بچوکترین شاری ڕۆژئاوای کوردستانە، هاوسنورە لەگەڵ تورکیادا، کەوتۆتە باکوری خۆرهەڵاتی شاری عەفینەوە، ناوچەیەکی بە پیتە بۆ کشتوکاڵ کردن، هەربۆیە ئابوریەکەشی لەسەر کشتوکاڵ، میوە ، سەوزە، هەروەها بە خێوکردنی مەڕو ماڵات، کۆبانی شارێکی تەواو کوردنیشنە، ئەگەر چی بەهۆی سیاسەتی بەعەرەب کردنەوە شارەکانی خۆرهەڵاتی(گرێ سپی وجەرابلوس) کورد و عەرەب تێکەڵن، سنوری تورکیا لەگەڵ کۆبانی داخراوە بەڵام ڕێگاکانی جەرابلوس و گرێ سپی کراوەیە بۆ بازرگانی، کە هۆکارێکی پەرەپێدانی پیشەسازی و ئابووریەکی زربووە، لەو دووشارە، بەڵام گۆشەگیری ئابوری کە بۆتە هۆی گەشەنەسەندنی شارەکە هۆکاری سیاسیە و بە ئامانجی دابڕانی کوردانی باکوری کوردستانە لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ناوی کۆبانی
ناوی کۆبانی بە بۆچوونی خەلکەکەی لە ووشەی کۆمپانی یەوە ھاتووە چونکە لە ساڵانی ١٩١٠ تا ١٩٢٠ ئۆفیسی کۆمپانیایەکی ئەڵمانیی لێبوو کە پڕۆژەی ھێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر (بەرلین- بەغدا) ی جێبەجێ دەکرد دەووبەری ئۆفیسەکە بە کرێکاری کۆمپانیاکە و خێزانەکانیان ئاوەدان بوویەوە کە زۆرینەیان کوردی ھەرێمەکە بوون، دواتر ناوەکە بە شێوەی کۆبانی مایەوە.
زمانی کوردی لە کۆبانی
زۆربەی شار و شارۆچکە و گوندەکانی ڕۆژئاوای کوردستان زمانی کوردیان لێ قەدەغە کراوە لە لایەن حکومەتی سوریاوە، لە دوای ساڵی ١٩٧٠ وە ناوی زۆربەی گوندە کوردیەکان بە پێی پەخشنامەیەک لەوانە پەخشنامەی ١٥٨٠١ کراون بە عەرەبی،کە دواتر لە لایەن وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەوە بڕیاردرا کە سەرجەم شاروشارۆچکەکان ناوە کوردیەکانیان لێبکرێتەوە بەمەش شاری کۆبانی ناو نرا عەین عەرەب.
هەڵکەوتەی جوگرافی و دانیشتوانی شارەکە
کۆبانی سەر بەپارێزگای حەلەبە کە ١٦٥کیلۆمەتر لەو شارەوە دورە، نزیکەی ٢٥٠ هەزارکەس دانیشتوویەتی، کە ٧٥٠٠٠ هەزار کەسیان دانیشتووی سەنتەری شارەکەن.
بەڵام بەگوێرەی ئامارێکی تری کە هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی یاسادانی کۆبانی رایگەیاندوە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٥٠ هەزارکەسە. هەروەها ٣٦٠ گوندی هەیە.
چالاکی ئابوری
کشتوکاڵ کە پارێزەری ئاسایشی خۆراکە پیشەی سەرەکی خەڵکی کۆبانێە کە بەرهەمەکانیان بریتین لە گەنم، نیسک، نۆک، باینجان، جۆ، گارس (ھەرزن)، کونجی، کەمون (زەردەچەوە) و شووتی وکاڵەک. ھەروەھا لە زۆر شوێن فستق و میوەی قەیسی و ترێ و ھەنجیر و ھەنار کە ژمارەی گوندەکانیان بریتیە لە ٣٦٠ گوندە و ڕۆلی گەورەیان هەیە لە پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆ.
حکومڕانی کورد لە شارەکە
لە دوای دروستبوونی بەهاری عەرەبی و ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوخۆی سوریا کە بۆیە جێگای ململانێی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان پارتی یەکێتی دیموکراتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری راگەیاند ئەمەش پاش ئەوە هات کە هێزەکانی بەشار ئەسەد لە ١٩/٧/٢٠١٢ شارەکەیان چۆڵکرد،، پەیەدەش ناوچە کوردیەکانی بۆ (٣) کانتۆن دابەش کرد، کە بریتی بوون لە کانتۆنی جەزیرە و عەفرین و کۆبانێ.
ئەم کانتۆنەیە کە لە ڕۆژی ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ ڕاگەیاندرا، کە لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای کوردەوە بەڕێوەدەبردرێت کە ئەو ئەنجوومەنە دامەزراوەیەکی سەر بە پەیەدە. ئەنوەر موسلیم سەرۆک یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئەو کانتۆنە هەڵبژێردرا.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری (حکومەتی کۆبانی)
ئیدارەی خۆسەری کانتۆنی کۆبانی لە سەرەتادا لە ٢٢ دەستە پێکهاتبوو، کە دواتر کەمکرایەوە بۆ ٢٠ دەستە بە پێی پێویستی، لە دوای ڕزگارکردنەوەی تەواوی شارەکە لە دەست تیرۆرستانی داعش بە هۆی دروستبوونی قۆناغێکی نوێوە کەمکراوەتەوە بۆ ١٣ دەستە کە ئەم دەستانە ڕۆڵی وەزارەت دەبینێت.
ئەنجوومەنی یاسادانان (پەرلەمانی کۆبانی)
ئەنجومەنی یاسادانانیان هەیە کە لە ٦١ ئەندام پێکدێت، لەسەر بنەمای تەوافقی سیاسی نەتەوەکان پێکدێت، کە دیاری کردنی ئەم ژمارە ئەندامە دەگەڕێتەوە بۆ ژمارەی دانیشتوانەکەی کە بۆ هەر (٥) هەزار کەسێک نوێنەرێک هەیە، کە ڕۆڵی پەرلەمان دەگێڕێت و لە ١٢/١/٢٠1٤دامەزراوە، بەشێکی کارەکانیان چاودێری کردنی کارەکانی خۆبەڕێوبەری کانتۆنەکەیە.
خوێندنی باڵا لە شاری کۆبانی
پێشتر لە چوارچێوەی سیاسەتی رەگەزپەرستی دژی کورد هیچ زانکۆیەک بوونی نەبووە لە شارە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڵام دوای حوکمرانی کورد هەنگاو بە هەنگاو سێ زانکۆ کرایەوە کە یەک زانکۆی لە شاری کۆبانی بوونی هەیە کە هەر بەناوی زانکۆی کۆبانیە لەساڵی ٢٠١٧ کرایەوە و بەشەکانی فیزیا وکیمیا و بیرکاری و هەروەها کۆلێجی زمانی کوردی هەیە کە زمان و ئەدەبی کوردی دەخوێنرێت و لەساڵی ٢٠١٨ بڕیاری فراوانکردنی زانکۆ و دروستکردنی زانکۆیەکی گەورە بۆ شارەکە درا.
کۆتایی تەعریبی زمان
بەهۆی ئەوەی لە لایەن حکومەتی سوریاوە سەرجەم شارو شارۆچکەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ناوەکانیان گۆڕاوە بۆ عەرەبی لە بەرواری ٢١/١/٢٠١٤بڕیار درا کە سەرجەم ناوە کۆنە ڕەسەنە کوردیەکان کە ناوی بنەڕەتی شار و شارۆچکە و گوندەکانە بگەڕێتەوە، ناوە عەرەبیەکان لا ببرێت. کە ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە لە مێژووی ڕۆژئاوا بۆ کۆتایی هێنان بە عەرەبکردنی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەی زمان و ئەدەب و کلتوری کوردی بۆی.
هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر کۆبانی
١٦/٩ /٢٠١٤، داعش زۆر خێرا هێرشی فراوانی بۆ سەر کۆبانی بەرپا کرد و گەمارۆیان دا.
10/١٠/٢٠14 تیرۆریستان دەستیان بەسەر بارەگاکانی شەڕڤاناندا گرت لە کۆبانی. پاش سێ ڕۆژ، داعش ڕێی بۆ خۆش بوو، دەستی بەسەر نیوەی شاری کۆبانیدا گرت.
هەڵوێستی لە بیرنەکراوی باشوری کوردستان بۆ ڕۆژئاوا
لە ڕۆژی ٢٢/١٠/ ٢٠١٤ پەرلەمانی کوردستانی باشوری کوردستان رەزامەندی نیشاندا کە هێزی پێشمەرگە بنێردێت بۆ کۆبانی.
٣٠/١٠/٢٠١٤، (150) پێشمەرگە بە چەکی قورسەوە و بۆ جەنگان دژ بە داعش چوونە کۆبانی. کە دواتر لە بەرواری ٢٦/١/٢٠١٥ پاش بەرگری کردنی زیاتر لە ١٣٣ ڕۆژ لە شاری کۆبانی لە لایەن شەرڤانانەوە و هاوکاری هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە و باشوری کوردستان و بە خوێنی زیاتر لە ٤٥٠ شەرڤانی شەهید و هەزاران بریندار شارەکە ئازادکرا، کۆبانیش بووە سومبلی بەرگری کردن و چونکە لە کۆبانی جگە لە کوران کچانیش بەهەمان شێوە و هاوشانی کوران بەرگیان لە شارەکەیان کرد.
کەسایەتیە دیارەکان
شاری کۆبانی چەندین کەسایەتی دیاری هەیە لەناوەندی ڕۆشنبری وەک نووسەر و شاعیر و رۆمان نووس جان دۆست کە خاوەنی چەندین بەرهەمە هەروەها شاعیر ڕۆمان نووس شاهین بەکرێ سۆرەکلی.
کۆبانی وەک ناوێکی درەوشاوە
لەدوای ئەوەی شاری کۆبانی بۆیە ڕەمزی خۆراگری کورد و گەورەترین داستانی تێدا تۆمارکرا کە ڕۆژئاوا بەرگری کرد و باشور هاوکاری کرد و ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان و ڕەوەندی کوردی بە خۆپیشاندان پشتگیریان کرد بۆتە هەوێنی لە دایک بوونی چەندین کتێب وەک ڕۆمانی کۆبانی کە لە نووسینی جان دۆستە و درێژترین ڕۆمانیەتی، ڕۆمانی مردن ئەرا کۆبانی کە بەزمانی فەرەنسی لە لایەن نووسەر پاتریس فرانچێسکی نووسراوە وەرگێری کورد سەلاحەدین بایەزیدی کردویەتی بە کوردی،سەمای کەزی و ڕووبار لە نوسینی خانمە ڕۆماننوسی عێراقی وەفا عەبدولرەزاق بەزمانی عەرەبی، وەرگێرانی بۆ کوردی روناک شوانی.
لیستی سەرچاوەکان
کتێب
١/ کەریم یەلدز،وەرگێرانی/ ئەرسەلان حەسەن، کوردەکانی سوریا، دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆلینەوە،چاپخانەی حەمدی، ساڵی ٢٠١٨.
٢/ سەرتیپ جەوهەر، گەشتێك لە وڵاتی خۆمەوە بۆ وڵاتی خۆم،چاپخانەی پیرەمێرد،لەبڵاوکراوەکانی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ،ساڵی چاپ ٢٠١٦.
ئینتەرنێت
3/ پێشمەرگە کێن.. چۆن داعشیان وەدەر نا و کۆبانییان ڕزگار کرد؟https://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=75201&fbclid=IwAR0QQsKctBt92NetAGOK_XyVfJqea1G2yrQy6mhnnAaaCv4wVzudW-SYb5w