ھاوپەیمانییەک بوو بۆ ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ ی پەرلەمانی ئێراق دامەزرا، لایەنەکانی لە ڕووی سیاسی و ئایدۆلۆجیاوە جیاوازبوون لە یەکتری دیارترینیان تەیاری سەدر و حیزبی شیوعی ئێراقی بوو، لە ھەلبژاردنی ١٢/٥/٢٠١٨ توانیان ٥٤ کورسی پەرلەمان بەدەست بھێنن.
دامەزراندن
– لە ١٧ی کانونی دووەمی ٢٠١٨ لە ھۆتێل شیراتۆنی شاری بەغداد لە کۆنگرەیەکدا بە ئامادەبونی سەرانی پارتە سیاسییە بەشدارەکان و کەسایەتی دیار و لایەنگرانی خۆیاندا ٍڕاگەیەندرا.
– ھەڵگری پەیامی (سائرون بەرەو چاکسازی) بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی شارستانی.. دەوڵەتی ھاونیشتیمانی و دادگەری کۆمەڵایەتی بوون.
– پێکدێن لە تەیاری سەدر و چەند پارتێکی تری عیلمانی ئەوانیش: حیزبی شیوعی ئێراقی, حیزبی ئیستیقامەی وەتەنی, حیزبی تەجەموعی عەرەبی ئێراقی, حیزبی تەرەقی و ئیسڵاح, حیزبی دەولەی عادیلە و حیزبی شەباب و تەغەییر.
– حیزبی ئیستیقامە نوێنەرایەتی تەیاری سەدر دەکات لە ھاوپەیمانیەکەدا پاش ئەوەی کوتلەی ئەحرار بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر ھەڵوەشایەوە کە ٣٤ کورسی پەرلەمانی ئێراق و ٣ وەزارەتی ھەبوو.
ئامانجەکان
– لایەنەکانی بەشدار لەم ھاوپەیمانییە دووپاتی دەکەنەوە ئامانجیان باشکردنی پرۆسەی سیاسییە لە ئێراق و چارەسەری کێشە ئاڵۆزەکان و بەشبەشێنەی تائیفیە.
– بەرپرسەکان پێیان وایە ھاوپەیمانییەکە دوای ھەڵبژاردنیش بەردەوام دەبێت بۆ چاکسازی سیاسی, ئابوری, کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و بۆ دامەزراندنی بناغەکانی دەوڵەتی شارستانی و دورکەوتنەوە لە پشکپشکێنەی تایەفی.
یەکەمین ھەڵبژاردن
لە ١٢/٥/٢٠١٨ توانیان لەسەر ئاستی ئێراقدا یەکەمین براوەی ھەڵبژاردن بن و ٥٤ کورسی بەدەست بھێنن له کۆی ٣٢٥. موقتەدا سەدر لە ئەژماری خۆی لە تویتەر نوسیبووی:(چاکسازی سەردەکەوێت و گەندەڵی دەیدۆڕێنێت)، ھەروەھا نوسیبووی (کورسی و پلە بۆ ئێوەو، نیشتیمانیش بۆ ئێمە).
شایانی باسە موقتەدا سەدر نەیاری سەرەکی ئەمریکییەکان و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بووە بەڕادەیەک عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری گەورەی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ٢٠١٨ گوتی:(ڕێگا نادەین شیوعی و لیبراڵییەکان فەرمانڕەوای ئێراق بکەن)، وەک ئاماژەیەک بۆ تەیاری سەدر و حیزبی شیوعی ئێراقی.
سەرچاوە: ماڵپەڕی جەزیرە