دەربەندیخان شارۆچکەیەکی کوردستانە و ناوەندی قەزای دەربەندیخانە سەر بە پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان، قەزای دەربندیخان لە ھەردوو ناحییەی (دەربەندیخان، باوەخۆ شێن) پێکدێت. بنەچەی شارۆچکەی دەربەندیخان لە گوندی (سەلیم پیرگ)ەوە دەست پێدەکات کە لە بناری چیای تونێلەکەدا بووە لە ٢٠ ماڵێک پێکھاتبوو. لە ڕوی گەشتوگوزارەوە گرنگییەکی تایبەتی ھەیە بەھۆی بەنداوی دەربەندیخان، دواتر بەھۆی تونێلی دەربەندیخانەوە گەشتوگوزار زیاتر گەشەی کردووە.
ناوی دەربەندیخان:
دەربەندیخان لە دوو وشە سەرچاوەی گرتووە، یەکەمیان (خان) وشەی خان نازناوە و دراوە پیاوی دەوڵەمەند و خاوەن دەسەڵات کە(خان یاخود خانوو)ێکی گەورەی ھەبووە کە لە ژوریی تایبەت پێکھاتووە بۆ پێشوازی لە میوانان، کە پێی تراوە (دیوەخان)، دیارە لەو سەردەمەشدا دوو پیاوی دەوڵەمەند و خاوەن دەسەڵات ھەبوون کە باج و سەرانەیان لە کاروانچیان وەرگرتوە کە بەو شوێنەدا تێپەڕ بوون، ئەوانیش (محمد خان و احمد خان) بوون. دووھەم (دەربەند) بەو تەنگەڕیە دەوترێت کە دەکەوێتە نێوان دوو چیا، لە نێوان زنجیرە چیای بەرانان و زنجیری چیای زمناکۆدا ڕوباری سیروان تێپەڕ دەبێت و ڕێیەکیش بووە بۆ کاروانچی، ھەر لەوێدا خانێک یاخود خانوێک ھەبووە کە بە خانووی دەربەندەکە ناسراوە و ئیدی بە تێپەڕبونی زەمەن دەربەندیخانی بەسەردا بڕاوە.
ھەڵکەوتەی جوگرافی:
قەزای دەربەندیخان لە باکوری خۆرھەلاتەوە ھاوسنورە لەگەڵ قەزای سیدێداق، لە باکوری ڕۆژئاوا ھاوسنورە لەگەڵ قەزای قەرەداغ، لە باشوور و باشوری ڕۆژئاوایشەوەی ھاوسنورە لەگەڵ قەزای کەلار, لە باشوری ڕۆژھەڵاتیەوەی ھاوسنورە لەگەڵ خانەقین, لە ڕۆژھەلاتیشیەوەی لەگەل پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید ھاوسنورە. واتە دەکەوێتە باشوری ڕۆژھەڵاتی پارێزگای سلێمانی لە باشوری کوردستان.
ئاو وھەوا:
بەھۆی ھەڵکەوتە جوگرافیەکەیەوە کەش و ھەوایەکی مامناوەندی ھەیە، زستانی مەیلە و سارد و ھاوینی فێنک و مەیلە و گەرمە. بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریاوە ٥١٣ مەترە.
ڕووبەر:
ڕوبەری قەزای دەربەندیخان ٢,٧٠٣ کم چوارگۆشەیە.نزیکەی ٤٧٤ مەترە.
ژمارەی دانیشتوان:
ژمارەی دانیشتوانی قەزای دەربەندیخان بە پێی نەخشەی ژمارەی دانیشتوانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کودستان بۆ سالی ٢٠١٨ لە ٥٠,٧٠٥ کەس پێک دێت.
ئا/ ئەنەس محەمەد ئیبراهیم