رۆبەرت ئۆبراین ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند: “ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ناوی (کایلا مولەر)ی لێنراوە”.
کایلا مولەر کێیە؟
چی پەیوەندییەکی بە داعش و ئەبوبەکر بەغدادی و کوشتنیەوە هەیە؟
کایلا مولەر (لەدایکبووی ١٩٨٨)، خانمە چالاکوانێکی ئەمریکی بوو، لەگەڵ ڕێکخراوە فراگوزارییە مرۆییەکاندا لە سوریا کاری دەکرد، بەرلەوەی وەک بارمتە لەلایەن داعشەوە بڕفێنرێت.
بەگویرەی زانیارییە هەواڵگرییەکان، لێپرسراوانی ئەمریکا بۆیان دەرکەوتووە کە (کایلا) لەلایەن خودی ئەبوبەکر بەغدادییەوە دەستدریژیی سێکسیی کراوەتەسەر. لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥دا خانەوادەی کایلا ئەو زانیارییەیان پێگەیشتووە.
ئەوکات (کارل مولەر)، باوکی (کایلا)، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “پێیان وتین (بەغدادی) کچەکەتانی مارەکردووە، بەڵام هەموومان دەزانین کە ئەو قسەیە مانای چییە”.
هەروەها (مارشا)، دایکی (کایلا)، ئەوەی ڕاگەیاند کە کچەکەی بەخواستی خۆی شووی بە بەغدادی نەکردووە، بەڵکو بەزۆر مارە کراوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتە سەری و مامەڵەی خراپ بووە لەگەلیدا.
مانگی ئابی ٢٠١٣، کایلا مولەر لە شاری حەلەب لەلایەن داعشەکانەوە ڕفێنرا، کاتێک سەرقاڵی کاری فریاگوزاری مرۆیی و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی جەنگی ناوخۆیی سوریا بوو.
پاش دوو ساڵ، داعش ڕایگەیاند کە (کایلا) بەهۆی بۆردومانێکی ئاسمانیی ئوردنەوە کوژراوە، بەڵام ئەمریکا ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوەو کوژرانەکەی خستە ئەستۆی داعش.
هەر لەو ساڵەدا (بی.بی.سی) لەزاری لێپرسراوانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە: “خودی بەغدادی، کایلا-ی بردووەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، دوای ئەوەی لە کامپی ئەبو سەیاف چاوی پێی کەوتووە”. ئەبو سەیاف، بەرپرسی دارایی داعش و سەرپەرشتیاری فرۆشتنی نەوت و غازی ژێر دەسەڵاتی داعش بوو، لە ئایاری ٢٠١٥دا لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە کوژرا.
زانیاری لە کچە ئێزدییەکانەوە
لێپرسراوانی ئەمریکا ئەو زانیارییانەیان دەربارەی ئازاردانی کایلا، لە دوو کچە ئێزدییەوە پێگەیشتبوو، کە ئەوانیش لە کامپی ئەبو سەیاف وەکو کەنیزەک لەلایەن داعشەکانەوە دەست بەسەر کرابوون، بەڵام پاش ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر کامپەکە، ئەو دوو کچە ئێزدییە ئازادکران.
دوو کچە ئێزدییەکە بە ئەمریکییەکانیان وتبوو، چەند جارێک (کایلا)یان بینیوە لەگەڵ (ئوم سەیاف)ی ژنی ئەبو سەیاف. ئەوەبوو لە هەمان ئۆپەراسیۆندا، هێزەکانی ئەمریکا (ئوم سەیاف)یان دەستگیرکرد.
کچە ئێزدییەکان زانیاریی هەواڵگریی ئەوتۆیان پێشکەش کرد کە ئەمریکییەکان بۆ لێپرسینەوە لە ژنەکەی ئەبو سەیاف سودیان لێ وەرگرت، سەرەنجام ئوم سەیاف زانیاریی وردتری خستە بەردەستی ئەمریکییەکان دەربارەی سەرانی داعش و شوێنی حەوانەوەیان.
دایکی کایلا دەڵێت: “کچەکەم وەکو دایکێکی بەسۆز وابووە بۆ ئەو کچانەی تر کە بە کەنیزەک کراون، هەمیشە هەوڵیداوە ئەو کچانە بپارێزێت کە تەمەنیان منداڵ بووەو لەگەڵیدا بوون”.
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی (بی.بی.سی)، دواتر ژنەکەی ئەبو سەیاف ڕادەستی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کراوە بەمەبەستی دادگاییکردنی.
دەربارەی کایلا مولەر
کایلا مولەر لەدایکبووی ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکایە، لەگەڵ دایکوباوکی و برا گەورەکەیدا پێکەوە ژیاون.
بەو جۆرە وەسفی کایلا دەکرێت کە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ هاوکاریی لێقەوماوان. لەپاش تەواوکردنی خوێندن، لە هندستان و ئیسرائیل و فەلەستین لەگەڵ ڕێکخراوەکانی فریاگوزاریی مرۆییدا کاری کردووە.
ساڵی ٢٠١٢ خۆی گەیاندووەتە سنووری تورکیا- سوریا، بۆ کارکردن لە پرۆسەکانی فریاگوزاری لەگەڵ ئەنجومەنی دانیمارکی بۆ پەنابەران و ڕێکخراوی مرۆیی “پاڵپشتی ژیان”دا. بەردەوام بووە لە بەسەرکردنەوەی کامپەکانی پەنابەران.
لە ئابی ٢٠١٣دا، پاش دەرچوونی لە نەخۆشخانەیەکی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێنراوە.
مانگی شوباتی ٢٠١٥، وا بڵاوکرایەوە کە بەهۆی بۆردومانێکی ئاسمانیی ئوردنەوە کوژراوە، بەڵام ئەمریکا دەستبەجێ ڕایگەیاند کە کایلا لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کوژراوە.
و/ سیڤەر
سەرچاوە/ BBC