ئەوەی هەنووکە لە ئێراندا دەیبینین، ڕیاکارییەکی پێکهاتەییە. ئامادەیی ژنانی بێ باڵاپۆش لە نومایشە نیشتمانییەکان، بەشێکە لە کتێبی مانەوەی سیاسی کە تێیدا “جەستەی ژن” وەکوو دوا سەنگەری دەسەڵات داگیرکراوە. تا کاتێک جەستەی ژن وەکوو ئامرازی هێز بناسرێت، هیچ نومایشێک لە سەر شەقام ناتوانێت قەیرانی قووڵی ڕەوایی بوون بشارێتەوە. خەباتی ژنانی ئێران، خەبات بۆ وەرگرتنەوەی “تاکێتی” لە چڕنووکی ئایدۆلۆژیدایە؛ خەباتێک کە لە شەقامەوە دەستی پێ کردووە و تاکوو پاقژکردنەوەی تایبەتیترین قوژبنەکانی ماڵەوە درێژەی دەبێت.
“شەقام؛ تەختەی شانۆ یان سەنگەری بەرخۆدان؟”
لە حاڵێکدا کە گەردوتۆزی جەنگ هێشتا بەسەر ڕووخساری شارەوە قورسایی خۆی نیشان دەدات، حكومهت هێشتا خەریکی بەڕێوەبردنی ڕێکخستنە ئەرکتەوەرانەکان و ڕێوڕەسمە شەوانەکانە. کۆمەڵگایەک کە زیاتر لە ٧٠ ڕۆژە لە داخستنێکی ڕەهای زانیاری و بڕینی سیستەماتیکی ئەنتەرنێتدا بەسەر دەبات، لە ژێر سێبەری ڕەشی لەداردانە ڕٶژانەییەکان و سەرکوتکردنی ڕەق و تەق، سەختترین سەردەمی ژیان و بژێوکردن و دەروونیی خۆی تێدەپەڕێنێت. بەڵام لەم ناوەدا، دژوازییەکی چاوڕفێن و سەرنجڕاکێش لە مێدیا فەرمییەکاندا خۆی دەرخستووە؛ ئامادەیی زەق و بەرچاو و بێسانسۆری ژنانی”بێ باڵاپۆش” لە ناو قاپی تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتیدا. دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی کە بۆ چەندین دەیە هەر میلی مەترێک پاشەکشە و کەمتەرخەمی لە باڵاپۆشی و بەسەردادانی”ڕووسەری” وەکوو تاوانێک دژی ئاسایشی نەتەوەیی و کیانی باوەڕدارانەی خۆی لەقەڵەم دەدا، هەنووکە ئامێزی مێدیاکانی خۆی بۆ ئەو ژنانە کردووەتەوە کە بە باڵاپۆشی هەڵبژێردراوی خۆیان، دروشمە نەتەوەخوازانەکان دەڵێنەوە و لە ناو قاپی فەرمیشدا ستایش دەکرێن. ئەم گۆڕانکارییە تاکتیکییە سەرسووڕهێنەرە، نەک نیشانەیەک لە لێبووردەیی یان بەفەرمیناسینی مافی هاووڵاتیبوون، بەڵکوو نیشانەیەکە لە “ئەوپەڕهاوێژییەکی ئایدۆلۆژیک”ی قووڵ و داماویی پێکهاتەیی بۆ بەرهەمهێنانەوەی ڕەوایی لەکیسچوو.
“کاردانەریی وەرگیراوە؛ لە نافەرمانی مەدەنییەوە بۆ پاشەکشەی ستراتیژیکی دەسەڵات”
بەر لەوەی کە کۆماری ئیسلامی بتوانێت کەڵکی خراپ لە ئامادەیی ژنان بە باڵاپۆشی هەڵبژێردراوی خۆیانەوە لە شانۆ و نومایشە وەفادارییەکانی خۆی وەرگرێت، ئەمە خودی ژنان بوون کە بۆ ساڵانێکی زۆر لە بەرەی پێشەوەی شەقام بۆ چەسپاندنی کاردانەریی(عاملیت) و مافی باڵاپۆشیی هەڵبژاردە، تێچووگەلی زۆریان دا، گۆڕانکاریی بنەڕەتی کە هەنووکە لە کۆمەڵگای ئێرانیدا دەرکەوتووە، بەرهەمی خەباتێکی بەردەوام و بزۆزە کە لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و بەهۆی کوشتنی ژینا ئەمینییەوە گەیشتە خاڵی یەکلاکەرەوەی خۆی. لەو کاتە بەدواوە، خەبات لەگەڵ باڵاپۆشی زۆرەملی لە داواکارییەکی تەنهای مافناسانەوە، بۆ ئاستی “نافەرمانییەکی مەدەنیی پێکهاتەدار” بەرز بوویەوە؛ شوێنێک کە ژنان، جەستە و باڵاپۆشی خۆیان وەکوو پانتایەکی سەربەخۆی سیاسییی مکوڕ پێناسە کردەوە. ئەم بەرخۆدانە مەدەنییە، ئەگەرچی بەڕواڵەت وەکوو کۆمەڵێک لە پەرچەکردارە تاکەکەسییەکانی ژنان لە شەقامەکان دەهاتە بەرچاو، بەڵام لە ڕاستیدا، تۆڕێکی شاراوە و بزۆز لە “بزووتنەوەیەکی هاوبەش”ی لە سەرانسەری وڵات دروست کرد. ئەم پەیوەندییە ئۆرگانیکە، چەمکی باڵاپۆشیی زۆرەملیی لەو فۆرماتە سەرەتایی و کارکردە پێناسەکراوەی دەسەڵات فڕێ دایە دەرەوە. جودیت باتلێر؛ فیلسووف و تیۆریداڕێژی فیمینیست، لەبارەی ئەم شێوەیە لە کاردانەریی بێباکانەی جەستەیی دەنووسێت؛ “کاتێک جەستە سەرکوتکراوەکان بە بێ ودم و بواردانی دەسەڵات لە فەزای گشتیدا دەردەکەون، خودی ئەم ئامادەبوونە، کردەیەکی سیاسیی زمانی و نیشانەیەکە لە وەرگرتنەوەی کاردانەریی داگیرکراو. جەستەی ژن لە ئاوەها دۆخێکدا، ئیتر ئامرازی نومایشکردنی دەسەڵاتی پێکهاتە نییە، بەڵکوو مێدیایەکە بۆ ڕەتکردنەوەی.”
ئەم کاردانەرییەی ڕۆژانە تا شوێنێک چووە پێشەوە کە تەنانەت دزەی کردووەتە ناو چوارچێوە و ستراتیژییە مێدیاییەکانی دەسەڵاتیش؛ تا شوێنێک کە پێکهاتەی دەسەڵات، لە وەرسووڕانێکی دژوازدا، ملی کەچ کردووە بۆ خۆڕادەستکردن و جۆرێک پاشەکشەی ستراتیژیک. هەنووکە، دەسەڵات بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕەوایەتیی شەقبردووی خۆی، ناچارە بە بڵاوکردنەوە و بەفەرمی قبووڵکردنی وێنەی ژنان بە بێ باڵاپۆشی زۆرەملی لە مێدیا فەرمییەکان، ڕێپێوانەکان و ڕێوڕەسمە حوکومییەکاندا. ئەم دادۆشینە ئامرازییە و تەنانەت نومایشکردنی باڵاپۆشی هەڵبژاردە، بەر لەوەی نیشاندەری کرانەوەیەک لە باوەڕەکاندا بێت،، بەڵگەیەکی ئاشکرایە لە داتەپین و داکەوتنی هەژموونیی كولتووریی حكومهت و ڕادەستبوونی ناچارەکیی لە هەمبەر واقیعی خەباتی ژنان لە شەقامەکاندا. دەسەڵات ناچار بووە دیاردەیەک کە تا دوێنێ وەکوو “تاوان” و “پیلان” ناوی دەهێنا، هەنووکە بۆ مانەوەی شانۆی سیاسیی خۆی بە فەرمیی بیناسێت؛ و ئەمە خۆی نیشانەیەکی ڕوونە لە گۆڕانی بنەمایی و پێناسەکردنەوەی باڵاپۆشی ژنان بە مانایەکی زۆر بەربڵاو.
“باڵاپۆشیی ڕەمزی؛ قامیشێکی ناوبۆش لەهەمبەر واقیعی شەقام”
بە سەرنجدان بەوەی لە سەرەوە گوترا، لە ئێستادا باڵاپۆشیی زۆرەملی بووە بە مەیدانێک بۆ ململانێی خەباتی ژنان بۆ مافی باڵاپۆشیی هەڵبژاردە و بەکارهێنانی ئایدۆلۆژیکی مافی باڵاپۆشیی هەڵبژاردە لە لایەن حكومهتەوە وەکوو ئامرازێکی سیاسی. ئاسیفی بەیات، بەدروستی ئاماژەی دەداتێ کە باڵاپۆشیی زۆرەملیی ئێستاکە بووە بە “سنوورێکی ڕەمزیی بچووککراوە”؛ حكومهتێک کە ڕۆژێک باڵاپۆشیی بە بڕبڕەی پشتی خۆی و ئاڵای ناسنامەی خۆی دەزانی، هەنووکە لە ناوەندی شەقامدا لەگەڵ هەڵوەشانەوەی تەواوەتیی ستانداردە جێبەجێکارانەکانی ڕووبەڕوو بووەتەوە. بەیات ئەم شکستە پراگماتیکییەی پێکهاتەکە بە بەرئەنجامی “ پێشڕەویی هێواش” لە “نابزووتنەوە” کۆمەڵایەتییەکان دەزانێت و دەنووسێت؛ “بەرخۆدانی ڕۆژانەی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی، جۆرێک لە سیاسەتی دیاردەناسانەیە. ئەم کردەوە بەردەوامانەی ئەقڵ، لە ڕێگەی دووپاتبوونەوەی ڕۆژانە لە سەر شەقام و شوێنی کار، واقیعێکی نوێ بەسەر پێکهاتەی دەسەڵاتدا دەسەپێنێت کە سەرکوتکردنی سیستەماتیک ئیتر ناتوانێت لەناوی بببات یان بیگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سیفر.”بە پشتبەستن بەم واقیعە سەپێنراوە بەسەر دەسەڵات دایە کە دانیال کالینجمان ئاوەها بەڵگە دەهێنێتەوە؛ “کاتێک کە ڕەمزێک حەتمی دەبێتەوە بەڵام زایەڵەی کۆمەڵایەتیی خۆی لە کیس دەدات، دەبێت بە “قامیشێکی ناوبۆش”. کۆماری ئیسلامی هەر لە ئێستەوە لەم قامیشە ناوبۆشە وەکوو ئامرازی مانەوە کەڵک وەردەگرێت و فووی پێدا دەکات. هەر بەم هۆیەوەیە کە لەگەڵ دژوازییەکی ڕوون و ڕووتدا ڕووبەڕوو دەبینەوە؛ ژنێک کە لە شوێنە ئیدارییەکان، دادگاکان و زانکۆکاندا بەهۆی باڵاپۆشییەوە ڕووبەڕووی سووکایەتیی سیستەماتیک دەبێتەوە، لە پڕێکدا لە ڕێپێوانە فەرمییەکاندا وەکوو ڕەمزی “یەکگرتوویی نەتەوەیی”ستایش دەکرێت. ئەم دژوازییە ئەمە ئاشکرا دەکات کە لە ڕوانینی دەسەڵاتدا، “ژن” تاکێتی و ڕەسەنایەتی نییە؛ ئەو تەنها کاتێک هەیە و بە فەرمی دەناسرێت کە جەستەی بتوانێت وەکوو “بیلبۆردێکی بانگەشە” لە خزمەت نواندنەوەی بەهێزیی پڕتووکاو و پووکاوەی سیستەمدا بێت.
“توانەوەی كولتووری و تووندوتیژیی ئایدۆلۆژی”
کردنی كولتوور بە ئایدۆلۆژی لە سەردەمی پاش جەنگدا، بەناچاری دەبێت بەهۆی بەرهەمهێنانی تووندوتیژیی پێکهاتەیی لە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگادا. داریوشی شایگان لەبارەی ئەم میکانیزمە توتالیترەوە دەڵێت؛ کاتێک ئایدۆلۆژیا جێگەی كولتوور دەگرێتەوە، هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دەبێت بە سەنگەرێکی جەنگی. لە ئاوەها دۆخێکدا، تووندوتیژی نەک ئامرازێک، بەڵکوو دەبێت بە تاقانە زمانی بەردەست و پۆڕاو بۆ پاراستنی ئەو “ناسنامە ڕۆنراوە”. لەم بوونیادنانەوە كولتووررییەدا، جەستەی ژن لە ڕووبەرە تاکەکەسی، ئینسانی و سرووشتییەکەی خۆی بێبەش دەکرێت و دەبێت بە “ناوچەیەکی جەنگی”. کاتێک کە دەسەڵات جەستەی ژن لە ناسنامە مرۆییەکەی جوێ دەکاتەوە و کارکردێکی تەنها “ئامرازیانە، سیاسی و ڕەمزی”ی دەداتێ، ئەم ڕوانگەیە بە شێوەیەکی ئۆرگانیک لە ناو کۆمەڵگا و بنەماڵەدا بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئەو ژنانەی کە لە سەردەمی پاش جەنگدا، چ لە فەزای گشتی و چ لە کاروباری تایبەتی و ماڵەوەدا ڕووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە، لە ڕاستیدا قوربانیکراوانی بەتاڵبوونێکی مانایی سیستەماتیکن. لە ئاوەها فەزایەکدا، هەر جەستەیەک کە لە ئاخێزگەی كولتووری دەستنیشانکراو دوور کەوێتەوە یان بیەوێت ناسنامەی سەربەخۆی خۆی مانیفێست کات، وەکوو”ئەویدی” هەژمار دەکرێت و شایستەی سزادانە. ئەم تووندوتیژییە پاساوبۆهێنراوە، دژایەتییەکی قووڵ لە نێوان دوو ڕووخساری نەخشێنراو لە ژن دروست دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێکهاتە یاسایییەکان، دابونەریتی کۆمەڵگا و تەنانەت ئەندامانی بنەماڵەش، زەختخستنەسەر ژن بە بابەتێکی ئاسایی بزانن. لە دواجاردا، دابەزاندنی دۆخی ژنان لە گوتارێکی کاریگەری کۆمەڵایەتییەوە بۆ “جەستەیەک وەکوو ئامرازی ئایدۆلۆژی”، خولانەوەی جەغزێک لە تووندتویژیی شاراوە و ئاشکرا دروست دەکات کە لە شەقامەوە دەستی پێ کردووە و تاکوو تایبەتیترین سووچەکانی ناو ماڵەوە درێژەی دەبێت.
“بڕینی ئەنتەرنێت و ئەندازیاریی بێدەنگی”
داخستنی ڕێگاکانی دەستگەیشتن بە ئەنتەرنێت لەم سەردەمە قەیراناوییەدا، هەوڵێکی سیستەماتیکە بۆ لەباربردنی خواستی گێڕانەوەی سەربەخۆی ژنان. ئەنتەرنێت بۆ ژنی ئێرانی، فەزای هەناسەدان، تۆڕی لێک گرێدران و تریبۆنی گێڕانەوەی ڕووتی جەستە بوو. بە داخستنی ئەم فەزایە و دروستبوونی فیلتەرینگی ڕەها، دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە بۆشایی مێدیایەکی خۆبژیودا، سەرقاڵی دروستکردنەوەی کارخانەیی واقیع بووە! وێنەیەکی ڕووشاو و بەراوەژوو کە مێدیای فەرمی دەیخاتە ڕوو، ژنێکە کە دەڵێی لە ناو بۆشاییەکی یاسایی و کۆمەڵایەتیدا دەژی؛ ئەو نە کەڵکەڵەی بەخێوکردنی منداڵی هەیە و نە بێبەش کراوە لە مافی جیابوونەوە و نە قەیرانی بژێویش هەست پێ دەکات. ئەو لەم جامخانەیەدا، تەنها یەک ئەرکی هەیە؛ وەستان لە بەردەم کامێرا و دووپاتکردنەوەی ڕۆبۆتئاسایانەی دروشمەکانی دەسەڵات. لەم نێوانەدا، دەنگی ڕاستەقینەی ملیۆنان ژنی ئێرانی کە لە ژێر زەختی قەیرانە ئابوورییەکان و هەڵاواردنە یاساییەکاندا ورد و خاش بوون، لە بێدەنگیی سەپێنراوی ئەنتەرنێتدا دیزە بە دەرخۆنە کراوە.
“ئابووریی وانواندن و گۆشەگیرکردنی سیستەماتیکی سەرمایەی مرۆیی”
پەیوەندیی نێوان نواندنەوەی ئایدۆلۆژیک و بژێویی ژنان، یەکێک لە تاریکترین بەشەکانی پێکهاتەی گشتیی لە سەردەمی پاش جەنگ دایە. سەعیدی مەدەنی لە شیکردنەوەی ئەم داخستنە پێکهاتەییەدا دەنووسێت؛ “لە سەردەمی پاش جەنگ، دەسەڵات بە کەڵکوەرگرتن لە ڕانت، باڵاپۆشیی لە ڕێوڕەسمە دەوڵەتییەکاندا وەکوو “جامخانەی وەفاداری” نواندەوە؛ بەڵام ئەم دابەزاندنەی کەرامەتی ژن بۆ ئامرازێکی بانگەشە و پڕوپاگەندە، دەبێتە هۆی گۆشەگیرکردنی بەشێکی گەورە لە سەرمایەی مرۆیی و هێزە پسپۆڕەکان لە بازنەی ئابووریی نیشتمانیدا.” ئەم سیاسەتی گۆشەگیرکردنە بووەتە هۆی ئەوەی کە بازاڕی کار و ئیشکردنی فەرمی لە ناو جەغزی “ڕیاکاریی پێکهاتەیی”دا بسووڕێتەوە. ئەو ژنە سەربەخۆیانەی کە ئامادە نین جەستە و شێوازی ژیانی خۆیان وەکوو بارمتەیەک بۆ دەستبەکاربوون بخەنە بەردەم ئایدۆلۆژی، دەخرێنە پەراوێزەوە و دەسڕدرێنەوە. لە لایەکی دیکەوە، تێچووگەلی زۆر و زەبەندی دامودەزگا هاتەریبەکان لەوانە “پۆلیسی كولتووری” و ڕێکخراوەکانی گەڕان و پشکنین، بە لێشاو بوودجەی زەبەلاح حەپەلوو و داڵقووت دەکەن، ئەو بوودجانەی کە دەبێت لە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکان، نەهێشتنی هەژاری و دروستکردنی هەلی کاری ڕاستەقینە بۆ ژنان بەکار هاتبا. ئابووریی ڕانتی هەنووکە نەک لە خزمەت خۆشگوزەرانیی گشتی، بەڵکوو لە بەردەست بەرهەمهێنانەوەی ئەو هێزانەیە کە مل بۆ ئەم “نواندنەوە درۆیینانە” لار و کەچ دەکەن.
“قەیرانی شاراوە؛ ماف سەرووتر لە باڵاپۆش”
فۆکوسکردنی زێدەڕۆیانە لەسەر “باڵاپۆشیی ڕەمزی” لە نواندنەوە دەوڵەتییەکاندا، داوێکی ستراتیژیکە بۆ نەدیتەگرتن و پەراوێزخستنی داوکارییە پێکهاتەیی تر و قووڵترە فیمینیستییەکان. لە حاڵێکدا کە دەسەڵات بە نیشاندانی ئاخوندێک لە پاڵ کچێکی بێ باڵاپۆش و سفوور، ژێست و فیگەری درۆینەی چارەسەربوونی کێشەکە و ئاشتیی نیشتیمانی دەگرێت، ڕاستییە یاسایی و مافناسانەکان لە پشتەوەی شانۆکەدا پڕکارەساتن. پرسی مافی ڕەهای خاوەندارێتیی منداڵ، ناهاوسانیی لە میراس، نەبوونی یاسا ڕاگرەکان لە هەمبەر تووندوتیژیی خێزانی و هاوسەرچزاندن(همسرآزاری)، و نەبوونی چەترێکی پشتیوانکار بۆ ژنانی خراپە سەرپەرشت، هێشتا وەکوو زامە دەمکراوەکانی کۆمەڵگا ماونەتەوە. بانگکردنی ژنان بۆ ئامادەبوون لە شەقامەکان لە ژێر ناوی بەرگریی لە سنوورەکان یان کۆبوونەوە نیشتمانییەکان، بە بێ پشتیوانیی یاسایی و هاوسان، شتێک جگە لە “دادۆشینی سۆزە نیشتمانییەکان” و هەروەها بەکارهێنانی سێکسیستی چەمکی نیشتمان نییە.
“ئەنجامگیری؛ تێپەڕین لە ئەوپەڕهاوێژی”
ئەوەی هەنووکە لە پانتای سیاسیی ئێراندا دەیبینین، ڕیاکارییەکی پێکهاتەییە. ئامادەیی ئەندازیاریکراوی ژنانی بێ باڵاپۆش لە نواندنەوە نیشتمانییەکان، بەشێکە لە کتێبی مانەوەی سیاسیی ناوەکیی سەخت کە تێیدا”جەستەی ژن” وەکوو دواسەنگەری دەسەڵات بۆ هەڵاتن لە هەڵوەشانەوە داگیرکراوە. ژنی ئێرانی لە سەردەمی پاش جەنگ، لە نێوان دوو بەردی بەرداشێکدا گیری خواردووە؛ تووندوتیژییەک کە بە ناوی ئایینەوە لە سەر شەقام بەسەریدا دەسەپێت و تووندوتیژییەک کە بەهۆی بێپەناییی یاسایی و بەتاڵکردنی مانایی لە ماڵەوە ئەزموونی دەکات. تا کاتێک کە جەستەی ژن وەکوو ئامرازی دەسەڵات و بیلبۆردی ڕەواییەتیپێدان بناسرێت، هیچ نواندن و شانۆیەک لەسەر شەقام ناتوانێت قەیرانی قووڵی ڕەوایەتیی بشارێتەوە. خەباتی ژنانی ئێران، خەبات بۆ وەرگرتنەوەی “تاکێتی” و کەرامەتی مرۆییانە لە چڕنووکی ئایدۆلۆژی؛ خەباتێک کە ئەگەرچی لە مەتەرێزی پۆشش و جلوبەرگ و لەسەر شەقامەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام تاکوو قایمکردن و پاراستنی تایبەتیترین گۆشە و سووچەکانی ماڵەوە و یاسا مافناسانەکانیان درێژەی دەبێت. دەنگی واقیعیی ژنان، نەک لە تریبۆنە یەکلایەنە و تەلەڤیزیۆنە حوکومەییەکان، بەڵکوو لە قووڵایی بەرخۆدانی بێدەنگ بەڵام پتەوێکی ڕٶژانەوە دەبیسترێت کە خوازیاری کۆتاییهێنانە بە “داگیرکاریی لەش” لە هەموو ڕووبەرەکاندا و لە دواجاریشدا ڕێگای خۆی دەبینێتەوە.
سەرچاوە؛ رادیو زمانە. آزادە دواچی
نووسین؛ ئازادە دەواچی
وەرگێڕان؛ ئاراس ڕۆژهەڵاتی







































































