نه‌بوون یان لاوازی هه‌ر یه‌كێك له‌و بنه‌مایانه ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ونه ژێر پرسیاره‌وه، به‌شێكی گرنگی ئه‌و بنه‌مایانه بریتیه له‌بابه‌ته كرداریه‌كانی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن هه‌ر له‌ده‌ستپێكه‌وه هه‌تا كۆتاییه‌كه‌ی، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه له‌م بابه‌ته‌دا به‌شێوه‌یه‌كی پوخت باسی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ڕێوشوێن و پێویستیه‌كانی ده‌كه‌ین له‌ده‌ستپێكه‌وه هه‌تا كۆتایی.
قۆناغه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن:
یه‌كه‌م: چوارچێوه‌ی یاسایی هه‌ڵبژاردن:
هه‌بوونی چوارچێوه‌ی یاسایی بۆهه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن وه‌ك نه‌خشه‌ڕێگای پرۆسه‌كه وایه، بریتیه له چه‌ند یاسایه‌ك كه به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه وبهشێوهیهك بهشێوهكان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر پرۆسه‌كه هه‌یه، ئه‌مانیش به‌گشتی له‌چه‌ند یاسایه‌ك پێكدێت وه‌ك (ده‌ستوری وڵات، یاساكانی هه‌ڵبژاردن، یاسای حیزبه‌كان) هه‌روه‌ها یاسا‌و ڕێسا و ڕێوشوێنه ڕێككاریهكانیش ده‌گرێته‌وه كه ده‌زگای به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ڵبژاردن ده‌ریده‌كات وه‌ك ڕێسا ڕێككاریهكان و په‌یمان نامه‌ی شه‌ره‌ف.
به‌نیسبه‌ت هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م یاسایانه په‌یوه‌ست وبهركارن بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان: یاسای ژماره (1)ی ساڵی(1992) هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌مواركراو، وه یاسای ژماره‌ی (17) ی ساڵی 1993 كه بهسایای حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ناسراوه، وه یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن وڕاپرسی هه‌رێمی كوردستان ژماره(4)ی ساڵی (2010)، له‌گه‌ڵ هه‌ردوو په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی ژماره(1)ی ساڵی(2015)و په‌یڕه‌وی ناوخۆی كارگێڕی هه‌ڵبژاردن ژماره(2)ی ساڵی (2015)، كه‌له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌تی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستانه‌وه ده‌ركراون، له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌وی ژماره (1) ی ساڵی 2018ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان تایبه‌ت به (په‌یڕه‌وی ئاماده‌كردن و نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و خستنه‌ڕوی تانه‌كان، بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان) .
له‌گه‌ڵ هه‌ر په‌یڕه‌و وڕێكارێكی تر كهلهوبارهیهوه ده‌ربچێت له‌لایه‌ن كۆمیسيۆنهوه، له‌وانه ڕێسای ڕه‌فتاری قه‌واره‌سیاسیه‌كان و یهیڕهوی ڕۆژی ده‌نگدان و ڕێككاری جیاكردنه‌وه و ژماردنی ده‌نگه‌كان.
دووه‌م: به‌ڕیوه‌بردنی هه‌ڵبژاردن:
بریتیه له‌و ده‌زگایه‌ی كه به‌رپرسه له ئه‌نجامدان وبه‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان وسه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌موو پێكهاته سه‌ره‌كیه‌كانی پرۆسه‌كه، ئه‌م ده‌زگایه‌ش له‌هه‌ر وڵاتێك به‌جۆرێك ڕێكده‌خرێت وچه‌ندین ناوی جیاوازی هه‌یه، وه‌ك (لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن، لیژنه‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كان، لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن، فه‌رمانگه‌ی كاروباری هه‌ڵبژاردنه‌كان، كۆمیسۆنی نیشتمانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان….)له هه‌رێمی كوردستان ناوی ئه‌و ده‌زگایه (كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی)یه‌و له‌پێی یاساكه‌ی به‌ته‌واوی له‌ڕوی ئیداری و داراییه‌وه سه‌ربه‌خۆیه.
شێوازی جیاوازیش هه‌یه بۆ ڕێكخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت حكومه‌ت خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات، له‌هه‌ندێ وڵاتیش ده‌زگای سه‌ربه‌خۆ به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن وله‌هه‌ندێ وڵاتی تریش تێكه‌ڵه‌یه‌كه له‌هه‌ردوو شێوازه‌كه.
پێویسته ئه‌وه بڵێین كه كاری به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردن زۆر گرنگ وپڕ بایه‌خه، چونكه بۆ به‌ڕیوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی پاك وبێگه‌رد پێویسته ئه‌و ده‌زگایه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌بات یاسا وڕێسای تایبه‌ت و ڕۆشن وگشتگیری هه‌بێت بۆ چۆنێتی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه، كه گه‌ره‌نتی چاودێریه‌كی تۆكمه و شه‌فافیه‌تێكی گشتگیر بكات.
سێ یه‌م: ده‌ستنیشانكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن:
ئه‌م پرۆسه‌یه به‌وه ده‌بێت كه هه‌موو وڵات دابه‌ش ده‌كرێت بۆ چه‌ند به‌ش و بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی ڕێكخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، جاری واهه‌یه هه‌موو وڵات به‌یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن ههژارمار ده‌كرێت، هه‌ندێ جاریش به‌پێی دابه‌شكردنه ئیداریه‌كان ژماره‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن دیاریده‌كرێن.
هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و نمونه‌یه‌ی وه‌رگرتووه كه سه‌رجه‌م هه‌رێم یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه وته‌واوی ده‌نگه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم هه‌ژمارده‌كرێت، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی ئێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئێراق وڵاته‌كه‌ی دابه‌شكردووه بۆ سه‌ر هه‌ژده بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌پێی ژماره‌ی پارێزگاكانی ئێراق، كه ده‌نگه‌كانی هه‌ر بازنه‌یه‌ك له‌سنوری خۆیدا هه‌ژمارده‌كرێت و كاندیده‌كانیش له‌سنوری یه‌ك بازنه‌دا كێبه‌ركێ ده‌كه‌ن.
چواره‌م: تۆماری ده‌نگده‌ران:
ئه‌م به‌شه گرنگی خۆی هه‌یه له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا و چه‌ند ڕویهك له‌خۆی ده‌گرێت:
1- لیستی ده‌نگدان (سجل الناخبین): ئه‌م تۆماره بریتیه له لیستی ناو وزانیاری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه مافی ده‌نگدانیان هه‌یه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا و له‌ڕوی یاساییه‌وه له‌و مافه بێ به‌ش نه‌كراون و له‌م لیسته‌دا تۆماركراون.
2- تۆماركردنی ده‌نگده‌ران (تسجیل الناخبین): ئه‌مه‌ش بریتیه له قۆناغی تۆماركردن وداخڵكردنی زانیاریه‌كانی ده‌نگده‌ران له تۆماری ده‌نگده‌راندا، كه به‌شێوه‌كی ڕێك‌وپێك ڕێكده‌خرێن بهپێیناوچهی نیشته‌جێبوون وبنكه و ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان.
3- به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌نگدان: بریتیه له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی كه ده‌درێت به‌ده‌نگده‌ر بۆ دڵنیابوونی ناوه‌كه‌ی له‌تۆماره‌كه‌دا و له‌ڕێگه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌وه ده‌نگی خۆی ده‌دات له‌ڕۆژی ده‌نگدان، ئه‌مه‌ش به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردن له‌وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر ده‌گۆڕێت، بۆ نمونه له‌هه‌ندێ وڵان كارتی ده‌نگدان له‌لایه‌ن ده‌زگای سه‌رپه‌رشتیاری هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه ده‌درێته ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی ناویان لهتۆماردا هه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ئێراقدا كرا له‌پێدانی كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدان، به‌ڵام به‌نیسبه‌ت هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی 2018 كارتی ده‌نگدان بۆ ده‌نگده‌ر دروستنه‌كراوه و نهیشكراوهته مه‌رجی ده‌نگدان، به‌ڵكو ده‌نگده‌ر ئه‌گه‌ر ناوی له‌تۆماره‌كه‌دا هه‌بوو ئه‌وا ڕۆژی ده‌نگدان به‌یه‌كێك له‌م سێ به‌ڵگه‌نامه یاساییه ده‌توانێت ده‌نگی خۆی بدات (ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئێراقی، كارتی نیشتمانی، پاسپۆرتی ئێراقی كه به‌رواره‌كه‌ی به‌سه‌ر نه‌چوبێت).
4- بڵاوكردنه‌وه‌ی لیستی ده‌نگده‌ران: بۆئه‌وه‌ی ده‌نگده‌ران و ئه‌وانه‌ی خۆیان تۆماركردووه دڵنیاببنه‌وه له هه‌بونی ناویان له لیستی ده‌نگده‌راندا، ده‌بێت لیستی ده‌نگده‌ران ماوه‌یه‌كی دیاریكراو پێش هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه بڵاوبكرێته‌وه ومافی ده‌نگده‌رانه به‌دواداچوون بۆ ناو و زانیاری خۆیان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی لیستێكی سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌بێت كه پێوسیته به‌ماوه‌ی نوێكردنه‌وه‌دا تێپه‌ڕببێت بۆ ئه‌وه‌ی شێوازی كۆتایی خۆی وه‌رگرێت.
5- نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران: واته نوێكردنه‌وه‌ی زانیاریه‌كانی ناو تۆماری ده‌نگده‌ران به‌شێوه‌یه‌كی خولی، مه‌رج نیه هه‌موو خولیێكی هه‌ڵبژاردن سه‌رله‌نوێ تۆمارێكی تازه ڕێكبخرێته‌وه، به‌ڵكو هه‌ر ئه‌و تۆماره بنه‌ڕه‌تیه‌ی ده‌نگده‌ران كه‌هه‌یه هه‌موو خولێكی هه‌ڵبژاردن پێوسیته نوێ بكرێته‌وه، ئه‌ویش به‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كی وورد له‌پێناو نوێكردنه‌وه‌ی زانیاریه‌كانی ده‌نگده‌رانی ناو تۆماره‌كه‌دا، وه‌ك لابردنی ناوی ئه‌وانه‌ی كه مردوون، زیادكردنی ناوی ئه‌وانه‌ی كه ده‌بنه خاوه‌نی مافی ده‌نگدان، ئه‌پده‌یتكردنه‌وه‌ی زانیاری ئه‌وكه‌سانه‌ی كه شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆیان گۆڕیوه، پێداچوونه‌وه به ئینتیشاری هه‌ڵبژاردن و ڕێكخستنه‌وه‌ی ناوه‌ند و بنكه‌كانی ده‌نگدان به‌پێی پێوسیت، هه‌موو نوێكردنهوهیهكیش ئه‌مانه له‌خۆی ده‌گرێت:
أ- كوژاندنه‌وه‌ی ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه مردوون. ب- ناوی ئه‌و كه‌سانه زیاد ده‌كرێت كه ته‌مه‌نیان گه‌یشتووته ئاستی یاسایی ده‌نگدان. ج- ئه‌و كه‌سانه‌ی شوێنی نیشته‌جێبونیان گۆڕاوه شوێنی نیشته‌جێی نوێیان ده‌نوسرێت. د- هه‌ركه‌سێك هه‌ڵه له زانیاریه‌كانی هه‌بێت بۆی ڕاست ده‌كرێته‌وه. ھ- ئینتیشاری بنكه و ناوه‌نده‌كان به‌پێی تۆماری نوێ داده‌ڕێژرێته‌وه.
پێنجه‌م: ئه‌وانه‌ی مافی دنگدانیان هه‌یه:
بۆ پێدانی مافی ده‌نگدان پشت به بنه‌ما یاساییه‌كانی ئه‌و وڵاته ده‌به‌سترێت كه هه‌ڵبژاردنی تیادا ئه‌نجام ده‌درێت، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌موو وڵاتان مافی ده‌نگدان ته‌نها به هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن، واته ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاته‌ن، ئیدی له‌ناوخۆی وڵات بن یان له‌دره‌وه‌ی وڵات بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌ندێ جار ڕیزپه‌ڕ له‌مه‌دا هه‌یه، له‌باره‌ی ته‌مه‌نی ده‌نگده‌ریشه‌وه جیاوازی هه‌یه له‌نێوان وڵاتاندا، له‌هه‌ندێ وڵات ئه‌و كه‌سانه مافی ده‌نگدانیان هه‌یه كه 18 ساڵیان ته‌واوكردوه، ژماره‌یه‌ك وڵاتیش 21 ساڵی ده‌كه‌نه پێوه‌ری مافی ده‌نگدان.
له‌بواری جیاكاری ڕه‌گه‌زیشه‌وه، پێوه‌ری دیموكراسی وبێگه‌ردی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌یه كه جیاكاری نه‌كرێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئاین و ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌ب و… له‌پێدانی مافی ده‌نگداندا، به‌ڵكو ته‌نها بنه‌مای هاوڵاتیبوون بكرێته پێوه‌ر، به‌ڵام له‌هه‌ندێ وڵاتی دواكه‌وتوو تائێستاش مافی ده‌نگدان به ئافره‌ت نه‌دراوه.
شه‌شه‌م: چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردن:
پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن پێویستی به چاودێریكردن هه‌یه، ئه‌ویش خۆی پرۆسه‌یه‌كه له‌ڕیگه‌یه‌وه چاودێران هه‌ڵده‌ستن به چاودێری وئاگابوون له هه‌ڵبژاردنه‌كان و سه‌رجه‌م ڕێ وشوێنه‌كانی و ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتی پێویست له‌باره‌یه‌وه بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه دهگونجێتلهگهڵ چوارچێوه‌ی یاسایی و پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تی وجیهانیهكانی هه‌ڵبژاردن یاخود نا، ئه‌م چاودێریكردنهیش له‌ڕێگه‌ی ده‌زگا تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه ده‌كرێت به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجامده‌ری هه‌ڵبژاردن، له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن ده‌كرێت، لایه‌نه‌كانی چاودێریكردنیش ده‌كرێت ناوخۆیی یان نێوده‌وڵه‌تی بن، ئامانجیش له چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردن بۆ دڵنیابوونه له‌وه‌ی كه هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی (ئازاد و بێگه‌رد) ئه‌نجامدراون، به‌پێی ئه‌م پێوه‌رانه:
1- هه‌ڵبژاردنه‌كه گشتی بێت: واته ده‌نگدان و خۆكاندیدكردن مسۆگه‌ر ودهستهبهركرابێت بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه به‌پێی سایا مافیان هه‌بووه، وهیاساكه دادپه‌روه‌ری ڕهچاوكردبێت.
2- هه‌بوونی یه‌كسانی له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا: واته یه‌كسانی له ده‌نگدان و یه‌كسانی له دابه‌شكردنی كورسیه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك كه به‌پێی توانا ڕێژه‌ی دانیشتوان به‌پێی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن یه‌كسان بێت، هه‌موو كه‌سێك ته‌نها یه‌ك جار مافی ده‌نگدانی هه‌بێت، هه‌موو كه‌سێك ده‌رفه‌تی یه‌كسانی هه‌بێت كه به‌ئاسانی ده‌نگی خۆی بدات.
3- هه‌ڵبژاردنێكی ئازادبێت: ئه‌مه‌ش واته مسۆگه‌ركردنی ئازادی ته‌واو بۆ ده‌نگده‌ر كه به‌ویستی خۆی ده‌نگبدات به‌پێی بیروبۆچوونی خۆی به‌دور له چاودێری و فشار به‌و قه‌واره سیاسیه‌ی كه خۆی مه‌به‌ستیه‌تی.
حه‌وته‌م: خشته‌ی كاتی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان:
واته دانانی خشته‌یه‌كی كاتی ڕوون كه تیایدا به‌وردی ئه‌ركه‌كانی هاوبه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن دیاریكرابێت، ئه‌ركی كۆمسیۆن وقه‌واره سیاسیه‌كان وڕێكخراوه‌كان وچاودێرهكان ودهزگاڕاگهیاندنهكان…، هه‌روه‌ها واده‌كانی په‌یوه‌ست به‌هه‌ڵبژاردن ڕوونكرابێته‌وه به‌پێی بهروار وه‌ك ماوه‌ی خۆتۆماركردن، ماوه‌ی تۆماركردنی قه‌واره سیاسیه‌كان، ڕۆژی ده‌نگدان، شێوازی ده‌نگدان، ماوه‌ی تانه و سكاڵاكان، واده‌ی گه‌یشتن و دابه‌شكردنی كه‌لوپه‌له‌كان، واده‌ی كردنه‌وه وداخستنی بنكه‌كان… .
هه‌شته‌م: كاندیدكردن:
كاندید ئه‌و كه‌سه‌یه كه كه به‌شێوه‌ی فه‌ڕمی تۆمارده‌كرێت و ده‌پاڵێورێت بۆ به‌شداری له كێبه‌ركێی هه‌ڵبژاردن، ئیتر ئه‌مه به‌شیوه‌ی تاكه كه‌سی بێت وه‌ك پاڵێوراوێكی سه‌ربه‌خۆ، یاخود له ڕێگه‌ی حیزبێكی به‌شداری پرۆسه‌كه‌وه بێت وه‌ك پاڵێوراوێكی حیزبی، به‌نیسبه‌ت هه‌رێمی كوردستانه‌وه كاندیده‌كان له‌ڕێگه‌ی لیستی قهوارهسیاسیهكانهوه ده‌چنه كێبه‌ركێی هه‌ڵبژاردنه‌وه، واته كاندیدی سه‌ربه‌خۆ بوونی نیه، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی لیستی نیمچهكراوهیه وهه‌ر لیستێكیش له 3كه‌س كه‌متر نیه، پرۆسه‌ی كاندیدابوونیش ئه‌م قۆناغانه ده‌گرێته‌وه:
1- ناونانی پاڵێوراوه‌كان: بریتیه له‌و هه‌نگاوه‌ی كه تیایدا حیزب و قه‌واره سیاسیه‌كان لیسته‌كانیان و تاكه‌كانیش داواكاری خۆكاندیدكردن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێت به‌پێی ئه‌و مه‌رجانه بێت كه‌یاسا بۆ پاڵێوراوه‌كانی دیاری ده‌كات، به‌پێی پۆسته جیاوازه‌كان كه هه‌ڵبژاردنیان بۆ ده‌كرێت.
2- كشانه‌وه‌ی پاڵاوتن: بریتیه له كشانه‌وه‌ی كاندید یاخود پاڵێوراو له هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن كه خۆی بۆ كاندیدكردووه یاخود كاندیدكراوه بۆی له‌لایه‌ن قه‌واره‌یه‌كی سیاسیه‌وه.
3- بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری كاندیده‌كان: دوای پرۆسه‌ی وردبینی كردن، پاڵاوتن قۆناغی كۆتایی وه‌رده‌گرێت وناوهكان په‌سه‌ند ده‌كرێن له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، پێوسته ئه‌و ده‌زگایه‌ی هه‌ڵبژاردن بهڕێوهدهبان هه‌ستێت به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریه‌كانی هه‌موو كاندیده‌كان بۆ ڕای گشتی.
4- تانه‌دان: ئه‌مه بریتیه له‌پرۆسه‌ی چاوخشاندنه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی به شایسته‌یی وشیاوی كاندیده‌كان بۆ پاڵاوتنیان، به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌شێوه‌ی ڕه‌سمی و یاسایی ده‌گاته كۆمسیۆن و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌رباره‌ی كاندیده‌كان، لێره‌دا ئه‌گه‌ر به‌پێی یاسا په‌یوه‌ندیداره‌كان سه‌رپێچیه‌ك هه‌بێت چاو به پاڵاوتنیدا ده‌خشێنرێته‌وه و ڕێككاری یاسایی له‌به‌رانبه‌ردا ده‌گیرێته به‌ر.
5- بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆتایی لیستی پاڵێوراوان وزانیاریهكانیان: ئه‌مه‌یان بریتیه له بڵاوكردنه‌وه وڕاگه‌یاندنی لیستی كۆتایی پاڵێوراوه‌كان، دوای یه‌كلاكردنه‌وه‌ی تانه‌كان وهه‌ڵسه‌نگاندنی كۆتایی، كه ئیتر هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و لیستانه ئه‌نجامده‌درێت.
نۆیه‌م: هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن:
هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌به‌شێكی دانه‌بڕاو له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن داده‌نرێت، هیچ پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن به ته‌واو دانانرێت ئه‌گه‌ر ڕێگه به‌وه نه‌درێت هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ڵبژاردنی ڕێك‌وپێك وڕوون وئاشكرای تیاداههبێت، هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنیش بریتیه له چه‌ندین چالاكی سیاسی وجه‌ماوه‌ری، كه تیایدا قه‌واره سیاسیه‌كانی به‌شداری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ڕاوسه‌رنج وبه‌رنامه وپرۆگرامی خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه ده‌نگده‌ران، له‌نمونه‌ی چالاكیه‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بریتین له چاوپێكه‌وتن وكۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری وكۆنفرانس و وتارخوێندنه‌وه وبه‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی وچالاكی تری میدیایی وگفتۆگۆ وڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نیوان كاندیده‌كان…، ئه‌مه‌ش له‌پێناوی گه‌یاندنی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی پاڵێوراوه‌كان وقه‌واره سیاسیه‌كانه به ده‌نگده‌ره‌كان وكۆكردنه‌وه‌ی پشتیوانیه بۆ به‌رنامه‌كانیان، هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت هه‌رجۆره میكانیزمێك له‌میكانیزمه‌كانی دیموكراسی تیادا به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام لایه‌تی ڕێكخه‌ری هه‌ڵبژاردن(كۆمسیۆن)به پشت به‌ستن به‌یاسا په‌یڕه‌و و ڕێككاری پێویست له‌باره‌ی بانگه‌شه‌وه ده‌رده‌كات وتیایدا سزای جۆراوجۆر بۆئه‌و لایه‌ن وكه‌سانه دیاریده‌كات كه پێشێلی بنه‌ما دیموكراسیه‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، یاخود په‌نا وه‌به‌ر میكانیزمی توندوتیژ وناشارستانی ده‌به‌ن، یانیش ڕێككاره یاساییه به‌ركاره‌كان پێشێل ده‌كه‌ن كه بۆ ئه‌و بابه‌ته دانراوه، سزاكان له غه‌رامه‌ی داراییه‌وه ده‌ستپێده‌كات وهه‌ندێ له‌و سزایان ده‌گاته ئاستی دورخستنه‌وه‌ی كاندید یان قه‌واره سیاسیه‌كه له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.
وه‌ك نه‌ریتیش هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌و كاته‌وه ده‌ستپێده‌كات كه زانیاری كاندیده‌كان به‌ته‌واوی یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه و له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه په‌سه‌ند ده‌كرێن، وه به‌ماوه‌یه‌ك پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ڵبژاردن كۆتایی به هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌هێنرێت.
ده‌یه‌م: ده‌نگدان:
پرۆسه‌ی ده‌نگدان دوا كرداره كه ده‌نگده‌ر ئه‌نجامی ده‌دات له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، خودی ده‌نگدانیش له‌وكاته‌وه ده‌ستپێده‌كات كه ده‌نگده‌ره‌كان ده‌چنه ناو شوێنی دیاریكراو بۆ ده‌نگدان ودهنگهكانیان له‌ڕێگه‌ی كارت یان وه‌ره‌قه‌ی ده‌نگدانه‌وه ده‌ده‌ن وسه‌رجه‌م ڕێوشوێنه‌كان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ئه‌و شوێنه‌یش كه ده‌نگی لێده‌درێت وخودی ده‌نگدانه‌كه‌یش چه‌ند هه‌نگاو و ڕێوشوێنێكه به‌م شێوه‌یه:
1- بنكه‌ی ده‌نگدان(مركز الاقتراع): ئه‌و شوێنه‌یه كه دانراوه بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی ده‌نگدان تیایدا وده‌نگده‌ر ڕوی تێده‌كات به‌مه‌به‌ستی به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی كرداری ده‌نگدان، ئه‌م بنكه‌یه‌ش به‌سه‌رپه‌رشتی كارمه‌ندێكی ئه‌و ده‌زگایه ده‌بێت كه پرۆسه‌ی ده‌نگدان به‌ڕیوه‌ده‌بات(كۆمسیۆن)، بنكه‌ی ده‌نگدانیش ڕه‌نگه پێكبێت له یه‌ك وێستگه‌ی ده‌نگدان یان چه‌ند وێستگه‌یه‌كی ده‌نگدان، له‌هه‌ندی وڵاتیش هاوڵاتی هه‌ر له‌خودی بنكه‌كه‌دا ده‌نگ ده‌دات و وێستگه‌ی ده‌نگدان بوونی نیه، له‌هه‌رێمی كوردستان سیسته‌می بنكه و ووێستگه كاری پێده‌كرێت، كه هه‌ر بنكه‌یه‌ك له چه‌ند وێستگه‌یه‌ك پێكدێت.
2- وێستگه‌ی ده‌نگدان(مركز الاقتراع): بریتیه له یه‌ك ژووی تایبه‌ت به‌ده‌نگدان،كه به‌ڕێوه‌به‌رێك وچه‌ند فه‌رمانبه‌رێكی هه‌یه وده‌كه‌وێته ناو بنكه‌ی ده‌نگدانه‌وه وكرداری ده‌نگدانه‌كه‌ی تیادا ئه‌نجامده‌درێت له‌لایه‌ن ده‌نگده‌ره‌وه، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ماوه‌ی ده‌نگدانه‌كه‌وه به‌ڕوی ده‌نگده‌راندا ده‌كرێته‌وه.
3- كارمه‌ندی ده‌نگدان: یه‌كێكه له فه‌رمانبه‌ره‌كانی كارگێڕی هه‌ڵبژاردن كه به‌شداری ده‌كات له به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی وێستگه یان بنكه‌ی ده‌نگداندا له‌ڕۆژی ده‌نگدان، هه‌ر وێستگه‌یه‌كی ده‌نگدان پێنج كارمه‌ند یان زیاتری پێویسته.
4- شوێنی نهێنی ده‌نگدان: بریتیه له كابینه‌یه‌كی بچوك له‌ناو وێستگه‌ی ده‌نگداندا كه له‌ناویدا ده‌نگده‌ر به‌وپه‌ڕی نهێنیه‌وه ده‌نگه‌كه‌ی خۆی ده‌دات به‌دور له‌هیچ چاودێری وفشارێك، ئیتر زۆرجار ئه‌م شوێنه به‌په‌رده یان ته‌خته یان ژوری كارتۆن وپلاستیك دروستده‌كرێت، به‌مه‌رجێك نه‌توانرێت له‌ده‌ره‌وه ده‌نگده‌ره‌كه‌ی ناوی ببینرێت له‌كاتی دهنگدانهكهیدا و ده‌نگه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌بێت.
5- سندوقی ده‌نگدان: ئه‌مه‌یان سندوقێكه به‌قه‌باره‌یه‌كی دیاریكراو كه ده‌نگده‌ر دوای دیاریكردنی لیست و كاندیدی دڵخوازی خۆی، كارتی ده‌نگدانه‌كه‌ی تێده‌كات له‌ڕێگه‌ی ده‌رچه‌یه‌كه‌وه كه له‌سه‌ره‌وه‌ی سندوقهكهدایه، ئه‌م سندوقه به‌یه‌كێك له ئامرازه هه‌ستیاره‌كانی هه‌ڵبژاردن داده‌نرێت، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌كه‌دا پێش ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌س ده‌نگ بدات، له‌لایه‌ن كارمه‌ندانی هه‌ڵبژاردنی وێستگه‌كه‌وه به‌تاڵی سندوقه‌كه ده‌سه‌لمێنرێت بۆهه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له‌وێ ئاماده‌ن وه‌ك نوێنه‌ری قه‌واره سیاسیه‌كان وچاودێرانی هه‌ڵبژارنه‌كه، به‌به‌تاڵی پیشانیان ده‌درێت، ئه‌م سندوقه له‌ڕێگه‌ی كڵۆم (قفڵ)ی تایبه‌ته‌وه كه كۆدی له‌سه‌ره، سه‌ره‌كه‌ی داده‌خرێت، ته‌نها ده‌رچه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌هێڵدرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر كارته‌كه‌ی لێوه بخاتهناوی، دوای ته‌واو بوونی كاتی ده‌نگدان ئه‌و ده‌رچه‌یه‌ش بهكڵۆمێكی هاوشێوه‌ی كڵۆمهكانی تر داده‌خرێت و كۆدی سه‌رجه‌م كڵۆمهكان له فۆڕمێكی تایبه‌ت ده‌نوسرێت له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری وێستگه‌ی ده‌نگدانه‌وه.
6- كارتی ده‌نگدان(ورقة الاقتراع): كارتێكی تایبه‌ته وبه‌پێی تایبه‌تمه‌ندی پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌كه دیزاینكراوه وڕێكخراوه، ناوی كاندید یان قهوارهسیاسیهكانی به‌شدار له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی له‌سه‌ره له‌گه‌ڵ لۆگۆكانیان، ڕۆژی ده‌نگدان ده‌درێته ده‌نگده‌ر بۆ ئه‌وه‌ی چاوی پیابخشێنێت وبه‌ویستی خۆی ئه‌وكه‌س یان لایه‌نه هه‌ڵبژێرێت كه خۆی ده‌یه‌وێت، ئه‌ویش له‌ڕیگه‌ی دانانی نیشانه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و (سیمبول، لۆگۆ، وێنه، لیست…)هی كه خۆی ده‌یه‌وێت وله‌سه‌ر كارته‌كه هه‌یه.
بۆ ڕاپرسیهكانیش نیشانه‌كه له‌لایه‌ن ده‌نگده‌ره‌وه له به‌رده‌م به‌ڵێ یان نه‌خێر داده‌نرێت بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی له‌سه‌ر كارته‌كه هه‌یه وئاراسته‌ی ده‌نگده‌ر كراوه.
یازده‌یه‌م: داخستنی بنكه و وێستگه وسندوقی ده‌نگدان:
ئه‌م قۆناغه یه‌كه‌م هه‌نگاوی كاتی ته‌واوبوونی ماوه‌ی ده‌نگدانه، له‌دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌یه ته‌واو ده‌بێت كه بۆ پرۆسه‌ی ده‌نگدان دانراوه، سه‌ره‌تا ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی له ڕیزدا وه‌ستاون له‌به‌رده‌م بنكه‌ی ده‌نگدان ده‌كرێنه ناو بنكه‌كه‌وه وده‌رگای بنكه‌ی ده‌نگدان داده‌خرێت كه چه‌ند وێستگه‌یه‌ك له‌خۆی ده‌گرێت، ئیتر ڕێگه به ده‌نگده‌ری تر نادرێت بچنه ژوره‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی هاتوونه‌ته ژووره‌وه هه‌ر یه‌كه‌و له‌وێستگه‌ی خۆی ده‌نگ ده‌دات ئیتر وێستگه‌ی ده‌نگدانیش داده‌خرێت، پاشان دوای ده‌نگدانی كۆتا ده‌نگده‌ر سندوقی ده‌نگدانی هه‌ر وێستگه‌یه‌كیش بهكڵۆمێكی تایبه‌ت داده‌خرێت به‌به‌رچاوی بریكاری قه‌واره‌سیاسیه‌كان وچاودێرانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه، كه بۆیان هه‌یه كۆدی كڵۆمهكانی سندوقه‌كه لای خۆیان تۆماربكه‌ن، دوای ئه‌وه پرۆسه‌یه‌ك ده‌ستپێده‌كات كهژماردن وجیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانه لهههروێستگهیهكدا.
به‌نیسبه‌ت هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، كاتژمێر 6ی ئێواره سه‌رجه‌م بنكه و وێستگه‌كانی ده‌نگدان داده‌خرێن وده‌نگدان وپرۆسه‌ی ده‌نگدان كۆتایی دێت.
دوازده‌یه‌م: ژماردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان:
ئه‌مه كۆتا قۆناغی پرۆسه‌ی ده‌نگدانه، كه دوای داخستنی وێسگهكه ده‌ست ده‌كرێت به‌ژماردن وپاشان جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان، ئه‌مه‌ش زۆرجار به‌ده‌ست ده‌كرێت وهه‌ندێ جاریش به‌ئامێری ئه‌لیكترۆنی ئه‌نجام ده‌درێت، له‌هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا هه‌ربه‌ده‌ست ئه‌نجامدراوه، به‌ڵام له ئێراق له دواین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پشت به هه‌ژماركردنی ئه‌لیكترۆنی به‌سترا، به‌ڵام ناڕه‌زاییه‌كی توندی لێكهوتهوه و بووبه‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنی ئێراق له‌كاربخرێت وئه‌نجامی هه‌ژماری ئه‌لیكترۆنی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، شوێن وكاتی ژماردن وجیاكردنهوهش به‌وپێیه‌ی كه یاساكانی هه‌ڵبژاردن دیاریكردوه ده‌گۆڕێت، له‌هه‌ندێ وڵات وه‌ك ئێراق ئه‌مه له وێستگه‌كاندا ده‌كرێت ڕاسته‌وخۆ دوای ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان، له‌هه‌ندێ وڵاتیش له ناوه‌ندێكی تایبه‌ت ئه‌نجامده‌درێت، ئه‌وه‌ی گرنگه پێویسته ژماردن وجیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ڕوون وئاشكرابێت وپرۆسه‌ی چاودێریكردن ڕێگه‌ی پێ بدرێت، وه میكانیزمی پێویست بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بگیرێته به‌ر.
به‌نیسبه‌ت هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له 2018 دا، هه‌ژماردن و جیاكردنه‌وه به‌ده‌ست و له‌وێستگه‌ی ده‌نگداندا ده‌كرێت وجارێكی تر له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا هه‌ژمار ناكرێته‌وه مه‌گه‌ر سكاڵا هه‌بێت.
سیازده‌یه‌م: چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكی وناڕهزاییهكان:
تانه وناڕه‌زایی وپهڵپ وسكاڵاكانی ههرپرۆسهیهكی هه‌ڵبژاردن بابه‌تێكه پێویستی به‌چاره‌سه‌ركردن هه‌یه، كه تیایدا ته‌ماشای هه‌موو ئه‌و سكاڵا‌و تانانه ده‌كرێت كه له‌لایه‌ن لایه‌نی ڕێگه پێدراوه‌وه تۆماركراون سه‌باره‌ت به‌پرۆسه‌كه ولهناوهرۆكهكانیان ده‌كۆڵرێته‌وه، ئیتر سكاڵاكه په‌یوه‌ست بێت به‌هه‌ر قۆناغێكه‌وه جیاوازی نیه وهه‌موویان یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردن ویاساكارپێكراوهكانی تر كه‌په‌یوه‌ستن به‌پرۆسه‌كه‌وه.
چوارده‌یه‌م: گواستنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان:
ئه‌م بابه‌ته له وڵاتێك بۆ وڵاتیكی تر ده‌گۆڕێت، ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌كه بریتیه له گواستنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه دوای ژماردن وجیاكردنهوهیان، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه ده‌بێت كه فۆڕمی ئه‌نجامه‌كان ئیمزا ده‌كرێت له‌لایه‌ن لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه (كه‌بریتین له به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ده‌نگدان یان به‌ڕێوه‌به‌ری وێستگه ده‌نگدان، كارمه‌ندانی هه‌ڵبژاردن، چاودێره‌كان، بریكاری قه‌واره‌سیاسیه‌كان، كاندیده‌كان…)، ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌ش بۆ ناوه‌ندێكی سه‌ره‌كی ده‌بێت كه ده‌زگای به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردن (كۆمسیۆن)دیاریده‌كات، ئه‌م پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌یه بۆئه‌وه‌یه كهئهنجامهكان به‌فه‌ڕمی ڕابگه‌یه‌نرێن له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌زگایه‌ی كه یاسا ڕێگه‌ی پێداوه، كه ئه‌ویش دامه‌زراوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانه (كۆمسیۆن)، له‌هه‌رێمی كوردستان فۆڕمی ده‌ره‌نجامی هه‌ر وێستگه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری وێستگه‌كه‌وه ته‌سلیمی به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی ده‌نگدان ده‌كرێت وفۆڕمی ئه‌نجامی سه‌رجه‌م بنكهكهیش له‌ڕێگه‌ی ڕێكخه‌ری بنكه‌كه‌وه ته‌سلیمی فه‌رمانگه‌ی پارێزگای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن وڕاپرسی ده‌كرێت، كه ده‌بێت به‌ڕێوه‌به‌ری وێستگه‌كانی هه‌ر بنكه‌یه‌ك ئاماده‌ی ئه‌م تهسلیمكردنه بن.
پازده‌یه‌م: ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان:
بریتیه له‌ڕاگه‌یاندنی فه‌ڕمی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه، تیایدا ئهوهڕادهگهیهنرێت كه كۆی ئه‌و ده‌نگانه چه‌ندن كه پاڵێوراوێك یان حیزبێكی سیاسی به‌شدار له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا به‌ده‌ستی هێناون، هه‌روه‌ها ناوی براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان وژماره‌ی كورسیه‌كانی ههرقهوارهیهكی سیاسی ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، ئه‌مه‌ش به‌پشت به‌ستن به‌یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌روه‌ها له پرۆسه‌ی ڕاپرسیدا ڕێژه‌ی ئه‌وده‌نگانه دیاریده‌كرێت كه‌هه‌ریه‌ك له (به‌ڵێ)و (نه‌خێر) به‌ده‌ستیان هێناوه.
پرۆسه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن زۆرجار دووقۆناغ له‌خۆی ده‌گرێت، له‌سه‌ره‌تادا ئه‌نجامه به‌راییه‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نرێت ودوای یه‌كاڵاكردنه‌وه‌ی سكاڵا وتانهكان ئه‌نجامی كۆتاییش ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، كه زۆربه‌ی جار جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆ له‌نێوان ئه‌نجامه به‌راییه‌كان وئه‌نجامه كۆتاییه‌كاندا نیه.