەکارهێنان جگە لەوەبەرهێنان، ئەمەش مەحاڵە و، بەم حاڵەوە هەتا هەتایە نایەتەدی، هەربۆیە دووبارە دەڵێم؛ ئەوە تاوانی نەوت وغاز نییە کە هەرێم تووشی قەیرانی دارایی و ئابوری بووە، بەڵکو بێ پلانی و پشتکردنە کەرتەكانی ترە. پەندێکی پێشینانی کورد دەفەرمووێت (ئەوەی بەتەمای خاڵۆ و، مامە بێت بەبێ شێو سەردەنێتەوە) ئەگەر هەرێمیش بەتەمای بەغداد بێت ئەوا دڵنیابن بەبێ شێو و لەسەرما ڕەقدەبینەوە و، هەرێم بەغداد بە فریادڕەس دەزانێت ئەویش هانای بۆ بانکی دەولی بردووە، بۆ دووبارە شەش (ملیار دۆلاری)تری قەرز، ئێمەی لێ قەماو هانا بۆ لێ قەوماوێکی تر دەبەین، کە بەدوای قەرزا دەگەڕێت.