یەکێک لە دەروازە گرنگەکانی ئابووری لەزۆربەی وڵاتانی جیھان فرۆکەخانەیە، بەجۆرێک دەتوانێت سوودی زۆر بە ئابووری وڵات بگەیەنێت بە تایبەتی لە رووی گەشتیاری و بازرگانییەوە، بەهۆی جەنگەوە کەرتی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی لەسەر ئاستی جیهان و دوچاری پاشەکشەیەکی ئابووری گەورە بووە، لەگەڵ فراوانبوونی شەڕەکە و کاردانەوەکانی لەسەر گەشتە جیهانییەکان بەردەوامە، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و داخستنی ئاسمانی ناوچەکە بۆتە هۆی ئەوەی زیانێکی زۆری ڕۆژانە بەر هێڵە ئاسمانی و هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان بکەوێت. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزی بەریتانی، بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران تەنها لەماوەی چوار هەفتەی یەکەمی جەنگەکە نزیکەی 20 کۆمپانیای فڕۆکەوانی مەدەنی لەسەر ئاستی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانێکی زۆريان پێگەیشتووە، بە بەهای زیاتر 53 ملیار دۆلار پشکەکانیان لەدەست داوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە خەرجی گەشتیاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشبینی دەکرا لە ساڵی 2026دا بگاتە 207 ملیار دۆلار، بەڵام تێکچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنی ئەو پێشبینیەی پێچەوانە کردووە، چونکە شەڕەکە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزەو بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی سووتەمەنی فڕۆکەی هەبووە. لەگەڵ داخستنی ئاسمانی لەلایەن چەند وڵاتێکەوە، توانای گەشتە ئاسمانییەکان زۆر دابەزی، نرخی بلیتەکان بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاست و هێڵە ئاسمانییە گەورەکان خشتەکانیان کەمکردەوە و هەزاران گەشتیان هەڵوەشاندەوە بۆنموونە فڕۆکەخانە گەورەکانی وەک دوبەی، ئەبوزەبی، دۆحە و بەحرەین شایەتی دابەزینی بەرچاوی هاتوچۆی ترانزێتی نێودەوڵەتییان بەخۆوە بینیوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ڕێڕەوی گەشتەکانی نێوان ئەوروپا و ئاسیا و زەریای هێمن هەبووە. هەروەها بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی گەشتیاری و فڕۆکەوانی جیهانی، بەهۆی شەڕی بەردەوامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانێکی بێ وێنەی بە کەرتی گەشتیاری ناوچەکە کەوتووە، کە ڕۆژانە بە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەمەش بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان و دابەزینی متمانەی گەشتیاران و داخستنی چەند فڕۆکەخانەی گرنگ. بەپێی داتاکانی (Airbnb)، سەرهەڵدانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران بووە هۆی هەڵوەشانەوەی زیاتر لە 80 هەزار حجزکردنی کرێی کورتخایەن لە دوبەی تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا.
لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهانیش کاریگەریەکەی دەرکەوتووە، لەوانە ڤێتنام بەگوێرەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی ڤیێتنام، هێڵی ئاسمانیی نیشتمانی ئەو وڵاتە (Vietnam Airlines) بڕیاریداوە لە 1ی نیسان، هەفتانە 23 گەشتی نێوخۆیی ئەنجام بدات. هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ سنوورداریی دابینکردنی سووتەمەنی فڕۆکە (Jet A-1) دەگەڕێتەوە، کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی کەنداو تووشی تەنگژە بووە، ئەمەجگەلەوەی وەزارەتی دارایی ڤیێتنام بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، پێشنیازی کردووە باجی ژینگە لەسەر سووتەمەنی کەمبکرێتەوە تاوەکو بارگرانی سەر هاووڵاتیان سووکتر بێت. بەڵام ئامارەکان ئەوە دەردەخەن لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە لە کۆتایی مانگی شوبات، نرخی بەنزینی ئۆکتان 95 بە رێژەی 50% و نرخی دیزڵیش بە رێژەی 70% لە ڤیێتنام بەرزبووەتەوە. ئەم قەیرانە تەنیا ڤیێتنامی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە ناوچەکەدا هێڵی ئاسمانیی میانمار بەشێک لە گەشتەکانی هەڵوەشاندووەتەوە. هاوکات کۆمپانیای (United Airlines)ی ئەمریکیش، بەهۆی زیادبوونی نرخی سووتەمەنی، ناچارن ژمارەی گەشتەکانیان لەسەر ئاستی جیهان کەمبکاتەوە.
هەروەها هێڵە ئاسمانییەکانی کەنداو کە زۆربەی گەشتەکانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقایان ئەنجام دەدەن، بەهۆی شەڕ دووچاری گرفت بوونەتەوە دوو لەسەر سێی گەشتەکانیان پەکیکەوتووە، بەرپرسانی کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانی دەڵێن، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە، لە (%5) ی گەشتە ئاسمانییەکان کەمیکردووە، نرخی بلیتی گەشتکردن بەرزبووەتەوە بەرێژەی (%20) لەکاتێکدا هێڵە ئاسمانییەکانی تر وەک ئەوروپا و ئاسیا و ئوسترالیا سودمەندبوون لە دۆخەکە، بەهۆی ئەوەی خواستی زیاتر لەسەر گەشتەکانیان دروستبووە، بەڵام زانیارییەکان لەلایەن کۆمپانیای ڕاوێژکاری فڕۆکەوانی دەریدەخەن کە هەندێک لە بلیتەکانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە ماوەی مانگی ئازاردا بە ڕێژەی 56% بازیانداوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو فشارە بێئەندازەیەی کە ڕووبەڕووی کەرتی فڕۆکەوانی جیهانی بۆتەوە. بە نموونە نرخی بلیتێک لە نێوان هۆنگ کۆنگ و لەندەن بۆ نزیکەی 3300 دۆلار بەرزبۆتەوە، لە کاتێکدا پێش جەنگ نزیکەی 900 دۆلار بوو. لەسەر ئاستی کۆمپانیاکانیش لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە پشکەکانیان کەمیردووە، لەوانە کۆمپانیای لوفت ئانزا بە ڕێژەی (%17) دابەزیوە، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی بەریتانی بە ڕێژەی (%13) دابەزیوە، کۆمپانیای ئایر فرانس-KLM بە ڕێژەی (%27) دابەزیوە. دامەزراوە داراییەکانی وەک مۆرگان ستانلی و یو بی ئێس نرخەکانیان بۆ هێڵە ئاسمانییەکانی ئەوروپا کەمیکردووە بەهۆی تێچووی سووتەمەنی.
ئەوەی تایبەت بە ئێراقیش یەكێک لەو ناوچانەیە کە بە هۆی شەڕ و ململانێکان، ئاسایشی فڕۆکەخانەکانی بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدا بووە، چونکە بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک یەکێک لە ناوچە مەترسیدار و نائارامەکانی ناوچەکە سەیر دەکرێت. لەگەڵ بڕیارەکەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی ئێراق بۆ درێژکردنەوەی داخستنی ئاسمانی تاوەکو 10 نیسان، ئەم تەنها ژماردنی ڕۆژەکان نییە، بەڵکو هەڕەشەی لە داڕمانی یەکێک لە گرنگترین کەرتەکانی وڵات دەکات ئەویش فڕۆکەخانەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئێراق پێگەی خۆی وەک ناوەندێکی نێودەوڵەتی لەسەر نەخشەی فڕۆکەوانی جیهانی لەدەست بدات، ئەمە لە کاتێکدایە وڵاتانی دراوسێ دەبینین کە هەمان بارودۆخی جیۆپۆلەتیکی و هەڕەشەیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاویان ناوە بەرەو کردنەوەی بەشەکی یان ڕێڕەوێکی سەلامەتی بۆ گەشتەکانیان. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی گواستنەوە ڕۆژانە ئێراق 700 فڕۆکە ئاسمانی بەکاردەهێنن، هەر فڕۆکەیەکیش 450 دۆلاری هێڵی گواستنەوەی ئاسمانی لێوەردەگیرێت، بەوەش داهاتی ئێراق تەنها لە ماوەی یەک مانگدا نزیکەی 9.7 ملیۆن دۆلار (نزیکەی 14.2 ملیار دیناری ئێراقی)ی لەدەستداوە. ئەم پارەییە کە دەبێ ڕاستەوخۆ بچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە، بەهۆی جەنگەوە بەتەواوی لەدەستچووە! ، زیانەکانی ڕاگرتنی 200 گەشت لە ڕۆژێکدا بە مانای لەدەستدانی کرێی خزمەتگوزاری و فڕۆکەخانەیە کە بە 4 هەزار دۆلار بۆ هەر گەشتێک مەزەندە کراوە. بەمەش بۆ ماوەی یەک مانگ 24.8 ملیۆن دۆلار (نزیکەی 36.4 ملیار دیناری ئێراقی)، بەڵام بە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیەکان وڵات لەم داهاتە بێبەش دەبێت، ئەمە بەدەر لە زیانەکانی کۆمپانیاکان کە لەم مانگەدا بە زیاتر لە 15.5ملیار دیناری ئێراقی مەزەندە دەکرێت. بەپێی ئامارەکان کورتهێنانی ڕاستەوخۆی کەرتی فڕۆکەوانی ئێراق لە ماوەی یەک مانگدا 66 ملیار دیناری ئێراقی تێپەڕاند!
سەبارەت هەرێمی کوردستانیش کە خاوەنی دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتییە ئێستا بوونەتە پێشەنگ لەسەر ئاستی تەواوی ئێراق، بەھۆی ئارامی ناوچەکە و پێشکەوتنی فرۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەم توانایانە وەک دەبینرێت بەهۆی ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی و سەربازی و ئابووری ناوچەکە کاریگەری تەواوی لەسەر ئەم کەرتە هەیە، بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا ئیسرائیل کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستانی پەکخستووە، هەر کۆمپانیایەک بە قەبارەی بچووک و مامناوەند و گەورە، لە یەک مانگی ڕاگرتنی گەشتەکاندا بڕی 2,000 بۆ 10,000 دۆلار زیانیان بەردەکەوێت، چونکە جەنگەکە لە کاتێکدا دەستی پێکردووە کە وەرزی زێڕینی گەشتیارییە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە سەرجەم کۆمپانیا گەشتیارییەکان ڕووبەڕووی گرفتی گەورە بوونەتەوە. بەپێی ئامارەکان، ڕۆژانە لە نێوان 50 بۆ 70 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێنرێنەوە. تەنیا ڕاگرتنی هەر گەشتێکی فڕۆکە، بڕی 450 دۆلار زیان بە هێڵی ئاسمانیی ئێراق دەگەیەنێت، سەرەڕای نەمانی داهات، کۆمپانیاکان ناچارن کرێی ئۆفیس، مووچەی کارمەندان و باج و ڕسوماتی حکومەت بدەن. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 کۆمپانیا، نووسینگە و بریکاریی گەشتیاریی و فڕۆکەوانی بوونیان هەیە، هەموو ئەم ناوەندانە بەهۆی دۆخی جەنگ و داخستنی کایەی ئاسمانییەوە، ڕووبەڕووی مەترسیی دارایی و پەککەوتنی کارەکانیان بوونەتەوە. ژمارەی ئەو گەشتیانەی لە 28/2/ تاوەکو 31/3 / 2026 زیاتر لە(1800) گەشتی هاتوو و ڕۆیشتوو لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و جەلال تاڵەبانی هەڵوەشاونەتەوە، بەدەر لە گەشتی کارگۆ و شەحن، بۆیە رۆژ بە رۆژ ڕاگرتنی ئەم گەشتانە لە هەڵکشاندایە، بە جۆرێک پسپۆڕانی بواری جێوستراتیژی و جێۆسیاسی و ئەمنی، شارەزایانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، پێشبینی دەکەن ئەگەر جەنگەکە درێژە بخایەنێت لێکەوتەی گەورەی لەسەر جووڵەی ئابووریی و بازرگانی و گەشتیاریی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دواجار ئەمەش کار دەکاتە سەر نرخی تکتی فڕۆکەوانی، بۆیە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان زیانی زۆری هەیە لەسەر:-
1. زیادبوونی کات و تێچووی گواستنەوە زۆر، چونکە کۆمپانیاکانی دڵنیایی جیهانی، باجی “مەترسی جەنگ” (War Risk Premium) دەخەنە سەر ئەو فڕۆکانەی بەسەر ناوچە ئاڵۆزەکاندا دەفڕن،
2. کەمبوونەوەی چالاکییەکانی فڕۆکەخانەکان بەتایبەتی هاتوچۆی گەشتیاران و تکت و ھێڵی فرۆکەوانییەکانی بەشی (کارگۆ) کە کاری سەرەکی گواستنەوەی کەلوپەل و شتومەکە بۆ شارەکانی هەولێر و سلێمانی لە وڵاتانی ئەوروپاوە، ئەمەجگەلەوەی بارگرانییەکی زۆریشی دروست دەکات بۆ بازرگانان و تێچووی گواستنەوەی کاڵای بازرگانی و نرخی بلیتی فرۆکە زیاد دەکات.
3. كۆمپانیا و نوسینگە گەشتیارییەكان زیانی زۆریان بەردەکەوێت چەندین کەسی بێکار دەبن، بەهۆی کەمبوونەوەی فرۆشی بلیت و کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران. بۆیە ئەگەر داخستنی سەر فڕۆکەخانەکان درێژە بکێشێ، جگە لە داخستنی لقەکانیان لەوانەیە هەندێک کۆمپانیا ئیفلاس بکەن و دەرگای ئۆفیسەکانیان دابخەن.
لە کۆتاییدا؛ پێویستە بیر لەبەڕیوبردنی قەیرانەکان بکەینەوە نەک داخستنی فڕۆکەخانەکان، بەمەبەستی دۆزینەوەی باشترین بەدیل بۆ هێڵە ئاسمانییەکان ئەو ڕێڕەوانەی کەمترین مترسی تێچووی هەیە، لەبەرئەوەی هێڵی ئاسمانی ئێراق یەکێکە لە کورتترین ڕێگا ئاسمانیەکانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا، بۆ زیادبوونی کاتی گەشت تێچووی سووتەمەنی و کارپێکردنی هێڵە ئاسمانییەکان.







































































