“شرۆڤەی یاساكانی هەڵبژاردن”
– سەرجەم یاساكانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن بناسە و بە تەواوەتی شارەزایان ببە.
– یاساكان لەپێناو هەڵسەنگاندنی رێژەی گونجانیان لەگەڵ پێوەرەكانی هەڵبژاردنی دیموكراسیانەدا تاوتوێ بكە.
– كەموكورییەكان لەنێو یاساكاندا دەستنیشان بكە، تا بتوانی بەدرێژایی هەڵبژاردن، پەنجە لەسەر ئەو كێشانە دابنێی كە لەوانەیە دروست ببن، پاش هەڵبژاردنیش كۆمەڵێك رێنمایی بۆ گۆڕینیان بخەرەڕوو.
– خشتەیەك بۆ ناكۆكییەكانی هەڵبژاردن ئامادە بكە بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەگەری سكاڵای یاسایی و ئاسانكاری بۆ پۆڵێن و بەدواداچوونی كێشە یاساییەكان.
ا-گرنگی شیكردنەوەی یاسا؛ یەكێك لە لایەنە چارەنووسسازەكانی چاودێریی بەسەر هەڵبژاردندا، شیكردنەوەی چوارچێوەی یاساییە لەپێناو هەڵسەنگاندنی رێژەی گونجانی لەگەڵ پێوەرەكانی هەڵبژاردنی دیموكراسیدا. شیكردنەوەی یاساكان كە دەستوور و سەرجەم یاساكانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت، پێویستە لە هاتنەئارای یەكەمین دەرفەتدا، لەلایەن پسپۆڕانی یاسا لە “بەشی شیكردنەوەو هەماهەنگی چاودێریی”دا ئەنجام بدرێت. ئەگەرچی مەسەلە بنچینەییەكان پێویستە لە یاسا رەسەنەكەوە وەرگیرابێت، دەركردنی بڕیارەكانی پەیوەست بەقۆناغە جێبەجێكارییەكانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمیسیۆنی سەرەكی هەڵبژاردنەوەیە. بەمپێیە تاوتوێی ئەم بڕیارانەش لەنێو كارنامەی تیمەكانی چاودێریدایە. شیكردنەوەی چوارچێوەی یاسا، دەشێ بۆ ئامادەكردنی كۆمەڵێك ڕێنوێنی بێت لەپێناو هاندان بۆ گونجاندنیان لەگەڵ پێوەر و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان وەك ستانداردەكانی مافی مرۆڤ یاخود بۆ تۆكمەكردن و كاریگەرتركردنی یاساكان. لە كاتی نووسینی ڕێنماییەكاندا لەسەر كاغەز، دەبێ لە هەڵبژاردنی وشەكاندا وردەكاری بكرێت. پێشكەشكردنی بەرچاوڕوونی سەبارەت بە گرنگی بەكارهێنانی ڕێنماییەكان كارێكی پێویستە. دەتوانرێ ئەم ڕێنماییانە بەكاربهێنرێت بۆ هاندان بەرەو گۆڕان و باشتركردنی یاساكانی هەڵبژاردن پێش یاخود دوای هەڵبژاردن.
ب- چوارچێوەیەك بۆ تاوتوێی یاساكان؛ كارنامە تێروتەسەلەكان كە لەلایەن “دامەزراوەی ئاسایش و هاریكاریی ئەوروپا/ نوسینگەی ناوەندەكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ” ئامادە كراوە، چوارچێوەیەك بۆ تاوتوێی یاساكانی هەڵبژاردن دەخەنەڕوو. ئەم كارنامانە بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی هەماهەنگی، پێكەوەگونجان، راستی و دروستی و متمانەدارێتی دەقەكانی پەیوەست بەهەڵبژاردن ئامادە كراون. پوختەیەك لەم بەرنامانە لەخوارەوەدا دەخەینەڕوو. هەر بەشێك لە رستەیەكی رێنمایی و كۆمەڵێك پرسیاریی چارەنوسسازی لەخۆگرتووە.
*پێكهاتەی چوارچێوەی یاسایی؛ چوارچێوەی یاسا دەبێ پێكهاتەیەكی روونی هەبێت، بۆ هەمووان دەستەبەر و شیاوی تێگەیشتن بێت، بایەخ بە هەموو بنەما پێویستەكان بدات لەپێناوی هەڵبژاردنێكی دیموكراسیدا، هێندەش لە نزیك كاتی هەڵبژاردن دانەنرێت كە دەرفەت بۆ پیادەكردنی نەبێت.
پرسیارە گرنگەکان ئەمانەن:-
– ئایا چوارچێوەی یاسایی بە شێوەیەكی بێلایەن، ئاشكرا، شەفاف و شیاوی دەستەبەر و تێگەیشتنە بۆ هەمووان؟
– ئایا مافەكانی مرۆڤ، پشتیوانی لەلایەن دەستوورەوە هەیە؟.
– ئایا هەموو یاسا پەیوەندیدارەكان وەك:- دەستوور، یاسا گشتی و تایبەتییەكانی هەڵبژاردن، یاساكانی پەیوەست بە:- هاوڵاتێتی، پارتە سیاسییەكان، میدیاكان، راگەیاندنی گشتی، تاوتوێی ڕێکاری سزادان و چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پێشێلكارییەكانی لە یاسای هەڵبژاردن و بەرنامەكانی “كۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردندا” ئەنجام داوە؟.
*سیستەمەكانی هەڵبژاردن؛ سیستەمی هەڵبژاردنی دەستنیشانكراو، پێویستە بەلایەنی كەم پابەندی پێوەرەكانی هەڵبژاردنی دیموكراسی بێت لەو مەیدانەی کە لایەنەکان دەبێ لە ڕێی هەڵبژاردنەوە بگەنە دەسەڵات وەک:- بەردەوامبوونی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئۆرگانیزەكردنی یەكەكانی هەڵبژاردن.
پرسیارەكانیش ئەمانەن:-
– ئایا سیستەمی هەڵبژاردن بەلایەنی كەمی پێوەرەكانی هەڵبژاردنی دیموكراسیانەوە پابەندە؟
– ئایا هەموو كورسییەكانی یەكێك لە ئەنجومەنە میللییەكانی یاسادانان، لە هەڵبژاردنی دیموكراسیانەدا دەستنیشان دەكرێن؟
– ئایا هەڵبژاردنی دیموكراسیانە لە وادە پەسەندكراوەكانی خۆیدا بەڕێوەدەچێت؟
– ئایا چوارچێوەی یاسایی، باسی لە چۆنییەتی ئۆرگانیزەكردن و تاوتوێی یەكەكانی هەڵبژاردن دەكات؟
– ئایا هاوكێشەی گۆڕینی دەنگ بۆ دەسەڵات و قۆناغەكانی تەرخانكردنی دەسەڵات بۆ كاندیدەكان، بەڕوونی خراوەتەڕوو؟
– ئایا سیستەمەكە بەشێوەیەكی بەویژدان و دوور لە جیاكاریی، مامەڵە لەگەڵ كەمینەكاندا دەكات؟
*مافی بەربژێری “خۆكاندیدكردن”؛ چوارچێوەی یاسایی دەبێ گرەنتی ئەوە بدات كە سەر هەموو ئەو هاوڵاتیانەی گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی، خاوەنی مافێکی یەكسان و گشتین بۆ بەشداری لە هەڵبژاردندا.
– ئایا سەرجەم ئەو هاوڵاتییانەی گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی، خاوەنی مافێکی یەكسان و گشتین بۆ بەشداری لە هەڵبژاردندا؟
– ئایا چوارچێوەی یاسایی گرەنتی ئەوە دەکات كە مافی دەنگدان بەبێ هیچ جۆرە جیاكارییەك و لەسەر بنەمای یەكسانی لە بەردەم یاسادا بە هاوڵاتیان دەدرێت؟
– ئایا سنوردارێتی یاخود لەمپەر لەبارەی مافی دەنگدان بە تاكەكان هەیە؟، ئەگەر وایە ئایا ئەو كەسانە لەسەربنەمای هەلومەرجێکی تایبەت بەئاشكرا بایەخیان پێدراوە یاخود نا؟
*كۆمسیۆنەكانی هەڵبژاردن/ بەرپرسانی هەڵبژاردن؛ چوارچێوەی یاسایی پێویستە پێكهاتە و كاركردنی كۆمیسیۆنەكان و بەرپرسانی هەڵبژاردن بەجۆرێک پابەند بکات کە سەربەخۆیی و بێلایەنی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكە نەكەوێتە مەترسییەوە.
– ئایا “چوارچێوەی یاسایی”، پێكهاتەی كۆمیسۆنەكانی هەڵبژاردن پابەند دەکات بە سەربەخۆیی و بێلایەنی؟.
– ئایا “چوارچێوەی یاسایی”، كاركردنی كۆمیسۆنەكانی هەڵبژاردن پابەند دەکات بە سەربەخۆیی و بێلایەنی؟
– ئایا “چوارچێوەی یاسایی”، شەفافییەت بەسەر پێكهێنان و كاری كۆمیسۆنەكانی هەڵبژاردندا دەسەپێنێت؟ ئایا رێگا بە چاودێران دەدات چاودێریی بەسەر كارەكانیانەوە بكەن؟.
– ئایا “چوارچێوەی یاسایی” بەڕوونی پانتایی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی هەر كۆمیسیۆنێكی هەڵبژاردن و پەیوەندیان لەگەڵ ئۆرگانە دەوڵەتییەكان و بەرپرسانی دةسةلأتي جێبەجێكاريدا پێناس دەكات؟.
– ئایا “چوارچێوەی یاسایی” چانسی تەواو بۆ گۆڕانكاری لە بریارەكانی كۆمیسیۆنەكانی هەڵبژاردن فەراهەم دەكات ؟
– ئایا “چوارچێوەی یاسایی” كۆمیسیۆنەكانی هەڵبژاردن لە لابردنی بێ هۆ دەپارێزێت؟
ئامادەکردن: ڕێكخراوی ئاسایش و هاریكاریی له ئهوروپا
وەرگێڕانی: د.كارزان محەمەد