هەڵمەتی هەڵبژاردن، زۆرترین وتار و دروشمی تیا دەدرێت و بانگەشەی بۆ دەکرێت، ئاساییە، چونکە پڕۆسەکە -پڕۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن – ئەوە دەخوازێت، ناکرێت، کاندیدێک بیەوێت لەپڕۆسەی دەنگداندا دەنگی پێوست بەدەست بهێنێت، بەڵام شەرمنانە تێڕوانین و بەرنامەی خۆی بڵاوبکاتەوە، ئەمە لەهیچ شوێنێکی دنیادا بوونی نییە، بەپێچەوانەوە، وتار و دروشمەکان، لە وڵاتانی سەقامگیر و پێشکەوتوودا، ڕووبەڕوو لەڕێگای دیبەیتی سیاسی نێوان کاندیدەکاندا باشتر دەردەکەوێت، ئەم بابەت ئاکاری سیاسی کاندیدەکان دەردەخات، کەواتە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن، ئاکارەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنە، کە ئەم بابەتە لەناو پڕۆسەی هەڵبژاردنی وڵاتانی ناسەقامگیردا ونە، یان لە کەمترین ئاستدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵکو هەر بە پرسێکی لاوەکی سەیر دەکرێت، ئەمەش مەترسی لەسەر ئایندەی پەیوەندییەکان دروست دەکات، کە لەڕاستیدا پێویستە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەرفەت بێت بۆ ڕوونکردنەوەی تێڕوانین و کاری پێکەوەیی نەوەکو پێچەوانەکەی.
ئەم پێشەکییە بۆ؟ دوو هۆکاری سەرەکی پاڵنەری ئەم بابەتەیە؛
یەکەم: ئەوەی لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی zێراق دوور بوو، بەتایبەتی لەهەرێمی کوردستان دیبەیتی نێوان کاندید و لیستەکان بوو، لەوانەیە هۆکارەکەی ئەوە بێت، کە زۆرێک لە بەرنامە و دروشمەکان زۆر نزیکن لەیەکەوە، کەواتە پرسیار لەسەر هۆکاری فرەیی بەربژێرەکان و لیستەکان دروست دەبێت، کە ئایا لەچیدا جیاوازن؟ یان لەچیدا هاوشێوەی یەکن. یان لەوانەیە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە بەربژێر و لیستەکان ئامادەنین لەنێوان خۆیاندا دیبەیت بکەن، چونکە گەمەی نێوانیان کۆتاییەکەی یان بردنەوەیە یان دۆڕان، ئەوەش پرسیار لەسەر توانای سازشی بەربژێر و لیستەکان دروست دەکات، بەهەر شێوەیەک بێت، نیشانە و پرسیار لەسەر ئاکارێکی سیاسی لەپڕۆسەی دەنگدان دروست بووە، ئەو نێشانەیەی کە لەداهاتوودا لایەنە براوەکان ئەرکی سەرشانیانە هۆکارەکەی ڕوون بکەنەوە.
دووەم: لەکۆتا ڕۆژی بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بەڕێز کاک مەسعود بارزانی لە یاریگای فرانسوا هەریری دەڵێت کە “کورسییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت” ئەم دێڕە و مەبەستەکەی پشتی ئەو کاتە ڕوون دەبێتەوە کە تەماشای دیمانەکەی بەڕێزیان بووبێتین لە کەناڵی (الشمس)، لەو دیمانەیەدا بەڕاشکاوی باس لەوە دەکات کە پێویستە گۆڕانکاری لە کورسی پارێزگاکاندا بکرێت، بەڵام هەندێک لایەن وا لێکی دەەنەوە کە مەبەستەکە دیزاینی پێشوەختەی کورسییەکانی لایەنەکانە، ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە بۆ ئەو دێڕە دوور کەوتنەوەیە لە ئاکاری هەڵبژاردن.
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پێویستە ئەوە بزانرێت کە بەزاندنی سنووری ئاکارەکان ناتگەیەنێتە لوتکە، بەپێچەوانەوە لە ترۆپکێ سەرکەوتندا دەدات بەزەویدا.


































































