شاری مەریوان ناوەندی شارستانی مەریوانە و یەکێکە لە شارە گرینگەکانی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە مەودای ١٢٥ کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگاوە (شاری سنە) دوورە.
لە باکوورەوە لەگەڵ بانە و سەقز و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سنە، لە باشوورەوە لەگەڵ هەورامان و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ شاری پێنجوێنی باشووری کوردستان، هاوسنوورە.
بەپێی دوایین سەرژمێرییەکان کە لە ساڵی ۹۵ی هەتاویدا کراوە، هەژماری دانیشتووانی شارستانی مەریوان لە ١٩٥.٢٦٣ کەس کە ١٥١.١٨٨ کەسیان لە ناوشار و ٤٤.٠٧٤ کەس دانیشتووی شارۆچکە و گوندەکانی ئەو شارەن، پێک هاتووە. دانیشتووانی ئەم شارە هەموو کوردن و بە دوو زاراوەی سۆرانی و هەورامی ئاخاوتن دەکەن.
مەریوان خاوەنی سروشتێکی دڵڕفێن و ڕازاوەیە، بەتایبەت لە وەرزی بەهار و مانگی گوڵاندا سەرنجی زۆربەی خەڵکی ناوچەکانی دیکە ڕادەکێشێت و چەندین شوێنی سروشتی و مێژوویی و گەشتیاری لەم شارەدا بوونیان هەیە.
دەریاچەی زرێبار.
گۆلی زرێبار و شاخە سەرکەشەکانی ناوچەی هەورامان و سەرشیو، دیمەنێکی دڵڕفێن و ناوازەیان بەم شارە بەخشیوە و بەهۆی سروشتی جوان و کەشوهەوای دڵڕفێنیەوە، سەرنجی گەشتیارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە سەرتاسەری کوردستان و ئێران و وڵاتانی دیکەوە سەردانی ئەم شارە دەکەن.
گۆلی ئاوی شیرینی زرێبار لە ڕۆژاوای شار هەڵکەوتووە و دیمەنێکی ناوازەی بە مەریوان بەخشیوە. ئاوی ئەم دەریاچەیە هەر لە بنی دەریاچەکەوە هەڵدەقوڵێت و ئەمە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زرێبارە. هەروەها چەندین جۆری باڵندە و بوونەوەری تر لە زرێبار و دەوروبەریدا دەژین کە جوانیی زرێباریان چەند هێندە کردووە.
لەم ساڵانەی دواییدا ڕژانی بەشێکی زۆر لە ئاوەڕۆی شاری مەریوان و گوندەکانی دەوروبەری زرێبار و هەروەها گلدانەوەی ئاوەکە لەلایەن حکوومەتەوە و بەکارهێنانی زۆری ئاوی ژێرزەوی بە مەبەستی کشتوکاڵ و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی شارەکە، مەترسیی لەنێوچوونی زرێباری بردووەتە سەرەوە.
سروشتی مەریوان.
لە گۆشەیەکی تری ئەم شارستانەدا، تاڤگەیەکی جوان و تایبەت بە ناوی تاڤگەی “گەوێڵە” بوونی هەیە کە لە سی و پێنج کیلومەتریی مەریوان و لە ناوچەی سەرشیو و لە نزیک گوندی گەوێڵە هەڵکەوتووە و ساڵانە بەتایبەت لە وەرزی بەهاردا، خەڵکانێکی زۆر سەردانی دەکەن.
هەروەها چیای سوڵتان ئەغزەتوو، لە ناوچەی سەرشیو و لە نزیک گوندی گۆگجە هەڵکەوتووە و بەرزترین لووتکەی زنجیرە چیاکانی چلچەمەیە و سەرچاوەی ئاوی ڕووبارەکانی سیروان و جەغەتوو و قزڵ ئەوزەن پێک دێنێت.
لە مەریوان چەندین ئەشکەوتی ناسراو و نەناسراو بوونیان هەیە کە یەکێکیان ئەشکەوتی “کونە شەمشەمـ”ـە و لە نزیک گوندی تۆراختەپەی سەرشیودایە و بەهۆی بوونی شەمشەمەکوێرەوە ناو نراوە کونە شەمشەم. ئەم ئەشکەوتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش و جوانە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن.
ناوی مەریوان.
شاری مەریوان لە سەردەمی ئاسوورییەکاندا بە ناوی “کارشاروکین”، دواتر بە ناوەکانی قەڵای شاباد، دژی شاپوور و مێهرەوان ناودێر کراوە. کۆنترین سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پاشای ئاسوورییەکان دوای داگیرکردنی ئەم ناوچەیە، شارێک ئاوەدان دەکاتەوە کە دواتر و بە تێپەڕینی زەمەن ناوی مەریوان بەخۆیەوە دەگرێت، هەروەها ئەم مێژووە دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ماددەکان و ئەو ئاماژانە دەکەن کە ناوی کۆنی ئەم شارە “مێهرەوان”، بە واتای وڵاتی مێهر، جێگەی لەدایکبوونی ڕووناکی و میترا بووە کە بەجێماوی ئایینی کۆنی کوردیی میترائیزمە کە سەرەداوەکانی هێشتا لە وڵاتەکەماندا دەبینرێت.
پردی گاڕان.
یەکێک لە شوێنەوارە گرینگە مێژووییەکانی مەریوان، “پردی گاڕانـ”ـە کە پردێکی مێژووییە و لە دە کیلۆمەتریی ڕۆژهەڵاتی شارەکە هەڵکەوتووە. مێژووی دروستکردنی پردەکە بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام لە سەردەمی میرنشینی ئەردەڵاندا، جارێکی دیکە نۆژەن کراوەتەوە و تا ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی کەڵکی لێ وەرگیراوە و پردی پەیوەندیی ناوچەی کۆماسی و کەڵاتەرزان و چەند ناوچەیەکی تر، گاڕان بووە. بۆ دروستکردنی ئەم پردە لە بەرد و خشتی سوور و سارووج کەڵک وەرگیڕاوە. درێژییەکەی ٤٢ مەتر و بەرزییەکەی ٦ مەترە و ٩ مەتریش پانە.
قەڵای هەڵۆخان.
قەڵای هەڵۆخان یان قەڵای مەریوان یەکێک لە شوێنەوارە هەرە گرینگەکانی مەریوان و کوردستانە. قەڵای هەڵۆخان لەسەر چیای ئیمام کە نزیکەی ١٦٠٠ مەتر بەرزە، لە باشووری شاری مەریوان بنیات نراوە. مێژووی دروستکردنی قەڵاکە بۆ پێش هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە و چەندین سەدە ناوەندی دەسەڵاتی بابان و ئەردەڵان بووە و هەڵۆخانی ئەردەڵان ئەم قەڵایەی وەکوو پایتەختی حکوومەتی ئەردەڵان بەکار هێناوە.
شوێنەواری مزگەوتێکیش هەر لە نزیک قەڵاکە دەبینرێت کە بە مزگەوتە سوورە (مزگەوتی سوور) بەناوبانگە و لەلایەن ئەمیر حەمزەی بابانەوە دروست کراوە. جگە لە قەڵا و مزگەوتی سوور ئاسەواری گۆڕستانێکی کۆنیش هەر لەو نزیکانە هەیە و بەپێی هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکان گۆڕی “هەڵۆخانی ئەردەڵان” هەر لە نێو ئەو گۆڕستانەدایە.
دوازدە سوارەی مەریوان.
چیرۆکی دوازدە سوارەی مەریوان، چیرۆکی ئەم ئەستوورە حەماسییەی نەتەوەکەمانە کە بووەتە بەشێکی دانەبڕاوی مێژوو و فرهەنگی مریوان، هەر بەم پێیەش لە ساڵەکانی دەیەی۷۰ی هەتاویدا گرووپێکی هەڵپەرکێ بەم نازناوەوە پێک هات تا چیرۆکی ئەو حەماسەیە بە هەڵپەڕکێی بەزمی و ڕەزمییەکانی خۆی لە دڵی هاونیشتمانییاندا زیندوو ڕابگرێت.
دوازدە سوارەی مەریوان گێڕانەوەی چیرۆکی هێرشی دوژمنانی داگیرکەری کوردەوارە بۆ سەر حکوومەتی بابان و تێکشکانی ئەو لەشکرەی دوژمن لەلایەن دوازدە سوارچاکی قارەمانی ئەم مەڵبەندەوە کە ناچار بە پاشەکشە لەسەر زێدی ئەهووراییمان دەبن.
مەریوان مەڵبەندی گەورە شاعیران.
سەرترۆپکی ئەو شاعیرانەی کە خەرمانەیەکی ڕەنگینیان بۆ ئەدەبی کوردی بەجێ هێشتووە و بە شاعری “چەوساوەکانی کوردستان” ناوبانگی دەرکردووە و شێعرەکانی هەوێنی بیری نیشتمانی و پێشکەوتخوازانەیە مامۆستا “قانع”ە. وێستگەیەکی تری ژیانی قانع، بەشداریکردنی ئەم ئەستێرە پڕشگندارەی ئاسمانی وێژەی کوردییە لە کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا، کە بە بریسکەی هزری ڕوون و تیشکی هەتاوی زانست، منداڵانی کوردی بۆ دواڕۆژێکی گەشاوە پەروەردە دەکرد.
لە شاعیرانی بەناوبانگی دیکەی مەریوان، مەلا “ئەبووبەکری موسەنیفی چۆڕی، مامۆستا ناری، ئەحمەد بەگی کۆماسی، خاتوو خورشید مەریوانی، مامۆستا مەلا باقری بالک” و دەیان نووسەر و شاعیری ترە کە هەر کام و لە جێی خۆیدا جێ پەنجەیان لە ئەدەبی کوردیدا دیارە.
مەلا “کاکە حەمە” کوڕی مەلا “ئەحمەد” ناسراو بە “ناری”، شاعیرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی مەریوان بووە کە لە ساڵەکانی نێوان ١٨٧٤ تا ١٩٤٤ی زایینیدا ژیاوە. ھۆنراوەکانی “نالی و مەحوی” کاریان تێکردووە و وشەی “ناری”ی کردووە بە نازناوی ھۆنراوەی خۆی. ناری لەو کەسانەیە کە لەگەڵ ھۆنراوەی ئایینی و غەرامی، گەلێک ھۆنراوەی نیشتمانیشی ھەیە. لە دۆستانی بەناوبانگی ناری، دەتوانین ئاماژە بکەینە سەر “تاھیر بەگی جاف” و “شێخ مەحموودی حەفید”، کە گەلێک ھۆنراوە و پەخشانی زۆر جوانی بۆ داناون.
هونەر، مۆسیقا و گۆرانی.
لە بواری موسیقا و گۆرانی و هونەریشدا، مەریوان و هەورامان دەوڵەمەندە بە گۆرانیی ڕەسەن و سیاچەمانە و دەیان هونەرمەندی گەورەی تێدا هەڵکەوتووە کە خزمەتێکی بەرچاویان بە هونەری گۆرانیی کوردی کردووە. لەوانەش مامۆستا “عوسمان هەورامی”، خوالێخۆشبوو “مەرزیە فەریقی” و مامۆستا “عەینەدین مەریوانی” و…هتد.
یەکێکی تر لەو هونەرانەی کە مەریوانی پێ ناسراوە، هونەری شانۆیە بەگشتی و هونەری شانۆی سەرشەقامە بەتایبەتی کە ساڵانە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقام لەم شارەدا بەڕێوە دەچێت و مەریوان وەکوو پایتەختی شانۆی ئێران ناسراوە.