سیناتۆرێکی ئەمریکا دەڵێت: “هەست بە سەرشۆڕی دەکەم بەرامبەر کوردەکان”، یەکێکی دیکەش داوادەکات “ئەم کوشتارە ڕابگرین”.
سیناتۆر (کریس ڤان هۆڵن) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “پێویستە ئەم کوشتارە ڕابگرین. پێویستمان بەوەیە دڵنیابین کە نابینە هۆی هەڵسانەوەی داعش”.
پێشتر ترەمپ ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە نایەوێت هیچ هێزێکی ئەمریکی لە سوریا بمێنێتەوە، جگە لە چەند سەربازێک بۆ پاراستنی کیڵگە نەوتییەکان. ئەو هەڵوێستەشی بووە مایەی نیگەرانیی ئەندامانی کۆنگرێس، لەنێویشیاندا ژمارەیەک لە کۆمارییەکان.
سیناتۆری دیموکراتەکان (ریچارد بلومینتال) رایگەیاند: “قسەکردن لەبارەی کێڵگە نەوتییەکانەوە ئەوپەڕی بێباکییە بەرامبەر ئەو کارەساتەی ڕوودەدات.. هەست بە سەرشۆڕی دەکەم بەرامبەر کوردەکان”.
لەلایەکی ترەوە، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەردەوامن لە کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ داڕشتنی یاسایەک بەمەبەستی سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر تورکیادا.
هەروەها خاتوو (ئیلهام ئەحمەد) سیاسەتمەدارو سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی، کە پێشتر داوای لە ترەمپ کردبوو لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی پەشیمان بێتەوە، ڕایگەیاند: “ئەوان دەیانەوێت پەلامارمان بدەن و سەدان هەزارمان لێ بکوژن”.
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران نایشارنەوە کە ڕەنگە شەڕەکە ببێتە مایەی هەڵاتنی دیلەکانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان.
یاسادانەرانی ئەمریکا پرسی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا بە خیانەت ناودەبەن، کە بەدرێژایی چەندین ساڵ هاوکاری ئەمریکا بوون لە شەڕی دژبە داعش.
لەم هەفتەیەدا هەردوو ئەنجومەنی پیران و نوێنەران کۆبوونەوەیەک لەوبارەیەوە سازدەکەن. پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتووشدا دەنگ لەسەر یاساکە بدرێت.