نێچیرڤان بارزانی لە حوزیران/یۆنیۆ ی ٢٠١٤ بە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەستنیشانکرا. ناوبراو، کە ڕابەرایەتی ھەردوو کابینەی پێنجەم لە ماوەی نێوان ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٩ و کابینەی حەوتەم لە ٢٠١٢ تا ٢٠١٤ی کرد، دەوری دەستپێشخەر وپێشەنگیی لە ژمارەیەک بەرەو پێشچوونی ستراتیژی لە ھەرێمی کوردستان بینیوە.
لەدایک بوون و گەشە
نێچیرڤان بارزانی، لە ساڵی ١٩٦٦ لە دێی بارزان لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٧٥، بارزانی و خێزانەکەی، لەگەڵ دەیان ھەزار کوردی عیراق، ڕۆیشتن بۆ ئێران بۆ ڕزگاربوونیان لە چەوسانەوەی ڕژێمی بەعسی ئێراق.
ئەزموونى سیاسی
لە کۆنگرەی دەیەم لە ساڵی ١٩٨٩ بۆ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژێردراو لە کۆنگرەکانی دواتر دووبارە ھەڵبژێردرایەوە.
لەساڵی ١٩٩٦، بارزانی بە جێگری سەرۆک وەزیران دەستنیشانکرا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە دوا بە دوای ھەڵبژاردنی گشتی لە ھەرێم لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزرێندرا. لە ساڵی ١٩٩٩ بە سەرۆک وەزیران دەستنیشانکرا. لە ئازاری ٢٠٠٦، بۆ ڕابەرایەتی کردنی کابینەی پێنجەم ھەلبژێردرا، کە یەکەمین کابینەی یەکگرتووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوو. بارزانی، ھاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستانە.
کار و دەستپێشخەرییەکان
وەک سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی خاوەنی ژمارەیەک دەستپێشخەری ستراتیژی بووە کە ئامانج لێیان باشترکردنی ئاستی بژێوی و کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووریە لە ھەرێمی کورستان. لە نێوانیاندا، گرتنەدەستی سیاسەتێکیی پتەوی سامانە سروشتیەکان، پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و ڕامیاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێکھێنانی ئابووریەکی پتەوی ناوخۆیی، پەرەپێدانی وەبەرھێنانی دەرەکی، بەرگریکردن لە مافی ئافرەتان، پەرەپێدانی خوێندنی بنەڕەت و باڵا، ئاوەدانکردنەوەی تەواوی ژێرخانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی تۆڕی کارەبا، بەرێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، نیشتەجێبوون و تۆڕی ڕێگاوبان.
لە بەروارى ٢٠١٩/٥/٢٨ بە دەنگى زۆرینەى ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان وەکو سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەڵبژێردرا.
سەرچاوە: سایتى فەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان