“پێشەکی”
لەنێوان سەرجەم ئەو گەلانەی جیهان کە بێ دەوڵەتن، کەم نەتەوە هەیە وەک کورد هێندە لەناو گێژاوی پێناسەکردنەوەی خۆیدا چەقیبێت. پتر لە سەدەیەکە کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی “ئێران، تورکیا، ئێراق و سووریا”دا دابەش کراوە، کەچی هێشتا یەکێک لە هەرە بنەڕەتیترین و زیندووترین پرسیارەکانی بەردەم کۆمەڵگەی کوردی ئەوەیە؛ “ئێمە کێین؟” لە ڕواڵەتدا، ڕەنگە وڵامەکە سادە بێت؛ ئێمە کوردین. بەڵام کاتێک وردتر دەبینەوە، تێدەگەین کە “کوردبوون” تەنیا بەشێکی بچووکی وڵامەکەیە. پرسیاری جەوهەری ئەوەیە؛ ئایا تەنیا کوردبوون بەسە بۆ پێناسەکردنی ناسنامەی نەتەوەییمان؟ ئایا کورد تەنیا کۆمەڵە خەڵکێکی هاوزمان و هاونەژادن کە لە چوار وڵاتی جیاوازدا دەژین، یان نا، ئەندامی نەتەوەیەکی مێژوویین کە خاوەنی خاکێکی هاوبەشن بە ناوی کوردستان؟ لێرەوەیە چەمکی “کوردستانیبوون” گرنگی و قورسایی خۆی پەیدا دەکات. ئەگەر کوردبوون گوزارشت لە سەرخان و ناسنامەیەکی نەتەوەیی-نژادی بکات، ئەوا کوردستانیبوون گوزارشتە لە لایەنی نیشتمانی، سیاسی و خاکی. دەکرێت بڵێین قەیرانی گەورەی ئەمڕۆی ئێمە، قەیرانی کوردبوون نییە، بەڵکوو قەیرانی “کوردستانینەبوون”ە؛ غەدر و چەقبەستووییەک کە ڕیشەکەی هەم لە سیاسەتی داگیرکاریی ناوخۆیی و پڕۆسەی درێژخایەنی تواندنەوەدا (ئاسیمیلاسیۆن) شاردراوەتەوە، هەم لە لاوازی و کەموکوڕییە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگەی کوردی خۆیدا.
“کوردبوون و کوردستانیبوون؛ لێکچوون و جیاوازییەکان”
کوردبوون، پێش هەر شتێک، ئاماژەیە بۆ هاوبەشیی زمان، کولتوور، مێژوو و ڕەچەڵەک. ئەو کەسەی خۆی بە کورد دەزانێت، پشتبەستووە بەو میراتە کولتووری و مێژوویییە هاوبەشەی کە لە ڕابردووەوە بۆی ماوەتەوە. ئەمە ناسنامەیەکی نەتەوەیی-نژادییە و ڕەگی لە مێژووی کۆندا چەقیوە. بەڵام کوردستانیبوون چەمکێکە فرە لە نژاد و زمان گەورەتر. کوردستانیبوون واتە دڵسۆزی و سەرپشکبوونی هۆشیارانە بۆ خاکی کوردستان وەک نیشتمانی هاوبەشی هەمووان. لەم بازنەیەدا، ئەو سنوورە دەستکردانەی بەسەر ڕۆژهەڵات، باکوور، باشوور و ڕۆژاوای کوردستاندا سەپێنراون، دەبنە شتی لاوەکی و ئەسڵ ئەوەیە کە مرۆڤ خۆی سەر بە جوگرافیایەکی مێژوویی و نەتەوەیەکی یەکگرتوو بزانێت. ئەگەر بە زمانێکی فەلسەفی بیڵێین، کوردبوون وڵامێکە بۆ پرسیاری “من سەر بە چ نەتەوەیەکم؟”، بەڵام کوردستانیبوون وڵامە بۆ پرسیاری “نیشتمانی من لەکوێیە؟”
هەموو کوردستانییەک بە ناچاری کوردە (یاخود بەشێکە لە پێکهاتەی ئەو خاکە)، بەڵام هەموو کوردێک لۆژیکییانە کوردستانی نییە. زۆرن ئەوانەی خۆیان بە کورد دەزانن، بەڵام ناسنامەی سیاسی و نەتەوەیی خۆیان لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا پێناسە دەکەن کە کوردستانیان داگیر کردووە. ئەوان خۆیان وەک “کوردی ئێران، کوردی ئێراق، کوردی تورکیا یان “کوردی سووریا” دەبینن، بەبێ ئەوەی خاوەنی هەستێکی قووڵی سەر بە خۆبوون بن بۆ کۆی نیشتمانەکە کە کوردستانە. لە ڕاستیدا، جیاوازیی نێوان ئەم دوو چەمکە، ڕێک جیاوازیی نێوان “کۆمەڵە هۆز و نژادێک” و “نەتەوەیەکی خاوەن هۆشیاری”یە. ئینتیما بەبێ هۆشیاریی نەتەوەیی، بە ئاسانی لەنێو پێکهاتە سیاسییەکانی بێگانەدا دەتوێتەوە، بەڵام هۆشیاریی نیشتمانی (کوردستانیبوون) هەمیشە بەرەو پاراستنی بوونی بەکۆمەڵ و بەرگریکردن لە مافی بڕیاردانی چارەی خۆنووسین هەنگاو دەنێت.
“بۆچی کوردبوون پتر لە کوردستانیبوون پەرەی پێ دراوە؟”
یەکێک لە هەرە گرنگترین هۆکارەکانی ئەم دۆخە ئەوەیە کە ئەو دەوڵەتانەی بەسەر کوردستاندا زاڵن، هەمیشە لە دروستبوونی هۆشیارییەکی نەتەوەیی و گشتگیری کوردستانی ترساون. داگیرکەران باش دەزانن ئەو کەسەی تەنیا خۆی بە کورد دەزانێت، مەرج نییە داوای گۆڕینی بنەڕەتیی پێکهاتە سیاسییەکان بکات؛ بەڵام ئەو کەسەی خۆی بە کوردستانی دەزانێت، بێگومان دەست دەکات بە پرسیارکردن لەسەر دۆخی نیشتمانەکەی، دابەشبوونی خاکەکەی و مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی. لەبەر ئەمەشە کە لە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوودا، هەوڵێکی زۆر دراوە تا ناسنامەی کوردی لە جوگرافیا و ڕەهەندە نیشتمانییەکەی دابڕێنن. لە زۆربەی سیستمە پەروەردەیی، ڕاگەیاندن و سیاسییەکاندا، وشەی کورد تا ڕادەیەک قبووڵ کراوە، بەڵام وشەی “کوردستان” سنووردار، کۆنتڕۆڵ یان تەنانەت قەدەغە کراوە. ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی ئەوەی نەوەی نوێ کوردبوونی خۆی قبووڵ بێت، بەڵام لەو پەیوەندییە ئۆرگانی و زیندووەی نێوان نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان بە دروستی تێنەگات. لهلایهکی دیکهوه، دابهشبوونی سیاسیی کوردستان ڕۆڵێکی نەرێنیی گەورەی گێڕاوە. ئەو سنوورە دەستکردانەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم چەسپێنران، هێدی هێدی جۆرە بیرکردنەوە و دونیابینییەکی جیاوازیان لە بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا خولقاند. نەوە لە دوای نەوە لەنێو سیستەمی پەروەردەی جیاوازدا گەورە بوون، مێژووی جیاوازیان خوێند و کەوتنە ژێر کاریگەریی گوتاری سیاسیی جیاوازەوە. دەرەنجامەکەش ئەوە بوو کە زۆرێک لە کوردەکان، لە جیاتی ئەوەی خۆیان بە ئەندامی نەتەوەیەکی یەکگرتوو بزانن، خۆیان وەک هاووڵاتیی وڵاتانی جیاواز هێنایە پێش چاو کە تەنیا زمان یان نژادێکی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە.
“هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی خودی کورد”
ئەگەرچی بەشێکی گەورەی ئەم دۆخە دەرئەنجامی ئەو سیاسەتانەیە کە بەسەر کوردا سەپێنراون، بەڵام ناتوانین چاو لە هەڵە و کەمتەرخەمییە نێوخۆییەکانی کۆمەڵگەی کوردیی خۆیشمان بپۆشین. یەکێک لەو هەڵە کوشندانە، زاڵبوونی ڕوانگەی ناوچەگەرێتی بووە بەسەر ڕوانگەی نەتەوەییدا. لە زۆر قۆناغدا، کوردی هەر بەشێک، کێشەکانی خۆی بە جیا لە بەشەکانی تری کوردستان بینیوە. ئەم تێڕوانینە ناوچەیییەش بووەتە هۆی لاوازبوونی چەمکی “چارەنووسی هاوبەش”. هەڵەیەکی تر، دەستبەتاڵی و کەمکارییە لە بەرهەمهێنانی ئەدەبیاتی تیۆری و فیکری لەسەر ناسنامەی کوردستانی. لە کاتێکدا زۆربەی نەتەوەکانی جیهان توانیویانە چەمکە نەتەوەییەکانی خۆیان لە قاڵبی فەلسەفەی سیاسی، کۆمەڵناسی و مێژوونووسیی مۆدێڕندا دابڕێژن، کۆمەڵگەی کوردی هێشتا لەم بوارەدا دەستکورت و هەژارە. بەشێکی هەرەزۆری چالاکییە سیاسییەکانی کورد تەنیا لە چوارچێوەی ململانێی ڕۆژانە و خەباتی عەمەلیدا خولاوەتەوە و کەمتر ئاوڕ لە بنەما فیکری و فەلسەفییەکانی ناسنامەی نەتەوەیی دراوەتەوە. بۆیە لاوی کورد ئەمڕۆ ناوی کوردبوونی پێ ئاشنایە، بەڵام پێناسەیەکی ڕوون و مۆدێڕنی بۆ کوردستانیبوون لەلا نییە. هاوکات، ململانێی حزبی و دەستەگەرێتی لە زۆر قۆناغدا وای کردووە بەرژەوەندیی ڕێکخراوەیی بخرێتە پێش بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە. کاتێکیش ناسنامەی حزبی شوێنی ناسنامەی نەتەوەیی گرتەوە، پڕۆژەی بنیادنانی نەتەوە تووشی شکستی گەورە دەبێت.
“سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان”
سیاسەتی ئەو دەوڵەتانەی بەسەر کوردستاندا زاڵن، دەکرێت لە چوارچێوەی تیۆریی “سڕینەوە و تواندنەوەی سیاسی و کولتووریدا” شیکردنەوەی بۆ بکرێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم سیاسەتانە پچڕاندنی ئەو بەستەرە بووە کە گەلی کورد بە خاکی کوردستانەوە دەبەستێتەوە. ئەم پڕۆژەیەش بە هۆکاری جیاجیا جێبەجێ کراوە؛ لە گۆڕینی ناوی گوند و شار و جوگرافیاکانەوە بگرە، تا قەدەغەکردنی زمان، شێواندنی مێژوو، کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ناسنامەی هاووڵاتییان. له ئێران، تورکیا، ئێراق و سووریا، ئەگەرچی شێوازی چەوساندنەوەکان جیاواز بوون، بەڵام لۆژیک و عەقڵییەتەکە یەک شت بووە؛ ڕێگریکردن لە دروستبوونی هۆشیاریی نەتەوەیی کوردستانی. داگیرکەران هەمیشە هەوڵیان داوە ناسنامەی جێگرەوە (بەدیل) دروست بکەن؛ ناسنامەیەک کە کورد بکاتە پاشکۆ و بەشێک لە نەتەوەی باڵادەست. لە دۆخێکی ئاوادا، مرۆڤی کورد ڕەنگە هێشتا بە کوردی قسە بکات، بەڵام دونیای سیاسیی خۆی لە پەنجەرە و بە چاویلکەی دەوڵەتی حاکمەوە دەبینێت.
لەسەر بنەمای فەلسەفەی دەسەڵات، سەرکەوتووترین شێوازی داگیرکاری ئەوەیە کە مرۆڤی بندەست، جیهان بەو چەمک و زمانە لێکبداتەوە کە داگیرکەرەکەی بۆی دیاری کردووە. کاتێک کوردێک چارەنووسی خۆی تەنیا لە چوارچێوەی ئێران، تورکیا، ئێراق یان سووریادا کورت دەکاتەوە و بەستەری خۆی لەگەڵ کۆی کوردستاندا فەرامۆش دەکات، واتە پڕۆژەی داگیرکەرەکەی تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتووە.
“ڕێگەچارەکان؛ ڕۆڵی حزب، ڕێکخراو و ناوەندە مەدەنییەکان”
تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە پێویستی بە پڕۆژەیەکی درێژخایەن هەیە بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی.
هەنگاوی یەکەم؛ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی چەمکی کوردستانیبوونە لەنێو ئەدەبیاتی سیاسی و کولتووریماندا. حیزبە سیاسییەکان دەبێ لە پاڵ خەباتی ڕۆژانەیاندا، بیر لە بەرهەمهێنانی فیکر و گوتاریش بکەنەوە. نەتەوەکان تەنیا بە چەک یان سیاسەت ناژین؛ ئەوان پێویستیان بە گێڕانەوە، مانا و هۆشیاریی قووڵیش هەیە.
هەنگاوی دووەم؛ چاکسازی لە سیستەمی پەروەردە و کولتووری ناوچە کوردییەکاندا. نەوەی نوێ دەبێ مێژووی کوردستان نەوەک وەک مێژووی چوار پارچەی دابڕاو، بەڵکوو وەک مێژووی نەتەوەیەک و یەک خاکی یەکگرتوو بخوێنێت (ئەم هەنگاوە زیاتر لە باشووری کوردستان کە خاوەن حکومەتی کوردییە، دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت).
هەنگاوی سێیەم؛ پەرەپێدانی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕ لەنێوان بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا. تەکنەلۆژیای نوێ، میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن ئەو دوورییانەی کە سنوورە سیاسییەکان دروستیان کردووە کەم بکەنەوە و هەستی ئینتیمای هاوبەش بەهێزتر بکەن (باشووری کوردستان لەمبارەوە کاری باشی کردووە و پێویستە کاری باشتریش بکات).
هەنگاوی چوارەم؛ کاراکردنی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی لاوان، ژنان، خوێندکاران و ناوەندە مەدەنییەکانە. ئەزموونی زۆربەی بزووتنەوە نەتەوەییەکانی جیهان نیشانی داوە کە نەتەوەسازی تەنیا ئەرکی حیزبە سیاسییەکان نییە، بەڵکوو پێویستی بە بەشداریی گشتگیر و بەرفراوانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە.
هەروەها پێویستە ئەدەبیات، هونەر، سینما و ڕاگەیاندن زیاتر لە جاران ئاوڕ لە چەمکی کوردستان وەک نیشتمانی هاوبەش بدەنەوە. نەتەوەکان پێش ئەوەی لە مەیدانی سیاسەتدا بونیاد بنرێن، لە خەیاڵدانی گشتیدا دروست دەبن.
“دەرەنجام”
کێشەی سەرەکیی ئەمڕۆی نەتەوەی کورد ئەوە نییە ئایا کورد خۆی بە کورد دەزانێت یان نا؛ بەڵکوو ئەوەیە تا چەند خۆی بە “کوردستانی دەزانێت. کوردبوون ڕەگە، بەڵام کوردستانیبوون ئاسۆیە. کوردبوون پارێزەری ڕابردووە، بەڵام کوردستانیبوون بنیادنەری ئایندەیە. گەلی کورد بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستای، پێویستی بە گواستنەوە هەیە لە هۆشیارییەکی تەسکی نژادییەوە بەرەو هۆشیارییەکی فراوان و گشتگیری نەتەوەیی؛ گواستنەوەیەک کە تێیدا کوردستان تەنیا ناوێکی جوگرافی نەبێت، بەڵکوو چوارچێوەی سەرەکیی پێناسەکردنی ناسنامەی بەکۆمەڵمان بێت. ئەگەر کورد بتوانێت جارێکی تر بە شێوازێکی هۆشیارانە پەیوەندی لەنێوان نەتەوە و خاک، ناسنامە و نیشتمان، و ڕابردوو و داهاتوودا دروست بکاتەوە، ئەو کاتە کوردستانیبوون لە دروشمێکی سیاسییەوە باز دەدات و دەبێتە هەوێنی فیکری و کولتووریی نەوەکانی داهاتوو. لە دۆخێکی ئاوادا، کورد تەنیا ئەوە نازانێت کە سەر بە چ نژاد و زمانێکە، بەڵکوو بە باشی درک بەوەش دەکات کە سەر بە کام نیشتمانە و بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئەو لەهەمبەر ئەو نیشتمانەدا چییە.





































































