+ لە کۆتا بەرهەمتدا بەناوی “سیدات الحواس الخمس” دەبینین جیاوازی لەنێوان نیشتمان وەکوو باوەشی ئەویندارێک، یان ئەویندارێک وەکوو باوەشی نیشتماندا نییە، ئایا ئەمە ئاوڕدانەوەیەکی نوێیە لە مانای تاکی عەرەب لەم قۆناغەدا؟
جەلال بەرجس:- ئاوڕدانەوە نییە، بهڵكو تێڕامانێکی قووڵە بۆ ژیانی تاکی عەرەب لەم ڕۆژگارەدا و هەوڵێکی جدییە بۆ تیشک خستنەسەر مانای هەقیقی نیشتمان. ئایا نیشتمان ئەو شوێنەیە لێی لەدایکبووین و شوێنپێی باب و باپیران و خەسڵەتەکانیانمان هەڵگرت؟ ئایا دەکرێ مرۆڤ دوو نیشتمانی هەبێت؟ لێرەدا، لەم ڕۆمانەدا پچڕانی دەزووی نێوان ژن و نیشتمان دێ، پێویستی پاراستنی مرۆڤ لە ستەمی مرۆڤ دێ. پاڵەوانی “سیدات الحواس الخمس” دەیەوێت نیشتمانی خۆی لە گەندەڵێک بستێنێتەوە، لەم نێوەندەدا بە ئاگاییەکی نوێوە دەپرسێ:- باشە بۆچی هەستەکانم نەیانتوانی پێشتر لەم ڕووداوانە ئاگادارم بکەنەوە؟
+ لەم ڕۆمانەدا بیرکردنەوەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەوروژاوە، بهڵكو لەڕێگەی وردەکارییەکانەوەیە؟
جەلال بەرجس:- بڕوام بەوە هەیە دەبێت گێڕەوە ڕێزی زیرەکی خوێنەر بگرێت و مەودایەکی بۆ بەجێبهێڵێت تاوەکوو ڕۆمانی تایبەتی خۆی دروست بکات و ببێتە هاوبەش لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان و کاری وەرگرتن کە هیچی لە کاری نووسین کەمتر نییە. ڕاستەوخۆ وروژاندنی پەیامەکان، کاری داهێنەرانە دەشێوێنێت.
+ شوێن و کاتی ڕۆمانەکە ئوردوونییە، بەڵام لە واقیعی عەرەبی دەکشێتەوە، هەر ئەمەشە لە ڕۆمانی پێشووتدا بەناوی “أفاعی النار” تێبینی دەکەین، ئایا ئەمە تەنیا ڕێککەوتێکە، یان کاری بۆ کراوە؟
جەلال بەرجس:- هیچ شتێک بە ڕێککەوت نانووسم، ئوردوون بەهەموو خەون و ئازارەکانییەوە بەشێکە لە سیستەمی عەرەبی.
+ کاتێک ڕۆمان دەنووسیت پلانی بۆ دادەنێیت؟
جەلال بەرجس:- بەڵێ، وادەکەم. پاش ئەوی بیرۆکەی ڕۆمانەکە لە مێشکمدا جێگیر دەبێ و باوەڕی ئەوەم لا گەڵاڵە دەبێ کە دەبێ بینووسم، دەست دەکەم بە پلاندانان. بەڵام دواتر بەشێک لە ئەو پلانانەی بۆی دادەڕێژم، هەستدەکەم بۆ ئەوە شیاو نین بیاننووسم و هەندێک شتی تریش لە کاتی نووسیندا لەدایک دەبن و دەیاننوسم. هەندێک لە کەسایەتییەکانی ڕۆمان، خۆی ڕێگەی خۆی دادەڕێژێت و لە دەستی نووسەردا نامێنن.
+ ڕۆمانی “سیدات الحواس الخمس” بەشێوەیەکی ئەندازەیی زۆر ورد نووسراوە، بۆ نموونە شەش بەش و شەش ئافرەت و شەش هەست، هەر بەشێکیش ژنێک و هەستێکی تێدایە، ئایا ئەندازیاری فڕۆکەوانی کاری لەسەر بەرهەمەکانیشت کردووە؟
جەلال بەرجس:- وای بۆ دەچم سرووشتی کارەکەم و بەتایبەت پلان داڕشتن کاری لەسەر بەرهەمەکانم کردووە، بەڵام هەمیشە لەسەر کاری داهێنەرانە بەردەوام دەبم چونکە نامەوێت لە دەقدا دیکتاتۆر بم. نووسەر لەگەڵ کەسایەتییەکانی نێو ڕۆمانەکە پێویستە دیموکراسیانە بێت.
+ لە ڕۆمانەکەدا بۆچی بە کەرەستەی خەیاڵەوە بازتداوە بۆ واقیع؟ ئایا شێوازێکی تایبەت لە پشت ئەمەوەیە؟
جەلال بەرجس:- بڕوام بەوە هەیە کە لایەنێکی ئەو واقعەی تیایدا دەژین، زۆر لە خەیاڵ نامۆترە. بۆیە کاتێک واقیع بە تامی خەیاڵ دەنووسم، ڕاکردن نییە، بهڵكو هەوڵێکە؛ هەمیشە دەڵێم هەوڵێکە بۆ دەرچوون لە واقیع، دەرچوون لەو عەبایەی کە گەورەتر دەبێـت. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە ئەم وێناکردنە بۆ خزمەتی ڕۆمانەکە و پەیامەکەیە، کە لە خەمی ئەوە دایە چۆن بیگەنێت بە خوێنەر. بۆ نموونە لە “سیدات الحواس الخمس” ئەحمەدی منداڵ بە وێنەیەکی دەقاودەقی منداڵی سەراجەدین دێت، ئەمە لەوانەیە شێواوی لای خوێنەری واقیع دروست بکات و بپرسێت چۆن کەسایەتییەک لە دوو زەمەنی جیاوازدا دەبن، یەکیان لە منداڵیدا و ئەویتر لە پەنجا ساڵیدا.
لەو ڕۆمانەدا شێوەیەکی پۆلیسـی تێدایە، بەڵام وەکوو ڕۆمانە پۆلیسییەکانی ئاگاسا کریستی نا کە لەگەڵیدا ڕاهاتووین. ئایا ڕۆژێک لە ڕۆژان چاومان بەبەرهەمێکی پۆلیسیت ڕۆشن دەبێـت؟
جەلال بەرجس:- لە “أفاعی النار” ڕیژەیەک هەبوو و لە “سیدات الحواس الخمس”ەدا ئەو ڕێژەیە بەرز بووەوە، بەبێ ئەوەی ئامرازە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە لە یاد بکەم. لە ڕۆمانی داهاتوومدا کار لەسەر ڕۆمانی پۆلیسـی دەکەم، بەڵام بە شێوازی نوێ کە خوێنەری عەرەبی پێی ئاشنا نییە، ئەمەش کارێکی زۆری دەوێت تا خوێنەر بتوانێـت هەزمی بکا. ڕۆمانی پۆلیسی لە ئەدەبی عەرەبیدا بە چاوێکی گەورە سەیر ناکرێـت و لە پلەیەکی نزمدا چاوی لێ دەکەن، بۆیە بەمەرجی ڕۆمانی نوێ کاری لەسەر دەکەم.
+ لەنێوان ئەندازیاری فڕۆکەوانی جەنگیی و ڕۆمان و شیعر، مەودایەکی فراوان هەیە، چۆن بوو بازتدا؟
جەلال بەرجس:- هەر لەیەکەم ڕۆژمدا لە بیابان، درکم بەوە کرد لەبەردەم کەسێکی وەکوو مندا کە ئەو بەشەی دەمویست تیایدا بخوێنم و بۆم نەبوو، تەنیا ئەوەیە بە نووسین و خوێندنەوە ڕووبەرڕوو ببمەوە و قەرەبووی بکەمەوە، لە جیهانێکی نوێ، بە هەموو وردەکارییەکانییەوە ڕووبەڕووی خۆم ببمەوە. بۆیە هاورێکانم هەمیشە بە دوورەپەرێزی و کەمدووی منیان دەبینی، تەنیا لەنێو دەستەکانی خۆم ڕادەمام، کە ئەویش کتێب بوو. لە کارەکەی خۆمدا چالاک نەبووم، تەنانەت ڕقم لە فڕۆکەوانی و بیابان دەبینییەوە. بەڵام ڕۆژێکی هاوین کە فڕینی فڕۆکەیەکم بینی، هەستەکانم گۆڕا.
+ بەرهەمەکانت چەندین خەڵاتی بەدەست هێناوە، دوایینیان پۆکەری ٢٠٢١ بوو لە بواری ئەدەبیشدا ئەستێرەت وەرگرتووە، ئەم شتانە هیچ نیگەرانت دەکەن؟
جەلال بەرجس:- خەڵاتەکان ڕێگەیەکن بەرەو خوێنەر، بەڵام ئەستێرەکان زیاتر لەوەی جوان بن ماندووکەر ترن. جوانە کاتێک دەبینم ڕێژەی خوێنەرەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن و ئاهەنگ بە وشەکانم دەگێڕێت و لەو کوچەیە دەڕوانن کە سەیری جیهانی پێ دەکەم. کاتێک چاوم بە خوێنەران دەکەوێت، شتێک لە ڕۆحمدا هەڵدەقوڵێ، چونکە منیش کوڕی شەقامم.
+ ڕۆمانی “نشیج الدودک” بەرەو کوێمان دەبا؟
جەلال بەرجس:- لە “نشیج الدودک”دا سەربووردەی خۆم لەڕێگەی سێ شارەوە دەگێڕمەوە، کە ئەوانیش:- لەندەن، جەزائیر و یەریڤانە؛ ئەم کتێبە بەسەر سێ بنەما دابەش دەبێت:- سەربووردەی خۆم، سەربووردەی ئەو کتێبەی لەگەڵمدا هاوگەشت بووە، لەگەڵ ئەو شارەی سەردانم کردووە. بە زمانی ڕۆمانەکە خوێنەر لەگەڵ خۆمدا دەبم بۆ سەربووردەی ژیانی خۆم، هەر لە منداڵیم لە گوندەکەمدا و قۆناغی ژیانکردنم لە بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی ئوردن، تا دەگاتە سەروکارم لەگەڵ کاری ئەدەبیدا. شوێن لەم ڕۆمانەدا ئامرازێکی سەرەکییە، وەکوو هەر ئامرازێکی تر. چەندین پرسیاری تری بوونگەرایی دەوروژێنم، کە گرنگترینیان بریتییە لە:- بۆچی دەخوێنینەوە؟ بۆچی دەنووین؟ بۆچی گەشت دەکەین؟ ئەم هەموو کارە مرۆڤایەتییانە، ڕاکردنە، یان ڕووبەڕووبوونەوە؟
+ هیچ ڕۆمانێک هەیە دەتەوێت لە داهاتوودا بینووسیت؟ ئایا مادبا، ئەو شارەی جەلال بەرجس زۆری خۆشدەوێت لە بەرهەمێکی تایبەتدا دەیبینین؟
جەلال بەرجس:- مادبا لە هەموو ڕۆمانەکانمدا بوونی هەیە، یەکەم شوێنی دەرچوون و فیکری منە.
+ لەنێو ڕۆمانەکان و کۆمەڵە چیرۆکەکان و بەرهەمە شیعرییەکانتدا کە بڵاوت کردووەتەوە، دەبینین ڕۆمانی “دفاتر الوراق” نزیکترینە لێتەوە و وەرگێڕدراوە، بۆچی؟
جەلال بەرجس:- بەشێکی گەورەیە لە تێڕامانەکانم و بۆچوونەکانم و دیدگام بەرانبەر گەردوون. بیرۆکەی ڕۆمانە هەر خۆبەخۆ نایەتە بوون، بهڵكو لە ئاکامی کەڵەکەبوونی چەندین دیمەن و تێڕامان و دیدگامان بەرانبەر بە خۆمان و چواردەورمان دێتە بوون. هەموو شتێکی خۆمم لە ڕۆمانی “دفاتر الوراق”دا باسکردووە.
جەلال بەرجس
شاعیر و ڕۆماننوسێکی وڵاتی ئوردوونە و لە ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی حەنینا لە پارێزگاری مادبا لەدایکبووە. ناوی تەواوی:- جەلال بەرجس ئەلغلیلاتە و نازناوی ئەدەبیشـی جەلال بەرجسە. خاوەنی چەند خەڵاتێکە، لەوانە:- خەڵاتی کتارا بۆ ڕۆمانی عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠١٥، خەڵاتی پۆکەری عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠٢١ بۆ ڕۆمانی “دفاتر الوراق”.
بەرهەمە شیعرییەکانی:-
- کأی غصن علی شجر ٢٠٠٨
- قمر بلا منازل ٢٠١١
چیرۆک:-
- الزلزال ٢٠١٢
ڕۆمان:-
- مقصلة الحالم
- أفاعی النار
- سیدات الحواس الخمس
- دفاتر الوراق
- نشیج الدودک
- معزوفة الیوم السابع
سهرچاوه؛
وەرگێڕانی:- مەدینە ئەحمەد






































































