شارێکى فەلەستینییە، بە سەنتەرى پارێزگاى رام الله و ئەلبیرە دادەنرێت، لە هەمانکاتدا پایتەختى کاتى کارگێڕى دەسەڵاتى نیشتمانى فەلەستینییە، بارەگاى هەرێمایەتى وباڵەخانەى ئەنجومەنى یاسادانان و بارەگاى سەرەکى دەزگاى ئاسایش و زۆربەى وەزارەتەکان لە ڕام الله یە.
شوین
ڕام الله دەکەوێتە چوارچێوەى شاخەکانى قودسەوە، نزیکەى ٨٣٠ بۆ ٨٨٠ مەتر لەسەر ڕووى دەریاوە بەرزە، ١٥ کیلۆمەتر لە قودسەوە دوورە، هەروەها ٤٥ کیلۆمەتر لە کەنارى دەریای سپییەوە دوورە، لە هەردوو بەرى ڕۆژهەڵات و باشورەوە بە چیاکان دەورە دراوە.
ڕام الله دەکەوێتە ناوەڕاستى فەلەستینەوە لە ڕووى مێژوییەوە، لە نابلوسەوە ٣٦ کیلۆمەتر لە باشورەوە ولە جەنینەوە ٦٣ کیلۆمەتر لە باشورەوە ولە خەلیلەوە ٨٢ کلیۆمەتر لە باکورەوە ولە غەززەوە ٨٢ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتى باکورەوە و لە یافاوە ٤٥ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتەوە و لە حەیفا وە ١٠٥ کیلۆمەتر لە باشورى ڕۆژهەڵاتەوە دوورە.
ئەم شارە لە هاویناندا ئاوهەوایەکى سازگار و لە زستاندا ئاوهەوایەکى مامناوەندى هەیە.
دانیشتوان
ژمارەى دانیشتوانى نزیکەى ٣٠٠٠٠ کەس دەبێت، لەگەڵ ئەوەى کە شارێکى بچووک بووە بە ڵام لە دواى کارەساتى ساڵى ١٩٤٨ ەوە ئاوارە فەلەستینییەکان ڕێژەیەکى بەرچاوى دانیشتوانى شارەکەیان پێک هیناوە، هەروەها کۆچکردنى فەلەستینییەکان پاش ئەوەى کە بوو بە سەنتەرى کارگێڕى دەسەڵاتى نیشتمانى فەلەستینى ژمارەى دانیشتوانى شارەکەى زیاتر کردووە، لە ڕووى ئاینییەوە ئەم شارە بە شارێکى مەسیحى ناسراو بوو، بەڵام لە کاتى ئێستادا موسوڵمانەکان زۆرینەى شارەکە پێک دەهێنن لەگەڵ بوونى کەمینەیەکى مەسیحى بەهێز لەو شارەدا.
مێژووى شارەکە
ئەم شارە لە سەدەى شەشەمدا و لەسەر دەستى یەکێک لە شێخە مەسیحییەکان بە ناوى ڕاشد حەددادین دروست کراوە، پاش ئەوەى ناوبراو بەهۆى ناکۆکى خێڵەکییەوە ناوچەى خۆیانى بەجێ هێشتووە.
حەددادین ئەو شوێنەى کە بە کەلاوەى ڕام الله ناسراوە کڕیوەتەوە و پەیکەرى پێنج شێرى تیادا داناوە کە ئاماژە بووە بۆ پێنج کوڕەکەى.
دواى ئەوەى لە ساڵى ١٩٤٨ دا بەشێکى زۆرى خاکى فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکرا ڕام الله کەوتە ناوچەى ژێر دەسەڵاتى ئوردونەوە بەڵام لە ساڵى ١٩٦٧دا لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکرا.
ساڵى ١٩٩٤ و دواى ئەوەى لە نێوان ئیسرائیل و ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەلەستین ڕێککەوتننامەى ئۆسلۆ واژۆکرا، ڕام الله کرا بە بارەگاى سەرەکى دەسەڵاتى فەلەستینى پاش ئەوەى کە ئیسرائیل ڕازى نەبوو کە قودس ببێتە پایتەختى ئەو دەسەڵاتە.
لە ساڵى ٢٠٠٢ و لە ڕاپەڕینى دووەمدا ڕام الله کەوتەوە بەر هێرشی سوپاى ئیسرائیل و تەنانەت بارەگاکانى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى فەلەستین و دەسەڵاتى فەلەستینیش لەو هێرشانە نەبورێنران.
ڕام الله یەکێکە لەو شارانەى کە زۆربەى چالاکییە ڕۆشنبیرى و کلتورییەکان دەگرێتە خۆى بەهۆى بوونى تێکەلەیەکى جیاواز لە کلتورە کۆمەلایەتى و پێکهاتە جیاوازەکانەوە سەرەڕاى بوونى وەزارەتى ڕۆشنبیرى دەسەڵاتى فەلەستینى و چالاکى شارەوانى شارەکە.
سەرچاوە: الجزیرة
: