پرسی پێناسە و پانتاکانی کەلتوور
پێویست بە گوتن ناکات کە لە ساتەوەختێکی مێژوویی و جیهانێک دا دەژین کە چەمک و ماناکانی جیهانی مرۆڤ، لەوانەش بەتایبەتی کەلتوور و ئابووری سیما و روخساری فرەلایەن و فرەرەهەندیان وەرگرتووە و هەر بەپێی ئەم حاڵەتەش دەشێت پێناسەکردنیان لە رێڕەوی هەوڵ و توانستێکی تیۆریک و ئاکادمییانە دا دەرکەوێت، بەڵام لێرەدا مەبەست ئەم ئاستە پسپۆڕانەیە لە پێناسە(تعریف) و ناساندن نییە.
لەرووی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە دەشێت بڵێین پاش هەوڵەکانی شلایەرماخەری ئاڵمانی لە سەدەی 18ی زاینی بۆ راڤە و خوێندنەوەی جیاواز و فرەلایەن و دی لایەنانەی(دگربعد) کتێبی پیرۆز، کە هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕان و وەگۆڕانی کۆمەڵایەتی، کەلتووری، پیشەیی و زانستی جیهانی رۆژئاوا، ئیدی جیهان و سیستەمی ناسین و ناساندن و یان بە دەربڕینێکی تر لۆژیکی پێناسەکردن(منطق تعریف) گۆڕانی بنەمایی بەسەر داهات.
بۆیە هەنووکە بەسانایی دەکرێت بڵێین کە چەمک و وتەزاکانی ناو کۆمەڵ و جیهانی مرۆیی لەوانەش بەتایبەتی کەلتوورودواتر ئابووری لەرووی پێناسە وەرگرییەوە هەڵگرو لەخۆگری وزە و توانستی فرەلایەن و فرەرەهەند بۆ شیکاری و پێناسە بوون.
لەسۆنگەی لۆژیکی گشتییەوە دەکرێت “پێناسە”(تعریف) بە سەر دوو شێوەی گشتەکی و تایبەتی دا پۆلێن بکرێت و هەر بە گوێرەی ئەم تێڕوانینەش کەلتوور و ئابووری وەکوو دوو جەمسەری بنەمایی ناو جڤاتی مرۆیی هەڵگری دوو پێناسەی گشتەکی و تایبەتی پەیوەست بە خۆیانن.
لەپێناسەی گشتەکی وجەماوەری دا خەڵک و بەرژەوەندی و خواست ومەیلە ماددی و بەرهەستەکان لە کەلتوورێکی هاوتەریبی ئەم خواستانە دا رۆڵ دەگێڕن.
واتە رەهەندی گشتەکی پێناسە، زۆرتر کاریگەریی و شوێن دانەریی لایەن و میکانیزمی ماکی و بەرهەستیانە باس دەکات و دەیخاتە روو و لێرەدا پێناسە لەژێر دەست و کۆنترۆڵی شەقامی گشتی و ئاپۆرەی خەڵک دایە و کاریگەری سەیر و بنەمایی لە کۆمەڵگا دا درووست دەکات.
بە پێچەوانەی پێناسەی گشتەکی، پێناسەی تایبەتی خاوەنی لایەنی پسپۆڕانە وتایبەتی و مەعریفییە و لەژێردەست و کۆنترۆڵی تاقمێکی بچووک و دانسقە لە بیرمەندان و رۆشنبیران دایە کە لایەنی دەرهەست و مەعریفییانە و نابەرژەوەندییانەیان میکانیزمی سووڕان و ئیشکردنی تێگە و تێڕوانینیانە بۆ پێناسە و ناساندن و بەگشتی بابەتی ناسکاریی.
جیهانی پێوەندییەکان
شتێک کە لێرەدا زۆر گرنکە شێوازی پێوەندی هەر کام لەم دوو پێناسە(روانگە)یەیە بە بابەتێک بەناوی دەسەڵاتەوە.
روانگەی پێناسەی گشتەکی لەرووی ئاست و رێژەی “چەندایەتی و ژمارەی بکەران و رووبەری کردەکاران و بەرکاران” باڵادەست و بەدەسەڵاتە بۆیە ئەم روانگەیە بەم قورسایی و بارستاییەوە هێزێکی زۆری بۆ پراکتیزەکردن و کارتێکەری فام و تێگەی ماکیی و بەرژەوەند ئامێزانەی خۆی هەیە.
بە بەراورد لەگەڵ دۆخ و پێکهات و ئاستە “دەرهەست و تاکیی و تایبەتییانە و تەنانەت مەعریفییانەکەی” پێناسەی تایبەتی، پێناسەی گشتەکی لە مەودایەکی زەمەنی کورت دا خاوەنی دەسەڵاتێکی تاقانە و تاکڕەهەندە، و دیاردە و دەرکەوتەکانی کۆمەڵگا لەژێر سێبەر و هەیمەنەی خۆیدا دەستنیشان دەکات و ئاست و پلەی بابەتەکانی نێو کۆمەڵگا بەو سیستەم و پێکهاتە بەهاییەی کە لەسەر بەرهەستێتی و بەرژەوەندی و…رۆنراوە، دیاری دەکات و تەنانەت هەوڵی گەشاندن و پەرەدانی جەوهەر و هەناوی خۆی دەدات.
لەو ماوە زەمەنییەی کە پێناسەی گشتەکی ئیمپراتۆرە ماتەریالی و مادییەکانە، سیستەمی بەرهەم هاتنی ماناکانی ناو کۆمەڵگا و تەنانەت مانای بوونی ئینسانیش دەگۆڕێت.
لەم نێوەندەدا و پەیوەست بە باسەکەمان و بارودۆخی زاڵی ئێستای کەلتووری کۆمەڵگا، پێناسەی گشتەکی هەوڵیداوە بە خەستی مانا و تایبەتمەندییە بەربڵاوەکانی کەلتوور لە قەوارە و رووبەرێکی تەسک و تەنکی ئابوورییانە (…ماکیی، بەرهەست، بەرژەوەند…)دا بخاتە روو و لەناو کۆمەڵگا دا پەرەی پێ بدات و لەهەنووکەی بارودۆخی کەلتووری رۆژهەڵاتی کوردستان تا رادەیەکی باش دەسەڵاتدار و بنجوەرگر بێت، ئەگەرچی ئەم زاڵێتی و دەسەڵاتەی پێناسەی گشتەکی بەسەر کەلتوور و دیاردەکانی دا هاوپێوەند بێت لەگەڵی تایبەتمەندییەکی کاتییانە، یان هاوتەریب بێت لەگەڵ هەلومەرجی کۆمەڵگاکانی قۆناغی تێپەڕین و دەورەی گوزار یان…خاڵی جێگەی سەرنج و زەق کە ئێستاکەش لە ناو کۆمەڵگا و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دیار و ئامادەیە، دەرکەوتەکانی کاریگەری نەرێنی و رەشی پێناسەی گشتەکی لەسەر “کەلتوور واتە هەڵس و بنیشتی خەڵک و ئاکار و کردار و ئەدەبیاتی ناو شەقام” هەیە.
پێویستی بە گوتن نییە ئەگەر لەرووبەر و پانتایەکی دیکە دا پێناسەی تایبەتی لەگەڵ پێناسەی گشتەکی دا نەکەوێتە دیالۆگ و دانوستان و ئەو روانگە ئاپۆرەیی و خەڵکییانە نەخاتە بەردەم رەخنە و گیروگرفتەوە(چالش) ئەوا لەگەل کارەساتێکی کەلتووری-شارستانییانە و مرۆیی رووبەڕوو دەبینەوە، هەڵبەت کردنەوەی ئەم باسە لێرەدا و لەسەری چوونی شیاو و زۆرپێویست نییە، لێرەدا گێڕانەوەی کاریگەری ئەو سیستەمە گشتەکییە لە سەر پێناسەکردنی دیاردەکانی ناو کۆمەڵگا و لەسەرووی هەمووشیانەوە کەلتوور و هاوتەریب کردنی کەلتوور و ئابووری لەگەڵ یەک، لامان مەبەستە.
هاتنی سەرمایەیەکی شمەکیانە بۆ کوردستان نەک بەرهەمهێنانی
لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا و بەهۆی گۆڕانکارییە خێرا و فرەلایەنەکانی باشووری کوردستان بەتایبەتی لەرووی ئابوورییەوە، کوردستانی ئێرانیش بەتایبەتی شارە بچووکەکان و ئەو شارانەی لەسەر رێگەیەکی ژئۆپۆلیتیکی-بازرگانی و گواستنەوە و هەناردە و هاوردەکردن بوون، وەکوو بانە(تەنانەت مەتەڵێکی کۆنی کوردی هەیە کە دەڵێ: هەموو رێگاکان دەچنەوە سەر بانە، کە ئەمەش پیشاندەری هەڵکەوتنی بانە لە شارێگەیەکی جوغرافیایی- ئابووری دایە)، سەردەشت، مەریوان، قەسری شیرین،و… و لەوێشەوە بۆ شارگەل و ناوچەگەلی نێزیک و دوور لەم شارە هەڵکەوتووانە، کەوتنە هاوکێشەیەکی بازرگانی وسەرمایەدارییانەی رووت و خەستەوە.
ئەم کۆمەڵگا (کۆمەڵگا بە واتای کۆمەڵ و حەشامەتێک لە جوغرافیایەکی بچووک یان گەورە) یانە کە لە مێژووی بوونی گچکە یان مامناوەندی یان گەورەیاندا ساتە وەختگە لو قۆناغگەلی پڕ لە هەژاری و نەبوونیان ئەزموون کردبوو، پڕحەسرەت و خەمۆک و داماو لە جیهانی بەستراو و بێ ئابووری پێشوویان دا راهاتوو و مۆن و راهیب کرابوون، ئەم ساتەوەخت و قۆناغە بۆش و بنجڵەی مێژووی کۆمەڵگا (لەرووی هەبوونی سەرمایە و سیستەمی ئابووری و میکانیزمەکانی بەرهەمهێنان)بەهۆی رووداوێکی جیهانگیر و سەرتاسەری شەقڵیی هەژاریی و دەست تەنگی تاڕادەیەک دەشکێت و لە قاوغە پووکاوە پێشووەکەی دەدەچێت، رووداوێک کەخۆی چەندەها رووداو و شۆڕشی زانستی و مەعریفی و پیشەیی لە پشت بووە و لە سنوور و جوگرافیایەکی دیکە دا بەرهەم هاتبوو، ئەم رووداوە بەجیهانی بوون (globalization)یان وەک هەندێک رەوت دەڵێن جیهانی سازی بوو.
ئەمەیش کە ئامێر و کەرەستەکانی جیهانی بوون بە وردەکارییەوە چی بوون و چۆن ئیش دەکەن لێرەدا جێگەی پەرژانە سەر و گێڕانەوە نییە.
بەڵام دەشێت بگوترێ کە جیهانی بوون لە کڵاوڕۆژنەیەکی “میدیا”یی بەخەون و خولیا و کەڵکەڵەی جیهانێکی پڕ لە ئاسوودەیی زۆرتر، جوانی زۆرتر، پەتیتر و دەرفەتی حەسانەوە و سەیرانی زۆرتر و…کە هەمووی بەها و بایەخەکانی جیهانی نوێی بەرهەمهاتوو لە شۆڕشە جۆراوجۆرەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بوون، توانی ئەو هەست و نەستەی(زەینی وشیار و ناوشیار) بەرخۆری(مصرفی)و کاڵاگەرایی لە رۆژئاواوە بۆ رۆژهەڵات بگوازێتەوە و حەز و چڵێسیی هەناوی مرۆڤ بۆ بەرخۆریی و فرەڕەنگی و فرەبژاردەیی لە بواری کاڵاو شمەکی ئاسایش و ئاسوودەیی هێنەری ژیان، چالاک و بسووڕ بکات.
ئەوەی کە لێرەدا گرنگە کاریگەری ئەو دۆخە کاڵاگەرێتی و سەرمایەدارییە بە بنەمای سیستەمێکی ئابووری نوێ لەکۆمەڵگا، لەسەر کەلتوور و شێوەژیانی خەڵک و کۆمەڵگایە.
کاتێک کۆمەڵگای داخراوی ئێمە بەهۆی جیهانی بوون و شلبوونی سنوورەکان، کراوەیی (کە یەکێکە لە شارێگاکانی بەرهەمهاتن و گەشەی سەرمایە و بووژانەوەی ئابووری)ئەزموون کرد، بەرواڵەت و رووکەش وەکوو بکەرێکی ئەکتیڤ و چالاکی رووبەری بەرهەمهێنان دەرکەوت بەڵام ئەوەی کە روونە ئەمەیە کە ئەو دۆخە بازرگانییە کە لای ئێمە بووە هۆی شکڵگرتن و کەڵەکەبوونی بڕێک سەرمایە (پارە)هیچ رۆڵێکی ئێمەی وەکوو بەرهەمهێنەر و ئەندازیارانی پیشەیی و سازێنەرانی کاڵا و شمەک و پێداویستی و حەوجێیە ماددییەکانی مرۆڤ تێدا نەبوو، رۆڵی ئێمە تەنها جێفرۆش و جامخانەی کەلوپەل و شمەکی بەرهەمهاتووی جیهانی پیشەیی رۆژئاوا بوو و جگە لە شێوازێکیتر لە کرێکاریی وجێبەجێکاریی لە قەوارە و روخسارێکی خەمڵێنراو و بەبریقە دا هیچ نەبووین، واتە هەر وەک چۆن کاڵا لە شوێنگە و کۆمەڵگەی ئێمە دا بەرهەم نەهاتووە، هەر بەو شێوەش پارە و سەرمایەی دەستکەوتوو و داهاتوو لەم کاڵایانە خاوەنی تایبەتمەندیی بەرهەمهێنان نین، بەڵکوو دەشێت بڵێین کە پارە و سەرمایە لێرەدا تەنها دەکەوێتە سووڕ و بەپێی بارودۆخ کەڵەکە دەبێت یان بڵاوپش دەبێت.
لە ئاوەها بارودۆخێکی ئابووری و بازرگانی کە رۆڵی ئیرادەی ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێمە تەنها وەکوو جێبەجێکار و گوێزێنەرانی کاڵا و شمەک لە دوبەی، چین، تورکیا، باشووری کوردستان و…ئامادەگی هەیە، سەرمایە و پارە بوونێکی رەسەن و راستەقینەیان نییە و وەکوو کەلتووری کۆمەڵگای ئەم تاکە جێبەجێکارانەش دەڵێت: “پارە وەکوو چڵکی دەستە”، واتە گرینگی پارە و سەرمایە لای ئەمان ئەوە نییە لەکوێ و چۆن دێت، بەڵکوو ئەمەیە کە دێت و دەچێت و هەر ئەم چوون و نە چوونەش بێ بایەخ و کەڵکی دەکات و تێڕامان و هەڵوێستەی پێویست بۆ سەر سەرمایە شکڵ نەگرێت و ئامادەگی و بوونی سەرمایە وەکوو لایەن و بگرە زاتێکی سەربەخۆ و جیا و رەسەن نەبینرێت و بەم پێیەش سەرمایە رۆڵی راستەقینە و بەرهەمهێنەرانە و شارستانی سازانەی خۆی نەگێڕێت و کۆمەڵگا و کەلتوورەکەی بەرواڵەت دیاریکەری رۆڵ و پێگەی سەرمایە گوازر و وهاوردە بکەن، بەڵام ئەمە لایەنی رووکەشیانە و سەرەتایی بابەتەکەیە، چوونکوو ئەوەندە بەسەر ئامادەگی سووڕێنەرانەی سەرمایە لەسەر کۆمەڵگا تێناپەڕێت کە سەرمایە و هەموو وزە هێزەکی(بالقوە)و کردەکی (بالفعل)یەکەی جڵەو وکۆنترۆڵی کۆمەڵگا دەگرێتە دەست و یەکەمین و بنەمایی ترین بابەتێک کە لەگەڵیدا دەکەوێتە بەرەوڕووبوونەوە و ململانێوە کەلتووری زاڵی ئەو کۆمەڵگایەیە جا بەهەر ماهییەت و پێکهاتێک بێت.
ئەم سیستەمە لە بازاڕ و بازرگانی بەها و بایەخگەلی وەکوو بەرخۆریی، ئاسایشی زێدە، ئاسوودەی حەزیی فرەچەشنی وفرەرەنگ خوازیی و…جێگری بەها وبنەما و بایەخەکانی ئەو قەوارە کەلتوورییە دەکات کە هاتووەتە ناوی و لەگەڵیدا کەوتۆتە ململانێ و ئاوقابوونەوە.
دەسەڵاتی سەیر و ئەفسووناوی سیستەمی سەرمایە و ئابووری لە سەر هەست و نەستی ئێمە بە رادەیەکە کە ئەو زاڵ بوونی بەهایانەی جیهان و پێکهاتی سەرمایە کە جێگری کۆڵەکە و بنەواکانی کەلتووری ئامادەی کۆمەڵگا دەبن، لە کەمترین ئاست دا هەستی پێ بکرێت و وشیاری لەسەرو شکڵ بگیرێت و ئیدی پاش ماوەیەک جوێ کردنەوەی کەلتوورو سەرمایە، کۆمەڵگە و بازاڕ، بوونێکی فەلسەفی و ژیانێکی پڕسەرمایە و بەرخۆری و… سەخت و نەکردە بێ.
ئالێرەدایە کە کارەساتەکە رووددەدات و کەلتوور لەبەر پێی پارە و سەرمایە، و کۆمەڵگا لە بەردەم بازاڕ و پاساژ، و تاکی کۆمەڵ لە ئاستی گوتاری بازرگانی زاڵ، دەبنە قوربانی و ئیدی لە باتی کەلتووری کۆمەڵگا، بازاڕ و سەرمایە رۆڵی دەسەڵات دەگێڕن و سەرمایە دێتە جێگە کەلتووری پێشووی کۆمەڵگە، کەلتوورێک کە ئەگەری گەشە و نەشەی بەهەر پێگە و ماهییەتێک لە بەستێنی زەمەن و هەناوی کۆمەڵگا دا تێدا بوو.
بەگشتی کەلتووری سەرمایەداری و بازاڕپەرەستی جێگری کەلتوورێک دەبێت کە ساڵەها لەناو کۆمەڵگا دا ئیشی پێ کراوە و کەلتووری سەرمایەداریش شتێک نییە جگە لە نەفس و زاتی سەرمایە خۆی و پەرستش و پیرۆزاندنی بەها و بایەخی خۆی و تەنها خۆی. بۆیە سەیر نییە گەر لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان سەرمایەدارانێک دەبینین کە کتێب تەنها کاتێک مانای هەیە بۆیان کە پارەی بۆ بکات، رێورەسمە کەلتوورییەکان بۆیان لە سیرک و تەماشاخانە دەچن، کەلتوور و هەڵس و بنیشتی مرۆڤەکان تەنها بەرواڵەت و رووکەشێکی ماکییانە و ئامێرخوازانەوە وەکوو ماڵ، ماشین، جل و بەرگی رەنگاڵەیی و گران (لە رووی چەندایەتییەوە نەک چۆنایەتی) لایان پێناسە بکرێت و ببینرێت، ئەمە ئەو ساتە تراژیکەی کۆمەڵگایە کە کەلتوور و سەرمایە بەزاڵبوونی یەک سیستەمی ئابووری رەها و دیکتاتۆر بە ناوەندێتی سەرمایەداری تەنها وتەنها، دەبن بە یەک و واتای کەلتوور واتە سەرمایە و سەرمایەش واتە کەلتوور.
ئەمە ئەو ساتە سامناکە بوو کە فەیلەسووفانێکی وەکوو ماکس هورکهایمەر و تیۆدۆر ئادۆرنۆ کە لە بنیاتنەرانی قوتابخانەی فرانکفۆرتی ئاڵمان بوون لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دا، هۆشداریی بەپیشەیی بوونیی کەلتوور و تاک رەهەندبوونەوەی مرۆڤ(هێربێرت مارکوزە، ئەندامێکی دیکەی قوتابخانەی ناوبراو) بدەن بەگوێمان دا، کە ئەم دۆخ و هەلومەرجەی هەنووکەی کۆمەڵگای کوردیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان شتێک جگە لە دەسەڵاتی بازاڕ و سەرمایە بەسەر کەلتوور و خستنە جامخانەی کەلتوور بۆ فرۆش نییە! هەر وەک لەسەریشەوە ئاماژەم پێ دا لەم سیستەمە دا تاکەکان و ئەندامان کتێبیان تەنها بۆ ئەوە لا گرینگە کە شمەکێکی بازاڕە نەک تێز و پەیام و هێمایەکی شارستانی! کەڵەکە و تەقینەوەی لەناکاوی سەرمایە لە رۆژهەڵاتی کوردستان تاقمگەل و توێژگەلێکی درووست کرد کە جگە لە سەرمایە و دەرکەوتەکانی بەداخەوە لەگەڵ هیچ دیاردە و هەبوونێکی تر پێوەندییان نەگرت و تەنانەت هەندێکیان بڕێک جار هێما و دیاردە پاشماوەکانی کەلتوور وەکوو مەترسی و هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆیان دەزانی و بەشێوازێکی توند و سەرمایەدارانەی سەیر پەلاماری ئەو رەهەندە کەلتوورییە و هەڵگرانییان دەدا.
بۆیە لەم کۆمەڵگایە دا سەرمایەی کەڵەکەکراو هەیە بەڵام دەرکەوتەکانی لە وەهم و تەم دەچن و بابردەڵەن، سەرمایەدار هەیە بەڵام کەلتووری کراوەی شارستانی خواز نییە! رۆحی سەرمایەداریی تاک رەهەند هەیە بۆیە کەلتوور پیشەیی و شمەکییانە دەبێت!