ورتەورتی شەڕی دووبارەی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرزتر بووەتەوە و خەریکە دەبێت بە دەنگ و هەرایەکی گەورە. وڵاتانی ئەورووپیش بۆ چالاککردنی میکانیزمی پەلەپیتکە(ماشە)، لە ڕووی هاوکێشەی هێزەوە چوونەتە بەرەی ئیسرائیل و ئەمریکا و تاران ڕٶژانێکی پڕ لە دڵەڕاوکی تێدەپەڕێنێت، بەڵام ئەم دڵەڕاوکێیە زیاتر بۆ خەڵکی ئاسایی و مەدەنییە، چونکە ئەوەی لە خیتاب و لێدوانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیدا دەیبینین جگە لە هاندان و ختووکەدانی دنیا بۆ شەڕێکی گەورەی ماڵوێرانکەری هیچی دیکەی لێ ناخوێنرێتەوە. ئێستەش کە میکانیزمی پەلەپیتکە چالاک بووە لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی تاران هێشتا لە سەودای گەڕاندنەوەی کەرامەتی شکێنراویان لە شەڕەکەدان خەڵک زەختێکی ئابووری کوشندەی بەسەردا سەپێنراوە، هەندێک لە کارناسان و پسپۆڕان باسی مەزنەهەڵاوسان(ابر تورم) دەکەن واتە ئیدی هەڵاوسانەکە بەرەو ئاقارێک دەڕوات کە دەوڵەت هیچ کۆنترۆڵێکی بچووکیشی بەسەردا نامێنیت.
نرخی برنج هەر لەم چەند ڕۆژەدا لە نۆسەد هەزار تەمەن بۆ یەک ملیۆن و نۆسەد هەزار تمەن بەرز بووەتەوە و ئەمە تەنها لە یەک کاڵای خۆراکیدا، لە ماوەیەکی چەند ڕۆژەدا سەرووی سەد لە سەد گرانیی بەخۆوە بینیوە، نرخی کاڵاکانی دیکەش لەمە خراپترن، خەڵک خەریکە لە دابینکردنی نانی ڕۆژانەی دادەمێنێت، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە کەللەڕەقییەکی ئایدۆلۆژیی بێوێنەوە لە خەون و فانتازیای سەرکەوتنی وەهمیی خۆیان باڵە مەلە دەکەن و ئەدەبیاتی دیپلۆماسییان بە هەڕەشە و گوڕەشە سیخناخ کردووە و جار نا جارێکیش لە زاری سەرۆک کۆمار؛ پزیشکیان یان وەزیری دەرەوە؛ ئێرراقچی هەندێ نەرمی دەنوێنن، بەڵام هەم ئەورووپا و هەمیش ئەمریکا و ئیسرائیل دەزانن دیپلۆماسیی ئێران تەنها یارییەکی گاڵتەجاڕانە و بێبایەخ و ناکارامەیە و بەگشتی لە خزمەت خەون و خەیاڵە پڵاوەکانی عەلی خامنەیی و ئایدۆلۆژیای ئاخر زەمانیی ئەو دایە. پێشتر باسی ئەوەم کردووە کە شەڕێک کە کۆمار دەیەوێت هەڵیگیرسێنێت کەمترین پێوەندیی بە مافی فەلەستینییەکان و …هتد هەیە هێندەی کە پێویستییەکە بۆ سیاسەتە ئایدۆلۆژییەکانی خۆی و پاراستنی کیانی پووکاوە کۆمار بە سەر ئێران و خەڵکە داماو و بەبارمتەگیراوەکەی، ئێستە کۆماری ئیسلامیی گەڕی دیپلۆماسیی خۆی بەرەو شانگهای و هاوپەیمانە گوماناوییەکەی واتە چین خستووەتە ڕێ، گەڕێک کە پێناچێت چین پێملی ئەوە بکات بێتە ناو جەنگێکەوە کە عەمامەڕەشێکی قسەزل و خەیاڵپڵاو تێگەیشتنێکی ئەوتۆی لێ نییە، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێران بەرەو هەر بارێکدا دۆخەکە بجووڵێنن یەکێک لە یاریکەرە سەرەکی و کاریگەر و کارامەکان ئیسرائیلە.
ئیسرائیل لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا سەلماندی دەتوانێت زۆر شت بکات و ئەمریکا و ئەورووپاشی بە سەرکەوتنەکانی بۆ هاودەنگیی لەگەڵ خۆی زیاتر ڕاکێشاوە. بەڵام ئیسرائیل ڕەنگە لە ڕووی ستراتیژەوە سەرکەوتوو بووبێت بەڵام لە ڕووی تاکتیکییەوە هەڵەی کرد و ئەگەر ئەو هەڵەیەی نەکردبایا بانگهێشتەکانی نەتانیاهۆ لە گەرمەی جەنگەکەدا بۆ شۆڕش و ڕاپەڕێنی خەڵک ئێستە ڕژێمی تارانی شل کردبوو. هەڵەکەی ئیسرائیل و نەتەنیاهۆ ئەوە بوو لەباتی ئاوڕدانەوەی جیدی لە کوردی ڕٶژهەڵات و کەمینە نەتەوەکانی دیکە لە ڕووی پلانی گوتارییەوە باسی هەخامەنشییەکان و سیستەمی پاشایەتی کرد. لێرە بە کورتی و بە کەڵک وەرگرتن لە وتارێکی د ئەردەشیر رەشیدی-ی-کەڵهوڕ، سەرۆکی ئەنجوومەنی فێرکاریی کوردەکانی ئەمریکا لە لۆس ئانجلڵێس لە ژێر ناوی جەنگی ١٢ ڕۆژە؛ شکستێکی تاکتیکی بەڵام سەرکەوتنێکی ستراتیژیک بۆ ئیسرائیل” ئاوڕێک لەم بابەتە دەدەینەوە.
“شکستی تاکتیکی ئیسرائیل لە جەنگی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئێران”
ئیسرائیل لەوەی کە هەژموونی و هەیمەنەی کۆماری ئیسلامیی کرد بە بۆ پڕووز و وەکوو بلقی سەر ئاو تەقاندنی سەرکەوتنێکی گەورەی ستراتیژیکی بەدەست هێنا، سەرکەوتنیک کە ئەمریکا و ڕۆژئاواشی بەشێوەیەک لە شێوەکان شۆک کرد و هەموو جیهانیشی نیگەران کرد. بەڵام لێرەدا من باسی شکستە تاکتیکییەکەی ئیسرائیل دەکەم چونکە سەرکەوتنەکەی لەڕووی جەنگی و هەواڵگری و سیاسییەوە بۆ هەمووان ڕوونە. هۆکاری ئەم شکستە (کە دەکرێت ئەمجارە دووبارە نەبێتەوە!) ئەوە بوو کە جەنابی ناتانیاهۆ بەپێچەوانەی ئەسکەندەری مەزنەوە کە پێش لە جەنگی خۆی لەگەڵ فارسەکاندا لە لایەن ڕاهێنەری بەئاوەزی خۆی واتە ئەرەستووەوە ڕاهێنرا و لە پێکدادانی گوگامێلا لە ساڵی ٣٣١ی پێش زاین وەکوو مێشوولە ڕاوەدووی نان، جووڵایەوە، ئەو دەبوو لەگەڵ گەورە خاخامەکانی خەڵکی جوو ڕاوێژی بکردا و لەمە ئاگادار کرابایەوە کە ئازادییی خەڵکی جوو لە کۆیلەیەتیی ئاشوورییەکان سەرەتا لە سەردەمی کیاکسارس(هووەخشەترە)، سێیەمین پاشای مادەکان، لە ساڵی ٦١٢ی پێش زاین، کاتێک کە کوروش تەنها کوڕیژگەیەک بوو، دەستی پێکرد.
خواست و نیازی سیاسیی بۆ یارمەتیدانی خەڵکی جوو بەمەبەستی ڕزگارکردنیان یەکەم جار لە ژێر پۆستاڵی ئاشوورییەکان و دواتر لە ژێر ڕکێفی بابلییەکان، بەشێک لە سیاسەتە جەنگییەکانی مادەکان بوو کە لە لایەن کوروشەوە درێژەی درایە کە لە هەندێک لە دەقە مێژووییەکاندا وەکوو شازادەی مادی نەک شازادەی فارسی ناوی دەهێنرێت. خاڵێکی دیکە کە شایانی باسکردنە ئەمەیە کە ئامیتیس؛ شازادە خانمی مادی و هاوسەری بەختەنەسری دووهەم پاشای بابیل بوو کە بە پێداگرییەوە داوای لە مێردەکەی دەکرد تاکوو ئورشەلیم تاڵان نەکات و پەرستگەی سلێمان خاپوور نەکات. هەروەها بە سەرنجدان بەوەی کە کوروش لایەنگری مافی مرۆڤ بووە، بە هەمان شێوە کە لە لوولەک(اسطوانە)ە ناسراوەکەی لە مۆزەخانەی لۆڤردا دیارە، سوپای فارس بە ڕێبەرایەتیی کوروش لە شوش و لە ناو خێڵی ئاخامێندییەکاندا دەژیان. ئەوان نە توانایی خوێندن و نووسینیان هەبوو و نە پێشینەیەکیشیان لە نووسراوە قوڕینەکان هەبوو تاکوو بتوانن ئاوەها جاڕنامەیەکی پەیوەست بە مافی مرۆڤ لە سەر لوولەکی قوڕین بنووسن. دەکرێت بڵێین کە هەندێک لە شوێنەوارناسەکان باوەڕیان وایە کە ڕەنگە کوروش لە لوولەکی قوڕین کە دەشێت لە سەردەمی حەمورابییەوە و لە سەردەمە سەرەتاییەکانی بابیل واتە نزیکەی ١٨٠٠ ساڵ پێش زاین دروست کرابێت، کۆپی هەڵگرتووە و لەبەری نوسیویەتەوە.
هۆکاری شکستی جەنابی ناتانیاهۆ ئەمە بوو کە ئەو بەقووڵی پاڵی بە هەستە دەسکردەکان و درۆ مێژووییەکانەوە دا و لەسەر هێلکەیەکی گەنیو بەناوی “پاشایەتیی فارسی” بەمەبەستی ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی گرەوی کرد. خەڵکی ئێران ئەمەیان قبووڵ نەکرد و بەپیرییەوە نەچوون چونکە هەستیان دەکرد ئەمە پارویەکی فڕێدراوە کە پێشتر جوێنراوە و ئێستە هیچ پاک و خاوێنی و تەندروستییەکی تێدا نییە تاکوو هەڵیگرنەوە. لە ڕاستیدا ئەوان گەڕانەوەی کوڕی شا بە مەترسیدار دەزانن و بەهۆکاری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی لە وڵات دەزانن. هەر بەم هۆیە بوو کە ئەوان نەڕژانە سەر شەقامەکان لە ئێران تاکوو بە دەنگی بڵند و کۆشی کراوەوە داوای گەڕانەوەی کوڕی شا بۆ وڵات بکەن. ئەمە هەڵەیەکی گەورە لە خەمڵاندن و بەراوردکاری و شکستێکی گەورە بۆ ئیسرائیل بوو. زیاتر لە ٤٥ ساڵ خەڵکی ئێران دەیانەویست ئیمان بهێنن بە دەسەڵاتی مەعنەویی دەوڵەتێک کە خۆیان هەڵیانبژاردبوو، بەڵام لەپڕێکدا بۆیان دەرکەوت کە درۆیان لەگەڵ کراوە، فریو دراون و لە هەر جۆرە ئازادی و مافێکی مرۆیی کە کۆمەڵگا سیکیولارەکان لێی بەهرەمەندن، بێبەش کراون. سەرباری ئەمەش، لە ئێستادا دۆخی نێوان ئیسرائیل و ئێران مرۆڤ دەخاتەوە بیری فیلمێک بەناوی “سوارچاکی ڕەش” کە تێیدا پاشا ئارتور لەگەڵ ڕکابەرێکی سەرسەخت ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە لە زۆرانبازی دایە لەگەڵ سوارچاکی ڕەشدا، سوارچاک دەستێکی لەکیس دەدا و تەسلیم نابێت، بەڵکوو هاواری سەرکەوتن بەرز دەکاتەوە، جەنگ درێژەی دەبێت و دیسان دەعیەی سەرکەوتن دەکات، دواتر پێیەک و پاشان ئەو پێکەشی لەکیس دەچێت و هەر بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرکەوتووە! تاکوو ئەوکاتەی ئیتر هیچ هات و هاوارێک لە جەنگێکی گاڵتەجاڕانەدا نامێنێتەوە. وەکوو سوارچاکی ڕەش لە فیلمەکەدا، ڕژێمی ئێران بە بەردەوامیی ئیدەعای سەرکەوتنی بە سەر ئیسرائیلدا هەیە، بەڵام خەڵک گەیشتوونەتە ئەم قەناعەتە کە ڕژێم و بەرپرسە باڵاکانی، یەک لە دوای یەک تیاچوون، بەم حاڵەشەوە لە ڕووی لووتبەرزیی بێهوودە و بۆشەوە، بەشێوەی بەردەوام دەڵێن کە ڕژێمە ئیسلامییەکەیان هێشتا سەرکەوتووە.
“هەنگاوی دواتر چییە؟”
زۆربەی ئێرانییەکان ئیتر نیگەرانی گۆڕانی ڕژێم نین، چونکە ئەوان بە دەنگی بەرز گەڕانەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی ناکارامە و ئیفلیجی پێشوویان ڕەت کردووەتەوە و هەروەها ناشیانەوێت لە ژێر سێبەری ئایدۆلۆژیای کۆن و سواوی هاوشێوەی چاخی بەردینی ڕژێمی ئێستادا ژیان بەسەر ببەن! و ئەمەش تەنها یەک ڕێگاچارە بۆ چارەسەرکردنی پارادۆکسی ئاماژەپێدراوی سەرەوە دەهێڵێتەوە. بۆ ئەوەی کە لەمپەر و شتێکی جووڵەنەکەر و نەبزاو لە سەر ڕێگا لا دەن، کە نەک تەنها کۆماری ئیسلامییە، بەڵکوو هەڕەشەی زیندوو و ئامادەی حیزبی داد و گەشەپێدانی ئەردۆگانە لە سەر سوریا کە لە هەوڵی بووژاندنەوەی تارمایی ڕابردووی عوسمانی دایە، ڕێگەچارەی نەهێشتنی دوژمنکاریی ئێران و تورکیا لە دژی ئیسرائیل، گۆڕێنی نەخشەی ڕٶژهەڵاتی ناوینە کە بە ناڕەوا بەهۆی ڕێکەوتنی سایکس-پیکۆوە داڕێژراوە. ئیسرائیل پەیوەستبوونی خۆی بە هاودەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا بۆ پشتگیریی لە کەمینە نەتەوەییەکان کە لە ژێر زەبری یاسا ئیسلامییە تورک-فارسییەکان دان، هەڵدەسەنگێنێت. ئێران گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی سرووشتیی خۆی، کە لە هەناوی ئەم مەرگەدا کۆمەڵێک وڵاتی سەربەخۆی نوێ لەدایک دەبن. کوردەکان و لوڕەکان، ئازەرییەکان، عەرەبەکان و بەلووچەکان کە خەباتێکی دوورودرێژ و پاڵەوانانەیان دژی خراپ بەکارهێنانەکانی دەوڵەتی ناوەندیی لە ئێران ئەنجام داوە، بڕیارە ئازادیی ڕەوا بەڵام درەنگ وەختی خۆیان هەر بە دەست بهێنن. ئیسرائیل و هەروەها ڕۆژئاو لە بینینی گۆڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوچەیەک کە لەڕووی ئایینییەوە سەربازیتەوەر، ئوڵترا ناسیونالیست و هەندێ جار تیرۆریستییە بۆ ناوچەیەک کە سیکۆلار، ڕێزگر لە مافی مرۆڤ، هاوکاریخواز و خوازیاری گۆڕان و گەشەی ئابووریی ناوچەکەن کە ئەمە لە ڕێگەی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیل و ناوچەکانی دیکەی جیهان ببێت، شاگەشکە دەبن.