“دەستپێك”
لە بازارێكی بازرگانیدا لە ڕەفەی كۆگایەك بنوارە، تەواشادەكەیت ئەو قوتووانەی بەرهەمەكانیان تیادا هەڵگیراوە پێكهاتەكانیان: شووشە، پلاستیك، تەنەكە و مقەبان، شێوە و نرخیشیان جیاوازە!. هاوكات تێبینی و زانیاری كاغەزی سەر بەرهەمەكان بە زوانی جوداواز نووسرایە. هەندێك لەو بەرهەمانه پێشتر ناسراوبوون، بڕێكان لە ڕێگای ڕیكلامی جۆراوجۆرەوە هەوڵی ناساندنیان دەدرێت، پرسیارێك لێرەدا قووت دەبێتەوە، ئەو هەموو جیاوازییانە لە پای چی؟ گشت ئەو ڕێكارانە هەوڵێكی ڕاستەوخۆ و دروستە بۆ دابینكردنی خواستی كڕیار، كەواتە بازاڕكاری بریتییە لە شۆڕبوونەوەی بەرهەم و خزمەتگوزاری بۆ كڕیار، ڕەزامەندی كڕیاریش چەقی بازاڕسازی و پێوانەی ڕاستی بازارە، ئەركەكانیتر وەك بەرهەم، نرخ، دابەشكردن و برەو پێدان كاری بازاڕسازین.
لە دنیای تەكنەلۆژیادا، بەردەوام بەرهەم و خزمەتگوزاری زیاتر شۆڕدەبێتەوە بۆ دەستی بەكاربەر، لە بەرانبەر زۆری بەرهەم و ڕكابەری زیاتر دەبێت بە سیمای بازاڕ و ساخكردنەوەی بەرهەمەكان، لەو پێناوەدا كۆمپانیا و خاوەن بەرهەمەكان بۆ فرۆشتن و ساخكردنەوەی بەرهەمەكانیان، شێوازی جۆراوجۆر دەگرنەبەر، فرۆشتن لە ڕێگای نوێنەرەوە “مندوب” یەكێكە لە شێوازەكان، لە بەرانبەردا كاری مەندوبی كارێكی تازەیە لە هەرێمی كوردستاندا و زۆرێك لە دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان لەم بوارەدا كاردەكەن، ئەم وتارە شیكاری ئەو پرسە دەكات.
“گەشەكردنی كاری نوێنەری”
ئەرگەر چی پرۆسەی بازاڕگەری قووڵترە لە فرۆشتن، بەڵام هەموو بازاڕگەرییەك لە پێناو فرۆشتن و دابینكردنی خزمەتگوزارێكانە. لە سێبەری شەڕی ڕێكخراو دامەزراوەكاندا ئەمكارە سەریهەڵدا، لە بواری بازاڕكاری و بوارەكانیتردا گەشەیكرد، بنەمایەكی پتەوی بازاڕكاری و برەوپێدانی پێویست بوو تا بەرهەمی كۆن و نوێ لەكاتی گونجاودا و بە نرخێكی دیاریكراو بگاتە دەستی كڕیار. بە هیوای پاراستنی تایبەتمەندی ڕكابەری “بۆ نموونە پێشەنگی كۆكا كولا”. زۆرێك لە كۆمپانیاكان لە بواری دابینكردنی بەرهەم و خزمەتگوزاریدا ڕوویان لە شێوازێكی نوێ كرد، ئەویش نوێنەری فرۆشتن”Sales Person.
“مەندوب sales representative نێردراو، كێیە؟”
كەسێكە وەك بریكاری كۆمپانیایەكی دیاریكراو بە شێوەی ڕاستەوخۆ، یان نا ڕاستەوخۆ كاردەكات، ڕێگا پێدراوە كارەكانی بەشێوەیەك ڕایبكات لە بەرژەوەندی كۆمپانیاكەدا بێت، لە ڕیگای عمولە “بەشتیا” یان مووچە، یاخود هەردوو كیانەوە بەرانبەر كارەكانی قەرەبوو دەكرێتەوە، بە مەبەستی ڕازیكردنی خەڵك بە كڕین و بەكارهێنانی بەرهەم و خزمەتگوزارێكانی كۆمپانیاكە لە جێگایەكەوە دەچێت بۆ شوێنێكیتر.
جێنشین بچوكراوەی كۆگا، كارگە، كۆمپانیا و دەزگاكەیە كاتێك كاری تیادا دەكات، واتە وێنەیەكی بچوكراوەی ئەو جێگایە كاری بۆ دەكات. كارەكە تەنها لە دەستی پیاواندا كورت ناكرێتەوە، بەڵكو درێژ دەبێتەوە تا دەگات بە ئافرەتان و بەشێكیان سەركەوتووبوون لە بوارەكەدا ناوناوبانگیان درەوشاوەبووە.
“مەندوب، بازاڕگەر پێویستی بە چییە؟”
1-بەرزكردنەوەی تواناكانی، ڕووخسار و دەركەوتنی بوارێكی گرنگن، پێویستە بازاڕگەر گرنگیان پێ بدات، بۆنموونە پۆشینی پۆشاكی تایبەتی ئەو كۆمپانیایەی كاری بۆ دەكات. هاوكات پێویستە پشوو درێژ، ڕووخۆش و لە سەر خۆبێت. چونكە لە ماوەی سێ چركەدا كڕیار ئینتباعی لە سەر “مەندوب” دادەنێت بە خاتری ئەو هۆكارە یەكەم دەركەوتن گرنگە بۆ نوێنەری فرۆشتن.
2-شارەزایی لە هونەری فرۆشتندا، ئەم بوارەش پێویستی بە شارەزایی هەیە لە نرخ، تایبەتمەندی كاڵاكان. لە ڕێگەی پرووشەر و بڵاوكراوەكانەوە ئەم زانیارییانە ڕادەستی كڕیار دەكات.
3-هونەری ماڵەكردن لە تەك كڕیادا، گفتووگۆ و لێكگەیشتن كلیلی سەرەكی ئەم لایەنەیە، پێویستە بازارگەر شارەزایی تەواوی هەبێت، بە تایبەت كاتێك زانیاری ڕادەستی كڕیار دەكات. لێرەدا قسەكردن گرنگ نییە، چونكە ووشە و دەستەواژەكان تەنها 7% كاریگەری لەسەر كەسەكان دادەنێت، هاوكات پێویستە “مەندوب” شارەزایەكی باشی لە بواری زمانی جەستەدا هەبێت، چونكە 55% كاریگەری لە سەر كڕیار دادەنێت و ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە رازیكردنی كڕیاردا، هەروەها لە ڕێگای زمانی جەستەوە دەتوانێت لە كڕیار حاڵی بیت و بزانیت مەرامی چییە و حەوەجێی چی شتێكە.
“خەسڵەتەكانی نوێنەری فرۆشتن”
پێویستە بازاڕگەر خاوەن كۆمەڵە تایبەتمەندییەك بێت، تاوەكو بتوانێت ئەو پیشەیە بەڕێوەبەرێت و داهاتێكی باشیش بۆ ئەو شوێنە بە دەستبهێنێت كە كاری بۆ دەكات، خەسڵەتەكانیش بریتین لە:
• سۆزداری:- مەندوبی سەركەوتوو كەسێكە لە ڕێگای پەیوەندی لە تەك كڕیادا هەست و سۆزی تێكەڵ بە ویست و داواكارێكانیان دەكات، چونكە كڕیار كێشەیەكی هەیە و بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێت، لە بەرانبەردا نوێنەر بە دوای كێشە و ئالەنگارێكانی كڕیادا دەگەڕێت، لە ڕێگای دابینكردنی بەرهەمێكەوە چارەسەری گونجا و بۆ ئالەنگارێكانیان دەدۆزێتەوە و دەزانێت كریار چی گەرەكە، بینا لە سەر ئەو داواكارییە هەوڵی دابینكردنی دەدات.
•حەزو گونجاندن:- پێویستە “مەندوب” حەزێكی زۆری هەبێت لە فرۆشی كاڵا و شمەكەكاندا، بە شێوەیك هانیبدات كارەكەی بە شێوەیەكی دروست ڕاپەڕێنێت، ئەم خەسڵەتە ڕۆڵی گرنگی هەیە لە بەدیهێنانی ئارەزووی نوێنەر و سەركەوتنی لە ئیشكردندا، هاوكات دەبێت گونجاو توانای گونجاندنی هەبێت لە نەخێری كڕیادا، چونكە زۆربەی كڕیار داواكاری نوێنەرەكان ڕەد دەكەنەوە.
• پێویستە نوێنەری كۆمپانیا شارەزای تەواوی هەبێت لە كاتی خستنە ڕووی بەرهەمی كۆمپانیاكەدا، ئەم خەسڵەتە جێگای پێزانینی كڕیارە، چونكە بواری بۆ دەڕەخسێنێت وەڵامی ورد و خێرا بخاتە بەرچاوی كڕیار و بەشێوەیەكی خێرا باوەڕ بە كڕیار بهێنێت.
• لێهاتووی و كارامەیی هەبێت لە بواری ڕابەرایەتیكردنی كارەكە و كڕیارەكانی.
• توانای بەرگەگرتنی فشاری كاركردنی هەبێت، چونكە كاری نوێنەری فرۆشتن كات و جێگای دیاریكراوی نییە.
“ئەركەكانی نوێنەری فرۆشتن”
1-بتوانێت لە گشت سات و شوێنێكدا و بە شێوەیەكی گونجاو بگات بە كڕیارەكان.
2-خستنەڕووی شمەك و خزمەتگوزارێكان بە شێوەیەكی گونجاو، هاندانی كڕیار تا زیاتر بەرهەم و خزمەتگوزارێكانی كۆمپانیاكە بەكاربهێنن.
3-هەوڵدان بۆ بە دەستهێنانی فرۆش و قازانجی ئەو كۆمپانیایەی كاری بۆ دەكات، هاوكات ڕادەستكردنی بەرهەم و خزمەتگوزارێكان لە كات و ساتی دیاریكراودا.
4-رێككەوتن لە تەك كڕیادا، گواستنەوەی داواكارێكان بۆ بەشی گواستنەوە لە كۆمپانیاكەدا.
5-گوێڕادێران لە گلەو گازندەی كڕیاران و ڕازیكردنیان، هاوكات خستنە ڕووی چارەسەری گەنجاو.
“مووچەی مەندوب”
سەرباری موچەی بنەرەتی بازاڕگەر، زۆرجار كۆمپانیا بڕێك پارەی زیادی “عمولە” لە بری ئەرك و ماندوبوونی ڕادەستی بازاڕگەر دەكات، هاوكات كرێی هاتوچۆو مانەوەیشی لە سەر كۆمپانیاكە دەبێت، چاوەڕوان دەكرێت تا ساڵی 2022 بە رێژەی 38% خواستی كۆمپانیاكان لەسەر “مەندوب” زیاتر بێت بە تایبەت لە كن ئەو كۆمپانیایانەی بەرنامە و پارچەكانی كۆمپیوتەر دەفرۆشن.