لەدواى ڕاپەڕین و ڕزگارکردنى هەندێک لەشارو شارۆچکەکانى باشوورى کوردستان لە لایەن جەماوەر و بەرەى کوردستانی و حزبەکانى دەرەوەى بەرەى کوردستانى، حزبى بەعس دەسەڵاتى بەسەر ناوچەکانى باشوورى کوردستاندا نەما و لە باشووریشەوە سوپاکەى لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە تووشى گەورەترین شکستى سەربازى ببوو، ڕێککەوتنى کشانەوەى (سەفوان)یان بەسەردا سەپاند بوو، حزب و لایەنە شیعییەکانیش لە شارەکانى باشوورى ئێراقی دژى سوپاى ئێراقی ڕاپەڕی بوون، هەرچەندە لە ئەنجامى ڕێگەدانى سوپاوە لە لایەن هاوپەیمانانەوە بە بەکارهێنانى کۆپتەرى جەنگى توانى ئەم ڕاپەڕینە سەرکوت بکات، بەڵام لە باکوورەوە هێزو لایەنە کوردییەکان لە پێشڕەویدا بوون، تەنانەت شارى کەرکووکیش ڕزگارکرا، هەر لەم ماوانەدا بوو حکومەتى ئێراقی لەڕێگەى چەند کەسایەتییەکەوە هەوڵى دانووستان و گفتوگۆى لەگەڵ بەرەى کوردستانیدا داوە، بەڵام وەکوو ڕووداوەکانى دواتر دەریانخست ئەم هەوڵانە، بەهۆکارى جیاجیا نەچوونە بوارى پراکتیکى و ناردنى وەفد و سەر مێزى دانووستان.
بەڵام لە دواى گەڕاندنەوەى سوپاى ئێراقی بۆ شارە ڕزگارکراوەکان و کشانەوەى هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و لایەنەکانى تر بۆ سەر سنوورەکان و ڕووداوەکانى کۆڕەوى ملیۆنى خەڵک، کە وەک پەرچەکردارێک بوو لە دژى سیاسەتە تووندو سەرکوتکەرەکانى حزبى بەعس، هاوکێشەکان گۆڕانیان بەسەردا هات، پرسى کورد بووە ڕۆژەڤى میدیا جیهانییەکان و کۆڕو کۆبوونەوە سیاسییەکانى دەوڵەتانى هەرێمى و ئەورووپا، ئەمەش ئەنجامەکەى دەرکردنى پڕۆژە بڕیارێک بوو، کە جووڵانەوەى کوردى بردە قۆناغێکى ترەوە. ئەوە بوو ئەنجوومەنی ئاسایش لە 5 ی نیساندا، بڕیاری 688 ی پەسەند كرد، كە داوای كۆتایی هێنانی داپڵۆسینی هاووڵاتیانی دەكرد لەلایەن ڕژێمی (سەددام حوسێن) ەوە و لەهەمان كاتیشدا ژمارەی پەنابەرەكان هەر زۆرتر دەبوو. بۆیە بڕیاری دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام درا. لە نزیك دهۆك و لە 28 ی نیساندا. بەڵام ئەمە مانگێك دواكەوتوو نزیكەی یەك میلۆن پەنابەر گەیشتنە سەر سنورەكانی توركیا و زیاتریش بەڕێوە بوون.
گەورەترین خەمى سەرکردایەتى سیاسی کورد ڕاگرتنى شەڕو گەڕاندنەوەى خەڵک بوو بۆ سەر جێگە و ڕێگەى خۆیان، چونکە خەڵکێکى زۆر ئاوارە ببوون، ئەوەبوو لە ١١ى نیسانى ١٩٩١ بەرەى کوردستانى وەفدێک بۆ بەغدا دەنێرێت، کە پێکهاتبوو لە چوار کەس “عومەر فەتاح و فەرەیدوون عەبدولقادر لە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، ئازاد بەروارى و فازل میرانى لە پارتى دیموکراتى کوردستان، لە بەغدا نوێنەرانى حکومەتى ئێراقییان بینى، کە بریتى بوون لە:- عیزەت دوورى جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕش و تەها یاسین ڕەمەزان جێگرى سەرۆککۆمارى ئێراقی و تارق عەزیز جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران و سەعدى مەهدى ساڵح سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانیى و جەنەڕاڵ مەحموود شکور شاهین سەرۆکى جیهازى موخابەراتى ئێراقی”، لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانى حکومەتى ئێراقی بە نوێنەرانى کوردیان گوتبوو ڕازین بە گفتوگۆ و دانووستان و ڕاگرتنى هێرشى سوپاى ئێراقی بۆ ناوچەکانى کوردستان، ئامادەن بۆ چارەسەرکردنى دۆزى کورد ئەگەر پرسى فیدڕاڵیش بێت، بەو مەرجەى کورد باسى جیابوونەوە نەکات، بەڵام دواتر بە نوێنەرانى کوردیان گوتبوو، کە جگە لە “مام جەلال و کاک مەسعوود بارزانى” ئەوان ئامادەنین دانووستان ئەنجام بدەن، دواى ئەوەى وەفدەکە گەڕایەوە بۆ کوردستان، لە ڕۆژى ١٩ى نیسانى ١٩٩١ کۆبوونەوەى بەرەى کوردستانى ئەنجامدرا بۆ بڕیاردان، بەمەش بەردى بناغەى بۆ سێ خولى دانووستان و گفتوگۆ و هاتووچۆى وەفدى بەرەى کوردستانى دانا، خولى یەکەم لە نێوان ڕۆژانى (٢٠ بۆ ٢٨ى نیسانى ١٩٩١)دا ئەنجامدرا، ئەم وەفدە بەسەرۆکایەتى مام جەلال و ئەندامێتى هەریەک لە ڕەسوڵ مامەند لە سۆسیالیست، نێچیرڤان بارزانى لە پارتى دیموکراتى کوردستان، سامى عەبدولڕەحمان لە پارتى دیموکراتى گەلى کوردستان، ئەم وەفدە چەند جارێک لەگەڵ عیزەت دورى و عەلى حەسەن مەجید و حسێن کامل و تارق عەزیز بە جیاو بە کۆمەڵ کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کردبوو، هەروەها لەگەڵ سەدام حسێنیش گفتوگۆیان کردبوو، بەڵام ئەو کاتە بەرەى کوردستانى هیچ پڕۆژەیەکى ئامادەنەکردبوو، بەگشتى باسى چارەسەکردنى پرسى کورد لەسەر بنچینەى بەیاننامەى ئازارى ١٩٧٠ و ئاساییکردنەوەى هەلومەرجى کوردستان و جیاکردنەوەى حزبى بەعس لە دەسەڵاتى دەوڵەت و ڕێگەدان بە فرە حزبى و فرەڕاگەیاندن، و هەروەها هەڵبژاردنى گشتى بۆ ئەنجوومەنى نیشتمانیى ئێراقی، ئەنجامى ئەم خولە ئەوەبوو بەبێ هیچ ڕێککەوتنێک وەفدەکە گەڕانەوە بۆ کوردستان، ئەوەى جێگەى سەرنجە ئەم خولەى دانووستان لەکاتێکدا بوو، حزبى بەعسى خۆى بەهێزکردبووەوە و ڕاپەڕینى شیعەکانى لەباشوورى ئێراقی سەرکوتکردبوو، تا ڕادەیەک بارودۆخەکەیان کۆنتڕۆڵکردبووەوە، لە باشوورى کوردستانیش هاتبوونەوە شارەکان و دەسەڵاتیان گرتبووە دەست، بەڵام پێوستیان بەکات بوو، تاوەکوو لە دەرەوەش وا نیشان بدەن، کە بڕوایان بە گفتوگۆ و دانوستان و پێدانى مافەکانى کورد هەیە.
خولى دووەمى دانووستانەکان لە ڕۆژانى (٧ى ئایار بۆ ١٧ى حوزەیرانى ١٩٩١)بوو، ئەم وەفدەیان بە سەرۆکایەتى کاک مەسعوود بارزانى و بەیاوەرى هەریەکە لە “ئازاد بەروارى و ڕۆژ نوورى شاوەیس و جەوهەر نامیق و جەرجیش حەسەن و چەند کەسێکى تر بۆ کاروبارى بێتەل و سکرتاریەت لە پارتى، ڕەسوڵ مامەند و سەعد عەبدولڵا لە سۆسیالیست، سامى عەبدولڕەحمان لە پارتى گەل، کۆسرەت ڕەسوڵ و نەوشیروان مستەفا و دارا تۆفیق ئاغا لە یەکێتى”، ئەم وەفدە لە کۆڕێوە بەرەو بەغدا بەڕێککەوتن، بەڵام وەفدى ئەمجارە سێ پڕۆژەى پێ بوو، بۆ چارەسەرى پرسى کورد لە باشوور، کە کۆمیتەیەک لە ئەندامانى بەرەى کوردستانى ئامادەیان کردبوو، پڕۆژەکان بریتى بوون لە:-
یەکەم:- یاساى ئۆتۆنۆمى.
دووەم:- ئاساییکردنەوەى هەلومەرجى کوردستان.
سێیەم:- یەکێتى نیشتمانى (الوحدة الوطنیة).
سەرەتاى گفتوگۆکان لەگەڵ سەدام حسێن بوو، پرسى کەرکووک زۆر گفتوگۆى لەسەر کرابوو، کە دواتر وەکوو پرسێکى چارەسەرنەکراو مایەوە، بەو هۆیەوە نەگەیشتنە ئەنجام. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر چەند پرسێکى تر دانووستان کرابوو، تا ڕادەیەک وەکوو وەفدەکە ڕایانگەیاندبوو گەیشتبوونە ڕێککەوتنێکى سەرەتایى، وەکو:- بڕیاردان لەسەر ئۆتۆنۆمى بەپێى ڕێککەوتنێکى سەرەتایى، کەلە (٢٠)خاڵ پێکهاتبوو، بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنێکى ئازاد، بڕیارى سیستەمى فرەحزبى لە ئێراقیدا، جیاکردنەوەى دەسەڵاتى یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرى و بوونى سەروەریى یاسا و ئازادى ڕۆژنامەگەرى و جیاکردنەوەى حزبى بەعسى فەرمانڕەوا لە دەوڵەت، دواتر پێکهێنانى حکومەتێکى بنکە فراوان کە لە حزبى بەعس و سەرکردەکانى کورد پێکبێت، تێکەڵاوکردنى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ سوپاى ئێراقی، لەگەڵ چەند خاڵێکى ترى وەکوو ئازادکردنى زیندانییە سیاسییەکانى کورد و قەرەبووکردنەوەى ئەو کوردانەى ماڵیان وێرانکراوە و ئازاردراون بە دەستى حکومەتى ناوەندى، بەڵام ئەم خولەش ڕێککەوتنى کۆتایى نەکرا و دانووستانەکانى بە هەڵپەسێردراوى مانەوە، چونکە هەم لەناو لایەنەکانى بەرەى کوردستانى ڕاجیایى و ناکۆکیى لەسەر ڕێککەوتنەکە هەبوو، هەمیش حکومەتى ئێراقی ئامادەنەبوو بەهەموو ئەو خاڵانەى بەرەى کوردستانى وەکوو وەرەقەى دانووستان بردبوویان بسەلمێنێت و جێبەجێیان بکات، بەڵکوو دەیویست دووبارە دەسەڵاتى خۆى بەهێزتر بکاتەوە و بیروڕاکانى خۆیان بسەپێنن، بەمەش ئەم خولەى دانووستان بەرەو کۆتایى ڕۆیشت.
خولى سێیەمى دانووستانەکان، لەدواى گەڕانەوەى وەفدەکەى بەرەى کوردستانى لە ڕۆژى (١٧ى حوزەیرانى ١٩٩١) و ئەو زنجیرە کۆبوونەوانەبوو، کە لایەنەکانى بەرە بۆ بڕیاردان و ناردنى وەفدێکى تر ئەنجامیاندا، ئەوەبوو وەفدێکى تر لە هەریەک لە “مەسعوودبارزانى و ڕۆژ نوورى شاوەیس و جەوهەر نامیق و ئازاد بەروارى لە پارتى و فوئاد مەعسووم و دارا تۆفیق لە یەکێتى، مەحموود عوسمان و عەدنان موفتى لە سۆسیالیست، سامى عەبدولڕەحمان و برووسک شاوەیش لە پارتى گەل” پێکهاتبوو، ئەم وەفدە سەردانى بەغداى کرد و زنجیرە کۆبوونەوەکانیان لە (١٠ى تەممووز تاوەکوو ١٣ى ئابى ١٩٩١)ى خایاند، گفتوگۆیان لەگەڵ هەریەکە لە “عیزەت دورى، تارق عەزیز، عەلى حەسەن مەجید، سەعدى مەهدى ساڵح، د.مونزرشاوى، د. شەریف یوسف، فەریق ڕوکن سابیر دورى، محەمەد حەمزە زوبەیدى، لیوا ڕوکن خالید محەممەد و حسێن کامل” ئەنجام دا، پڕۆژەکانى ئەم وەفدەش بریتى بوو لە یاساى ئۆتۆنۆمى، بەڵام ئەم وەفدەش وەکوو ئاماژەى پێکرا لە ١٣ى ئاب دانووستانەکانیان کۆتایى پێ هێنا و گەڕانەوە کوردستان، بەبێ ئەوەى ڕێککەوتن واژۆ بکرێت یاخود ڕەت بکرێتەوە، تا ئەوەبوو لە تشرینى یەکەم حکومەتى ئێراقی دواى پچڕانى گفتوگۆو دانووستانهكانى نێوان بهرهى كوردستانى وحكوومهتى ئێراقی، حكوومهتى ئێراقی ئيدارهكانى لهناوچهكه كێشايهوه و ئابڵوقهى ئابوورى سهپاند، ههربۆيه بۆ بهڕێوهبردنى ناوچهكه بهرهى كوردستانى كۆميتهى كارگێڕى بهرهى كوردستانى دروستكرد، كه نوێنهرى ههموو لايهنه بهشدارهكانى تێدابوو، ئهمه ئيشى ڕۆژانهى هاووڵاتيانى بهڕێوهدهبرد، واته جێگهى ئهنجوومهنى وهزيرانى گرتبوهوه، پێكهاتبوون له ( وشيار زێبارى له پارتى، قادرى حاجى عهلى له يهكێتى، قادر جهبارى له حسك، سامى عهبدولڕهحمان له پارتى گهل، قادر عهزيز له زهحمهتكێشان، عهبدولڵا ئاگرين له پاسۆك).
له دواى كشانهوهى دام ودهزگاكانى ڕژێمى بهعس له كوردستاندا بهرهى كوردستانى كهوته كۆبوونهوه بۆ دانانى بهرنامهى ژيانى تازه له ههرێمهكهدا، بۆ ئهو مهبهستهش كۆمهڵێك بڕيارى گرنگياندا، ئهوهى زۆر جهختى لێكرايهوه پاراستنى ئاساييش و ئارامى ههرێمهكه بوو، لهگهڵ ڕێگهگرتن لهكارى ئاژاوه و گێرهشێوێنى نهوهك ڕژێمى بهعس سوودى لێوهربگرێت، يهكهمين بڕيار وكارى گرنگى بهرهى كوردستانى دانانى چوار كهسايهتى سهرهكى بوو بۆ بهڕێوهبردنى كاروبارى ههر چوار پارێزگاكه، ئهمانه دهسهڵاتى تهواوهتى پارێزگاريان پێدرا، ئهوانيش: پارێزگارى ههولێر/ كۆسرهت ڕهسووڵ عهلى، پارێزگارى سلێمانى/ عومهرى سهيدعهلى، پارێزگارى دهۆك/ فازڵ ميرانى، پارێزگارى كهركووك/ جهوههر نامق سالم(ناحيهو قهزاكان)، ههرچهنده هێزه پێشمهرگه زياتر لهژێردهستى حزبهكاندا بوو، بهڵام بهشێك له هێزى پێشمهرگه خرايه ژێر فهرمانى ئهو كهسانهى كه دانرابوو بۆبهڕێوهبردنى كاروبارى كارگێڕى پارێزگاكان، بهمهبهستى پاراستنى ئاساييش وئارامى وبهڕێوهبردنى كاروبارى هاووڵاتيان، ڕاستهوخۆ ئهو كهسانهى دياريكران بۆ پارێزگاكان دهستبهكاربوون و سهركردايهتى بهرهى كوردستانيش له كۆبوونهوهكانى بهردهوام بوو، به وردى بارودۆخهكه وڕووداوهكانى ههڵدهسهنگاند.
ئەوەبوو حکومەتى ئێراقی لە تشرینى یەکەمى ١٩٩١ بۆ جارێکى تر پەیامى ناردەوە بۆ بەرەى کوردستانى و داواى دانووستانى کرد، داواى دیدارى بارزانى کرد، لە ئەنجامدا بارزانى دیدارەکەى قبووڵکرد، بەو مەرجەى دیدارەکە لە بەغدا نەبێت، لە ١٥ى تشرینى یەکەمى ١٩٩١ لەگەڵ عزەت دورى و حسێن کامل لەشارى کەرکووک چاویان بەیەکترى کەوت، حکومەت دواى ئەوەى کرد، کە دەبێت دیدارى داهاتوویان لەگەڵ وەفدى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە لایەن خودى مام جەلالەوە نوێنەرایەتى بکرێت، بەڵام ئابڵوقەى ئابوورى حکومەتى ئێراقی لەسەر شارە کوردییەکانى ژێر دەستى بەرەى کوردستانى و نەمانى متمانە بەیەکترى هەلى دانووستان و گفتوگۆى زیاترى پەکخست، دوا دیدارى بارزانى لە ٣٠تشرینى دووەمى ١٩٩١دا بوو، لە ٤ى کانوونى یەکەمى ١٩٩١دا گەڕایەوە، بەڵام بارودۆخى شارە کوردییەکان دواى كشانهوهى يهكه كارگێڕييهكانى حكوومهتى ئێراقی، و خراپى بارودۆخى سياسى و ئابوورى وايكرد، مانگرتن لە هەولێر و سلێمانى و دهۆك و ڕانيه وكۆمهڵێك ناوچهى تر دروست ببێت، سهرهتا لهشارى ههولێر لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە عەینکاوە دەستی پێکرد لە ٩/١٢/١٩٩١، چەند كهسێك لهههموو توێژه جياوازهكان مانيانگرت، شهپۆلێك مانگرتن له زۆربهى شاروشارۆچكهكانى باشوورى كوردستان بهرپاكرا، له ڕۆژى(5/12/ له شارى سلێمانى، 9/12/ لهشارى ههولێر، 10/12 لهشارى دهۆك، ئهمه و جگه لهو پشتيوانيانهى كهله دهرهوهى شارهكان بۆ مانگرتووان ئهنجامدرا، گرنگترين داواكارييهكانى مانگرتووهكان بريتى بوون له: 1.فراوانكردنى هێڵى (36بۆ 34) بۆ ئهوهى ناوچهى پارێزراو سهرجهم شاروشارۆچكهكانى كوردستان بگرێتهوه. 2.لابردنى ئابڵوقهى ئابوورى لهسهر خهڵكى كوردستان.3. نهمانى ديكتاتۆريهت و هێنانهكايهى ديموكراسيهت وگهڕاندنهوهى ئاوارهكانى سهرسنوورهكان. 4. ئازادكردنى زيندانييه سياسييهكان كهلاى حكوومهتى ئێراقی گيرابوون. دوای چەند ڕۆژێک (مام جەلال هات)، لەسەر بینایەی پارێزگاری هەولێر، مانگرەکانیشیان هێنابوو گووتی: ” قسەم لەگەل سەدرەدین ئاغاجان نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە خەڵکەی بەشەرەفی کوردستان دەپارێزن، جا برایانم تکادەکەم ئەوە داوای بەرێز سەدرەدین ئاغا جانیشە، مانگرتنەکەتان بشکێنن” مانگرتن کۆتایی هات.
بەشێوەیەکى گشتى کۆتایى هاتنى دانووستانەکان و هۆکارەکانى سەرنەگرتنى ئەم دانووستانە بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە:-
١. نادیارى پرسى کەرکووک و سنوورى ناوچەى ئۆتۆنۆمى و چۆنییەتى چارەسەرکردنى گیروگرفتى ئەو ناوچە کوردییانەى خرابوونەسەر بەڕێوەبەرایەتى ناوچە عەرەبییەکان و بەر سیاسەتى تەعریب کەوتبوون.
٢. هەریەک لە بەرەى کوردستانى و حزبى بەعس ئامانجى جیاوازیان لە بوونى دانووستان هەبوو، حزبى بەعسى لەدواى شکستى ڕاپەڕین لە باشوور و ئەو بارودۆخەى دواى کۆڕەو کەوتەوە خۆى بەبەهێز دەبینى و مەبەستى دانووستانەکانیشى تەنها کات کوشتن بوو، دیارە مەبەستى بەرەى کوردستانیش بۆ گەڕاندنەوەى ئاوارەکان و جێگربوونى خۆى و چاوەڕوانى پشتگیرى لە ئەمریکا و وڵاتانى ئەورووپاو نەتەوەیەکگرتووەکان بوو بەگشتى، کە داخۆ هێڵى پاراستنەکە (مەبەست یاساى ٦٨٨ە)بەردەوام دەبێت یان نا؟
٣. بوونى ڕاجیایى و ناکۆکیى ناو لایەنەکانى بەرەى کوردستانى لەسەر هەندێک بڕگە و شێوازى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنەکان و چۆنییەتى و چییەتى دەستکەوتەکان.
٤. خراپى بارودۆخى ئابوورى و گەمارۆى سەر ئێراقی، حکوومەتى ئێراقی وا لێکى دەدایەوە، کە لەڕێگەى گەمارۆى ئابوورى و فشارخستنەسەر دام و دەزگاکانى شارەکوردییەکان، بەرەى کوردستانى ناچار بکات بەبێ دانووستان و ڕێککەوتن بچنەوە ژێر دەستى حکومەتى ناوەندى، پێى وابوو بەرەى کوردستانى تواناى ئیدارەدانى کوردستانى نییە و خەڵک خۆى داواى گەڕاندنەوە بۆ ژێر دەستى حکومەت دەدا، یەکێک لە تاکتیکەکانى کشانەوەى دام ودەزگاکانیش ئەوەبوو.
٥. ناڕەزایى و بێزارى جەماوەر لە درێژەکێشانى دانووستانەکان و بەدەستنەهێنانى هیچ کام لەو دەستکەوتانەى خەڵکى چاوەڕوانى بوو، باشترین بەڵگەش ئەو هەموو خۆپیشاندان و مانگرتنە جەماوەرییە خۆڕسکانەیە بوو، کە چالاکوان و ئازادیخوازان ئەنجامیان دا، بۆ ئەوەى جارێکى تر نەچنەوە ژێر دەستى ئەو حکومەتەى کە ئەنفال و کیمیاییبارانى کردن.
لە ئاستى ناوخۆى بەرەى کوردستانى و دەرەوەشیدا، حزبى شیوعی ئێراقی-هەرێمى کوردستانى لەگەڵ دانووستانى حزبى بەعس و بەرەدا نەبوون، هەرچەندە دژایەتیشیان نەکرد، بزووتنەوەى ئیسلامیى و لایەنە چەپەکانیش دژى ئەم دانووستانانە بوون و بۆچوونیان وابوو، کە حزبى بەعس ڕاستگۆ نییە و مافى کورد ناسەلمێنێت.
٦. لە ئاستى دەرەوەش وڵاتانى ئەورووپا و دۆستانى کورد لە دەرەوە لەگەڵ ئەو شێوازە دانووستانە نەبوون، یاخود بە مانایەکى تر پشتگیرى لەسەر ئاستى دەرەوە بۆ ئەنجام دانى دانووستان نەبوو، پشتگیرییەکان زیاتر بە ئاڕاستەى خۆبەڕێوەبەرى و ئیدارەکردنى ناوچەکە بوون لەلایەن بەرەى کوردستانییەوە.
بەشێوەیەکى گشتى ئەم هۆکارانە بوونە مایەى شکستى ئەو زنجیرە لە دانووستان و گفتوگۆى بەرەى کوردستانى و حکومەتى ئێراقی.
ئامادەکردنى؛ د.ژیلوان عەبدولڵا هەڵەدنى







































































