ڕیتۆریکە دووپاتکراوەکە – لەڕێی رێککەوتنێکی نوێی ئەمنیی نێوان دەسەڵاتدارانی هەولێر و بەغدا کە هەڵوێستێکی توندی دژە پەکەکە دەگرێتە بەر- لەوە دەچێت بەشێک بێت لە هەوڵێکی هەماهەنگ بۆ فشار خستنەسەر گروپەکە تا پەناگە لەمێژینەکانی لە چیاکانی هەرێمی کوردستان بەجێ بهێڵێت.
تیرۆرکردنی بەرپرسێکی کوردی سەر سنوور لە ڕۆژی ٨ـی ئۆکتۆبەر – کە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند لەلایەن پەکەکەوە ئەنجام دراوە – و هێرشکردنە سەر بۆڕییە نەوتە دیارەکان و هێرشکردنە سەر پێشمەرگە لە سەرەتای نۆڤەمبەردا ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستانی پێشخست.
لە گوتاری ڕۆژئاوادا، زۆربەی کات “کوردەکان” وەک یەکپارچە نەژادی خاوەن یەک ئامانج گوزارشتیان لێ دەکرێت، بە دابەشبوونی تەواو بەرهەستی مێژوویی، جوگرافی و ئایدیۆلۆژیی نێوان پارتە سیاسییە کوردە جیاوازەکان و بەرەکاندا تێپەڕ بوون. چالاکییەکانی گروپە چەکدارەکان بوونەتە هۆی لەقینی سەقامگیریی لەسەر هەریەک لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمیی لە تورکیا، عێراق و سوریا. بەداخەوه ئەم هێرشانە سەرنجی زۆر کەمیان پێدراوە، تەنانەت کاتێک زۆرینەی ئەوانەی کاریگەریی توندیان کەوتۆتە سەر گەلی کوردن.
ماوەیەکی زۆرە پەکەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و تورکیادا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە. لە ساڵی 2008ـیشدا لەلایەن ئەمریکاوە بە ڕێکخراوێکی دیاری قاچاخچی ماددەی هۆشبەر ناسێنرا و، جۆرێک لە دەسەڵاتی مافیاگەریی لە هەندێ ناوچەی دیاریکراودا پیادە دەکات. پەکەکە ماوەیەکی زۆرە چیاکانی قەندیلی لە کوردستان – لەسەر سنووری تورکیا – وەک پەناگە و ناوەندی مەشق و ڕاهێنان لەماوەی جەنگی دەیان ساڵەی دژی تورکیا بەکارهێناوە. لە مانگی تەمموزدا، تورکیا هێرشەکانی لەسەر پەکەکە لەناو خاکی ئێراقدا زیاد کرد و، پێگە سەربازییەکانی لە چیاکانی قەندیل و شەنگال و ئەو شوێنانەی دیکەی بەئامانج گرت کە پەکەکە تێیاندا بوونی هەیە.
چەقبەستوویی هەنووکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر لەوەو پێش دەگەڕێتەوە – چەقبەستنێکی هەڵکشاو کە لەکاتی ئەرکە چەند ساڵەکەمدا لە هەرێمی کوردستان شایەتحاڵی بووم. لە لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی 2014ـدا لەگەڵ سیروان بارزانی، فەرماندەی لیوای شەش، کە ئەوکات لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگی دژی دەوڵەتی ئیسلامی دەجەنگا، پێی ڕاگەیاندم کە پەکەکە کێشەیەکی گەورە بوو بۆ کوردەکان. بەڵام ئەوکات، ماوەیەکی کەم بوو دەوڵەتی ئیسلامی دەستی بەسەر ڕووبەرێکی زۆر لە خاکی عێراقدا گرتبوو، هەروەها چاوی بڕیبوویە شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانیش. سیروان بارزانی مەبەستی ئەوە بوو هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (پێشمەرگە) خۆیان کێشەی زۆریان هەبوو بێ ئەوەی ناکۆکییان لەگەڵ گروپێکی جیاوازدا هەبێت – هەرچەندە دان بەوەدا نرا کە پەکەکە هاوکار بوو لە جەنگی دژی دەوڵەتی ئیسلامیی داعشدا.
چەقبەستوویی هەنووکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر لەوەو پێش دەگەڕێتەوە
پێنج ساڵ دواتر و، لە سەرەتای ساڵی 2017ـدا سیروان بارزانی جەختی لە لێدوانەکانی کردەوە کە پەکەکە کێشەیەکە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە بەئاشکرا باسی ئەو پرسە بکرێت. ئەوکات هێشتا نیگەرانیی قووڵتر لەئارادا بوو: چاوپێکەوتنەکەمان لە نزیک چیاکانی قەرەچوغ ئەنجام درا، کە ڕووبەڕووی تەقەی چڕ ببوویەوە لەلایەن داعشەوە.
بەڵام لە سەرەتای 2020ـدا، لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرچاوی هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی، سیروان بارزانی ڕاشکاوتر بوو. بە توندی بۆی دووپات کردمەوە کە پێویستە رێوشوێن دژی پەکەکە لە باکووری عێراقدا بگیرێتە بەر و داوای لە حکومەتی عێراق کرد هەنگاوێک لەوبارەیەوە هەڵبگرێت. بارزانی باسی لەوە کرد کە، تا ئەوکاتەی بەگشتی تەواوی چەکەکان نەهێنرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتەوە، گروپەکە بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر خەڵک.
– نیگەرانییە ئەمنییەکانیش ڕێگریی لە وەبەرهێنان دەکەن لە هەرێمی کوردستان. بەپێی ڕاپۆرتی خودی پەکەکە، ئەو پارتە 37 بنکەی لە هەرێمی کوردستان هەیە – وتوشیەتی لەوانەیە لە بەرامبەر زیادەڕۆییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەنا بباتەوە بەر توندوتیژی.
فەرماندە سیروان بارزانی باسی لە کاریگەریی پەکەکە لە قەزای شەنگالیش کرد، کە دەکەوێتە سەر سنوری سوریا و، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چەندان ئێزیدیی ئاوارەی ناوخۆیی بەهۆی شڵەژاویی و نەبوونی ئاسایش لە سەرەنجامی بوونی چەندان هێزی چەکدارەوە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە قەزای شەنگال. یەکێک لەو بەرپرسە ئەمنییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2016ـدا چاوپێکەوتنم لەگەڵدا کرد، لەم ساڵانەی دواییدا لە هەوڵی کوشتنەکانی پەکەکەدا بەئامانج گیرا و بەوهۆیەوە بۆ قەزایەکی جیاواز گوێزرایەوە.
هەروەها لە مانگی سێپتەمبەردا، سەرۆک مەسعود بارزانی بەرامبەر کارە زەوتکاریی و داگیرکارییەکانی پەکەکە دژی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ. پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە “کۆیلایەتیی لە دنیادا کۆتایی پێهاتووە بەڵام لەلای پەکەکە هەر بەردەوامە”.
لە ڕۆژی 9ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر – پایتەختی حکومەتی هەرێمی کوردستان – لەکۆتاییدا ڕێککەوتنێکیان بە مەبەستی گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ شەنگال واژو کرد. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە ڕۆیشتنی پەکەکەیە لە ناوچەکە. لە 24ـی نۆڤەمبەریشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ئێراق 6,000 هێزی ئەمنییان لە شەنگال جێگیر کرد و ئەو پلانەیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە. وەک چاوەڕوان دەکرا، ڕێککەوتنەکە کاردانەوەی توندوتیژی پەکەکەی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە دوو مانگی ڕابردوودا، پەکەکە چەندان هێرشی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە، دامەزراوەکان و ژێرخانی ئابووریی ئەنجام داوە. هەریەک لە حکومەتی ئێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و حکومەتی فەڕەنسا سەرجەمیان ئیدانەی هێرشەکەیان کردووە.
لە دوو مانگی ڕابردوودا، پەکەکە چەندان هێرشی بۆ سەر پێشمەرگە، دامەزراوەکان و ژێرخانی ئابووریی ئەنجام داوە
لەگەڵ ئەوەشدا، ئیدانەی ئاشکرای هێرشەکانی پەکەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرگای بەڕووی چەندان پێکهاتەی تردا کردەوە کە ببوونە قوربانیی پەکەکە تا بێنە دەنگ. لەماوەی ڕابردوودا، ئەو کۆمەڵگە ئاشوورییانەی لە نزیک پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان دەژین ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە بۆ شەرمەزارکردنی پەکەکە. لە 10ـی نۆڤەمبەردا، ئینستیتیوتی سیاسەتی ئاشووری لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە “چەکدارانی پەکەکە چەندان گوندی ئاشوورییەکان داگیر دەکەن،” کە بۆتە هۆی چەندان لێکەوتەی نەرێنیی بۆ ئاشورییە ناوخۆییەکان، وەک هەڕەشە بۆ سەر سەلامەتیی و بەربەست لە بەردەم هاتوچۆیاندا”.
لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێراقیشدا، ڕای گشتی لە دژی پەکەکە وەردەچەرخێت. لەمێژە دابەشبوونێکی دیاری سیاسی هەبووە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و لە باکووری هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە پاڵپشتییەکی بەهێزتری لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان لە نزیک سنووری ئێران هەیە. لەنێو هەوڵە جیاوازەکانی تر بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان – وە زۆربەی جار نەیاریی کراوە – لەنێوان هەردوولا، کۆبوونەوەیەک لە 9ـی نۆڤەمبەر لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام درا بۆ وەلانانی گرژییەکانی ئەم دواییانە و دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو دژی پەکەکە.
سیروان بارزانی ڕایگەیاند هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی و دەوروبەری زیاتر پاڵپشتی – یان لایەنی کەم کەمتر خۆ هەڵوێستیان هەبووە – پەکەکە بوون تا لە ناوچە دوورترەکانی باکووری نزیک سنووری تورکیا، کە تێیدا چالاکیی بازرگانیی زۆر لەگەڵ تورکیادا هەیە و چەندان هاووڵاتی کورد ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان بەهۆی بوونی پەکەکەوە.
چەندان کەسی نێو یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، کە کوردەکان بەشی زۆرینەی پێکدەهێنن، بەر لەوەی بچنە نێو ڕیزەکانی یەپەگەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بۆ ماوەی چەندان ساڵ وەک بەشێکی پەکەکە دژی تورکیا جەنگاون. بەم هۆیەوە، ژمارەیەک لە خۆبەخشە بیانییەکان – لەنێویاندا خۆبەخشە ڕۆژئاواییەکان – کە هاوشانی یەپەگە دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا جەنگاون لەلایەن هێزەکانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە هاوکاریان کراوە لەڕێی سلێمانییەوە، کە نزیکترە لە سنوورەوە وەک لە شاری هەولێر.
لەبری ئەوە، لەماوەی ساڵانی جەنگی دژی دەوڵەتی ئیسلامی، هێزەکانی پێشمەرگە لە هەولێر مەشقیان بە چەندان هەزار کوردی سوریا کردبوو کە لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری 2020 ەوە، یەپەگە ڕێگریی لەو کوردانە دەکات لەوەی بگەڕێنەوە چونکە دانوستانەکانی نێوان پارتە کوردە جیاجیاکانی سوریا وەستاوە. لەهەمان کاتدا، کوردەکانی سوریا هاوکاریی پێشمەرگەیان کردووە لە جەنگیان دژی دەوڵەتی ئیسلامییدا، لەنێویاندا هاوکاریکردن لەڕێی چاودێرییکردنی خاڵەکانی پشکنین.
ئەم کوردانەی سوریا کە پێیان دەوترێت پێشمەرگەی ڕۆژاڤا، سەر بە پارتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ئەنەکە)ـن، کە نەیاری پەیەدەی سەر بە یەپەگەیە و تۆمەتباری دەکات بەوەی ڕێککەوتنی ئاشکرای لەگەڵ ڕژیمی سوریادا هەیە. ئەنەکە بەشێکە لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە بارەگاکەی لە شاری ئەستەنبوڵە.
لە ساڵی 2014ـدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 زرێپۆشی هاوشانی پێشمەرگە لەڕێی تورکیاوە بۆ جەنگی کۆبانێ دژی دەوڵەتی ئیسلامی ڕەوانە کرد. بەهۆی گرژییەکانی نێوان کوردە سورییە چەکدارە مەشق پێکراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەپەگەوە، هیچ کوردێکی سووری لەنێو کاروانەکەی پێشمەرگەی کوردستان نەبوون.
هەروەها پشتگیریی لەمێژینە بۆ پەکەکە، یان لایەنی کەم قەبووڵکردنی پەکەکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی عێراق دەستی بە گۆڕان کردووە. هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن لاوانی کچ و کوڕی ناوچەکانیان لەلایەن پەکەکەوە “ڕفێنراون” و، هەرگیز نەگەڕاونەتەوە. بەشێکیش دەڵێن پەکەکە ناوە ناوە دەچێتە سەر قاوەخانەکان و ئەو شوێنانەی دیکە کە کەسانی گەنج تێیدا کۆدەبنەوە و ، “کەسانی بێهێز بەئامانج دەگرن و بە سەربازیان دەکەن”.
هەروەها پشتگیریی لەمێژینە بۆ پەکەکە، یان لایەنی کەم قەبووڵکردنی پەکەکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێراق دەستی بە گۆڕان کردووە
بەرپرسێکی ئاسایش- کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت چونکە دەسەڵاتی قسەکردن بۆ میدیای پێنەدراوە – بەتوندی ڕەخنەی لە “ڕەتکردنەوەی گوێگرتن”ـی پەکەکە لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت وێڕای ئەو ڕاستییەی وەک بەشێک لەوەی وەک خەباتی گەورە بۆ دەوڵەتێکی کوردی دەیبینن، حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە داڵدەی چەکدارانی پەکەکەی داوە. باسی لەوەش کرد کە پەکەکە گەنجانی سەرلێشێواو و ئەوانەی کێشەی دارایی و خێزانییان هەیە دەڕفێنێت و بە سەربازیان دەکات و، گروپەکەی بە مەزهەبێکی ئایینی چواند.
چەندان ڕێکخراوی نێودەوڵەتی باسی ئەوەیان کردووە کە پەکەکە و “باڵ”ـەکانی – وەک هێزەکانی دیموکراتی سوریا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە زۆرینەی لە کورد پێکدێت و ئەمریکا پشتگیرییان دەکات – بەردەوامن لە بەکارهێنانی منداڵانی چەکدار. بەشی سەرەکیی هێزەکانی سوریای دیموکرات بریتیە لە یەپەگە.
مەزڵوم عەبدی (کە بە مەزڵوم کۆبانێ)ـش ناسراوە، کە ماوەی دەیان ساڵ لەنێو ڕیزەکانی پەکەکە بووە و لەئێستادا فەرماندەی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکراتە، ڕۆژی 7ـی نۆڤەمبەر لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی Al-Monitor (ئەلمۆنیتەر)ـی ڕاگەیاند کە گەشبینە سەبارەت بە جۆ بایدنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا. مەزڵوم کۆبانێ هاوڕێی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستانە و لە ساڵی 1990ـدا پەیوەندیی بە ڕیزەکانی پەکەکەوە کرد. لە ساڵی 2011ـدا، کاتێک جەنگ لە سوریا دەستی پێکرد، لەلایەن پەکەکەوە بە مەبەستی ڕێکخستنی چەکدارە کوردەکان ڕەوانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کرا.
جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، کە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو دەستبەکار دەبێت، لەلایەن زۆرێکەوە وەک سیاسییەکی لایەنگری کورد دەبینرێت. دەوترێت کە نیگەرانیی لەبارەی کوردەکان یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەوە بوو کە جۆ بایدن دەنگی دا بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێراق.
لە سەردانێکدا بۆ کوردستان لە مانگی دیسەمبەری ساڵی 2002ـدا، بایدن بەڵێنی پشتگیریی ئەمریکای بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دا و دووپاتی کردەوە کە “چیاکان تاکە دۆستی کورد نین” – ئاماژەیەکی کۆن بۆ ئەو پەندە باوەی کورد کە دەڵێت، “چیاکان تاکە دۆستمانن”.
بەپێچەوانەی ئاژانسە میدیاییەکانی ڕۆژئاوا، بایدن ئەو هەڵەیە دووبارە ناکاتەوە کە تەواوی گروپێکی نەژادی و ڕێکخراوە جیاوازە سیاسییەکانی بە یەک چاو سەیر بکات – وەک ئەوەی سەرجەمیان هەمان ئامانجیان هەبێت.
لە سەرەتای ساڵی 2016ـدا، بایدن پەکەکەی بە دەوڵەتی ئیسلامی بەراورد کرد و وتی کە پەکەکە “بەهەمان شێوەی داعش هەڕەشە” و “بە سادەیی و ڕەوانیی گروپێکی تیرۆریستی”ـیە.
بەپێچەوانەی ئاژانسە میدیاییەکانی ڕۆژئاوا، بایدن ئەو هەڵەیە دووبارە ناکاتەوە کە تەواوی گروپێکی نەژادی و ڕێکخراوە جیاوازە سیاسییەکانی بە یەک چاو سەیر بکات – وەک ئەوەی سەرجەمیان هەمان ئامانجیان هەبێت.
بەڵام، بایدن وەک بەشێک لە پەکەکە ناڕوانێتە یەپەگە، هەڵوێستێک کە لەکاتی ئیدانەکردنی ئۆپەراسیۆنی بەهاری ئاشتیی تورکیا لە ساڵی 2019ـدا دووپاتی کردەوە دوای ئەوەی ئەمریکا هێزەکانی لە ناوچە کوردییەکانی باکووری سووریا کشاندەوە. بایدن نووسی کە “دۆناڵد ترەمپ هێزەکانی سوریای دیموکراتی فرۆشت” و “خیانەتی لە هاوپەیمانێکی گرنگی ناوخۆیی کرد لە شەڕی دژی تیرۆردا”.
سەرەڕای ئەوەش، ئەو ڕاستییەی کە سەرۆکی هەنووکەی یەکینەکانی پاراستنی گەل دەیان ساڵی لە ڕیزەکانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان بەسەر بردووە – وە چەندان کەسی دیکەی نێو یەپەگە هێشتا پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە – بە واتای ئەوە دێت کە هەر هەڵمەتێکی توند دژی پەکەکە لە خاکی عێراق بەدڵنیاییەوە کار دەکاتە سەر ڕۆژهەڵاتی سوریاش.
هەرچەندە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەک چاو لە یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات ناڕوانن، بەڵام بەرپرسان دان بەوەدا دەنێن کە پەیوەندیی نزیک لەنێوانیاندا هەیە.
لە ئێستادا، هەرچەندە دەوڵەتێکی قۆرخکاری کە بتوانێت چاکسازی و ئاسایش بۆ خەڵکەکەی دابین بکات لە دوای دەوڵەتی ئیسلامی گرنگترە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک لە هاوپەیمانێکی سادە کە لەسەر بنەمای نەتەوەیە. بەڵام وا پێدەچێت پەکەکە بەشێکی کوردەکانی عێراقی زۆر ئازار دابێت کە چیتر ناتوانرێت بەرگەی بگیرێت.
نووسین: شێلی کیتلێسن، رۆژنامەنووسی ئیتاڵی، سەربەخۆیە
وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا