تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ نوێترین پێشهاتە کە لە ئینتەرنێتدا ڕوویداوە، هەرچەندە ئەم تەکنەلۆژیایە دەرفەتی گەورەی بۆ پەیوەندیی و هاوبەشکردنی زانیاریی دروستکردووە، بەڵام هەروەها بووەتە پاڵپشتی هەرە بەهێزی سیستمی پڕوپاگەنده. ئەم تۆڕانە کەسانێکی هیچ لەبارانەبوو کە ناتەبان لەگەڵ نەریت و ئایین و بەهای مرۆڤایەتییەکان، لەشێوەی کەسانی سەرکەوتوو نمایش دەکات. بەڵێ سەرکەوتوو لە دەستکەوتنی پارەیەکی بێشوماردا، بەڵام ڕووخاو لە کەسایەتی و مەعریفەدا. ئەمجۆرە سەرکەوتنە پێوەرە مرۆڤییەکانی سەرکەوتن دەخاتە ژێر گومانەوە کە بریتین لە کاری جدی و تەواوکردنی پلەکانی خوێندن و خۆپڕچەکردن بە زانست و ئەدەبیات و هونەر و وەرزش. پلاتفۆرمەکانی وەک فەیسبووک، ئینستاگرام، تیکتۆک و یووتیوب دیمەنێکی چەواشەکراو لە ژیان پێشکەش دەکەن. ئەم پلاتفۆرمانە تەنها ڕووی بریقەدار و ساختەی ژیان نیشان دەدەن، بەبێ ئەوەی ڕاستییەکانی ژیانی ڕۆژانە وەک تەنگژە، شکست، و تەقەلای دەروونی نیشان بدەن. گەنجان کە بەرچاوترین بەکارهێنەرانی ئەم تۆڕانەن، بە ئاسانیی دەکەونە ژێر کاریگەرییەکانی ئەم پێناسە نوێیەی سەرکەوتن. ئەوان دەبینن کە چۆن هەندێک کەس لە ماوەیەکی کورتدا بەبێ هیچ کاری جدی یان خوێندنێکی بنچینەیی، دەوڵەمەندی و بناوبانگی دەستدەکەوێت!
ئەلگۆریتمەکانی سۆشیالمیدیا بەگوێرەی ئارەزووەکانی بەکارهێنەران کار دەکەن، نەک بەگوێرەی ڕاستییەکان. ئەم سیستەمە ناوەڕۆکی جیاواز و هەمیشە سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکات، بەبێ ئەوەی بایەخ بە ڕاستیی یان درۆ بدات. بەکارهێنەران لە “فیلتەری باڵۆن”دا دەژین، واتە تەنها ئەو زانیاریی و بیرۆکانە دەبینن کە لەگەڵ بیرکردنەوەی پێشوویاندا دەگونجێت. ئەمەش بەرتەسکی بیرکردنەوەی ڕەخساند و توانای هەڵسەنگاندنی ڕەخنەیی کەم دەکاتەوە. کاتێک گەنجان دەبینن کە دەتوانن بەبێ خوێندن و فێربوون، بە تەنها دەرکەوتن لە ڤیدیۆیەکی کورتدا، بناوبانگ و پارە بەدەست بهێنن، ئارەزووی خوێندن و بەردەوامبوون لە پەروەردەدا کەم دەبێتەوە. ڕێزی بۆ زانایان، مامۆستایان، و خوێندکارانی بەئەزموون کەم دەبێتەوە. لە بری ئەوەی کە زانست و ئەزموون بە بنەمای سەرکەوتن بزانرێت، ناوبانگی کۆمەڵایەتی و گرنگی لە سۆشیالمیدیادا وەک تاکە ڕێگە بۆ پێشکەوتن دەبینرێت. بەدوای گەڕان بۆ پەسەندکردن و فۆڵۆوەر بووە بە نەخۆشییەکی دەروونیی نوێ. گەنجان هەوڵ دەدەن ژیانی خۆیان بە شێوەیەک ببەستن کە لەگەڵ ئەوەی لە سۆشیالمیدیادا دەیبینن هاوتا بێت، تەنانەت ئەگەر ئەوە واقعی نەبێت. واتە لادانی بەها دەستنیشانکراوەکان و پەیڕەوکردنی نموونە ساختەکان بۆتە هۆی هەڵپەچەی ناسنامە لەنێو گەنجاندا. ئەوان نازانن کە ئەرکیان چییە لە ژیاندا یان چ نرخ و بەهایەک پەیڕەو بکەن.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە؛ پێویستە سیستمی پەروەردە پرۆگرامێکی تایبەت بە پەروەردەی میدیایی دابڕێژێت. ئەم پرۆگرامە دەبێت گەنجان فێری جیاکردنەوە لەنێوان ناوەڕۆکی ڕاستەقینە و ساختە بکات، هەروەها چۆنێتی هەڵسەنگاندنی سەرچاوەکان فێری بکات. واتە پێویستە لە ڕێگەی پەروەردە، یاسا و کەمپەینەکانی هۆشیاری، خەڵکی لەو مەترسیانە ئاگادار بکرێتەوە کە سۆشیالمیدیا لەخۆی دەگرێت. ئەمە دەبێت بە شێوەیەک بێت کە زانیاریی ئاست و ساکار بۆ هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگا بگات. دەبێت پەروەردە جەخت لەسەر گەشەپێدانی توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بکاتەوە. گەنجان دەبێت فێری پرسیارکردن، گومانکردن و پشکنینی سەرچاوەکان بن پێش ئەوەی هیچ زانیارییەک قبوڵ بکەن.
لە دەرەنجامدا؛ سۆشیالمیدیا بە ئامرازێکی دوو سەرە دادەنرێت. لەیەک لاوە دەرفەتی نایاب بۆ پەیوەندی، فێربوون، و هاوبەشکردنی زانیاریی دەخاتە بەردەستمان. لە لایەکی ترەوە بووەتە چەکێکی بەهێز بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەنده و تێکدانی بەها مرۆڤییەکان. گرنگە کە وایبزانین ڕزگاربوون لەم دۆخە تەنها بە یاسا و سزاکردن نابێت، بەڵکو پێویستمان بە گۆڕانی بنچینەیی لە ڕێبازی پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتییە. هەروەها پێویستە پەروەردە جەخت لەسەر گەشەپێدانی کەسایەتی، بەهای مرۆڤایەتی، و توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆ بکاتەوە. تەنها بەم شێوەیە دەتوانین لە کاریگەری نەرێنی سۆشیال میدیا بپارێزین و سوود لە لایەنە ئەرێنییەکانی وەربگرین.







































































