“ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و تورکیا؛ هۆکارەکانی، لێکەوتە ناوچەیی و ئابوورییەکانی”
“پوختەی جێبەجێکار”
دوای نزیکەی (١٠) ساڵ لە بەستەڵەکی پەیوەندییەکانی هەردوولا، لە (٣١ی ئابی ٢٠٢١) دا سەرۆک کۆماری تورکیا “ڕەجەب تەیب ئەردۆگان” و جێنیشینی ئەبوزەبی « محەمەد بن زاید» پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا. وەک چاوەڕوان ئەکرا ڕۆژی چوارشەممە (٢٤ی نۆڤەمبەری٢٠٢١) هەریەکە لە (ئەردۆگان و بن زاید) لە ئەنکەرە بەیەکگەیشتن. لە رێوڕەسمێکدا ئەردۆغان و بن زاید، (١٠) رێککەوتننامەیان لە بوارە جیاوازەکاندا واژوو کرد. ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا فاکتەری ناوخۆیی و لێکەوتەی هەرێمایەتی و ئابووریی هەیە. لەم پەیپەرەدا لە پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS تیشکی ئەخەینە سەر.
یەکەم؛ بنەمای جیاوازییەکانی تورکیاو ئیماراتی عەرەبی.
ماوەی دە ساڵە ئەبوزەبی و ئەنقەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا-لە لیبیاوە بۆ قەتەر و سوریا و یەمەن تەحەددای یەکتری ئەکەن. لەکاتێکدا ههندێك ناوچەی تریش هەڕەشە بوون بۆ کێبڕکێکەی نێوانیان وەک باڵکان، ئاسیای ناوەند و ناوچەی کەنداوی عەدەن و سۆماڵ.
هەر لەدوای بەهاری عەرەبییەوە، تورکیا ئیماراتی تۆمەتبار ئەکرد بە بوونی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیلدا، لەکاتێکدا تورکیا یەکەمین دەوڵەتی ئیسلامی خاوەن هەژمونە کە لەساڵی (١٩٤٨) دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا ناوە و پیرۆزبایی لێ کردوون، لەساڵانی نەوەتەکانی سەدەی بیستەمدا تا هاتنی “ئاکپارتی” بۆ دەسەڵات لە ساڵی (٢٠٠٢) بەهێزترین پەیوەندیی سەربازیی و هەواڵگریی و ئابووریی و دیبلۆماسی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا لەگەڵ وڵاتی تورکیا بووە. لەبەرانبەردا ئیمارات هەمیشە ئیخوان موسلیمینی بە هەڕەشەیەکی سیاسیی و ئەمنی زانیوە، کە (تورکیا و ئاکپارتی) پشتیوانی بێ چەندوچوونی پرۆژەی ئیخوان ئەکەن لە ناوچەکەدا. بەتایبەتی ئەم کێشەیە لەوێدا قووڵ بۆیەوە کە هەریەکە لە سعودیە و ئیماراتی عەرەبی هاوکاری کودەتاکەی «عەبدولفەتاح سیسی» یان لە تەمموزی ساڵی ٢٠١٣ دا کرد(١).
دوای ئەوەی ئیسرائیل و ئیماراتی عەرەبی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان دەستپێکرد، لە (١٣ی ئابی ٢٠٢٠) یشدا هەردوولا ئیمزایان لەسەرڕێککەوتنی «ئەبراهام-ئیبراهیم» کردو پاشان لە کۆشکی سپی پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە. ئیتر ئیمارات بوو بە سێهەمین دەوڵەتی عەرەبی دوای میسر (١٩٧٩) و ئوردون (١٩٩٤) کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکاتەوە. کەنداو بۆ ئیسرائیل گرنگییەکی گەورەی ئابووریی و ئەمنی هەیە. هەریەکە لە تورکیاو ئیمارات، دوو هێزی ناوچەیی سەر بە گۆبەندن، هەردولایان دەست لە دەرەوەی خۆیان وەرئەدەن و لە دەرەوەی خۆیان پرۆژەی سیاسیی و سەربازیی و هەوالگریی و ئابورییان هەیە. لەماوەی ساڵانی کۆتایی (٢٠١١ بۆ کۆتایی ٢٠٢١) لە هەر شوێنێک تورکیا دەستی وەرداوە، ئیماراتی عەرەبیش لەو شوێنە دژی تورکیا پرۆژەی هەبووە. لە سوریا تورکیا دژی کورد جەنگاوە، ئیمارات لە دژی تورکیا پاڵپشتی (پەکەکە) و هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کردووە، ئاژانسی ئەنادۆڵ ئەوەی نەشاردۆتەوە کە بەرپرسانی ئیمارات لە ساڵی (٢٠١٧ ) دا دیدارگەلێکیان لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە لە سووریا هەبووە و هەر لەوێ بەڵێنی یارمەتی هەمەلایەنەیان داوە. ئیمارات لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٨ ەوە دەیان ئەفسەر و هۆکاری هەواڵگری و کارناسی ناردووەتە بنکەکانی “پەکەکە” لە قامیشلۆ و پارێزگاکانی حەسەکە و دەیرەزوور کە ئەو ئەفسەرانە هەوڵی پەروەردەی هێزەکانی پەکەکەیان داوە و خولی فێرکاری و کۆکردنەوەی هەواڵ، کەناڵی ڕاگەیاندن، پارازیت و شکاندنی کۆد و قاچاخیان بۆ پەکەکە بەڕێوە بردووە(٢).
کاتێک تورکیا لە مەقادیشۆی پایتەختی سۆماڵ بنکەی سەربازیی کردەوەو (٥٠) ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد، ئیماراتیش لەبەرانبەردا دەستوەردانی کردو (٤٤٠) ملیۆن دۆلاری لە چەند هەرێمێکی جیاوازی سۆماڵدا دژی پرۆژە تورکیەکە تەرخان کرد. لە ساڵی (٢٠١٩ و٢٠٢٠) کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەربازی لەڕێگەی ناوچە ئاوییەکانی دەریای سپییەوە بۆ “لیبیا” پەڕاندەوە و پاڵپشتی حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی کرد، ئیماراتیش لە دژی ئەوە پاڵپشتی جەنەراڵ خەلیفە حەفتەری کردو هێزیان بەرەو تەرابلوس جوڵاند(3).
دووەم؛ پاڵنەرە نێوخۆییەکان بۆ نزیکبونەوەی تورکیاو ئیمارات.
٢-١. پرۆژەی «دوقم» و پەراوێزخستنی ئیمارات لە کەنداوی عەرەبی
“دوقم” مینایەکی ستراتیجی گرنگە لە سەڵتەنەتی عومان، ئەکەوێتە سەر دەریای عەرەب ( بەئاڕاستەی هیندستان)، عومان بە پێچەوانەی ئیماراتەوە ووڵاتێکی هێمن و بێ سەرئێشەیە. ئەمەش وایکردووە کە سعودیە لەگەڵ عومان لە (تەمموزی ٢٠٢١) بگاتە ڕێککەوتنێکی گەورە بۆکردنەوەی ڕێگەیەکی ئۆتۆبانی خێرا بە درێژایی (٨٠٠) کیلۆمەتر کە سعودیە ئەبەستێت بە بەندەری “دوقم” ی سەڵتەنەتی عومانەوە.(4)
“سعودیەو ئیمارات، ململانێی جوگرافی و مێژوویی و ناوچەییان هەیە”
ساڵی (١٩٧٤) لەسەر سنور ڕێککەوتوون کە بە (ڕێککەوتننامەی جدە) ناسراوە، ئیمارات ئەو کاتە تەنها (٣) ساڵێک بوو کە سەربەخۆیی ڕاگەیاندبوو، لایانوایە سعودییە لەو وێناکردنە جوگرافییەدا ستەمی لێکردوون و لەبەرانبەر ئەوەشدا دانی بە ئیماراتدا ناوە. بەتایبەت چەند لادێیەک کە یەدەگی نەوتی تیادایە و کەوتۆتە سنووری سعودییەوە بە پێی ڕێککەوتنەکە. لە قەیرانی یەمەن و حوسییەکاندا سعودییە و ئیمارات تووشی جیاوازیی و ململانێی یەکتر بونەوە. لە دیاریکردنی نرخی نەوت و کاتی قەیرانی کۆرۆنادا، لە میانەی نرخ دانان و کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە ( ئۆپیک پلەس) دا سعودییە و ئیمارات ناکۆک بون(5). شارەزایانی بواری کەنداو بەشێکی ئەم دەستوەردانانەی ئیمارات و ئاڵەنگارییانەی تووشی ئەبنەوە لە ئاکامدا ئەبەستنەوە بۆ هەڵپە-هەڵپی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیمارات ” تەحنون بن زاید” کە ئەکاتە برای جێنشینی ئیمارات “محەمەد بن زاید”. ئەمەش وایکردووە؛ ئیمارات لە هەر شوێنێکی دونیادا پرۆژەیەکی سیاسی و هەواڵگریی هەبێت و هەندێ جار کارتەکان و گەمەکان لە سعودییەش تێک بدات.
هەر بۆیە سعودیە و عومان ڕوویان کردە یەکتر. “عومان” سنوورێکی لەگەڵ دەریای سوور نییە و سعودییەش دەرچەیەکی نەبوو بگاتە سەر دەریای عەرەبی، بە پرۆژەی ئۆتۆبانی (دوقم- سعودیە) سەڵتەنەتی عومان ئەگاتە سەر دەریای سوور لە ڕێگەی سعودییەوە (دووریش نییە ئەم هێڵە درێژتر بکرێتەوە ئیسرائیل ببەستێت بە کەنداوی عەرەبی و دەریای عەرەبەوە). عومان لە نێوان (٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٠) قەرزە حکومییەکانی لە (٥٪) ەوە زیادی کرد بۆ (٨٠٪)، کە بوە هۆی زیادبوونی بێکاریی لەم ووڵاتە (٥) پێنج ملیۆن کەسییەدا، بۆیە لەوە ئەگەڕان وەبەرهێنانی بیانی و کەرتی تایبەت زیادبکەن تا دەرفەتی کار زیاد بکات، ئەمەش بوە هۆی ڕیفۆرمێکی ڕیشەیی و دیدگای (٢٠٤٠) یان ڕاگەیاند، هەروەها سعودییەش دیدگای خۆی بۆ (٢٠٣٠) هەیە (6).
خاڵێکی گرنگتر، ئەوەیە سعودییە لە دەرچەیەکی سەلامەتتر ئەگەڕا بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی، تا دوور بێت لە هەڕەشەی حووسییەکان لەناوچەی دەریای سوور. بۆ ئەمەش مینای دوقم باشترێکەو ئەڕوانێت بەسەر گەرووی هورمزدا کە (٢٠٪) ی نەوتی جیهانی لێوە دێت و ئەچێت. لەوەش گرنگتر بۆ سعودییە ئەوەیە عومان ڕۆڵێکی بێلایەنی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا هەیە، خاڵی سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان سعودییە و حوسییەکان بووە لەلایەک و، لەلایەکی تریش ئێران و سعودییە (بۆ ئایندەش پێگەیەکی گەورەتر ئەداتە عومان بۆ گفتوگۆکانی سعودییەو ئێران). بۆیە ئەکرێت سەڵتەنەی “عومان” لە ئایندەی نزیکدا جێگەی ئیماراتی عەرەبی بگرێتەوە، ئەم پرۆژەی دوقم و هێڵە خێرایەی (سعودییە-عومان) وا ئەکات عومان ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاری گەورە لە جیهانداو ڕۆڵی گەشتیاری ئیمارات (دوبەی) بە تەواوەتی لاواز بکات. کە هەر لە سەرەتاوە نیشانەکەی دەرکەوتوە شازادەی جێنشینی سعودیە « محەمەد بن سەلمان» بڕیاریداوە (٥٠٪ ) ی بیناو شوققەکانی ئیمارات کەمتر بەکاربهێنێت و لەمەولا سعودییەکان بۆ لایەنی گەشتیاری ڕوو لە عومان ئەکەن نەک دوبەی و شاریقە. لەکاتێکدا بازاڕی خانوبەرە و بازاڕە داراییەکانی ئەبوزەبی خۆی لە ساڵی (٢٠٢٠) ەوە ڕووی لە لاوازی کردوە.
٢-٢. ئیمارات ئەتوانێت تورکیا لە قوڕ و چڵپاوی دارایی دەربهێنێت؟
ڕۆژنامەی “ووڵ ستریت” جۆرناڵی ئەمریکی لە (٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) دا، قەیرانی دابەزینی مێژوویی لیرەی تورکی بە قەیرانی ئەردۆگان ناو ئەبات. ئاژانسی ڕووسیا تودەی -RT لە (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) ڕاپۆرتێکی لە سۆنگەی ئاسایشی نیشتیمانی ڕووسیاوە بەناونیشانی «ئایا ئەردۆگان ئابووری تورکیا ئەکوژێت یان ئابووری تورکیا ئەردۆگان لە ناو ئەبات؟» بڵاوکردۆتەوە. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە بگەڕێین بەدوای ئەوەی ئەم قەیرانەی دراوی تورکی گرتۆتەوە لە کوێوە دێت؟. ڕاستییەک لە مێژووی تورکیادا هەیە، کە بەگوێرەی کات بووەتە بەشێک لە کەسێتی و ڕەفتاری بەردەوامی وڵاتەکە، ئەویش ئەوەیە “تورکیا” ناتوانێت بەردەوام بێت بێ ئەوەی دەست لە کاروباری ئەوانی تر وەربدات. بۆ ئەوەی “تورکیا” لە ئاسایشدا بژی ئەبێت دەست لە کاروباری ئەوانی تر وەربدات!. ڕەنگە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەبێت تورکەکان زەوی و خاکی ئەوانی دیکەیان داگیرکردووە بۆ ئەوەی زەمینەکەیان بەرتەسک نەبێتەوە پەل بۆ ئەملاولای دیکە ئەهاوێژن. دەست وەردان لە قەقاز، لە ئەفگانستان، لە ناوچەی دەریای ڕەش، لە ئێراق، سوریا و لیبیا و قوبرس و دوورگەکانی یۆنان و…تادوایی. لە هەموو شوێنەکانیش “تورکیا” بە دوای سێ شتەوەیە؛
- پرسی ئاسایش (لای ئەردۆگان مەسەلەی پەکەکەو گروپی گویلەن ئەگرێتەوە)
- پرسی ووزە (گازی سرووشتی)
- ئابووری و بازاڕ بە گشتی
ئەم دەستوەردانە بەردەوامانەی تورکیا لە ناوچەکەو گوتارو لێدوانە تووندەکانی ئەردۆگان، ئەو هەستەی بە جیهان داوە کە بەدوای زیندووکردنەوەی ئیسلامێکی-ئیتنی کەوتووە لە هاوشێوەی ئیمپراتۆرەکانی خەلافەتی عوسمانی. بەتایبەت ناوچەی دەریای سپی ناوەراست هەر لە (یۆنان و لیبیا و میسر و ئیسرائیل و قوبرس)ەوە لە مامەڵەکانی ئەردۆگان دڕودۆنگن، چونکە پێشتر ئەو وڵاتانە زەمینەی دەوڵەتی عوسمانی و داگیرکاری تورک بوون. بۆ تورکیا، ئەم هەموو گێژەنگە بە هۆی گازی سرووشتییەوە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی بەردەوامە، لە زستانێکی ساردی وەک (٢٠٢١) دا و لەقەیرانێکی دارایی وەهادا ووڵاتەکە تەنها بۆ کڕینی گازی سرووشتی (٥٦) ملیار دۆلاری پێویستە (جگە لە نەوت). ووڵاتانی بەشدار لە دەرهێنان و هەناردەکردنی گازی سروشتی (قوبرس- ئیسرائیل- میسر) لە سنورە ئاوییەکانی خۆیاندا ڕێگەیان بە تورکیا نەداوە بەشدارییان لەگەڵ بکات، تورکیاش بەردەوام دەست وەرئەدات و ئەیەوێت یاسای ئاویی نێودەوڵەتی و ناوچە ئابورییە دیاریکراوەکان (مناطق الاقتصادیة الحصریة-EEZ ) ببەزێنێت. بۆیە بەهۆی دەستوەردانەکانی تورکیاوە لە ناوچە ئاوییەکانی قوبرس- یۆنان یەکێتی ئەوروپا سزای قورسی سەپاندوە بەسەر تورکیادا. بەردەوام سەپاندنی سزاکانی ئەوروپاو وڵاتانی دیکە بەسەر تورکیادا، ئەنجامەکەی ئەوەیە لیرەی تورکی لەماوەیئەم (١٠) دە ساڵەدا (٧٢٠٪) بەهاکەی خۆی لە دەستداوە، لە هەموو مێژوودا بەهای لیرە ئاوها نەهاتۆتە خوارەوە (١٣٠٠ لیرەی تورکی=100دۆلاری ئەمریکی). سەرۆک کۆماری تورکیا ” ڕەجەب تەیب ئەردۆگان” لەماوەی (١) ساڵدا (٣) جار سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیای گۆڕیوە!. لەڕاستیدا پێویستە سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت نەک سەرۆکی بانکی ناوەندی. چونکە گرفتەکە لەوێوە نایات کەڕێژەی (سوو-فائده) ی بانکی زیادبووە، گرفتەکە لە کەمبوونەوەی یەدەگی بیانییەوە دێت لە بانکی ناوەندی تورکیاوە، چونکە سەرمایەدارە بیانییەکان هەم سەرمایەکانیان هەم پارەکانیان کە بە دۆلار و یۆرۆیە ئەکشێننەوە لە بانکە تورکییەکان، وە هەم کەرتی تایبەتی بیانی لە تورکیا کارەکانی ئەوەستێنێت، بۆیە بەرئەنجامی ئەمە لەلایەک دراوی تورکی بەهاکەی بەردەوام لە دەست ئەداو هەڵاوسان دروست ئەبێت، لەلایەکیتریش ڕێژەی بێکاریی (Unemployment) زیاتر ئەکات(7) “تورکیا” زۆر هەوڵیدا لە “لیبیا” جێ پێیەک بۆ خۆی مسۆگەر بکات نەیتوانی، لەگەڵ میسرو یۆنان و ئیسرائیل چەند ساڵێکە ئەیەوێت پەیوەندییەکانی بەتەواوی ئاسایی بکاتەوە، هەر نەیتوانی بچێتە ناوەوە. لە دۆخێکی وادا، ئەتوانین بڵێین؛ گرفتەکانی تورکیا لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست ( کە وڵاتانی سێ کیشوەر ئەکەونە سەر ئەم دەریایە) وایکردوە تورکیا تووشی دۆخێکی ئابوریی-سیاسیی و ئەمنی نەخوازراو ببێتەوە. ئیسرائیل قوڕگی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستەو لەگەڵ قوبرس لە تەنیشت تورکیاوە گاز هەناردەی ئەوروپا ئەکەن. ئایا ئیمارات لێرەدا چی بۆ تورکیا ئەکات؟.
سێیەم؛ ئیمارات لە دەریای سپی ناوەڕاست.
پێش هەموو شتێک، هەر لە ساڵی (٢٠٠٩) بەدواوە کە دۆزینەوەی گازی سرووشتی لە ژێر ئاودا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ڕاگەیاندرا، کۆمپانیا ئیماراتییەکان هاوشانی نۆبڵ ئینیرجی ئەمریکی و ئینی ئیتالی و دێلێک گروپی ئیسرائیلی دەستیان بە کار کرد. ئەگەرچی “ئیمارات” لەڕووی جوگرافییەوە ناکەوێتە سەر دەریای سپی بەڵام لە ساڵی (٢٠٢٠) دا وەکو ئەندام لە مونتەدای گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی قبوڵکرا ( بەسیفەتی چاودێر) کە بارەگاکەی لە قاهیرەیە. دواتر هەریەکە لە تەلئەبیب و ئەبوزەبی باڵوێزخانەیان لەلای یەکتر کردەوە، ئینجا لە کۆتایی(سێپتەمبەری ٢٠٢١) دا ئیمارات (٢٢٪) پشکەکانی کێڵگەی گازی تیماری ئیسرائیلی بە نزیکەی (١) ملیار دۆلار کڕی.
ئەمە جگە لەوەی هەر لەو ناوچەیە، پێشوتر دژی “تورکیا” ئیمارات بەشداری لوتکەکانی گازی سرووشتی لەگەڵ ئیسرائیل و میسر و فەرەنسا و ئیتاڵیا و یۆنان و قوبرس و ئوردون دا کردووە.
چوارەم؛ مەترسیی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی تورکیا لە سەر کورد.
ئێران هەمیشە ئەجێندەی خۆی هەیە و لەگەڵ پرۆژەی تورکیدا ڕێ ناکات. بەدەر لەوە هەر کاتێک پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تورکیا ئاسایی ببێتەوە ئەوا بە بێ سێ و دوو بە زیانی پرسی کورد لە سوریا ئەشکێتەوە. هەروەک چۆن پێشوتر لە نەوەتەکاندا پەیوەندیی تورکیا و ئیسرائیل بەهێزبوو دەستگیرکردنی ڕێبەری پەکەکە «عەبدوڵا ئۆجەلان» لێ کەوتەوە. وە بە هەمان شێوە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ “ئیمارات” لەم قۆناخی یەکەم دا نا، بەڵام لە قۆناخی دواتری پەیوەندییەکانیاندا دژ بە پرسی کەرکوک و هەرێمی کوردستانی ئێراق ئەشکێتەوە. چونکە لەدوای ڕووداوەکانی (١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) تورکیا بەهەڵەی خۆی کەرکوکی ڕادەستی ئێران کردوە.
“مەترسیی هەرە گەورەی ڕێککەوتنی “تورکیا” لەگەڵ (ئیمارات یان ئیسرائیل) بۆ سەر کورد ئەوەیە ئەبێتە گەورەترین بەرهەڵستی بۆ ئەوەی کوردستانی باشوور و ڕۆژئاوا نەگەنە سەر نەخشەی جیۆپۆلەتیکی ووزە لە دەریای سپی. هەروەها مەترسیی ئەمنی و ژینگەیی ئەخەنە سەر هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، لە بازاڕی نەوت و گازی کوردستانیشدا قسەکەری یەکەم ئەوان ئەبن”.
پێنجەم؛ دیرۆکی یەکە هەرێمایەتیەکان جیاوازن.
شانشینی یەكگرتووی ئیمارات لە سەردەمێکی کۆندا بەشێك بووە لە ناوچەی عەمان كە ئێستا. بووەتە شانشینی عەمان. ئەو ناوچەیە بەشێك بووە لە دەوڵەتی فینقییەكان و دواتریش لە نێوان فارسەكان و فینقییەكان بەردەوام شەڕ و ناكۆكی لەسەر بووە، بەهۆی پێگە ستراتیجییەكەی كە وەك دەروازەی دەریای عەرەب ناوی دەركردووە، هەریەك لە ئەخمینییەكان و ساسانیەکان و ئەسكەندەری مەكدۆنی وڕۆمانییەكان یەك لە دوای یەك دوای جەنگان و سەركەوتن حوكمی ئەو ناوچەیەیان كردووە. پاشان لە کۆتایی سەدەی پانزەدا پرتوگالییەكان داگیریان كردووە و دواتریش لەسەر دەستی “ناسری بن مورشید” دەوڵەتی یەعاربە لە عەمان و ئیمارات دامەزرێنراوە، پاش پرتوگالییەكان و لە سەردەمی عوسمانییەكان، بەریتانیا دەستی بەسەردا گرتووە ماوەی (١٥٠) ساڵ وەك ناوچەیەكی داگیركراو لەلایەن بەریتانیاوە بەڕێوە براوە، لە ساڵی (١٩٧١) یەكێتیی میرنشینەكانی ئیمارات ڕاگەیەنراو و لە حەوت میرنشین، دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو (UAE)سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندووە. حەوت میرنشینەكەی ئێستەی ئیمارات “ئەبو زەبی، دوبەی، ئەلشاریقە، عەجمان، رەئس خەیمە، ئوم قەیوین، فەجیرە” لەڕووی بازرگانی وبازاڕی دراو و گەشتیاری کۆمپانیاکانی خانوبەرەو جۆرێک لەپیشەسازیی پێشکەوتوەوە نزیکەی دوو دەیەیە یەکێکن لە بەهێزترین پێگە ئابورییەکانی جیهان.
“دەرئەنجام”
دیرۆکی سعودیە و پێگەی عەمان بەهێزتر ئەبێت، چونکە مێژووی پەیوەندییەکانی سعودییە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا و بەریتانیا لە تەمەنی دەوڵەتی ئیمارات زیاترە. سعودییە دووەم دەوڵەتی هەناردەکاری نەوتە لە ئۆپیکدا، ڕۆژانە لە (٢٠٢١) دا (١٢) ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم ئەهێنێت. ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی (ئیمارات و تورکیا) لە دۆخێکی ئاسایی و کاتێکی ئاسایی دا نییە، بەڵکو هەردووکیان (بەتایبەتی تورکیا) کەوتونەتە بەردەم هەڕەشەی ئابووریی سەخت. هەروەها تەحەددایەکی تر ئەوەیە، جگە لە سعودییە و عومان لە کەنداوی عەرەبیدا یەکێکی تر لە ڕکابەرو بەرانبەرەکانی شانشینی یەکگرتوەی ئیمارات قەتەرە.
(ئەردۆگان و بن زاید) لە کۆتایی (٢٠٢١) دا لە بەر پێداویستی هەرێمایەتی و ئابوری پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە، بە بڕی (١٠) ملیاردۆلار لە (١٠) بواردا لە ئەنکەرە ڕێککەوتنیان کردوە. ئەردۆگان یەکەم کاری بە ئیمارات ئەوەیە بانکی ناوەندی تورکیا و بانکی ناوەندی ئیمارات پێکەوە کاربکەن. دواتر ئەگەر ئیمارات بتوانێت دەرگای پەیوەندیی بۆ تورکیا بکاتەوە لەگەڵ ئیسرائیل یان میسر ئەوە تورکیا سەرکەوتوو ئەبێت لە تێپەڕاندنی کێشە ناوخۆییەکانی، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەم داڕمانە ئابورییەی تورکیا بریارێکی ئیسرائیلی- ئەوروپی (پەیوەست بە کێشەی قوبرس) و ئیدارەی ئەمریکا بێت، ئەوا ئابوریی تورکیا ئەردۆگان لە ناو ئەبات!.
سەرچاوەکان؛
chathamhouse (2020) Sisi’s debt to his Gulf Arab backers.
٢- ئاژانسی میهری ئێرانی (٢٠١٩) ئیمارات پاڵپشتی لە پەکەکە دەکات لە سووریا
https://ku.mehrnews.com/…/%D8%A6%DB%8C%D9%85%D8%A7%D8…
٣- المعهد المصري للدراسات (٢٠٢٠) الصراع التركي الإماراتي: جدلية القوة والدور. طارق دياب.
٤- الحرة (٢٠٢١) سلطان عمان في السعودية.. “مشاريع الدقم وحرب اليمن” على طاولة الزيارة الأولى، نهى محمود – دبي
https://www.alhurra.com › 2021/07/10
٥- تقرير الميادين (٢٠٢١) جذور الخلاف بين السعودية والإمارات وأسبابه التاريخية والمستجدة.
6- Gulf International Forum (2021) Saudi-Omani Partnership: Economic and Security Ties Deepen
7- For More reading see the web of Mediterranean Institute for Regional Studies
8- Bloomberg (2021) UAE-Israel Ties Deepen as Mubadala Buys Gas Stake for $1 Billion
https://www.bloomberg.com/…/uae-israel-ties-deepen-as…
ئەم بابەتە لە پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی بڵاو کراوەتەوە، ئەمەی خوارە لینکەکەیەتی ئەتوانن بە شێوەی پی دی ئیفpdfیش لەو لینەکەدا دانراوە بیخوێننەوە: