“گفتوگۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ئێراق”
چ. شوێنەوارەكانی گفتوگۆ بەسەر خودی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە
شكستی گفتوگۆكان، كۆمەڵێك شوێنەواریان بەسەر كۆی كۆمەڵگای كوردی و لایەنە سیاسییەكان و شۆڕشی ئەو كاتەی كوردەوە بەجێهێشت، كە یەكێك لەو شوێنەوارانە بەسەر خودی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بوو. لە سەرویانەوە دەستپێكردنەوەی شەڕ بوو لەگەڵ دەوڵەت و حكومەتی ئێراق و هێزە چەكدار و دامەزراوە ئەمنییە بەهێزەكانی. بەتایبەت دوای ئەوەی لە ماوەی سالێكی دانوستاندا، بەشێكی زۆری هێزە چەكدارەكەی و رێكخستنە نهێنییەكانی، لەنێو شار و شارۆچكە و شارەدێكاندا بوون. لەو ماوەیەشدا دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی ئێراق لە بۆسەدا بوون بۆیان، تا بە وردی چاودێری كۆی ئۆرگان و بارەگاو رێكخستنەكانیان و دۆست و نەیارانیان بكەن. وەك ئەوەی ئەوان هەر لە سەرەتای دانوستانەوە چاوەڕوانی شكستی گفتوگۆكان بن و دەست بدەنە كاری خۆیان. هەربۆیە لەگەڵ كۆتایی هاتنی گفتوگۆكان و دەست پێكردنەوەی شەڕ، سەرباری جوڵاندنی هێزە چەكدارەكان بە پشتیوانی هێزەكانی بەرگری نیشتمانی (فەوجەكانی جاش) بۆ سەر بارەگاكانی یەكێتی، دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتیش كەوتنە گرتنی هەموو ئەوانەی سەر بە یەكێتی یان نزیك بوون لێیان. هەموو ئەوانەشیان خستە ژێر ئەشكەنجەوە، تا هەرچی زووە نهێنییەكانی خۆیان و رێكخستنەكانیان و ڕەوتەكەیان ئاشكرا بكەن. بەوەش ژمارەیەكی زۆر شانەی رێكخستنی نهێنی و هەڤاڵ و كادیریان، كەوتنە دەست.
چاودێری دەزگا ئەمنییەكان لەكاتی دانوستان بە ئاستێك ورد بوو، هەموو بوارەكانی گرتەوە. لەوانە كتێبخانەكان، كە بەرهەمە سیاسی و مێژووییەكانی سەبارەت بە كورد و شۆڕشەكانی بڵاوكردەوە. هەروەها تۆمارگاكان. ئەوانەی وتارەكانی “مام جەلال”یان بڵاوكردەوە. بەتایبەت وتارەكەی “سورداش”، كە لە چەندین تۆمارگای شار و شارۆچكەی پارێزگاكانی “هەولێر، سولەیمانی، دهۆك” بڵاوكرایەوەو فرۆشرا. هەروەها هۆنراوە نیشتمانییەكانی “شێركۆ بێكەس و عەبدوڵڵا پەشێو” و سروودە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانی هونەرمەندانی وەك “عەبەی مەلا، حەمە جەزا، ناسری ڕەزازی، نەحمەدینی غولامی” و هاوشێوەكانیان. بەو هۆیەوەش هەموو ئەوانە خرانە ژێر چاودێرییەوە، كە سەردانی ئەو كتێبخانە و تۆمارگایانەیان كرد و ئەو بەرهەمانەیان ئەكڕی، لەپاڵ ئەوانەی ئەچوونە گازینۆ و چایخانەكان و قسەوباسیان لەسەر شۆڕشی كورد و دانوستانەكان و ئەو بەرهەمانە ئەكرد.
لەلایەكی دیكەوە چاودێری خرابوویە سەر بازرگان و كاسبكار و تەنانەت جووتیار و كرێكارەكان، تا بەو كەسانە دەگات سەردانی بارەگا و شوێنی كۆبونەوەی حیزبی و جەماوەری و چالاكییە جۆراوجۆرەكانی یەكێتیان ئەكرد. تەنانەت چاودێری خرایە سەر كۆی میواندارییەكان. تەنانەت ئەو میواندارییانەی لەلایەن كەسانی دەستڕۆیشتوو و بەرپرسانی نێو حكومەتی ئێراق و پیاوەكانی سەر بە ڕژێمی بەعس ئەنجام ئەدرا، تا بەو میوانداریانەی لەلایەن بازرگان و كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی كورد و خزم و هاورێی و دۆستانی سەر بە یەكێتی یان لایەنگرانیان ئەنجام ئەدرا. بەو هۆیەشەوە دەستیان گەیشتە هەزاران كادیر و ئەندام و لایەنگر و هەواداری یەكێتی. هەربۆیە كاتێك گفتوگۆكان بە شكست كۆتاییهات، لەبری ئەوەی یەكێتی بە هێزێكی تۆكمە و باشتر و زیاتر بچێتەوە شاخ، دوچاری شۆك هات، كاتێك ڕەشبگیری هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی ئێراق، هێزەكانی پێشمەرگە و رێكخستنەكانی و لایەنگرانیشیانی گرتەوە.
لایەنێكی نەرێنی شكستی دانوستانەكان بۆ یەكێتی، لەدەستدانی متمانەی بەشێكی سەرۆك هۆز و سەرۆك خێڵ و كەسایەتی كۆمەڵایەتی كورد بوون پێی، كاتێك بینیان یەكێتی بەو هێزەی هەیبوو هیچی بۆ نەكرا، بۆیە هەموو ئەوانە كەوتنە خۆیان و پشتیوانیان بۆ حكومەتی ئێراق و سەرۆكەكەی و پارتی بەعسی فەرمانڕەوا دەربڕی. بەو هۆیەوەش بەشێكیان پەیوەست بوون بە هێزی بەرگری نیشتمانی (جاش) و بەشێكی تریان بە یەكەكانی دامەزراوە ئەمنییەكانەوە پەیوەست و چەكدار كران. هەندێكی تریان بڕیاریاندا بچنەوە ڕیزەكانی سوپا و خزمەتی سەربازی تەواو بكەن. ئەوە جگە لەوەی ئەوانەشی خەڵكانی ئاسایی بوون، بێدەنگ لە ماڵەكانی خۆیان دانیشتن و لە پارت و ڕەوتە كوردییەكانی شاخ، تەریك بوون.
سەرباری هەموو ڕوداوە نەرێنیانە بۆ یەكێتی، ژمارەیەكی تر لە كەسایەتی كۆمەڵایەتی و بازرگان و كاسبكار و مامۆستا و پیشەوەر و خەڵكی ئاسایی، لە ماوەیەی دانوستاندا لێی نزیكبونەوە. ئەوەش دەرفەتی دایە یەكێتی، لە دوای چوونەوە شاخ و دەستپێكردنەوەی شەڕ لەگەڵ هێزە چەكدار و ئەمنییەكانی حكومەتی ئێراق، ببنە پشتیوانی. تەنانەت ئەو كاتەشی هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی ئێراق، كەوتنە ڕاوهدونان و گرتن و ئازاردانی ئەندام و لایەنگر و هەوادارانی یەكێتی، براو و خزم و كەسوكار و كەسانی تر، لە ترسی گیانی خۆیان و لە ڕقی زەبر و زەنگی دامەزراوە ئەمنییەكانی حكومەتی ئێراق، چوونە شاخ و بوونە پێشمەرگە. بەوەش هێزێكی تر بە بەر هێزی پێشمەرگەی یەكێتی كرایەوە. تەنانەت ئەو پەیوەندیكردنە بە رێزەكانی یەكێتی، كاسبكار و مامۆستایان و هونەمەندان و تویژە جیاجیاكانی تریشی تێدا بوون. بەوەش هێزێكی مرۆیی و پیشەوەر و جەنگاوەری باش، پەیوەست بوون پێوەی و قەرەبوونی زیانی بەدیلگیران و كوژرانی ئەوانەی كردەوە، كە كەوتبوونە دەست دەزگاو دامەزراوە ئەمنییەكان. بە هەموو ئەو دۆخانەشەوە یەكێتی ساڵانی دوای شكستی دانوستانی بەرێكرد.



































































