سەرەڕای هەوڵەكان بۆ ڕاگرتنی جەنگ لە نێوان بەرەی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، بەڵام ئەگەرەكانی دەستپێكردنەوەی جەنگ زیاترە لە ئەگەری كۆتایی جەنگ. هەر لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئەمریكا و ئێران هەوڵێكی دیبلۆماسی زۆر چڕ دەستیپێكرد، بۆ ڕاگرتنی جەنگ لە لایەن چەندین وڵاتەوە بە تایبەتی وڵاتە ئیسلامییەكان كە ئەم هەوڵانە لە پێش دەستپێكردنی جەنگ دەستیانپێكرد لە لایەن سەڵەتەنەتی عومانەوە بەمەبەستی ڕێگریكردن لە ڕوودانی جەنگ، بەڵام هەوڵەكانی شكستیان هێنا بەهۆی ڕێكنەكەوتنی هەردوولا و، ئەم هەوڵانە بەردەوامبوو بەمەبەستی ڕاگرتنی جەنگ و، پاش ڕاگەیاندنی ئاگر بەست لە نێوان هەردوولادا ئەم هەوڵانە زیاتر چڕتر بوو بەتایبەتی لە لایەن پاكستانەوە و، ئەو هەوڵانە لەلایەن زۆربەی وڵاتە هەرێمایەتییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست هان دەدران وەكو عەرەبستانی سعودی و توركیا و میسر بەمەبەستی ڕێگریكردن لە دووبارە دەستپێكردنەوەی جەنگ و كۆتاییهێنانی بەم جەنگە، سەرەڕای ئەوەی هەندێك لەم وڵاتانە كێشەیان هەبوو لەگەڵ ئێران و لەكاتی جەنگدا بۆردومانكران؛ وەكو عەرەبستانی سعودی.
بەڵام ئەو وڵاتانە كاردەكەن لە پێناو لاواز نەكردنی ئێران یان نەڕووخانی حكومەتی ئێرانی چونكە پێیان وایە ڕووخانی ئێران یان لاوازكردنی دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەكی ستراتیژی و ئەمنی لە ناوچەكە و لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدا دەبێت و، عەرەبستانی سعودی تۆمەتبار دەكرێت كە ئەو هانی پاكستان دەدات ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت لە نێوان واشنتن وتاران،بۆیە هەندێك وڵاتی دژ بە ئێران ڕێگر بوون لە دەستپێكردنەوەی جەنگ. لە لایەكی دیكەوە هەرەیەك لە ڕووسیا و چین لەهەوڵی ڕزگاركردنی ئێرانن و ترسی ئەوەیان هەیە كە هاوشێوەی ڕژێمی ئەسەد و ڤێنزویلا ئێرانیش بڕوخێت بەمەش هاوپەیمانێكی سەرەكیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست لە دەست بدەن و دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە پڕۆژە ئابوورییەكانی چین و ڕووسیا لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و زیان بە هەردوو وڵات دەگەیەنێت، بۆیە هەردوو وڵاتی زلهێز لەهەوڵی ڕزگاركردنی ئێراندان لە دووبارە دەستپێكردنەوەی جەنگ لە نێوان هەردوولادا. لە بەرامبەردا هەوڵێك هەیە بۆ دەستپیكردنەوەی جەنگ بەتایبەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەمەش لەبەر چەندین هۆكاری جیاواز كە پاڵنەرن بۆ ئیسرائیل كە هانی ئەمریكا بدات ئەو جەنگە دەست پێ بكاتەوە بەهۆی ئەوەی لە جەنگی ڕابردوو لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ئیسرائیل بۆی دەركەوت كە بەتەنها ناتوانێت سەركەوتن بەدەستبهێنێت بۆیە پەنا دەبات بۆ ئەمریكا ئەو كارە ئەنجام بدات و، ئەو هەوڵانەی ئیسرائیل زیاتر لە لایەنی لۆبی جولەكە لە ناو ئەمریكا هەیە و لە لایەن حكومەتی بینامین نەتنیاهۆوە ئەنجام دەدرێت، كە هاندەری دەستپێكردنەوەی جەنگە لەگەڵ ئێران، چونكە ئیسرائیل كاردەكات لە پێناو لاوازكردنی ئێران بەدەستی ئەمریكا، بەهۆی ئەوەی پێی وایە ئێران مەترسیدارترین وڵاتە بۆ ئیسرائیل و پێیان وایە ئێران بەهێزترین وڵاتە لە ڕۆژهەلآتی ناوهڕاست و گەورەترین لەمپەرە لەبەردەم هەوڵەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكە، لە لایەكی دیكەوە بەردەوامی جەنگ دەرفەتێكی زیرینە بۆ ئیسرائیل كە كۆمەڵێك پرۆكسی سەرەكی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست لەناو بەرێت وەكو حزبوولڵای لوبنانی و حوسییەكانی یەمەن و هاوپەیمانەكانی ئێران لە ئێراق
فاكتەرێكی دیكە كە هاندەری ئیسرائیلە بۆ دەستپێكردنەوەی جەنگ؛ هەوڵەكانی “بنیامین نەتنیاهۆ” بۆ پەرەدەپۆشكردنی كێشە ناوخۆییەكانی ئیسرائیل و تۆمەتباركردنی بە گەندەڵی لە ڕێگای جەنگی ئێران و گەیشتن بەسەركەوتنێكی گەورە بەسەر ئێران و هاوپەیمانەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست. خاڵیكی دیكەی كە هاندەری ئیسرائیلە لەم جەنگەدا، بۆچونیكی زاڵ هەیە لە ناو حكومەتی نەتنیاهۆ كە ڕووخاندنی ئێران ڕێگاخۆشكەر دەبێت ئیسرائیل وەكو بەهێزترین وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست دەربكەوێت و ڕووخانی ئێران ڕێگاخۆشكەر دەبێت بۆ دروستكردنی پەیوەندی زۆر بەهێز لە نێوان وڵاتانی ناوچەكە و ئیسرائیل و، جێبەجێكردنی پڕۆژە ئابوورییەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكە كە كاردەكات لەسەر ئەوەی ئیسرائیل ببێت بە سەنتەریكی ئابووری زۆر گەورە لە جیهاندا و ببێت بە وڵاتیكی زلهێز لە بواری هەناردەكردنی غازی سرووشتی لە جیهاندا. سەبارەت بە ئەمریكا كۆمەڵێك فاكتەر هەیە كە هاندەرن بۆ دەستپێكردنەوەی جەنگ لە نێوان ئەمریكا و ئێران وەكو مەترسییەكانی ترامپ لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەمریكا كە بێگومان سەرنەكەوتنی ئەمریكا لەم جەنگە هۆكارێكی سەرەكی دەبێت بۆ شكستی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوو، چونكە هیچكام لە سێ ئامانجهی سەرەكیەكەی جەنگی ئەمریكا بۆ سەر ئێران جێبەجێ نەكراون كە كۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و كۆتاییهێنان بە بەرنامەی موشەكی ئێران و كۆتاییهێنان بە پرۆكسیەكانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست سەرەڕای بانگەشەكانی “ئیداری ترامپ” كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن زیانێكی زۆر گەورەیان بە بەرنامەی ئەتۆمی و موشەكی ئێران گەیاندووە، بەڵام سەرجەم ڕاپۆرتەكان و ئاماژەكان دژی ئەو بانگەشانەی ترامپن، بۆیە ترامب لە هەوڵی ئەوەدایە كە خۆی ڕزگار بكات، لەم شەرمەزاریەی كە تێكەوتووە و دەبێت بەشێكی زۆری ئامانجەكانی جەنگ بەدەستبهێنێت.
بارودۆخی ناوخۆیی ئێرانیش هانی دەستپێكردنەوەی جەنگ دەدەن و، سەرەڕای هەوڵەكانی ئێران بۆ كات كوشتن و بەردەوامی دانوستان و ئاگربەست و كۆتاییهێنان بە جەنگەكە، بەڵام لە ناو ئێراندا باڵێكی زۆر بەهێز هەیە بەتایبەتی لەناو سوپای پاسداران و ئاخوندەكان كە ڕێگرن لە گەیشتن بە ڕێكەوتن لەگەڵ ئەمریكا، چونكە پێیان وایە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئەمریكا واتە داماڵینی ئێران لە هەموو سەرچاوەكانی هێز و مەترسیی ئەوەیان هەیە ڕادەستكردنی بەرنامەی ئەتۆمی و موشەكی و دەستهەڵگرتن لە پرۆكسییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست هەنگاوی یەكەم بێت بۆ ڕووخاندنی سیستمی حوكمڕانی ئێران، چونكە دەبێتە هۆی لاوازكردنی سیستمی حوكمڕانی و نەمانی سەرجەم كارتەكانی هێز كە كۆماری ئیسلامی ئێران بەكاریان دەهێنێت بەمەبەستی مانەوەی لە دەسەڵات، لەبەرامبەردا كۆمەڵێك كەسایەتی ئێرانی هەیە كە لەگەڵ گەیشتنن بە ڕێككهوتن لە ڕێگای گەیشتن بە ڕێككهوتنێكی باش لەگەڵ ئەمریكا و جێبەجێكردنی هەندێك لە داوكارییەكانی ئەمریكا بەرامبەر كۆتاییهێنان بە جەنگ و هەڵگرتنی ئابلۆقەی ئابووری و سزا ئابوورییەكان بۆ سەر ئێران. بۆیە سەرەڕای هەوڵەكانی بۆ ڕاگرتنی جەنگ لە لایەن وڵاتە هەرێمایەتییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست و وڵاتە زلهێزەكان، بەڵام ئەگەرەكانی دەستپێكردنەوەی جەنگ و بنبەستبوونی هەوڵەكانی بۆ گەیشتن بە ڕێككهوتن زیاترە لە ڕێككهوتن.
سەبارەت بە بارودۆخی ئێراق و هەرێمی كوردستان كە ئەزموونی جەنگی یەكەمی نێوان ئیسرائیل و ئێران و جەنگی ئەمریكا و ئێران بۆمان دەردەخات ئێراق و هەرێمی كوردستان زۆرترین كاریگەری جەنگیان لەسەر بوو، بۆیە دەستپێكردنەوەی جەنگ لە نێوان هەردوولادا بارودۆخی ئێراق و هەرێمی كوردستان خراپتر دەكات لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابووری و پێشبینی ئەوە دەكرێت كاریگەری گەڕی دووەمی جەنگ خراپتر بێت لە گەڕی یەكەم بەهۆی ئەوەی پێشبینی دەكرێت جۆری گورزەكان بۆ سەر ئێران و وهڵامی ئێران لەبەرامبەر هێرشەكانی بۆ سەری تووندتر بێت لە جاری یەكەم، بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان وەكو هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكا لەقەڵەمداوە و پێشبینی ئەوەش دەكرێت هەرێمی كوردستان لە ژێر فشارەكانی ئەمریكا نەتوانێت چیتر بیلایەن بن.







































































