ئێراقییەکان فێری باشتر لە ناوەندگەرایی نەکراون
دوای تێپەڕینی ١٧ ساڵ بەسەر ئازادبوونی “ئێراق” و بەشێک لە هەرێمی کوردستان لە ژێر دەستی رژێمی چەپەڵ، ناوەندگەرا، نەژادپەرست، فاشیست، کۆمەڵکوژکار و دکتاتۆریەکەی سەدام کەم شت لە “ئێراق” گۆڕاون. تێبینی دەکرێت هەمان بیرکردنەوەی ناوەندگەرایی کارگێڕی و بیرکردنەوەی سیاسی بەسەرچوو لە مێشکی نەوەی دوای سەدامیش هەیە. ئەمە بێجگە لە بوونی دیاردەی سەدامیزمی نوێ (نیۆ-سەدامیزم)، کە لە پاساوی شکستی کارگێڕی شیعی سیاسی زۆرینە بە کوێرانە سەدام و ڕژێمەکەی مەزن دەکرێن و ئاوێتەی دونیایەکی گریمانەیی بەهەشت-ئاسا دەکرێت، کە بوونی نەبووە. ئەو دیاردەیە بە ڕادەیەکە بێچوو و نەوەی دووەمی پاشماوەی جاشەکانی کوردستان-یشی گرتۆتەوە. دەکرێت پرسیار بکرێت، ئاخۆ هۆکارەکانی پاشکەوتنی کارگێڕی و سیاسی و دەوڵەتدارییەکەی چین.
لە عەرەبستانی ئێراقی و تایبەتی سونستان زۆر لۆمەی “ئەمریکا” دەکرێت گوایە هۆکاری پاشەگەردانێی ئێستا یان ئێراقی دوای سەدامە. لەو لاشەوە شیعەی سیاسی، وەکو سوودمەندی یەکەمی ئازادکردنی “ئێراق” لە چنگی سەدام و بنەماڵەکەی و سوننە سێبەرەکانی سەدام، ئەمریکا بە داگیرکار دەزانن و هەموو هەوڵێکیان خستۆتە گەڕ بۆ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، وەک بڵێی بوونی سەربازیی ئەمریکا کە لە ئەڵمانیا و ژاپۆنیش هەیە رێگرە لە دروستکردنی قوتابخانە و رێگە و بان و نەخۆشخانە و خزمەتگوزاری. ئەوەش دەبیندرێت کە شیعەی زۆرینەی سیاسی یان شیعیزمی سیاسی ئایینی لە ژێر هەژموون یان کاریگەری رەوتی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە بچوکترین یەکە کارگێڕییەکانیان لە ناسریە و بەسرە و کەربەلا و شاری سەدر شکستی زەقیان هێناوە، بێجگە لە شکستی گشتی لە تەواوی ئێراق، کە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
یەکێک لە چارەسەر ئەفسوونییەکانی کۆمەڵگە و وڵاتە فرە-پێکهاتە و کێشەدارەکان دابەشکردنییەتی بۆ پێکهاتە و دەوڵەتی نوێ. لەمە، سیاسی کورد کەمبین و نیازپاک و سادە بوو، نە دەبوو دوای نزیکەی یەک سەدە داپڵۆسین و کۆمەڵکوژی و کیمیاباران، بەهیچ شێوەیەک هەوڵی یەکخستنەوەی ئێراق بدەن و داوا بکەن بەشێک بن لە ئێراق. ئەمە خاڵێکی ڕەشە بە ڕووی سیاسیەتی سیاسییەکانی ئەو کاتی کورد، بەلایەنی کەم لە لایەنی نەوەی ئێستا بە شکستێکی ستراتیژی لەقەڵەم دەدرێت، چونکە نەک ئەو کات، دواتریش دوای هێزەکانی دیجلە و حەشد و میلیشیاکانی تر و هێرشەکان و بودجە بڕین، هەر کورد دەستپێشخەری یەکخستنەوەی ئێراقێک بووە؛ یەکخستنەوەی حکومەت و وڵاتێک کە کورد و کوردستانی وەکو پێکهاتەی فیدراڵی تەواوکاریی بەناو ئێراقی فیدراڵی لا پەسەند نیە و نەبووە و نابێت، تەنانەت بە زۆر و زیاد ناوی دەبات. دەبووایە کورد سوودی لە ئەزموونی وڵاتە کۆمەنیستییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا وەربگرتایە و بە کەمتر لە سەربەخۆیی یان بەلایەنی کەم کۆنفێدرالی سیاسی ڕازی نەبووایە. ئەمە دەرفەتێک بوو رەنگە دووبارەبوونەوەی ئەستەم بێت.
پەیوەست بە بەناو فێدراڵیبوونی ئێراق، دەکرا لە دەستپێکی قۆناغی دوای سەدام سوننە بە پلە یەک و شیعەکانیش بە پلە دوو داوای فیدراڵی فرە هەرێمییان بکردایە، نەک وڵاتێکی بەناو فێدراڵ و بوونی هەرێمێکی فیدراڵی بە تەنیا. فرە هەرێم بوونی “ئێراق” سوودی یەکجار زۆری دەبوو بۆ بوژانەوەی شار و شارۆچکە پشتگوێخراوەکانی باشوور، کە ئێستا زۆر جار بە نوێکردنەوەی ڕق لە کورد و کوردستان بودجە و لایەنی دیکە جۆش دەدرێن، چونکە ئامانجیان شاردنەوەی شکستەکانیانە بە زەقکردنەوەی ڕق بەرامبەر بە کورد.
چەند هۆکارێک هەن کە راستەوخۆ هەڵێنجراوی بیرکردنەوەی سیاسی عەرەبین و رێگرن لە بەردەم بە ئازادیی و فیدراڵیبوونی “ئێراق” و پێشکەوتنی وڵاتەکە و سوود وەرگرتن لەو ئازادییەی هاوشێوەکانیان پێی بوونە پێشەنگی جیهان وەکو ئەڵمانیا، ژاپۆن، تایوان، کۆریای باشوور و هتد… کە بە هاوشێوە ئەمریکا بە قسەی خۆیان “داگیری کردن”. یەکەم هۆکار؛ ڕاهاتن یان زاڵبوونی فەلسەفەی کارگێڕی ناوەندییە کە لە پێش دروستبوونی ئێراق و دوای دروستبوونی ئێراق و سەدام و ڕژێمەکەی لە ناواخنی هزری سیاسییەکانیان چەسپیووە؛ ئەوان باشتریان نە تاقی کردۆتەوە و ناشیانەوێت تاقی بکەنەوە، چونکە ئەوان داخباری لۆژیکی هێزن نەک هێزی لۆژیک. ئەوان پێشیان وایە هێز لە ناوەندییبوون دایە. ئەو ناوەندگەراییەی عەرەبی سیاسی رەنگە ڕەگی خێڵەکیی هەبێت، بەڵام کێشە لەوەدایە نەوەی ئێستاش لە بری تەماشای فێدراڵیزمی ئەمریکا بکەن، لە لایەک شیعە داخباری رژێمی ناوەندی ئایینی سیاسیی دەووروبەرن. لە لایەکی تر، سونەی سیاسیش خەون بە بوونی سەدامێک دەخوازن، تا بە لێکدانەوەی خۆیان لە زاخۆ تا فاو بخاتە ژێر ڕکێفی و شیعە و پێکهاتهکان بخاتە ژێر چنگی خۆی و ناوە ناوە قادسیە بکات و ببێتە بەربەستی بەرگری لە نیشتیمانی عەرەبی لەبەردەم هەژموونی فارسەکان، وەک لە پەرتووکی مێژوو و جوگرافیای سەردەمی سەدام و دواتریش وەک ژەهر دەرخواردی هزری قوتابیان دەدرا. ئەم بیرکردنەوەیە رۆچۆتە ناواخن و ترشەڵۆکی ناووکییان وەکو کۆستێکی دەروونی چەسپاوە و ڕزگاربوون لێی ئەستەمە (تۆمپسن، ٢٠١٥).
هۆکارێکی دیکەی پاشەگەردانێی عەرەبی سیاسی زاڵبوونی هەستی ئاینزایی و تائیفی و خۆ بە ناوەند زانینی مەزهەبیە (کۆردسمان، ٢٠١٩). بەناوەندکردنی مەزهەب یەکێکە لە کێشە قوڵ و مێژووییەکانی کارگێڕی و دەوڵەتداری عەرەبی. هەرچەندە دەستووری ئێراق لەسەر لێنووس کێشەی کەم بوو، بەڵام ناوە ناوە بە پاساوی زۆرینە هەوڵی هەموارکردنەوەی ئەم بڕگە و ماددە و یاسایە دەدەن تا لەگەڵ شیعیزم بیگونجێنن وەک چۆن لە سەردەمی سەدام سونیزم ناوەند بوو. ئەمە نمونەیەکی خراپی دەوڵەتداریە و وڵاتەکە بۆ ئەزموونە شکستخواردووەکانی وەکو تاڵیبان و رژێمەکانی دەوروبەر و رژێمی سەدام دەباتەوە. ئەم وابەستەییە مەزهەبیە بە بیانوو و هۆکاری مێژوویی و ئایینیە؛ کێشەیەک کە. تەمەنی زیاترە لە ١٣ سەدە!
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ئەو دواکەوتنە کارگێڕی و شکستە دەوڵەتدارییەی “ئێراق” خۆی لە سیاسەتی جیاکاریی و بە ئەویدی کردنی بەرامبەرە، ئینجا بەرامبەرەکە کورد بێت یان سوننە. بۆ نمونە لە نێو کورد پابەندیی کەسان یان چەند باڵی پارتەکانیان کڕیوون و لە نێو سونەش سوننەی تایبەت بە خۆیان هەن، بە تایبەت ئەوانەی بەغدا. لەوە کارەساتبارتر ئەوەیە دوای رژێمەکەی سەدام، سوننەکانیان بە چاوی بەعس تەماشا کرد، ئەگەر ئەمە پاساوی مێژووییشی هەبێت، گشتگیری کردن نەگبەتی و نەزانی و جیاکاریی و بە دوژمنکردنی بەرامبەرە. هەر ئەو گشتگیری کردن و پشتگوێ خستنە بوو دروستبوونی داعشی لێکەوتەوە. ئەو کات گەنجە سوننەکان وەک خەلافەت لە داعش و شەڕەکەشیان وەک قادسیە دەڕوانی تەنیا بۆ ڕزگاربوون لە سیاسەتی خراپی مالیکی و هاوشێوەکانی. بێجگە لە پشتگوێ خستنی سوننەی نێوەخۆ، سەدان هەزاران سوننە و پێکهاتەکانی تریش بە هۆی بوونی باوانیان لە بەعس یان لە ترسی جیاکاریی مەزهەبی ئێراقیان جێهێشتووە و ناتوانن بگەڕێنەوە. ئەمەش بۆشاییەکی مەزنی زانستی و ئەکادیمی و سیاسی و ئابووری دروست کردووە، چونکە زۆربەی بەعسییەکان ئەزموونێکیان لە ئێراق هەبووە، ئەگەر سوود لە بێتاوانەکانیان وەربگیردرایە یان بەلایەنی کەم ناوەکانیان کە لە دەرەوەن بانگێشت بکرانایەوە بۆ ئێراق، دەکرا سوودیان لە کایەکانی سەرەوە لێ وەربگیرایە. بێگومان ئەو سیاسەتی جیاکارییە کە بە شێوازی جیاجیا بەرابەر بە پێکهاتەکانی تریش پەیڕەو کراوە، کێشەی مەزنی بۆ نەک ئێستا، بەڵکو بۆ داهاتووش دەبێت و بەرۆکی “ئێراق” بەرنادات. دەکرێت ئەم رقئەستوورانە لە هەر دەرفەتێک بە ئێراقدا بتەقنەوە.
وەک ڕوونە ئازادیخواز، خۆپیشاندەر، گەنج و رۆژنامەنووس و شیکاری سیاسی و پزیشک و توێژەر رۆژانە لە “ئێراق” دەکرێنە ئامانج و تیرۆر دەکرێن یان وڵاتەکە جێدەهێڵن. ئەمەش بۆ هۆکاریی بەردەوامیی دیکتاتۆرییەت دەگەڕێتەوە کە نزیکەی یەک سەدە لە ئێراق بەردەوام بووە و یەک ڕەوت و پارت فەرمانڕەوایی دەکرد. ئێستاش کە ڕەخنەگرانی دەسەڵاتی شیعی سیاسی زیاتر دەکرێنە ئامانج زیاتر هۆکارەکە پەیوەستە بە رابردوی “ئێراق” و بە شێوەیەکی دیکەش هاوردەکردنی هەمان بیرۆکە کۆنەپەرستییەکەی وڵاتانی هاوسێ لە کردنە ئامانجی هەرچی رەخنەگرە، بەڵام لە بری دانە پاڵی تۆمەتی کێشەی ڕەوشتی و ناپاکیی، یەکسەر دەکوژرێن و تەقەیان لێ دەکرێت. ئەمە لایەنێکی بەرجەستەی ترە کە دەریدەخات ئازادی خواستی زۆرینەی ئێراق نیە و ڕەنگە بیریشی لێ نەکەنەوە.
لەرزۆکیی یان هۆکارێکی دیکەی پاشەگەردانێی “ئێراق” نەبوونی خواستی دێموکراسی و لێبوردەییە. ئەمە رەگێکی قوڵی مێژوویی بەلایەنی کەم بۆ ناوەڕاستی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە. ئەمەش دەکرێت تەواوکاری دیاردەیەکی دیکە بێت، کە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان بەربڵاوە، ئەویش نۆستالژیا و خەونبینین و بیرکردنەوەیە لە ڕابردوو. ئێستا “ئێراق” دوای دەرکردنی جووەکان لە چلەکانی سەدەی رابردوو، مەسیحییەکانیش بە پێکهاتەی نەتەوەیی جیاواز ڕێژەیان لە دابەزینە لە سەرتاسەری ئێراق (بێجگە لە هەرێمی کوردستان). شاڵاوی ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژکردنی کورد و دواتر کردنە ئامانجی کوردە ئێزیدییەکان لە لایەن داعش و دوایینیشیان هێرشی میلیشیا شیعییەکان بۆ سەر کەرکووک دووپاتی کردەوە، کە ڕەگی سڕینەوەی بەرامبەر قووڵە و نە پچڕاوە و بەردەوامیش دەبێت. ئەمە هەمان دیاردەیە کە هانا ئارێنت ئاماژەی بۆ دەکات، کاتێک پێکهاتەیەک مانەوەی خۆی بە نەمانی پێکهاتەکانی تر گرێ دەدات. ئەمەش باشترین و ئەرێنیترین داهاتووە لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسیی ئێستای “ئێراق” بۆ پێکهاتە ژمارە کەمەکان چاوەڕوان کراو بێت.
هۆکارێکی دیکە کە بەرپرسیارە لە شکستی لێبوردەیی و چەسپانی دێمۆکراسی و برەودان بە ئازادی، نەبوونی پێڕۆی و لیبرال و ئازادانەیە لە قوتابخانە و فێرگە و زانکۆ و پەیمانگەکانی ئێراق. پێڕۆکانی فێرکردن و پەرتووک و مامۆستاکانیش تا ئێستا لە ژێر هەژموونی هزری ناوەندی یان مەزهەبی و نەتەوەیی خۆیانن و قوتابیانیش لە نەبوونی پێڕۆیەکی پێشکەوتووی فێربوون راستەوخۆ دەکەونە ژێر کاریگەری هزری ناوەندی زۆرینە. ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پێشکەوتنی وڵاتەکە دەبێت. کاریگەرییەکانی نەبوونی پێڕۆی خوێندنی لیبراڵ و ئازادانە و لێبوردە بە زەقی لە تێکڕای “ئێراق” بەدەرکەوتوون، لەوانە نا-پابەندیی بە رێکارەکانی کۆڕۆنا لەناو گەنجان بە پلە یەک، دابەزینی ئاستی زانستی قوتابیان، جێهێشتنی “ئێراق” لە لایەن مامۆستا و ئەکادیمییەکان، دەمارگیری ئاینی و مەزهەبی و گەندەڵی و نەریتیبوون لە برەودان دان نەک کەم بوون. ئەمەش کاریگەی ماوە کورت و کاریگەری خراپتری دوور مەودای دەبێت. لەو هەلومەرجە تائیفی و مەزهەبیەی بوونی هەیە، هیوایەک نابیندرێت بتواندرێت پیڕۆ و سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا چاکسازی زانستی تیادا بکرێت و بکرێتە پەروەردەیەکی لیبراڵ و ئازاد، کە تاک سەنگ و توانا و بەرپرسیاریەتی خۆی بزانێت.
هۆکارێکی تر، کە دەکرێت هەر تێکەڵکێشی هۆکارەکانی سەرەوە بێت یان گرێدراویان بێت، بریتییە لە زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان. ڕوونە زۆربوونی دانیشتووان یان تەقینەوەی رێژەی دانیشتووان وەک ئێستا لە ئێراق و بە تایبەت لە نێو شیعە درک پێ دەکرێت، دەگەڕێتەوە بۆ نازانستی بوونی کۆمەڵگەکە لە لایەک و پشتگوێ خستنیان لە ڕووی زانستی و پەروەردەیی لە لایەکی دیکە. کۆمەڵگە نا-زانستی و نەریتییەکان خێرا ژمارەی دانیشتوانیان تیادا زیاد دەکات، چونکە هەم حکومەت پلانی درێژخایەنی تۆکمەی نیە، هەمیش خەڵک لەو ئاستە زانستی و رۆشنبیریە نین، وەک لە “ئێراق” زەقە، کە بتوانن ژمارەی منداڵەکانیان گرێدراوی سەردەم و توانای ئابووری و کۆمەڵایەتی و بەردەستبوونیان بێت بۆ پەروەردە کردنیان. وەک ئامارەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، ژمارەی دانیشتوانی “ئێراق” دوای رژێمەکەی سەدام و بە ماوەیەکی کەم، بەشێوازێکی پێوانەیی زیادیکردووە. بە پێی توێژینەوەکان (لێنتێک)، هەژارەکان و پشتگوێخراوکان و هاوسەرگیری بەبڵاو لە تەمەنی هەرزەکاریی، هۆکارن بۆ تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان. ئەمە کارتێکاری وەکو لایەنی کۆمەڵایەتیشی هەیە، کە گرێدراوە بە ئاستی رۆشنبیری تاک و کۆمەڵ و لێکدانەوە و تێگەیشتنیان بۆ سەردەم (نورس، ١٩٩١).
هۆکاری گەندەڵی یەکێتی ترە لە هۆکارە زەقەکانی شکستی “ئێراق” و بەربەستی بەردەمی بۆ پێشکەوتن. “ئێراق” هێزێکی یەکگرتووی یاسایی نیە، سیاسەتێکی ئاساییش و پاراستنی نیە، کەسایەتییە ئاینی و سەربازییەکان کاریگەری زەقیان بەسەر دەسەڵات و کایەکانی حکومەت هەیە. ئەمەش وایکردووە میلیشیای زۆر دروست بن و باس لە بوونی نزیکەی ٧٠ دەستە و کۆمەڵی میلیشیا ی حەشدی شەعبی دەکرێت بێجگە لە حەشدی پێکهاتەکان و هۆزەکان! ئەمەش وایکردووە داهاتێکی زۆر ئەبێ ئەوەی پێویستی بۆ ئەو هێزانە هەبێت تەخشان و پەخشان بکرێت. بێجگە لەمەش، ئەو کەسایەتییە سەربازی و ئاینی و سیاسییانەش بە پشکپشکێنە و دابەشکاری پایە و پۆستەکانیان دابەشکردووە، تەنانەت ئاماژە بە فرۆشتنیشیان دەکرێت. بەو پێیە، ئەوەندەی ئەو کەسانە سەرقاڵی بەرژەوەندییەکانیانن و دەیانەوێت دەست و پێوەندەکانیان زیاد بکەن، تۆسقاڵێک خەمی هاووڵاتیانیان نیە و ئێستا “ئێراق” و حکومەتەکەی بە جۆرێکن تەنیا وەکو کۆمپانیای بازرگانی نەوت و مووچە مامەڵە دەکات، چونکە خزمەتگوزاری و چاکسازی و پرۆژە و ئاوەدانی و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان هیچ هەوڵی کردارەکیی بۆ نەدراوە!
بە کورتی، “ئێراق” نەک ناتوانێت و نەیتوانیووە سوود لە ئازادی وەربگرێت، بەڵکو بۆتە وڵاتێکی کلکە وڵات و داگیرکراو یان کۆلۆنیالیستی نوێ بۆ وڵاتە هەرێمییەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەمە بە جۆرێکە بە تەنیا ناتوانێت هیچ کارێکی سیاسی و ئابووری ئەنجام بدات و تەنانەت پۆستی سەرۆک وەزیران و پەرلەمانیشی بۆ یەکلایی نابێتەوە. هۆکارەکان وەک لە سەرەوە ئاماژەیان پێدراوە، هۆکاری ئاڵۆز و تێکەڵکێشن، بەڵام هۆکاری دیکەش هەن کە وایان کردووە “ئێراق” لە بوون و دروستبوونییەوە بە ناکامڵیی و کەمئەندامیی لەدایک بێت، بۆ نمونە هیچ هەستێکی ئێراقیی بوون و نەتەوەیی ناوەندی بوونی نییە و کاری بۆ نەکراوە. هۆکارێکی تر بوونی سنووری بێسەروبەر و پێوە لکاندنی پێکهاتەکانە بە زۆر بە یەکتری و بوونی دڕندەیی و بکوژیی بەرنامە بۆ داڕێژراو کە لە سەرەتای “ئێراق” تا ئێستا بەردەوامە. ڕەنگە بپرسن، دەبێت چارەسەرەکان چی بن. ڕەنگە بوونی چارەسەر یان پێشنیاز کردنی چارەسەر ئاسان نەبێت، بەڵام دابەشکردنی دەسەڵات و جێبەجێکردنی دەستوور و لەسەرووشیان فیدراڵی فرە هەرێم دەتوانن بەلایەنی کەم لۆمەی پێکهاتەکان بۆ بەرامبەرەکانیان کەم بکاتەوە و فشارەکانیش لەسەر حکومەتی “فیدراڵی” پەرت و کەم بکات. یەکێکی تر لە چارەسەرەکان پێڕۆی خوێندی لیبراڵ و ئازادانە و داماڵینی پێڕۆ و سیستەمی خوێندنە لە شانازیی نەتەوەیی و ئەو سیستەمە فاشیستە نەژادپەرستەی هەبووە، کە ئێستا خەریکە دەکرێتە مەزهەبیش. دەکرێت لەم قۆناغەش، کە دەبیندرێت تەنیا قسەکردن لەسەر بودجە چوار مانگ دەخایەنێت و دژایەتی مافە دەستوورییەکانی هەرێم دەکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی خۆیان بۆ ئەگەر و پێشهاتی داهاتوو ئامادە بکەن و لەو چوارچێوەیە هەرچی چارەسەری کێشەی داهاتووی ئێراقە بە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم گرێ بدەن و بە وردیی لێکۆڵینەوەش لە کۆنفیدرالی بکرێت، چونکە ئەو فیدرالیزمەی ئێستا بەم شێوەیەی کە هەیە شکستی هێناوە.
سەرچاوە
FLIBBERT, ANDREW. “The Consequences of Forced State Failure in Iraq.” Political Science Quarterly 128, no. 1 (2013): 67-95. Accessed April 9, 2021. http://www.jstor.org/stable/23563370.
Osoro AA. A question of dignity. Impact of rapid population growth on developing countries. Kenya Nurs J. 1991 Jun;19(1):14. PMID: 1960918.
ئهم بابهته 708 جار خوێنراوهتهوه