“ێیشەکی”
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سپۆنسەر و میوانداری کردنی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی مێژوویی کرد، لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بە بەشداری “ئیلهام عەلیێڤ” سەرۆکی ئازەربایجان و “نیکۆل پاشینیان” سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا لە کۆشکی سپی لە ٨ی ئابی ٢٠٢٥. هەرچەندە هەندێک خاڵی ناکۆکی لە نێوان هەردوو وڵاتدا ماون، بەڵام ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە گرنگترین خاڵە ناکۆک و هەڵپەسێردراوەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە، ڕووداوێکی گرنگە بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکی و تووندوتیژی، ئەویش کۆنترۆڵکردنی کۆریدۆری زەنگێزور کە جێی ناکۆکی تووند بوو لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی ڕابردوودا، تەنانەت فاکتەری سەرەکی بوو لە جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئەم دوو وڵاتە. واژوکردنی ئەم ڕێککەوتنە کاردانەوەی گەرەی بە دوای خۆێدا هێنا چ لەسەر ئاستی ئاستی ناوچەکەدا بێت یانیش لەسەر ئاستی جیهانیدا. کاردانەوەکان لە گرنگی کۆریدۆرەکەوە سەرچاوە دەگرن بۆ هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان، هەر یەکە لە کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا وەک دوو ئەکتەری کاریگەر و خاوەن هەژموون لە ناوچەکە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ ڕێککەوتنامەکە کاریگەریی دەبێت لەسەر هەردوولا.
بەپێی ڕێککەوتنەکە بێت کە راگەیاندراوە، سێ خاڵی سەرەکی لە خۆدەگرێت، کە پەیوەستن بە ئەمریکا، ئازەربایجان و ئەرمینیا، ئەوانیش:-
یەکەم:- ئەو بەشەی کۆریدۆری زەنگێزور کە بە خاکی ئەرمەندا تێدەپەڕێت، بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ ڕادەستی کۆمپانیایەکی ئەمریکی دەکرێ.
دووەم:- کۆریدۆری زەنگەزور ناوەکەی دەگۆڕدرێت بە “ڕێڕەوی ترامپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی نێودەوڵەتی”. واتە زەنگەزور لە کۆریدۆرێکی ناوچەییەوە دەبێتە کۆریدۆرێکی نێودەوڵەتی.
سێیەم:- کۆشکی سپی کۆت و بەندەکانی سەر هاوکاری بەرگری لە نێوان ئازەربایجان و ئەمریکا هەڵدەگرێت و پەیوەندییە ئاسایشی و بەرگرییەکانی واشنتۆن و باکۆ ئاسایی دەبنەوە.
چوارەم:- ئەرمینیا و ئازەربایجان بەڵێن دەدەن بۆ هەمیشە هەموو دوژمنایەتییەکان ڕابگرن و و ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی یەکتر بگرن، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی دوولایەنە.
پێنجەم:- ئەمریکا پاراستنی ئاسایشی بۆ ئەرمینیا دەستەبەر دەکات لە بەرامبەر هەڕەشە و مەترسییەکان.
“زەنگەزور لە کۆریدۆرێکی جەنگەوە بۆ ئاشتی”
زەنگەزور، ئەو ناوچەیەی ئەرمینیایە کە هەندێکجار ئازەربایجان، تورکیا و ئێرانی لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا کۆکردۆتەوە، بەڵام لە هەندێک کاتیشدا وایکردووە ئەم هێزانە بچنە نێو دۆخێکی سەربازیی و جەنگییەوە. شەڕ و ناکۆکیی لەکاراباخە، بەڵام چاوەکان لەسەر زەنگەزورن، چونکە ناکۆکی شاراوە و قووڵ لەو ناوچەیەدایە. ناوچەی زەنگەزور کە ئەرمینیا پێیدەڵێت “سیونیک” خاکی ئەرمینیایە و کەوتووەتە باشووری وڵاتەکە و هاوسنوورە لەگەڵ ئێران. ناوچەکە وەك چۆن تاکە رێگای بەستنەوەی ئەرمینیا و ئێرانە، تاکە رێگای بەستنەوەی ئازەربایجانیشە بەکۆماری ناهچیڤانی سەر بە ئازەربایجانەوە. ئازەربایجان و تورکیا بەپڕۆژەی زەنگەزور دەڵێن رێڕەو و ئەرمینیاش بە رێگا ناویدەبات، قەیرانی قووڵی ئازەربایجان و ئەرمینیا و تورکیا و ئێرانیش بەم رێگایەدا تێدەپەڕێت و چارەسەرەکانیش هەر لەسەر ئەم رێگایە وەستاوون. رێڕەوەکە لەرێگای وشکانی و ئاسن پێکهاتووە، تاکو ئازەربایجان و ناهچیڤانە بەیەکەوە ببەستێتەوە و درێژییەکەی زیاترە لە “٤٠ کم”. لە دوای وەستانی جەنگی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ساڵی “٢٠٢٠” کە بە جەنگی قەرەباخ ناسرابوو، باکۆ بۆ پێکەوە بەستنەوەی وڵاتەکەی بە ناوچەی ناخچیڤان جەختی لەسەر دروست کردنی ڕێگایەك دەکردەوە، بەڵام ڕێككنەکەوتنی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر چۆنییەتی دروستکردنی رێگاکە خەریك بوو تاران و ئەنقەرە بەرەو ڕووی یەکتر بکاتەوە. ئامانجی ئازەربایجان جگە لە بەستنەوەی وڵاتەکە بە ناهچیڤانەوە، مەبەستی بەستنەوەی وڵاتەکەی بوو بەتورکیا لەرێگای ناهچیڤانەوە کە دراوسێی پارێزگای قارسە لەتورکیا.
بەم شێوەیە باکۆ ڕاستەوخۆ خاکەکەی بە تورکیاوە دەبەستەوە، هەروەها لە ڕووی ئابووریی و بازرگانییەوە ئازەربایجان دەیەوێت، نەوت و گازی سرووشتی و کاڵا بازرگانییەکان راستەوخۆ لەوڵاتانی تورک زمان، ئاسیای ناوەڕاست و خەزەرەوە دەگەنە تورکیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و جیهان بگوازێتەوە. ئەم ئامانجانەی ئازەربایجان ڕاستەوخۆ پەیوەست بوو بە ناکۆکی و ململانێی تاران و ئەنقەرە لە سەر ئاستی ناوچەکە، لەبەرئەوەی لە ناکۆکی و جەنگی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان هەردوو دەوڵەت دژبەیەك بوون، بە شێوەیەك تاران پاڵپشتی تەواوی لە ئەرمینیا دەکرد و ئەنقەرەش وەك هاوپەیمانی ئازەربایجان هەموو هەوڵەکانی بۆ ئەوە بوو کە باکۆی هاوپەیمانی لە جەنگەکە براوە بێت، چونکە پێی وابوو؛ ئەمە تەنها پەیوەندی بە سەرکەوتن بەسەر ئەرمینیا نییە، بەڵکو سەرکەوتنە بەسەر نەیارەکانیشی لەسەر ئاستی ناوچەکەدا، لەسەرووی هەمووشیانەوە کۆماری ئیسلامی ئێران. کە ئەمەش ترسە قووڵەکەی تارانە و وەک “پڕۆژەی توران’ تەماشای دەکات، چونکە ئەو کاتە تورکیا وەک ئێستا پێویستی بەکڕینی گازی سرووشتی ئێران نامێنێت. ئێران هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ دروستکردنی رێڕەوەکەدا نییە، بەو جۆرەی ئازەربایجان و تورکیا دەیانەوێت و رەتیدەکاتەوە، چونکە بۆچوونی وایە رێڕەوەکەی ئازەربایجان و تورکیا بۆ تەوقدان و گەمارۆدانی وڵاتەکەیەتی، ئەوەشی ئەم ترسەی زیادکردووە نزیکایەتیی و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا، ئازەربایجان و ئیسرائیلە، بەتایبەت پەیوەندییە هەواڵگریی، ستراتیژیی، ئابووریی، سیاسیی، بازرگانی و وزەییەکانی نێوان تەلئەڤیڤ و باکۆ. مەترسی رێڕەوەکە بۆ ئێران لەوەدایە لەداهاتوودا ببێت بە هی ئازەربایجان و بەمجۆرەش هیچ سنوورێک لەنێوان ئێران و ئەرمینیادا نامێنێت. دەسەڵاتدارانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیان لەسەر دەکردەوە کە بەهیچ شێوەیەک رێگا نادەن سنووری نێوان وڵاتەکەیی و ئەرمینیا دابخرێت. تەنانەت تاران هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی کرد لە ئەگەری هەر هەنگاوێکی سەربازیی ئازەربایجان لەناوچەکەدا. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە دوای رێککەوتنی ئاشتی لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکا دەربارەی کۆریدۆرکە تاران چ کاردانەوەیەکی کردەیی دەبێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە تاران دەخاتە بەردەم بژاردەیەکی زۆر قورس، لەبەرئەوەی کۆریدۆرەکە لە پرسی نێوان دوو دەوڵەت “ئەرمینیا و ئازەربایجان”، دوو ئەکتەری ئیقلیمی “تاران و واشنتۆن” دەرچووە و بۆتە پرسێکی نێودەوڵەتی.
“ڕێککەوتنامەی ترەمپ بۆ تاران و ئەنقەرە لە نێوان هەڕەشە و دەرفەتدا”
یەکێک لە لێکەوتە هەر گرنگەکانی ئەم ڕێککەوتنامەیە پەیوەندی دانانی کاریگەرییەوە هەیە لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا، بەو پێیەی هەردوو دەوڵەت لەسەر ئاستی ناوچەکە، وەک ئەکتەری خاوەن هەژموونی سیاسی، ئابووریی، فەرهەنگی و کەلتووریی بەرفراوان بەدی دەکرێن. ئەم ڕێککەوتنامەیە مەترسی و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دەخولقێنێت بۆ پێگە و نفوزی تاران، لەبەرامبەردا بۆ ئەنقەرە دەبێتە دەرفەتێکی تازە بۆ ئەوەی پایەکانی خۆی بەرەو هەڵکشان بەرێت لە ناوچەکە. ناوەندە فەرمییەکانی ئێران کاردانەوەی بەرچاویان هەبوو بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئاشتی کە ڕۆژی ٨ی ئاب لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە کۆشکی سپی و بە نێوەندگیری ئەمریکا ئەنجامدرا. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا نوخبە سیاسییەکانی ئێران سەرقاڵبوونی قووڵیان بەم بابەتە نیشانداوە کە بە پرسێکی ستراتیژی دەزانن و دەستبەرداربوون لەو بابەتە هەنگاوێک دەبێت بەرەو خنکاندنی ستراتیژی وڵات. بەشێک لەم کاردانەوەی ئێران لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕێککەوتنی نێوان دوو لایەنی ئەم ململانێیە بە مانای دابەزینی نفوزی ئێران لە ناوچەکەدا دێت کە ئێران بە بەشێک لە کایەی ژیانی خۆی دەزانێت، بە تایبەت کە ڕێککەوتنی ئازەربایجان و ئەرمەنستان بەبێ هەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ تاران ئەنجام دراوە.
بەشداریکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە دروستکردن و کارپێکردنی کۆریدۆرەکەدا وەک هێڵی سووری ستراتیژی بۆ تاران دەمێنێتەوە. تاران ڕێڕەوی زەنگەزور لە دەرەوەی هێڵێکی تەکنیکی گواستنەوە، بە پرسێکی جیۆپۆلەتیکی دەزانێت لە چوارچێوەی “کێبڕکێی کۆریدۆر”دا، کە توانای ئەوەی هەیە لە ڕووی جیوئابوورییەوە ئێران بەدەر بکات، بوونی ناتۆ/ئەمریکا لە سنوورەکانی باکوور نزیک بکاتەوە و توانای دەستڕاگەیشتن بە هەواڵگری و لۆجستیکی ئیسرائیل فراوانتر بکات. دەرئەنجامی کردەیی ئەم ڕێککەوتنە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر هەوڵەکانی تاران کە ماوەی دەیان ساڵە کاری بۆ دەکات، بۆ ئەوەی ئەم کۆریدۆرە لەگەڵ بنەمای بەرژەوەندییەکانی هاوشان بکات لەسەر ئاستی ناوچەکە، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە کە کۆریدۆرەکەی لە پرسێکی ئیقلمییەوە کردییە نێودەوڵەتی، بەمەش کۆریدۆرەکە وەک پرسێک لە دەستی تاران دەرچوو. تورکیا بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە هەوڵدەدات ببێتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە بەشداریکردن لە چەندین ڕێگای ستراتیژی نێودەوڵەتی بازرگانی. قەفقازی باشوور شوێنێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی تورکیا.
لە ڕوانگەی بازرگانی جیهانی و زنجیرە دابینکردنەکانەوە، ڕێڕەوی ناوەڕاست کە بە ڕێگای گواستنەوەی نێودەوڵەتی ترانس-کاسپیان ناسراوە، گرنگییەکی زیاتر بەدەست دەهێنێت. ئەم ڕێگایە ئامانجی زیندووکردنەوەی ڕێگای ئاوریشمی مێژوویی چینە کە لە تورکیاوە تا قەفقاز درێژ دەبێتەوە و لە دەریای خەزەر دەبڕێت و بە تورکمانستان و کازاخستاندا تێدەپەڕێت بۆ گەیشتن بە چین. ئەم ڕێگایە ڕووبەڕووی کێبڕکێ دەبێتەوە لە ڕێڕەوی باکوور “کە بە ڕێگای دەریای باکووریش ناسراوە” کە بە ڕووسیادا تێدەپەڕێت. بەڵام ڕۆژئاوا خۆی لە پشت بەستن بە ڕووسیا بۆ بازرگانی خۆی دەپارێزێت. تورکیا، دان بە هێزی ڕوسیا لە ناوچەکەدا دەنێت، هیچ نیازێکیشی نییە مۆسکۆ بە فشار یان کاریگەری زیاتر لە قەفقازی باشوور وروژێنێت بە شێوەیەک کە بە ڕوونی زیان بە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بگەیەنێت. بۆیە ئەنقەرە هەوڵدەدات ڕێکەوتنی ئاشتی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان کەڵک وەربگرێت بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی هاوکاری بازرگانی کە ڕووسیا و تەنانەت ئێرانیش لەخۆ بگرێت، لە دۆخێکدا کە بەرژەوەندییە بازرگانییە هاوبەشەکان لە پێش هەموو کێبڕکێیەکی جیۆپۆلەتیکی لە پێشینەدا بێت. ئەنقەرە هەروەها درک بەوە دەکات کە ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە ببێتە هۆی هەوڵدان بۆ نەهێشتنی تەواوەتی کاریگەریی ڕووسیا لە قەفقازی باشوور، ڕەنگە ڕووسیا بە کەڵکوەرگرتن لە کاریگەرییە سیاسییەکانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئەرمەنستان هەوڵی تێکدانی سەقامگیری یەریڤان بدات. بۆیە تورکیا بژاردەی بازرگانی وەك بەدیلێک بۆ ئەو فۆرمە کۆنەی کە کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی زاڵ بووە بە باش دەزانێت.
سەرەڕای دژایەتی تاران لەگەڵ کۆنترۆڵی ئەمریکا بۆ سەر ڕێڕەوی زەنگەزور. تورکیا ئاگادارە کە دەکرێ کۆنترۆڵی ئەمریکا بەسەر ڕێڕەوی زەنگەزور بۆ تێکدانی بەرژەوەندییەکانی چین و بەربەست خستنە سەر ڕێگای ئاوریشمی ناوەڕاست کەڵک وەربگیرێت. هەروەها واشنتۆن دەتوانێت ڕێگە بە بەکارهێنانی کۆریدۆکە بدات تەنها بۆ بازرگانی نێوان هەرێمەکان. جگە لەوەش لە ئەگەری هەر ناکۆکییەکی سیاسی لە نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن، هەر ئیدارەیەکی داهاتووی ئەمریکا دەتوانێت بوونی خۆی لە زەنگەزور بۆ فشارخستنە سەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا کەڵک وەربگرێت.
“ڕێککەوتنامەکە ئێران دەکاتە هێزێکی بێ کاریگەر لە ناوچەکە”
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کۆریدۆرە سوود و قازانجی بەرچاو بۆ ئازەربایجان و ئەرمینیا و ئەمریکا دەگەیەنێت، هەروەها سوودی بۆ یەکێتی ئەوروپا لە ڕووی کەشتیوانی و وزە دەگرێتەوە. بەڵام جێبەجێکردنی کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت، چ لە ڕووی بازرگانی و چ لە ڕووی کاردانەوەی ستراتیژی و جیۆپۆلەتیکییەوە. یەکێکی دیکە لە فاکتەرەکانی دژایەتی کردنی تاران بۆ ئەم پڕۆژەیە، ئەوەیە کە جێبەجێ کردنی ئەم پڕۆژەیە دەتوانێ پەیوەندیی وشکانیی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەرمینیادا بپچڕێنێت و هاوسەنگییە جیۆپۆلیتیەکان بگۆڕێت، ئەمەش لەڕووی بەرژەوەندییە جیۆسیاسی، جیۆپۆلیتکی و ستراتیژییەوە لێکەوتەی خراپی دەبێت لەسەر ڕۆڵ و پێگەی تاران لە ناوچەی قەفقاسیا. دەرئەنجام کاریگەریی ئێران لە ناوچەکەدا کەم دەکاتەوە. هەروەها بەستنەوەی ڕێگاکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوای ئێران بە تورکیاوە دەتوانێت ئێران وابەستەی تورکیا بکات کە ئەمەش لە بەرژەوەندی ئێران نییە. لە کاتێکدا ئەم پڕۆژەیە زیان بە تاران دەگەیەنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا چنگی ئەکتەرێکی دیکەی وەک تورکیا لەسەر ناوچەکە بەهێز دەکات، کە تاران لەسەر ئاستی وەک نەیاری خۆی دەبینێت.
“لایەنە سوودمەند و زیانمەندی کۆریدۆرەکە”
کۆریدۆری زەنگەزور، ئازەربایجان بە نەخجەڤان و ئاسیای ناوەڕاست لە ڕێگەی تورکیاوە دەبەستێتەوە و دەکرێت ببێتە بەشێک لە “رێگای ئاسنی باکوو-تفلیس-قارس”. ئەمەش دەتوانێت ڕێگای ئاوریشمی مێژوویی زیندوو بکاتەوە و تێچووی بازرگانی ئاسیا و ئەوروپا کەم بکاتەوە. هەر دوو وڵاتەکە دژی کۆنترۆڵکردنی کۆریدۆرەکەن لەلایەن بیانییەکانەوە و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی جیهانی تورک دەکەن. ئەم داواکارییە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە هۆی “دامەزراندنی بەرەیەکی تورکی” لە ناوچەکەدا و ئەمەش هەڕەشەیەکە کەوا چاوپۆشیی لێدەکرێت. گۆڕانکارییە سنوورییەکان کە ئێران وەک “هێڵێکی سوور” دەیبینێت و دابەزینی کاریگەرییەکانی ڕووسیا، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دژوار دەکات. کۆریدۆری زەنگەزور دەرفەتێکی ستراتیژی بۆ بازرگانی ناوچەیی و جیهانی دەڕەخسێنێت، بەڵام هاوکات لە چەقی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانیشدایە. ئەو ئیدیعایە کە گوایا ئەو کرۆیدۆرە بۆ ماوەی 99 ساڵ لەلایەن ئەمەریکاوە بەکرێگیراوە، لەلایەن ئەرمینیاوە ڕەتکراوەتەوە و هەروەها ئازەربایجان و تورکیاش ڕەتیان کردۆتەوە، ئەمەش وایکردووە کە لە ئێستادا پلانێکی ناجێگیر بێت.
ئەگەر کۆریدۆرەکە بکرێتەوە، ئازەربایجان، تورکیا، وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و چین دەتوانن سوودی ئابووری و ستراتیژی بەدەست بهێنن و لە هەمان کاتدا کاریگەریی ناوچەیی ئێران و ڕووسیا کەم دەبێتەوە. بەستنەوەی بێ ناوبڕی نێوان تورکیا و ئازەربایجان، یەکبوونی ئابووری و کولتووریی جیهانی تورک بەهێز دەکات. شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین ڕێگا بازرگانییەکانی باکووری پەکخستووە و زەنگەزور وەک ڕێگایەکی بەدیل دەردەکەوێت. کۆریدۆری زەنگەزور بە پشتگیریی هێڵەکانی وزە و ژێرخانی فایبەر ئۆپتیکەوە، دەتوانێت بەشداری لە گەشەپێدانی ناوچەکەدا بکات. لێرەدا پرسیارێکی سەرەکی دێتە پێش ئەویش ئەوەیە، ئایا کام دەوڵەت سوود مەندی ئەم پڕۆژەیەن و کامە دەوڵەتیش زیاندمەندی پڕۆژەکەن؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ڕەهەندی جیۆئیکۆنۆمی، جیۆپۆلیتیکی و ئاسایشی پڕۆژەکە دەردەخات. کەواتە، بە لەبەرچاوگرتنی ڕەهەندە ئابووریی و جیۆپۆلیتیکییەکان دەتوانرێت دەوڵەتان بە گشتی بۆ دوو بەش دابەش بکرێن، بەشێک ئەو دەوڵەتانەن کە سوودمەندی سەرەکی پڕۆژەکەن، بەشەکەی دیکەش ئەو دەوڵەتانەن کە زیانمەندی پڕۆژەکەن.
یەکەم:- ئەو دەوڵەتانەی سوودمەندی سەرەکی پڕۆژەکەن، گومانی تێدا نییە پڕۆژەی نوێی کۆریدۆری زەنگەزور، یاخود پڕۆژەی ڕێگای ترەمپ کۆمەڵێک لایەن تێیدا سوودمەند دەبن، کە دەکرێت بەم شێوەیە پۆلێن بکرێن:-
١- ئازەربایجان:- یەکێک لە دەرەنجامەکانی پڕۆژەکە ئەوەیە کە دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆی ئازەربایجان بە نەخجەڤان، یەکێتی ئابووری و سیاسی ئازەربایجان بەهێز دەکات. ئەمەش زیادبوونی بازرگانی لەگەڵ تورکیا و ئاسیای ناوەڕاست، ئاستی هەناردەکردنی وزە و کاریگەریی ناوچەیی ئازەربایجان زیاد دەکات کە ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی لەسەر پێگەی ئەو دەوڵەتە لە داهاتووی ناوچەکە بەرز دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا ئەو کۆریدۆرە دەتوانێت ئازەربایجان بکاتە ناوەندێکی لۆجستیکی ستراتیژیک سەبارەت بە هاوکێشە ئیقلیمییەکان لەسەر ناوچەی قەفقاسیادا.
٢- تورکیا:- گرێدانی ڕاستەوخۆی بە ئاسیای ناوەڕاست و ئازەربایجانەوە، ڕۆڵی سەرکردایەتی ناوچەیی تورکیا بەهێز دەکات کە ئەنقەرە بەردەوام ناوچە وەک یەکێتی دەوڵەتانی تورک سەیر دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت پڕۆژەکە ببێتە هۆی مەترسی لەسەر ڕۆڵی ناوچەیی تورکیا و پاشەکشە کردنی پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد و دروستبوونی ئاڵنگاری لەبەردەم پڕۆسەکە. تورکیا دەتوانێت وەک بەشێک لە کۆریدۆری ناڤین، ببێتە ناوەندێکی لۆجستیکی جیهانی، کە دەتوانێت خواستە دەسەڵاتخوازیی و فراوانخوازییەکانی تورکیا بەهێز بکات و ببێتە هۆی بەهێزبوونی دەوڵەتێکی خاوەن هەژموون لە ناوچەکەدا. لەلایەکی دیکەشەوە، لەسەر ئاستی ئابووریی و بازارگانی داهاتی وزە و بازرگانی تورکیا زیاد دەکات، کاریگەرییە جیۆ-ئیکۆنۆمی زیاد دەکات، بەڵام ئەمە لەوانەیە ڕەنگدانەوەی نەرێنی بکاتە سەر ڕۆڵ و پێگەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
٣- وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست:- وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، بەتایبەت، تورکمانستان، کازاخستان و ئۆزبەکستان لە ڕێگەی تورکیاوە بە ئاسانی دەتوانن دەستیان بە بازاڕەکانی ئەوروپا ڕابگات. ئەمەش پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی ناوچەکە بەهێز دەکات، بەڵام دەتوانێت وابەستەیی ئەو وڵاتانە بە دەوڵەتێکی وەک تورکیا کە زیاتر بکات کە لەگەڵ چوارچێوەی ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەنقەرە لەسەر ئاستی ناوچەکە یەکدەگرێتەوە.
٤- چین:- وەک بەشێک لە پڕۆژەی “یەک پشتێن، یەک ڕێگا”، کۆریدۆری زەنگەزور، بۆ گەیشتنی چین بە ئەوروپا ئاسانکاری دەکات و تێچوونەکان کەمدەکاتەوە، ئەمەش لە ڕوانگەی ئابووریی، وزە و ئاسایشییەوە چین زیاتر لە کیشوەری ئەوروپا نزیک دەکاتەوە، کە لە ئێستا بە تایبەت دوای لێکەوتەکانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، پەکین دەرفەتی نزیک بوونەوە و تێکەڵی پەیوەندییە بازرگانی و وزەییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەوروپا زیاتر بووە و بەرەو پێش چوونی بەرچاو لەم بارەوەیە بەدیکراون.
٥- ئەوروپا:- پڕۆژەی ڕێگەی ترەمپ کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پەیوەندیی و تێکەڵییە ئابووریی، کەلتوووریی و وزەییەکانی دەوڵەتانی ئەوروپا لەگەڵ ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست، کە ڕێگایەکی بازرگانی کورتتر و سەلامەتتر هاوردەکردنی ئەوروپی لە ناوچەکە ئاسان دەکات.
٦- ئەرمینیا:- لەڕووی سیاسی، ئاسایشی و ئابوورییەوە ئەم پڕۆژەیە کاریگەری ئەرێنی دروست دەکات لەسەر ئەرمینیا، لەبەرئەوەی یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە بە دەستەبەر کردن و گەرەنتی کردنی لایەنی ئاسایشیی بۆ ئەرمینیا لەلایەن ئەمریکا، ئەمە لە ڕووی سیاسیی و ئاسایشییەوە خاڵێکی گرنگە. هەروەها لەڕووی ئابووریشەوە ئەگەر ئەرمینیا بتوانێت سوود لەو کۆریدۆرە وەربگرێت، ئەوا دەتوانێت ئەو دەرفەتە لە پەرەسەندن و گەشەسەندنی ئابوورییەکەیدا بەکاربهێنێت و پڕۆسەی گەشەسەندنی ئابووریی وڵاتەکەی بەرەو پێشچوونی باش بە خۆیەوە ببینێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو دەرفاتەنەشدا ململانێکانی ئێستا و نیگەرانییەکانی سەروەری دەتوانن ئەم دەرفەتانە سنووردار بکەن.
دووەم:- ئەو دەوڵەتانەی زیانمەندی پڕۆژەکەن، گومانی تێدا نییە پڕۆژەی نوێی کۆریدۆری زەنگەزور/ ڕێڕەوی ترامپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی نێودەوڵەتی”، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵێک دەوڵەت دەوڵەت/لایەن تێیدا سوودمەند دەبن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەندێک دەوڵەت و لایەن هەن کە زەرەرمەندی پڕۆژەکەن، کە دەکرێت بەم جۆرە بخرێنەڕوو:-
١- ئێران:- ئێران دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەکات، چونکە داڵانی زەنگەزور، دەتوانێ پەیوەندیی وشکانیی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەرمینیادا بپچڕێنێت و هاوسەنگییە جیۆپۆلیتیەکان بگۆڕێت. ئەمەش کاریگەریی ئێران لە ناوچەکەدا کەم دەکاتەوە. بەستنەوەی ڕێگاکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوای ئێران بە تورکیاوە دەتوانێت ئێران وابەستەی تورکیا بکات کە ئەمەش لە بەرژەوەندی ئێران نییە. لە کاتێکدا ئەم پڕۆژەیە زیان بە تران دەگەیەنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا چنگی دەوڵەتێکی تری وەک تورکیا لەسەر ناوچەکە بەهێز دەکات.
٢- ڕووسیا:- مۆسکۆ، لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی 2020دا ڕۆڵی دابینکردنی ئاسایشی کۆریدۆرەکەی گرتبووە ئەستۆ، بەڵام ئەم ڕۆڵە بەهۆی شەڕی ئۆکراین و لاوازبوونی کاریگەرییەکانی لە ناوچەکەدا، لەژێر هەڕەشەدایە. هەوڵەکانی ئەرمینیا بۆ بە نیشتمانیکردنی هێڵی ئاسن، کاریگەرییەکانی ڕووسیا لە کۆریدۆرەکە زیاتر لاواز دەکات. ئەگەر ئەو کۆریدۆرە بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ڕۆژئاواوە، ئەوا پێگەی ستراتیژی ڕووسیا لە باشووری قەفقاز لاواز دەبێت.
٣- ئەرمینیا:- لێکەوتەکانی پڕۆژەکە بۆ ئەرمینیا دوولایەنەیە، بەو مانایەی هەم دەتوانێت وەک دەرفەت بێت، هەمیش دەتوانێت وەک ئاڵنگاری و هەرەشە بەدی بکرێت. لێکەوتەکانی پڕۆژەکە بۆ سەر ئەرمینیا وەستاوەتەوە سەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەو وڵاتە لەگەڵ پڕۆژەکە. ئەگەر ئەرمینیا دژایەتی ئەو پڕۆژەیە بکات لەبەر ئەوەی کە سەروەری وڵاتەکەی پێشێل دەکات، ڕەنگە لە دەرفەتە ئابووری و بازرگانییەکانی بێبەش بکرێت. لە سیاسەتی ناوخۆییدا حکومەتی نیکۆل پاشینیان لەسەر ئەم بابەتە لەژێر فشاری زۆری ئۆپۆزسیۆندایە و ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی لەو وڵاتەدا، چونکە ئەگەر حکومەتی پاشینیان ڕێگە بە ئەکتەرە بیانییەکان بدات کە کۆریدۆرەکە بەڕێوەببەن، لەوانەیە لە سیاسەتی ناوخۆییدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووند ببێتەوە. ڕۆڵی باڵادەستی ئەمریکا لە کۆریدۆرەکەدا دەتوانێت پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەرمینیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و فەرەنسا لاواز بکات.
“ڕێککەوتنامەکە گۆڕانکاری جیۆپۆلیتیکی و هاوسەنگی هێز بەدوای خۆیدا دێنێت”
ئەم ڕووداوە گەورەترین گۆڕانکاریی ژیۆپۆلیتیکی و ژیۆستراتیژیی چەند دەیەی ڕابردووی ناوچەی قەفقازە و کۆمەڵێک ئەنجامی گرنگی بۆ ئێران و ناوچەکە لێدەکەوێتەوە و دواجار لەتوانایدا هەیە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە بگۆڕێ، ئەمەش لەگەڵ بنەماکانی بەرژەوەندییەکانی تاران یەکناگرێتەوە، بۆیە قۆناغێکی تازە لە هاوکێشە ناوچەییەکان دێنێتە کایەوە. ململانێیەکان دەربارەی ڕێرەوەکە ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێ و گواستنەوە لە سیستەمی کۆنەوە بۆ سیستەمی نوێی نێودەوڵەتییە کە لەگەڵ ستراتیژییەتی تاران یەکناگرێتەوە. لەم قۆناغە نوێیەدا سەرجەم هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان لەهەوڵی دووبارەناساندنەوەی خۆیان و بەدەستهێنانی پێگەی خۆیان لە سیستەمی نێودەوڵەتی تازەدان. لەدوای پەلاماری ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین و دوورکەوتنەوەی مۆسکۆ لە ڕووداوەکانی قەفقاز، دەرفەت بۆ هاتنی ئەمریکا و ناتۆ بۆ قەفقاز خولقا و ڕووسیا وەک بەهێزترین هەژموونی قەفقاز لە هاوکێشەکان دابڕا. هاتنە ناوەوەی واشنتۆن بۆ ناوچەکە ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لەسەر ئاستی ئیقلیمی لە ناوچەکە دەخاتە بەردەم هەڕەشەی نوێ. گەمارۆدانی ژیۆپۆلتیکی تاران و مۆسکۆ خاڵی یەکەمی کارتێکەری و کاریگەریی کۆنترۆڵکردنی زەنگەزور لەلایەن واشنتۆنەوە. ئێران زۆر نیگەرانە لەوەی ئەم ڕێڕەوە بێتە هۆی بچڕانی سنووری وشکانی لەگەڵ ئەرمەنستان، لەبەرئەوەی کە ئەرمەنستان تاکە سنووری ئێران لەگەڵ ئۆراسیا و تەنیا ڕێگەی ڕاستەوخۆ بۆ قەفقاز و ئەوروپایە. بوونی ئەمریکا لەم ڕێگایەدا بە مانای گەمارۆدانی ئێرانە و ئەمەش زنجیرەی فشار و گەمارۆکانی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێران فراوانتر دەکات. تورکیە وەک هێزێکی ناوچەیی پێشوازیی لە ڕێککەوتنەکە کردووە و لەڕاستیدا کردنەوەی ئەم ڕێگەیە بە مانای بەستنەوەی تورکیە بە جیهانی تورک لە ئاسیای ناوەڕاست. ئەم بابەتەش بە مانای بەهێزبووبی کاریگەرییەکانی حەوزەی تورکی “یەکێتی دەوڵەتانی تورک”ی و لاوازبوونی زیاتری پتانسیەل و هێزی ئێران لە قەفقاز و ناوچەکەیە. بابەتێکی تری پەیوەندیدار بە پرسی کاریگەرییەکانی زەنگەزور، دروستبوونی گۆڕانکاری لە هاوسەنگی و هاوکێشە سیاسییەکان لە ناوچەکەیە. کرانەوەی ئەم کۆریدۆرە ئێران دەکاتە هێزێکی لاوەکی و بێ کاریگەر و ئەم وڵاتە هیچ نفوزێکی لە ناوچەی قەفقازدا نامێنێ.
“کۆبەند”
ئەم ڕێککەوتنە لێکەوتەی جددی لەسەر لایەنی ئابووریی ئێران دروست دەکات و بەشێک لە سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەم وڵاتە لەناودەچێت. لە ساڵانی ڕابردوودا ئێران ڕێگەی ترانزیتی نێوان کۆماری ئازەربایجان، تورکیا و نەخچەوان بووە و لەم ڕێگەوە داهاتێکی گەورەی دەست خستووە. نەمانی ئەم ڕێگە ترانزیتییە و گواستنەوەی بۆ کۆریدۆری زەنگەزور، جیا لەوەی پێگەی ژیۆپۆلتیکی ئێران لاواز دەکات، گرنگیی ئێران بۆ هاتووچو و گواستنەوەش لەناودەبات. لەلایەکی ترەوە ئەم ڕێڕەوە دەتوانێت ڕێگایەکی جێگرەوە دابین بکات بۆ گواستنەوەی وزە لە دەریای خەزەرەوە بۆ ئەوروپا، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بە ئێران و ڕوسیادا تێبپەڕێت، ئەمەش توانا و پێگەی کێبڕکێی ئێران لە بواری وزە لاواز دەکات. زۆربەی شیکەرەوەکان پرسی زەنگەزور لە چوارچێوەی شەڕی کۆریدۆرەکاندا شرۆڤە دەکەن و پێیانوایە کردنەوەی ئەم کۆریدۆرە کاریگەریی گەورەی ئابووری لەسەر چین و ڕووسیاش دادەنێ و ئەمەش بەشێک لە ئیستراتژی ئەمریکا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەیە لە گەڵ چین. تورکیا و کۆماری ئازەربایجان بە پشتیوانیی ئەمریکا دەتوانن ببنە ڕێگەی سەرەکیی نێوان ڕۆژهەڵات و جیهانی رؤژئاوا و ئەمەش قازانجی ئابووری بۆ ئەو وڵاتانە و لە قاڵبدانی زیاتری ئێران و هاوپەیمانەکانی لێدەکەوێتەوە.
لایەنێکی تری کاریگەرییەکانی کۆریدۆری زەنگەزور، کاریگەریی سیاسییە. بەڕێوەبردنی کۆریدۆری زەنگەزور لەلایەن کۆمپانییەکی ئەمریکی بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ بە مانای بوون و حزووری هەمیشەیی نەک هەر ئابووری، بەڵکوو ئیستیخباراتی و ئەمنیەتیی ئەمریکاشە. نزیکبوونی زەنگەزور لە سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران ئەتوانێ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی ئەمنییەتی بۆ سەر ئێران بێ، بەتایبەت کە کێشمەکێش و بەریەککەوتنی دەیان ساڵە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکادا هەیە. لە چوارچێوەی کاریگەرییە سیاسییەکاندا دەکرێ ئاماژە بە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەرمەنستانیش بکرێ. لە چەند دەیەی ڕابردوودا پەیوەندییەکی دۆستانە لە نێوان ئێران و ئەرمەنستاندا بووە و بەڵام گۆڕانکاری لە بلۆکبەندییە سیاسییەکان ئەتوانێ کاریگەری لەسەر داهاتووی پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکانی ئەم دوو وڵاتەدا دابنێ و ئەرمەنستان لە ئێران دوور بخاتەوە. ئەرمەنستان لە مانگەکانی ڕابردوو و لەدوای شکستی ئەو وڵاتە لە پاراستنی ناوچەی قەرەباغ، لە ڕووسیا دوور کەوتەوە و ڕووی لە ئەمریکا و بلۆکی ڕۆژئاوا کرد و ڕەنگە وردە وردە کۆتایی بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئێرانیشدا بێنێ.
کەواتە، ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا ڕێککەوتنێکی مێژووییە. نەک هەر کۆتایی بە درێژخایەنی ململانێ چەکدارییەکانی ناوچەکە دەهێنێت و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی دەکاتەوە، بەڵکو ڕێگە بە ئەرمینیا دەدات تێکەڵ بە پڕۆژە ئابووری و بازرگانییە ناوچەییەکان بێت، کە بەهۆی ناکۆکییەکەی لەگەڵ ئازەربایجان و تورکیا لێی دوور خرابووەوە. بەڵام لەوەش گرنگتر، ڕێککەوتنەکە دیدێکی سیاسی نوێی خستەڕوو کە لەسەر بنەمای یەکەمایەتیدان بە بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانی و گەشەپێدانەکان بەسەر ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوچەکەدا. ئەمەش دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ زۆرێک لە قەیرانەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕەنگە مۆسکۆ قەرەبووی زیانەکانی لە قەفقازی باشوور بکاتەوە لە ڕێگەی ڕێککەوتنە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتەکانی، یان لە ڕێگەی نەرمی ئەمریکا لە دانوستانەکان لەسەر ئۆکرانیا. بەڵام ئێران وەک گەورەترین زەرەرمەند لەم پیلانەدا دەمێنێتەوە.