“پێشەكی”
ئەمڕۆ (ئاسایشی نەتەوەیی) لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان، بەشێوەیەكی بەردەوام ڕووبەڕووی چەندین تەوژمی مه‌ترسیدار دەبێتەوە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر بوارە گرنگەكانی ژیان لەو وڵاتانەدا دادەنێت. گەشەسەندنی تەكنەلۆژیای پەیوەندی له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی داتای له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی خێراتر كرد، وێرای لایەنە ئەرێنییەكانی كە بۆته‌مایه‌ی دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تی ئه‌لیكترۆنی و په‌ره‌پێدانی هۆشیاریی جۆراوجۆر له كۆمەڵگاكاندا، كۆمه‌ڵێك لێكه‌وته و لایەنی نەرێنیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە كە پێویستی بە شرۆڤە هەیە، بەئامانجی دەستنیشانكردنی مەترسییەكان و هەنگاونان بۆ شێوازی خۆپارێزیی لە مه‌ترسییه‌كانی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی بە هەموو رەهەندەكانییەوە. هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌و وڵاتانه‌ی له‌ژێرسایه‌ی شه‌پۆلی ته‌كنه‌لۆژیای مۆدێرندا، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان و له ماوه‌یه‌كی كورتدا، چه‌ندین كۆمپانیای په‌یوه‌ندی و ئینته‌رنێتی تیادا دامه‌زرا، فاكته‌رێكی ده‌ره‌كی گرنگ بوو بۆ سودبینینی فراوان له‌و خزمه‌تگوزارییانه. دیارترین ئه‌و فاكته‌ری ناوخۆییانه‌ی له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌رفه‌تی ڕه‌خساند بۆ ئه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌كی زۆری دانیشتوان و ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه جۆراوجۆره فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كان، هه‌وڵ بده‌ن ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیا مۆدێرنه به‌كاربهێنن،
بریتی بوون له: ئازادیی راده‌ربڕین و نه‌بوونی سانسۆر، ئاسانی له ده‌ستراگه‌یشتن به‌خزمه‌تگوزاریی ئینته‌رنێت و هه‌رزانی له نرخهكهیدا. واتا سه‌رجه‌میان رۆڵی گرنگیان له هه‌ڵكشانى رێژه‌ى به‌كارهێنه‌رانی خزمه‌تگوزارییه‌كانى ئینته‌رنێتدا هه‌بووه. له ماوه‌ی زیاتر له یه‌ك ده‌یه‌ی ڕابردوودا، تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش وه‌ك به‌رهه‌مێكی نوێی ئینته‌رنێت له هه‌رێمی كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو گه‌شه‌یسه‌ند. واتا له قۆناغێكی هه‌ستیاردا كه چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی (تیرۆریزم) و هه‌ڕه‌شه‌ی ناوخۆیی (ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی)، ببوونه مه‌ترسی بۆسه‌ر دانیشتوان و سیسته‌می حكومڕانی له هه‌رێمی كوردستاندا، لێكه‌وته‌كانى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی یه‌ك ده‌یه‌ی ڕابردوو، پێویستى بهشرۆڤهیهكی زانستی هه‌یه تا بتوانین بۆ دۆخی ئێستا و قۆناغی ئاینده‌ش، مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست له‌گه‌ڵ ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیا نوێیه‌دا بكه‌ین. ئه‌مه‌ش ئامانجى ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌یه.
یەكەم: چەمكی ئاسایش و ئاسایشی نەتەوەیی و ره‌هه‌نده‌كانی.
تائێستا پێناسی جۆراوجۆر بۆ چەمكی ئاسایشی نەتەوەیی كراوە، فرەچەشنی لە تێڕوانینی پسپۆڕانی بوارەكەش، دەگەڕێتەوە بۆ ڕەهەندهكانی ئەم چەمكە كە زۆر بواریتری ژیانی مرۆیی لەخۆدەگرێت. مەبەست لە (ئاسایش) (Security) دۆخێكە تیایدا مرۆڤ هەست بەئارامی ژیان بكات، لە ڕوانگەی پۆڵێنی پسپۆڕانیشەوە لەسەر ئاستی (ئاسایشی تاكەكەسی) (ئاسایشی كۆمەڵایەتی)، (ئاسایشی نەتەوەیی) و (ئاسایشی نێودەوڵەتی) شرۆڤە دەكرێت. گەشەسەندنی چەمكی ئاسایش پەیوەندی بەچارەنووسی كۆمەڵگا و پێگە و چارەنووسی دەوڵەتانەوە هەیە، ئه‌مه‌ش بۆتەمایەی هاتنە ئارای زاراوەی (ئاسایشی نەتەوەیی) كه به كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پاراستنی سه‌روه‌ریی خاك و حكومڕانی داده‌نرێت. گه‌شه‌سه‌ندنی پرۆسەی جیهانگیری و كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر كاڵبوونه‌وه‌ی سنوری نێوان وڵاتان، به قۆناغێكی مۆدێرن بۆ ده‌وڵه‌تان داده‌نرێت چونكە وێڕای دووریی سنورەكانیان لەیەكتر، دەتوانن ببنە هاوپەیمان یاخود ملمڵانێ و كاریگەریی لەسەر بەرژەوەندیی و پێگەی بەرامبەرەكانیان دروست بكەن. لەم ڕوانگەیەوە، مەبەست لە (ئاسایشی نەتەوەیی): توانستی كۆمەڵگایەكه بۆ پارێزگاری و بڕەودان بە كولتوور و بەهاكانی خۆی[1].
بەپێی پێناسێكی تر، ئاسایشی نەتەوەیی بەشێكی دانەبڕاو لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی هەر وڵاتێك پێكدەهێنێت، لەم دیدگایه‌وه بەرژەوەندیی نەتەوەیی بەمانای بەدیهێنانی باشترین دۆخە بۆ میللەت بەبەراورد لەگەڵ دەوڵەتانیتردا[2]. (رۆبەرت ماندل) پسپۆری بواری ئاسایشی نەتەوەیی، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە بایەخی ئەم چەمكە و گەشەسەندنی بۆ دەستەواژەیەكی گرنگی نێودەوڵەتی، لە سەدەی بیستەم و بەتایبەتی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بۆتە باو. ناوبراو له‌و باوه‌ڕه‌دایه: ئاسایشی نەتەوەیی هێنانەدی پێداویستییە سایكۆلۆژی و ماددییەكانی ئاسایش و ئارامییە، لە بنەڕەتیشدا بەشێكە لە بەرپرسیارێتی حكومەت بۆ خۆپارێزی لە هەڕەشە راستەوخۆ دەرەكییەكان و پاراستنی سیستەمی هاوڵاتێتی و شێوازی ژیانی هاوڵاتیانی خۆی[3]. به‌پێی بۆچوونێكی تر، مەبەست لە دەستەواژەی ئاسایشی نەتەوەیی رەخساندنی هەلومەرجێكی ئارامە بۆ ژیانی هاووڵاتیان و ئاشتی لە وڵاتێكدا، واتا پاراستنی ئاسایشی تاكەكەس و خێزان و گرووپ و دامەزراوەكانی ناو كۆمەڵگاو نەتەوەو دەوڵەتێك كە سەرجەمیان لە چوارچێوەیەكدا كۆبوونەتەوە[4].
دیارترین ڕەهەندهكانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بەپشتبەستن بە بۆچوونه‌كانی پسپۆرِانی بواره‌كه، بریتین لە:
1-ئاسایشی تاكەكەس (Individual Security):
ئاماژەیە بۆ گرەنتی گیان و جەستەی هاووڵاتیان لەهەمبەر ئەو مەترسی و زیانە تەندروستییانەی لەمپەرن لەبەردەم ژیانیاندا. بە مانایەكیتر، هەر جۆرە هەڕەشەیەك بۆسەر گیان یاخود تەندروستی مرۆڤ هەبێت، ئەوا ئاسایشی ژیانیان لەناودەچێت[5].
2-ئاسایشی ئیتیك (Ehtic Security):
چەمك و دەستەواژەی (ئیتیك) لە زاراوەی یۆنانی (Ethikos)ی یۆنانییەوە وەرگیراوە، بەمانای (دابونەریت و خو و رەوتاری زاڵ) لەناو كەسێتی یاخود كلتورێكدا دەوترێ. لەهەمانكاتدا پرەنسیپەكانی ئاكارو مامەڵەش دەربارەی چۆنییەتی بوونیەتی تاكەكەس و شێوازی مامەڵەكەی دەوترێت كە لە چوارچێوەی دامەزراوەیەك یان شوێنی ژیانیدا دەینوێنێ.
3-ئاسایشی كۆمەڵایەتی (Social Security):
(باری بوزان) (Barry Buzan) بۆیەكەمینجار لە ساڵی (1991) چەمكی (ئاسایشی كۆمەڵایەتی) لە پەرتوكە بەناوبانگەكەی خۆیدا بەناوی (جەماوەر، دەوڵەتان و ترس)[6] بەكارهێناوە، ئەم چەمكەش لە ڕوانگەی (بوزان)ەوە واتا “ڕزگاربوون لەهەر جۆرە هەڕەشەیەك، لەهەمانكاتدا توانای دەوڵەتان و كۆمەڵگاكان بۆ پاراستنی ناسنامەی سەربەخۆیی و یەكپارچەیی لە بواری مەیدانیدا”[7].
4-ئاسایشی سیاسی (Political Security):
دابینكردنی ئارامی و دڵنیاییە لەلایەن فەرمانڕەوای وڵاتەوە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمەكەی، لە ڕێگەی بەگژداچوونەوەی هەڕەشە جۆراوجۆرە دەرەكییەكان و دابینكردنی مافە سیاسییەكانیان لە پرۆسەی بەشداریی لە بەرێوەبردنی وڵات، بەئامانجی دەستنیشانكردنی چارەنووسی خۆیان و كۆمەڵگا، پێویستە ئاسایش و ئامادەگی ئازادانە و یەكسان بۆ هاووڵاتیانیش فەراهەم بكرێت، واتا هیچ كەسێك بە زۆرەملێ بیروباوەڕی بەسەردا نەسەپێنرێ یا دەستگیر نەكرێت[8].
5-ئاسایشی ئابوری و دارایی (Fanance and Economic Security):
بنەما سەرەكییەكانی ئەم جۆرە ئاسایشە، لەپێناو ڕەخساندنی سیستەمێكە بۆ سەرجەم پێكهاتەو بەشە جۆراوجۆرەكانی ئابووری كۆمەڵگا، تا هاووڵاتیان هەست بەمەترسی لەهەمبەر كەمبوون یا نەبوونی پێداویستییە بنچینەییەكانی ژیانی خۆیان نەكەن. نمونەیەكی به‌رجه‌سته‌ش، بارودۆخی بازاڕ و بانكەكانه كە لەسەر بنەمای دراو و مامەڵەیە. هەربۆیە دابینكردنی ئاسایشی ئابووریش، پەیوەستە بە كۆمەڵێك بنەمای گرنگی وەك: سەرمایەگوزاری، دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامان، سودوەرگرتن لە دەرفەت و ئیمتیازاتەكان بەشێوەیەكی یەكسان، بەگژداچوونەوەی گەندەڵی ئابووری و دارایی، بنەبڕكردنی دیاردەی دزی و بەرتیل و هاوشێوەكانی كە دەبنەمایەی سەقامگیریی ئاسایشی ئابوری كۆمەڵگا[9].
6-ئاسایشی ژینگە (Enveromintal Security):
دڵنیابوونی جەماوەر لەهەمبەر ئاسایش و ئارامی ئەو ژینگە و كەشوهەوایەی تیایدا دەژی، بنەمایەكی گرنگی ئاسایشی كۆمەڵگا پێكدێنێ. لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا، هاوكاتی گەشەسەندنی تەكنەلۆژیا، پاكوخاوێنی ژینگەش كەوتۆتە بەردەم مەترسییه‌وه، بەمانایەكیتر ژینگە وەك بنه‌مایه‌كی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بۆتە مەسەلەیەكی هەستیاری وڵاتان، كۆمەڵێك بابەتی وەك: پیسبوونی كەشوهەوا، كونبوونی بەرگی ئۆزۆن، دابارینی ئەسیدەكان، داخورانی خاك و بەبیابانبوون، لەناوچوونی جەنگەڵەكان تا پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەكانی سەرزەوی و ژێرزەوی…بەبنەما گرنگەكانی ژینگە دادەنرێت[10].
7-ئاسایشی كولتووری (Cultural Security):
رەهەندێكی گرنگی ئاسایشی نەتەوەیی، پەیوەندیدارە بە ئاسایشی كولتووری و بنەما هزرییەكانی كۆمەڵگا دەگرێتەوە: (عەقڵانییەت، واقیعبینی، دادخوازی، دینامیكی) به‌مه‌رجێك بەپێی پێوەرە زانستییەكان بێت، لەڵایەكیتریشەوە بواری رووناكبیری و بەرهەمە كولتوورییەكانی كۆمەڵگاش لەخۆدەگرێت كە پێویستە بپارێزرێن و لە گەشەی بەردەوامیشدا بن[11].
8-ئاسايشى سه‌ربازی (M ilitary Security):
توانستى ده‌وڵه‌تان له بواری سوپا، ته‌كنه‌لۆژیای جه‌نگی و ئاماده‌باشی بۆ كۆنترۆڵی بارودۆخی ناوخۆی وڵات و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ده‌ره‌كی، به بنه‌ماكانی ئاسایشى سه‌ربازیی داده‌نرێت.
به‌گشتی له‌سه‌ر ئاستی جیهان، سه‌رجه‌م وڵاتان بایه‌خ به‌و جۆرانه‌ی ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی ده‌ده‌ن، پلهبهندییهكهشی به‌پێی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافی و سیسته‌ی حكومڕانیش گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. واتا وڵاتێك له دۆخی جه‌نگدا بێت، به‌دڵنیاییه‌وه ئاسايشى سه‌ربازی به‌پله‌ی یه‌كه‌م دێت، یاخود وڵاتێك دووچاری قه‌یرانێكی دارایی بووبێته‌وه، ئه‌وا ئاسایشى ئابوریی له ئه‌وله‌وییه‌تدایه، كه‌واته پلهبهندییهكه له‌ژێر كاریگه‌ریی فاكته‌ره‌كانى كات و شوێن و ههلومهرجدایه.
دووه‌م: تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی.
پرۆژه و هه‌نگاوه زانستییه‌كانی دواى كۆتایهاتنی جه‌نگی دووه‌می جیهان، به‌تایبه‌تی له ملمڵانێی جه‌نگی ساردی نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و سۆڤییه‌ت، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر زانستی ته‌كنه‌لۆژیای په‌یوه‌ندی هه‌بوو كه دیارترینیان داهێنانی تۆڕی ئینته‌رنێته. له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ى ڕابردووش‌دا، له‌سایه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی ئینته‌رنێتدا، مۆدیلێكی نوێی میدیای ئه‌لیكترۆنی هاته‌ئارا كه بهتۆڕهكۆمهڵایهتییهكان ناوده‌برێت.
سەرەتای ئه‌م داهێنانه لە زانكۆی (هارڤارد)ەوە دەستی پێكرد، (مارك زوكەر بێرگ) لە قۆناغی خوێندنیدا لەو زانكۆیە، لە (4ی شوباتی 2004ز)دا سایتی (فەیسبووك)ی بۆ خوێندكارانی زانكۆ دروست كرد، دوای پێشوازییەكی گەرمی خوێندكاران، (دەستین مۆسكۆڤیتز) (Dustin Moskovitz) سایتێكی هاوشێوەی بۆ زانكۆكانی (ستانفۆرد، كۆڵۆمبیا، یێل) و چەند زانكۆیەكیتر بەرهەمهێنا، ئەمەش بە سەرەتاكانی هاتنەئارای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دادەنرێت[12].
سه‌باره‌ت به پێناسی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش، دەتوانین بڵێین: میدیای كۆمەڵایەتی یاخود سۆشیال‌میدیا (Social Media) جۆرێكی نوێی ڕاگەیاندنە كە دەرفەتی مامەڵە لەنێوان خاوەن پەیام و وەرگردا دەرەخسێنێ، بەو مانایەی كە لەم جۆرە میدیایەدا (وەرگر) هەر تەنها كارتێكراو نییە بەڵكو بە مامەڵەیەكی چالاكانە لەگەڵ پەیام و نێرەردا، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پەیام دروست دەكات و توانای دەستكاری و سەرلەنوێ بڵاوكردنەوەی پەیامەكەشی هەیە، واتا پەیامەكە لەگەڵ هزر و بیروبۆچوونی خۆیدا ئاوێتە دەكات و دەینێرێتەوە بۆ كەسانیتر[13]. بەپێی پێناسێكی تر؛ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە مۆدیلێكی نوێی پەیوەندی كۆمەڵایەتی دادەنرێن كە تیایدا پەیوەندی نێوان بەكارهێنەران لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە فەراهەم دەبێت[14].
ئەركی سەرەكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بریتییە لە دروستكردنی پرۆسەی پەیوەندی و ئاسانكاریی لەو تۆرە كۆمەڵایەتییانە بۆ هاووڵاتیان و گروپەكان، بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی زانیاری[15].
كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، رۆڵی گرنگی هه‌بووه تا ببێتە بەربڵاوترین تۆڕی پەیوەندی لەنێو كۆمەڵگادا:
1-ئاسانی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ بەرامبەردا بەهۆی (چات)ەوە.
2-خێرایی لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری، بودجەیەكی كەمیشی پێویستە. هەندێكجاریش بەكاربەران نەناسراون.
3-توانستی بەرفراوانی ئینتەرنێت بۆ خستنەڕووی زانیاری بۆ كۆمەڵگا وەك: دەستراگەیشتن بە زانیاری، وەرگرتن و ناردنی نامەی ئەلیكترۆنی، كرینی پێداویستی بەشێوەی ئەلیكترۆنی كە رێگە لە بەهەدەردانی كات دەگرێت[16].
له هه‌رێمی كوردستاندا، دامه‌زراندنى سه‌نته‌ره‌كانى ئینته‌رنێت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له سه‌ره‌تای ساڵی (2000)وه ده‌ستى پێكرد، هاوكاتی گه‌شه‌ى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان، به‌هۆى ئاسانی له ده‌ست ڕاگه‌یشتن به‌ئینته‌رنێت و نه‌بوونى سانسۆر یاخود فلتهریش له به‌كارهێنانیدا، به‌شێوه‌یه‌كی خێرا بایه‌خدان و به‌كارهێنانى تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بووه بابه‌تێكی سه‌ره‌كی له‌ناو دانیشتوانى هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌م مۆدیله نوێیه كه به میدیای جه‌ماوه‌ریش ناوده‌برێت، وێرای ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌مان پێكرد كه دیارترینیان ئاسانكارییه بۆ وه‌رگرتن و ئاڵوگۆڕی داتا و بۆچوون و خزمه‌تگوزارییه‌كانی تر، كۆمه‌ڵێك لایه‌نى نه‌رێنی و مه‌ترسی بۆسه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی له هه‌رێمی كوردستاندا هێناوه‌ته‌ئارا.
له ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌مدا، به‌شێوه‌یه‌كى زانستییانه ئاماژه به‌دیارترین مه‌ترسییه‌كانى تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد ده‌ده‌ین، له‌پێناو ده‌ستنیشانكردنی جۆری مه‌ترسییه‌كان و خستنه‌ڕووی ڕێكارێكی شیاو بۆ ڕێكخستنه‌وه و ئۆرگانیزه‌كردنی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
سێیه‌م: مەترسییەكانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی.
پۆڵێنی كاریگه‌رییه نه‌رێنی و مه‌ترسییه‌كانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، به‌پێی هه‌لومه‌رج و سیسته‌می ژیان و حكومڕانی ده‌وڵه‌تان، گۆڕانكاریی له‌سه‌ردا دێت. له‌م كورته توێژینه‌وه‌یه‌دا، ئاماژه به دیارترین مه‌ترسییه‌كانى تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ده‌ین، به‌جۆرێك ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاسایشى تاكه‌كه‌س و كۆمه‌ڵگا و بوارهكانیتری ژیاندا ده‌بینرێت.
یه‌كه‌م: سایبه‌رتیرۆریزم.
تیرۆریزم: تیرۆر لەڕووی زانستی زمانناسییەوە (Philology) لە بنەڕەتدا لە وشەی (Terrorisme)ی فەڕەنسییەوە هاتووە، بە مانای ترسێكی زۆر، تۆقاندن، دڕندەیی و تێكدانی باری دەروونی دێت([17]).
بە بڕوای (دورۆتی دەنینگ)، تیرۆریزمی ئەلیكترۆنی واتا: بەكارهێنانی ژینگەی میدیا و بواری ئەلیكترۆنی بە ئامانجی تیرۆر، یاخود پەلاماردان و هەڕەشەی نایاسایی لە ڕێگەی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر و تۆڕەكانی زانیاری و بڵاوكردنەوە، ئەویش بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ یا ناچاركردنی دەوڵەت یان جەماوەر لەپێناو بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانجی تایبەت.
گرنگترین تایبەتمەندییەكانی ئه‌م جۆره تیرۆریزمه بریتییه لە:-
1-بێ سنوری: تیرۆر لە رێگای میدیاكانەوە رووبەرووی سنوردارێتییەكی ئەوتۆ نابێتەوە.
2- كەمی بودجەی تێچوو: بە بودجەیەكی كەم دەتوانرێ زۆرترین كردەی تیرۆر ئەنجام بدرێت.
3-زیانگەیاندنی دارایی بەبێ زیانی جەستەیی: رێوشوێنێكی گرنگی تیرۆری میدیایی لەوەدایە كە دەتوانێ زۆرترین زیانی دارایی و سایكۆلۆژی بگەیەنێ بێ ئەوەی خۆی زیانی جەستەیی هەبێت.
4-ئاسانكاری لە ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی.
5-هەماهەنگی لە كردەی تیرۆردا: فاكتەری خێرایی لە پرۆسەی پەیوەندی و هاریكاریی لە ڕێگەی میدیاوە، كاری تیرۆریستانی ئاسان كردووە.
6-ئاڵوگۆڕی دراو و بانك: سودوەرگرتنی نیگەتیڤانەی تیرۆریزم لە پرۆسەی پەیوەندی بۆ ئاڵوگۆڕی دراو، فاكتەرێكیتری پەنابردنی گرووپە تیرۆریستییەكانە بۆ میدیای ئەلیكترۆنی.
لە هەمانكاتدا خەسڵەتەكانی تیرۆریزمی میدیایی بریتین لە:-
1- خێرایی لە پرۆسەی تاواندا: فاكتەرەكانی كات و شوێن لە سایبەر تیرۆریزم گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە دنیای ئەلیكترۆنیدا بەهۆی نزیكایەتی (تاوانبار، ئامانج و شوێنی تاوان) ئەنجامدانی تاوانی ئاسان كردووە.
2– نادیاری ناسنامەی تیرۆریست.
3- قەوارەی تاوان: لە سایبەر تیرۆریزمدا، قەوارەی تاوان و ئاستی كاریگەرییەكانی ناڕوونە.
4- كەمی بودجە: ئەنجامدانی تاوان لە دنیای ئەلیكترۆنیدا تەنها پێویستی بە كۆمپیوتەر و هێڵێكی ئینتەرنێت هەیە، واتا بڕی تیچووی كەمە.
5-نائامادەگی لە شوێنی تاوان: لە تاوانی ئاسایی دا بەبێ ئامادەبوونی تاوانبار ئاستەمە تاوان ئەنجام بدرێت، بەڵام كردەی تاوان لە دنیای ئەلیكترۆنیدا بەبێ ئامادەگی لە شوێنەكەدا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش دەبێتەمایەی ونبوونی سەرەداوەكان.
6-نێودەوڵەتیبوونی تاوان: لە تیرۆریزمی میدیای ئەلیكترۆنیدا، سنورەكان تێدەپەڕێنرێت و دەشێ لە تیرۆریست لە وڵاتێك بێت و تاوان لە وڵاتێكیتردا ئەنجام بدات.
7-هەڵكشانی ژمارەی رەش: واتا ئاستی زیانەكانی تاوان بەتەواوەتی نادركێنرێت.
8-ئۆتۆماتیكبوونی تاوان[18].
لە پرۆسەی جەنگی دژ بە تیرۆریزمدا، تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سه‌رجه‌م میدیاكانیش وەك پرەنسیپێكی نیشتیمانی ئەركی سەرشانیانە بەشداریی لە بەگژداچوونەوەی سایبهرتیرۆریزمدا بكەن.
بە بڕوای پسپۆران، پێویسته ستراتیژی بەگژداچوونەوەی سایبه‌رتیرۆریزم، له سێ رەهەندەوه بێت:-
1-سیستەمی بەرگری و خۆپاراستن: یەكەمین هەنگاوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتان.
2-ناسین: هەوڵدان بۆ ئاشكراكردنی ئەو كەس و ڵایەنانەی ئامانجی هێرشن و ناسینی كەس و ڵایەنی هێرشبەریش، هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەگژداچوونەوەی سایبەر تیرۆریزم.
3-پوچەڵكردنەوە: لەم قۆناغەدا پەڵاماردانی ئەلیكترۆنی لە هەر سەرچاوە و هەلومەرجێكدا بێت، پێویستە پوچەڵ بكرێتەوە[19].
دووه‌م: تەزویری ئەلیكترۆنی.
دەستەواژەی تەزویر لەڕوانگەی یاساییەوە پێناسی جۆراوجۆری بۆ كراوە، بەپێی بۆچوونێكی گرنگی یاسایی، ئه‌م تاوانه لە پوختەترین پێناسدا واتا: گۆڕینی ڕاستییەكە لە نووسینێكدا بەئامانجی فێڵكردن و بەشێوازێك كە یاسا بەتاوانی داناوە، دەبێتەمایەی زیانبەخشین (دەشێ زیانەكە ماددی یاخود مەعنەوی یا هەردووكیان بێت)[20]. گەشەكردنی تەكنەلۆژیای كۆمپیوتەریش، وێڕای خەسڵەتە گرنگەكانی لە پەرەپێدانی پرۆگرام و سێرڤسی جۆراوجۆر، بەهۆی پرۆسەی ئاسانكاریی لە دەستكاری و ئاڵوگۆڕی داتا و وێنەدا، دەرفەتی بۆ كەسانی خراپیش ڕەخساندووە تا بۆ ئامانجی نادروست و نایاسایی بەكاریبهێنن بەتایبەت بۆ تاوانی ئەلیكترۆنی. لەم ڕوانگەیەوە پسپۆڕێك پێی وایە: بەكارهێنانی سیستەمی كۆمپیوتەر و پرۆگرامەكانییەتی بۆ ئەنجامدانی تاوان[21].تەزویری ئەلیكترۆنی، بەكارهێنانی پرۆگرامی جۆراوجۆر بۆ دەستكاریی (داتا، وێنە، مۆر و ڤیزا…) به‌كارده‌هێنرێت، له‌رێگه‌ی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانهوه به خه‌ڵك ده‌فرۆشرێن. بۆ نمونه دیكۆمێنتێكی فه‌رمی (بڕوانامه، ناسنامه و پاسپۆرت…) به‌ناوی كهسێكهوهیه، وێنه یاخود داتایه‌كی ده‌ستكاری ده‌كه‌ن بۆ مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌زویر.
هه‌روه‌ها ئەم تاوانە له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكاندا، بۆ چەند جۆرێك پۆڵێن دەكرێت:
– دروستكردنی ئەكاونت و پەیجی تەزویر.
-بەكارهێنانی پرۆگرامی پێشكەوتوو بەمەبەستی تەزویركردنی دەنگ و ڕەنگ و وێنە و ڤیدیۆ یاخود دەستكاریكردنیان.
سێیه‌م: ژیانی تایبه‌ت.
سەرهەڵدان و ڕێزگرتن لە سنورەكانی چەمكی (ژیانی تایبەت)، مێژوویەكی دێرینی هەیە و لە زۆربەی ئایینە ئاسمانییەكانیشدا جەخت لەسەر پاراستنی كراوەتەوە، بەڵام هاتنەئارای وەك چەمكێكی سەربەخۆ دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی نۆزدە، كاتێك هەردوو یاساناسی ئەمریكی (سامۆئیل وارین) و (لویس براندیس) لەئەنجامی دەركەوتنی ڕۆژنامەی ڕووزەرد كە بێ پەروا كەوتبووە گیانی پێشێلــكردنی ژیانی تایبەتی كەسەكانەوە، توێژینەوەیەكیان لەساڵی (1890) بەناوی مافی ژیانی تایبەت بڵاوكردەوە[22]، تیایدا داوای پاراستنی مافی ژیانی تایبەتیان لە یاساكانی ئەو سەردەمەدا كردبوو. ئەمەش بە سەرەتای پشتیوانی یاسا لەو مافە ئیتیكییەی مرۆڤ لەناو كایەی میدیادا دادەنرێت. هەروەها پسپۆڕێكیتری بواری یاسا و ئێتیك لەو باوەڕەدایە كە ڕێزگرتنە لە ژیانی تایبەت و سەربەخۆیی، واتا مرۆڤ لە ڕەفتارەكانیدا سەربەست بێ و لە خەڵك بەدوور بێ، ئەویش لە چوارچێوەی یاسادا[23]. تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌یه بۆسه‌ر ژیانى تایبه‌ت كه به ئاسایشى تاكه‌كه‌س داده‌نرێت، پێشێلكردنی ئه‌م مافه تایبه‌تییه، گیروگرفتی زۆری بۆ كه‌سێتی و ئاشته‌وایی خێزان دروست كردووه، به‌جۆرێك له‌دواى هاتنه ئارای تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانهوه، ئاژاوه و ناته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆته‌مایه‌ی ئه‌نجامدانى چه‌ندین تاوانی جۆراوجۆر و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزانیش.
چواره‌م: پێكدادانى كولتووره‌كان و ناته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی.
لە هەرێمی كوردستاندا ئایین و ئایینزای جۆراوجۆر (ئیسلام، مەسیحی، ئێزیدی…) و ئایینزا و رێچكەی ئایینی كاكەیی، هەقە، نەقشبەندی، قادری) و ئایدۆلۆژیای جیاوازی (ئیسڵامی، عەلمانی…) و حیزب و عه‌شیره‌تی جۆراوجۆری تێدایە، زۆرجاریش خراپ به‌كارهێنانی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، بۆته‌مایه‌ی پێكدادانى كلتوریی و ئایینی كه سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه بۆ ناته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی.
پێنجه‌م: مامه‌ڵه‌ی ئه‌لیكترۆنی بۆ كاڵای نایاسایی.
گه‌رموگوڕی بازاڕی ئۆنڵاین، فاكتهرهكهی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و راستییه‌ی كه تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان توانیویه‌تی سنوری ده‌وڵه‌تان ببه‌زێنێت، واتا هه‌ر هاووڵاتییه‌ك ده‌رفه‌تی كڕینی پرۆگرام و خزمه‌تگوزاری و كاڵای هه‌یه. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ش، هه‌ندێكجار بۆ مه‌به‌ستى خراپ و تاوانی جۆراوجۆر به‌كارهێنراوه، دیارترینیان كڕینی جۆره‌ها كاڵا و به‌رهه‌می نایاساییه وه‌ك: كڕین و فرۆشى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، پرۆگرامی سیخوری و ئابڕووبه‌ر، مادده‌ی هۆشبه‌ر، قاچاخچێتی، هاككردنی داتا بۆ مه‌به‌ستى فرۆشتنه‌وه و زۆر تاوانیتریش.
گرفته‌كه له‌وه‌دایه، ئه‌م بێ سنورییه له تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كێشه‌ی بۆ دامه‌زراوه یاساییه‌كانیش خوڵقاندووه، چونكه زۆرجار كه‌سه تاوانباره‌كه له ده‌ره‌وه‌ی سنوری وڵاتهكهدایه، یاخود ناسنامه‌ی خۆی ون ده‌كات تا له سزای یاسایی خۆی ده‌رباز بكات.
به‌گشتی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێمی كوردستاندا زۆرن، به‌ڵام ئه‌م پێنج مه‌ترسییه به دیارترین هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نرێن، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه چه‌ند سیناریۆیه‌ك ده‌خه‌ینه‌ڕوو به‌مه‌به‌ستى بنه‌بڕكردنی مه‌ترسییه‌كان.
چواره‌م: سیناریۆ ئاینده‌ییه‌كان بۆ پارێزگاریی له ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی.
دارشتنی چه‌ندین سیناریۆ بۆ پراكتیزهكردنیان له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانی هه‌رێمی كوردستان، رۆڵێكی گرنگ له ئاراسته‌كردنی تۆڕهكۆمهڵایهتییهكاندا ده‌بینێت بۆ به‌كارهێنانی به‌مه‌به‌ستی پاراستن و خزمه‌ت به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كه ژیان و چاره‌نووسی سه‌رجه‌م دانیشتوانیشی به‌خۆیه‌وه گرێداوه. ئه‌م سیناریۆیانه ته‌واوكاری یه‌كترن، واتا فره‌ره‌هه‌ندی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێویستى به‌كۆمه‌ڵێك رێوشوێن هه‌یه تا بتوانرێت زیانه‌كانی كۆنتڕۆڵ بكرێت.
1-په‌ره‌پێدانی ئاستی هۆشیاریی جه‌ماوه‌ر.
هه‌وڵدان بۆ گه‌شه‌پێدانی هۆشیاریی و دروستكردنی هه‌ستی به‌رپرسیارێتی له‌ناو به‌كارهێنه‌رانی تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانی هه‌رێمی كوردستان، رێكارێكی گرنگه بۆ هاندانی هه‌ر به‌كارهێنه‌رێك به‌ئامانجی خزمه‌تكردن به ئاسایش و ئارامی كۆمه‌ڵگا، هه‌روه‌ها له‌كاتی پێویستدا ده‌توانرێ هه‌ژموونی جه‌ماوه‌ر بخرێته خزمه‌ت پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌رئاستی ناوخۆی وڵات و نێوده‌وڵه‌تیشدا. بۆ نمونه، هه‌ر به‌كارهێنه‌رێك یاخود خاوه‌ن ئه‌كاونت و په‌یجێك له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكاندا، كۆمەڵێك ڕاسپاردە و ڕێنمایی یاسایی تایبه‌ت وه‌ربگرێت تا ئاگادار بێت كه پاراستنی سه‌رجه‌م ره‌هه‌نده‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌ركی سه‌رشانییه‌تی. هه‌روه‌ها له‌كاتى قه‌یران و مه‌ترسیشدا، به‌شداریی له هه‌ڵمه‌تی هۆشیاریی بۆ خۆپارێزی له تاوانه جۆراوجۆره‌كان بكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وامیش هاوكار بن له‌گه‌ڵ دادگا و هێزه‌كانى پۆلیس بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباره ئه‌لیكترۆنییه‌كان. ئهركێكیتری جه‌ماوه‌ر، به‌شدارییه له ریپۆرتكردنی ئه‌كاونت و په‌یجه‌كان كه هاندان و پروپاگه‌نده‌یان بۆ تاوانه جۆراوجۆره‌كانی وه‌ك تیرۆر و مادده‌ی هۆشبه‌ر و له‌شفرۆشی و هاوشێوه‌كانیان تێدایه، تا كۆمپانیاكانى نمونه‌ی فه‌یسبووك، به‌هۆی ئه‌و ریپۆرتانهوه دایبخه‌ن.
بابه‌تێكی گرنگیتری هۆشیاریی جه‌ماوه‌ری، بێ ئاگابوونى زۆرینه‌ی به‌كارهێنه‌رانه له‌و ڕاستییه‌ی كه ئه‌مرۆ ته‌كنه‌لۆژیا هێنده پێشكه‌وتووه، له توانایدایه تاوانباره ئه‌لیكترۆنییه‌كان بدۆزێته‌وه. له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ى ڕابردوو، زۆرجار تاوان له‌رێی ئه‌لیكترۆنییه‌وه ئه‌نجام دراوه، چونكه تاوانبار به‌ئاسانی ناسنامه‌ی خۆی حه‌شارداوه و به‌ناوى خوازراو تاوانه‌كه‌ی كردووه، ئێستاش رێژه‌یه‌كی زۆری به‌كارهێنه‌ران هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ تاوانی جۆراوجۆری وه‌ك تیرۆر و ته‌زویر و مامه‌ڵه‌ی نه‌شیاو به‌كارده‌هێنن، پێویسته به‌كارهێنه‌ران هۆشیار و ئاگادار بكرێنه‌وه كه به‌هۆی ته‌كنه‌لۆژیاوه شیاوی دۆزینهوهن تا تاوان ئه‌نجام نه‌ده‌ن.
2- دانانى دەرگاوان له تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
چه‌مكی (دەرگاوانەكان Gatekeepers) بۆ یەكەمینجار لەڵایەن (كورت لوین Kurt Lewin)ەوە بەكارهێنرا، بەتێڕوانینی ناوبراو، كۆمەڵێك فلتەر هەن كە هەواڵەكانی پیادا تێدەپەڕن، ئەم فلتەرانەش دەروازەیەكی چوونە ژوورەوەن و تەنها مۆڵه‌ت به هەندێك هەواڵ دەده‌ن و هەندێكیشیان دوور دەخاتەوە و بە نەشیاو ناوزەدیان دەكات[24]. بەگشتی ئەو كەسانەی لە ستافی نووسین و دامەزراوەكانی میدیادا بەشداریی لە پرۆسەی ئامادەكردن و هەڵبژاردن و خستنەڕووی پەیامەكانی هەواڵدا دەكەن، پێیاندەوترێ دەرگاوان (gatekeeper)[25]. له هه‌رێمی كوردستان بۆ پارێزگاریی له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له مه‌ترسییه‌كانى تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، پێویسته له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك، سود له دهرگاوانهكان ببینن:-
– خاوه‌ن ئه‌كاونت و په‌یج و وێبسایته‌كان كه به‌پێی یاسا بهركارهكانى هه‌رێمی كوردستان، به‌رپرسن له‌و بابه‌تانه‌ی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، پێویسته كه‌سێكی شاره‌زا له یاسا و پره‌نسیپه‌كانى ئازادى راده‌ربڕین وه‌ك ده‌رگاوان دابنێن تا سه‌رجه‌م بابهتهكان هه‌ڵبسه‌نگێنێ، دوای دڵنیابوونه‌وه له پاراستنى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی، پاشان بڕیاری بڵاوبوونه‌وه‌یان بدات.
–به‌كارهێنه‌ران هۆشیار بكرێنه‌وه له دروست به‌كارهێنانى تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌گه‌رنا لایه‌نى به‌رپرس به‌دواداچوون بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌واڵ و داتا و وێنانه بكات كه زیان به ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌یه‌نن.
–كۆمپانیاكانی ئینته‌رنێت و مۆبایل ئاگادار بكرێنه‌وه بۆ فلتهركردن یاخود كۆنتڕۆڵكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و ئه‌كاونت و په‌یجانه‌ی زیان به‌ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌یه‌نن. هه‌ندێك له‌و په‌یج و ئه‌كاونتانه ده‌شێ له وڵاتانی تره‌وه ئاراسته بكرێن، ئه‌گه‌ر هاندانیان بۆ تاوان تێدابوو به‌تایبه‌ت تاوانه‌كانى تیرۆر و بازرگانی هۆشبه‌ر و ریكلام بۆ كاڵای مه‌ترسیدار، پێویسته فلته‌ر بكرێن.
3-ڕێككه‌وتنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی تاوانی ئه‌لیكترۆنی.
خه‌سڵه‌تێكی گرنگی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گڵۆباڵیزهبوونی خزمهتگوزارییهكهیه، واتا به‌كارهێنه‌ران سنوری وڵاتان ده‌به‌زێنن و له‌سه‌ر ئاستی جیهان په‌یامه‌كانیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه. هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هاوپه‌یمانێكی گرنگی به‌ره‌ی دژه‌تیرۆر، پێویسته ڕێككه‌وتنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی ئینته‌رنێت و وڵاتانی تری به‌ره‌ی دژه‌تیرۆردا هه‌بێت، به‌مه‌به‌ستى هاریكاریی دوولایه‌نه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و تاوانبارانه‌ی زیان به‌ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌گه‌یه‌نن، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئاگاداری‌یان بكاته‌وه بۆ فلتهركردنى هه‌ر ئه‌كاونت و په‌یجێك كه زیان به‌ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌یه‌نن.
4- به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستى خزمه‌تگوزاری.
هه‌ڵسه‌نگاندنى بارودۆخی ژیانی دانیشتوانی وڵاتان، میتۆدێكی گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له ئاستی بایهخدانیشیان به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، واتا هه‌ر وڵاتێك خۆشگوزه‌رانی و بژێوییهكی شایسته بۆ هاووڵاتیانی خۆی دابین بكات، به‌دڵنیاییه‌وه زیاتر خه‌مخۆری پاراستنى ئاسایشى نهتهوهكهیانن له‌و مه‌ترسییه جۆراوجۆرانه‌ی دێنه‌ئارا.
له‌هه‌مان كاتدا هه‌ڵكشانی فشارە ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش، كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌ڵكشانى هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، هه‌تا رێژه‌ی قه‌یران له‌ناو كۆمه‌ڵگایه‌كدا زیاتر بێت، پتر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌وێته به‌رده‌م مه‌ترسییه‌وه.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتداران، پێویسته به‌به‌رده‌وامی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی وه‌ك: ره‌خساندنى هه‌لی كار، بایه‌خدان به ناوه‌نده فێركاری و ئه‌كادیمییه‌كان، دابینكردنى شوێنی نیشته‌جێبوون، بنه‌بڕكردنى رۆتین، چاككردنی ڕێگاكانى هاتوچۆ، كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره ئابوورییه‌كان، یارمه‌تیدانى چین و توێژه جۆراوجۆره‌كان، كردنه‌وه‌ی ده‌یان ناوه‌ندی رووناكبیری و هونه‌ریی به‌ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی بزانێت تا دانیشتوانى هه‌رێمی كوردستان، هه‌ست به‌خۆشگوزه‌رانی و ئاسوده‌یی بكه‌ن و ئه‌مه‌ش ببێته پاڵنه‌رێك بۆ پاراستنى ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی.
سه‌رچاوه‌كان:
-كوردی:
د.نەعیم بەدیعی: رۆژنامەگەری ئەلیكترۆنی، وەرگێڕانی: كارزان محەمەد، چاپوپەخشی سەردەم، چاپی یەكەم 2009.
-عه‌ره‌بی:
1- جمال ابراهیم الحیدري: القسم الخاص من قانون العقوبات، دار السنهوري، 2013.
2- عبدالفتاح بيومي حجازي (الدكتور): التزوير في جرائم الكمبيوتر و اڵانترنت، دارالكتب القانونية، مصر، 2008.
3- فتحى حسين عامر(الدكتور): المسئولية القانونية و اڵاخڵاقية للصحفي، القاهرة، 2014.
4-هيثم الكيلاني (الدكتور): مفهوم اڵامن القومي العربى، دراسة فى جانبية السياسى و العسكرى، بحث في كتاب (اڵامن العربى التحدديات الراهنة و التطلعات المستقبلية)، مركز الدراسات العربى- اڵاوروبى، الطبعة اڵاولى.
فارسی
1-افتخاری، اصغر: مراحل بنيادين انديشه در مطالعات امنيت ملي. تهران: پژوهشكده مطالعات راهبردى، 1381.
2-ربیعی، علی: مطالعات امنیت ملی، تهران، وزارت امور خارجه، 1383.
3-سفری، محمد علی: مفاهیم تروریسم در قاموس زورمداران جهان، انتشارات صبا.
4-علی اكبری تبار، ابراهیم اسنكدر پور: رسانەهای اجتماعی و شبكەهای اجتماعی مجازی، مۆسسه فرهنگی هنری تقارب و تبادل فرهنگی، 1392.
5-كازنو، ژان: جامعەشناسی وسایل ارتباط جمعی، ترجمە: باقر ساروخانی و منوچهر محسنی، تهران 1365.
6-ماندل، رابرت: (چهره متغیر امنیت ملی) ترجمه پژوهشکده مطالعات راهبردي، تهران، 1377.
سيد مجتبی تهامی (دكتر): امنيت ملى، دكترين، سياست هاى دفاعى و امنيتى، انتشارات كانون پژوهش های دریای پارس، 1384.
مجلات:
1-اردشير زابليزاده: قدرت بازدارندگی در فضای سايبر، مجله رسانهو فرهنگ، شماره 1،1397
2-صالحــی امیــری، ســیدرضا و افســر افشــاری نــادری: «مبانــی نظری و راهبــردی مدیریــت ارتقــای امنیــت اجتماعــی و فرهنگــی در تهــران»، شــمارۀ پنجــاه و نهــم، ســال بیســتم، 1389.
3- عبدالرضا جوان جعفری: جرایم سایبر و رویكرد افتراقی حقوق كیفری، مجلە دانش و توسعە، سال هفدهم، شمارە 34 ویژە اسفند 1389.
4- د.كامیان خزایی: أسیب های ن‌و پدید شبكەهای اجتماعی مجازی 1391، نخستین کنگره ملی فضای مجازی و آسیب های اجتماعی نوپدید.
5-نبــوی، سیدعبدالحســین و همــکاران: بررســی تأثیــر پایــگاه اجتماعــی- اقتصــادی و هویــت قومــی بــر اســاس امنیــت اجتماعــی، نشريه دانش نظامى، شماره 2، 1387.
ئینگلیزی
Books:
-1Aminian, Bahadur: Evolution Of National Security Concept, Rewal Pind, 1991.
2- Alexander, B: “Web 2.0: A New Wave of Innovation for Teaching and Learning”, University of Southern California, 2008.
3-Buzan, Barry; Weaver, Ole: “Liberalism and security: the contradictions of the liberal leviathan”, Copenhagen peace research institute (COPRI) Working papers, 1998.
4-Iain McLean (editor)، Oxford concise Dictionary of politics New York: Oxford university press 1996.
Magazines
1-Boyd, Danahm.& Ellison, Nicole B: Social Network Sites: Definition ,History and Scholarship ,Journal of Computer-Mediated Communication ,2008,Vol.13.
2-Obar, Jonathan A. and Wildman, Steven S., “Social Media Definition and the
Governance Challenge: An Introduction to the Special Issue”, SSRN Electronic Journal,
2015, doi:10.2139/ssrn.2647377.
Webs:
-Warren and Brandeis: The Right to Privacy, Harvard Law Review, Vol. IV, December 15 1890, No. 5, http://groups.csail.mit.edu/mac/classes/6.805/articles/privacy/Privacy_brand_warr2.html
[1] – Aminian, Bahadur: Evolution Of National Security Concept, Rewal Pind, 1991,P 2.
[2]-Iain McLean (editor)، Oxford concise Dictionary of politics New York: Oxford university press 1996, P 332.
[3] – ماندل رابرت (چهره متغیر امنیت ملی) ترجمه پژوهشکده مطالعات راهبردي، تهران، 1377، (ص 51-52).
[4]-د. هيثم الكيڵاني: مفهوم اڵامن القومي العربى، دراسة فى جانبية السياسى و العسكرى، بحث في كتاب (اڵامن العربى التحدديات الراهنة و التطلعات المستقبلية)، مركز الدراسات العربى- اڵاوروبى، الطبعة اڵاولى، 1996، ص (70).
[5] – نبــوی، سیدعبدالحســین و همــکاران: بررســی تأثیــر پایــگاه اجتماعــی- اقتصــادی و هویــت قومــی بــر اســاس امنیــت اجتماعــی، نشريه دانش نظامى، شماره 2، 1387، (ص 82).
[6]– People, states and fear.
[7]– Buzan, Barry; Weaver, Ole (1998): “Liberalism and security: the contradictions of the liberal leviathan”, Copenhagen peace research institute (COPRI) Working papers, P 302.
[8] -افتخاری، اصغر (1381): مراحل بنيادين انديشه در مطالعات امنيت ملي. تهران: پژوهشكده مطالعات راهبرد، ص (67).
[9]– صالحــی امیــری، ســیدرضا و افســر افشــاری نــادری: مبانــی نظــری و راهبــردی مدیریــت ارتقــای امنیــت اجتماعــی و فرهنگــی در تهــران»، شــمارۀ پنجــاه و نهــم، ســال بیســتم، 1389، ص (6-7).
[10]– ربیعی، علی (1383): مطالعات امنیت ملی، تهران، وزارت امور خارجه، ص (147).
[11]– دكتر سيد مجتبی تهامی (1384): امنيت ملى، دكترين، سياست هاى دفاعى و امنيتى، انتشارات كانون پژوهش های دریای پارس، ص (13).
[12]– Alexander, B. (2008). “Web 2.0: A New Wave of Innovation for Teaching and Learning”, University of Southern California, P 93.
[13]– علی اكبری تبار، ابراهیم اسنكدر پور: رسانەهای اجتماعی و شبكەهای اجتماعی مجازی، مۆسسه فرهنگی هنری تقارب و تبادل فرهنگی، 1392، ص (8).
[14]– Boyd, Danahm.& Ellison, Nicole B: Social Network Sites: Definition ,History and Scholarship ,Journal of Computer-Mediated Communication ,2008,Vol.13. P (211).
[15]– Obar, Jonathan A. and Wildman, Steven S., “Social Media Definition and the Governance Challenge: An Introduction to the Special Issue”, SSRN Electronic Journal, 2015, doi:10.2139/ssrn.2647377. P 745.
[16]-د.كامیان خزایی: أسیبهای نوپدید شبكەهای اجتماعی مجازی 1391، نخستین کنگره ملی فضای مجازی و آسیب های اجتماعی نوپدید، ص (6-7).
[17] – محمد علی سفری: مفاهیم تروریسم در قاموس زورمداران جهان، انتشارات صبا، 1384، ص(22).
[18]– عبدالرضا جوان جعفری: جرایم سایبر و رویكرد افتراقی حقوق كیفری، مجلە دانش و توسعە، سال هفدهم، شمارە 34 ویژە اسفند 1389، ص‌ص (176-180)
[19]-اردشير زابليزاده: قدرت بازدارندگی در فضای سايبر، مجله رسانهو فرهنگ، شماره 1،1397، ص 68.
[20]– جمال ابراهیم الحیدري: القسم الخاص من قانون العقوبات، دار السنهوري، 2013، ص43.
[21]– الدكتور عبدالفتاح بيومي حجازي: التزوير في جرائم الكمبيوتر و اڵانترنت، دارالكتب القانونية، مصر، 2008، ص (106).
[22]-Warren and Brandeis: The Right to Privacy, Harvard Law Review, Vol. IV, December 15 1890, No. 5, http://groups.csail.mit.edu/mac/classes/6.805/articles/privacy/Privacy_brand_warr2.html –
[23] -د.فتحى حسين عامر: المسئولية القانونية و الآخلآقية للصحفي، القاهرة، 2014، ص 24.
-[24] ژان كازنو: جامعەشناسی وسایل ارتباط جمعی، ترجمە: باقر ساروخانی و منوچهر محسنی، تهران 1365، ص (61).
[25]– د.نەعیم بەدیعی: رۆژنامەگەری ئەلیكترۆنی، وەرگێڕانی: كارزان محەمەد، چاپوپەخشی سەردەم، چاپی یەكەم 2009، ڵا (21).