“مارسێڵ “پرۆست” و هۆکاری خوێندنەوە”
“کۆتایی دانایی هەر کتێبێک، سەرەتای دانایی ئێمەیە؛ ئەو ساتەی کتێبێک هەموو توانای خستووەتە گەڕ تا هەموو شتێکمان پێبڵێت، وامان لێدەکات هەست بکەین هیچ شتێکی پێ نەوتووین.” ئەم هێما ڕەشانەی سەر پەڕە، چۆن دەکرێـت شەپۆلێکی وەها لەسەر دڵ و ڕۆح دابنێت؟ بۆچی تەنیا ئەوکاتەی کە پەی دەبەین بەوەی ئومێدەکانمان گەورە بووە و ناخمان گۆڕاوە و سەرسام بووین، خۆمان ڕادەستی کتێب دەکەین؟ گالیلۆ پێیوابوو خوێندنەوە ڕێگایەکە بۆ بەدەستهێنانی هێزێکی ئەفسووناویی. دوای پێنج سەدە کارڵ ساگان لە پەسنی کتێبدا دەڵێت:- “بەڵگەیە لەسەر ئەوەی مرۆڤ دەتوانێـت کاری جادوویی بکات.” بەلای کافکاوە کتێب:- “ئەو تەورەیە دەریا بەستووەکانی ئەقڵمان دەشکێنێت.” بەلای ماری ڕۆڤڵی شاعیریش:- “کاتێک کەسێک کتێبێک دەخوێنـێتەوە، مانای ئەوەیە ئەم دونیایە بێسوود نییە.” ڕیبیکا سۆڵێنتیش باس لە هۆکاری خوێندنەوە دەکات و دەڵێـت:- “کتێب؛ دڵێکە تەنیا لە دڵی خوێنەردا لێدەدا.”
“بۆچی دەخوێنینەوە؟”
یەکێک لە جوانترین و ڕاشکاوانەترین وەڵامی ئەم پرسیارە نەمرە، مارسێل پرۆست (١٨٧١-١٩٢٢) دەیداتەوە. “پرۆست” لە نزیک سییەکانی تەمەنیدا چەندین وتاری بۆ چەندین گۆڤاری ئەدەبی شایستە نووسیبوو، بەڵام هێشتا ڕۆمانی نەنووسیبوو. لە تەمەنی سی و شەش ساڵیدا، لە یەکەم هەوڵیدا توانی هەزار پەڕە بنووسێت، بەڵام دوای ئەوەی ئاشنای جۆن ڕاسکینی ڕەخنەگر بوو و کتێبەکانی بیری “پرۆست”یان ڕۆشن کردەوە، هەستیکرد توانای ڕێکخستنی دێڕەکان و کتێبی نییە. “پرۆست” سێ ساڵی تەمەنی بۆ وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ڕۆسکن تەرخانکرد. هەرچەندە ئینگلیزییەکەی باش نەبوو، بەڵام کتێبەکەی ڕاسکنی وەڕگێڕا بۆسەر زمانی فەڕەنسـی و لە پەراوێزەکانیشیدا تێبینی ڕونکردنەوەی دەنووسی. دوای چەند ساڵێک و لە بەرگی حەوتەم و کۆتایی “گەڕان بەدوای کاتی لەدەستچوو” شاکارەکەی خۆی نووسی:– “درکم بەوەکردووە کە کتێبی بنەڕەتی، کتێبی ڕاستەقینە، ئەو کتێبەیە کە پێویست ناکات نووسەرێکی گەورە بینووسێت؛ بە واتایەک، لەبەرئەوەی لە ناخی یەکێکماندا ئەم غەریزەیە بوونی هەیە، تەنیا ئەوەیە دەبێت نووسەر وەریبگێڕێت. کەوایە نووسەر و وەرگێڕ هەمان ئەرکیان هەیە.”
بەرهەمەکانی ڕاسکن لە وەرگێڕانی “پرۆست”، جێگەی تایبەتی خۆیان گرتەوە و بەرجەستەی ئەوەیکرد کە ڤیسواڤا شیمپۆرسکا (شاعیرەی پۆڵەندی و وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب) لە گفتوگۆی کارێکی تایبەتی وتی:- “مۆجیزەیە کاتێک وەرگێڕانێک نابێتە وەرگێڕان و دەچێتەوە سەر کتێبە ڕەسەنەکەی خۆی”. پێشەکی یەکێک لە بەرهەمە وەرگێردڕاوەکانی ڕاسکن (مەبەستی یەکێک لەو بەرهەمانەیە “پرۆست” وەریگێڕابوو و پێشەکی بۆ نووسیبوو) ئەوەندە جێگەی تێڕامان و سەرسامی بوو، کە دواتر کرا بە کتێبێک بە ناوی “ڕۆژانی خوێندنەوە”، تیایدا “پرۆست” لە کێشەکانی خوێندنەوە ورد دەبێـتەوە:- بەپێچەوانەی گفتوگۆ، خوێندنەوە ڕۆڵی فیکرەکانی کەسێکی تر کە بەتەنیا دانیشتووە دەبینـێت، بە واتایەکی تر کاتێک چێژ دەبینین لە بەهێزی ئەو فکرەی لە تەنیایدا هەمانە، کاتێک دەرگای ڕۆحمان بەرەو ئیلهام واڵا کردووە، هێشتا بەرانبەر دەرئەنجام و بەرهەمەکانی توندین. “پرۆست” چێژی نەبڕاوەی خۆی بەرانبەر خوێندنەوە دەردەبڕێت و دەڵێت:- لەوەیە ڕۆژەکانی منداڵیمان، وێنەی ئەو ڕۆژانەی وادەزانین هەرگیز تیایا نەژیاوین، نەژیابێتین؛ ئەو ڕۆژانەی لە تەنیشت باشترین کتێبەکاندا بەڕێمانکردن. هەنگە بێزارکەرەکە، یان هەتاوەکە کە ناچاری دەکردین چاومان لەسەر کتێبەکە هەڵبگرین، یان شوێنەکەمان بگۆڕین. ئەو شیرینییەی کە لەگەڵ دەستی خۆمان هێنابوومان و دواتر دەستمان لێنەدەدایەوە، تا شینێتی ئاسمان لەسەر سەرمانەوە کز دەبوو. یاخود ئەو شێو-ەی کە ناچاردەبووین لەپێناویدا بگەڕێینەوە ماڵەوە، ئەو شێو-ەی کاتێک دەمانخوارد، تەنیا بیرمان لەوە دەکردەوە هەرچی زووترە تەواوی بکەین و بگەینەوە فریای ئەو بەشانەی کە دەستمان ڵێ هەڵگرتبوو. لە یادگەماندا یادەوەری خۆشی هەڵکۆڵی (ئەو یادەوەریانەی ئێستا بەنرخترن لامان، وەک لە ئەو کاتەی بە تاسەوە دەمانخوێندەوە).
“پرۆست” باسی پاداشتی خوێندنەوە دەکات و دەڵێت:- “ئەمە یەکێکە لە خەسڵەتە گەورەکانی کتێبی چاک (کە توانیومانە لەهەمانکاتدا ڕۆڵی بنەڕەتی و سنووردار و ئەوەی خوێندنەوە لە ژیانماندا دەیبینێـت ببینین). لەوەیە نووسەر ناوی بەرهەمی لێ بنێت، بەڵام بزواندنی هەستی نەرێنییە بەلای خوێنەرەوە. بەتەواوی هەست بەوە دەکەین دانایی ئێمە کاتیک دەست پێدەکات، کە نووسەر بێدەنگ دەبێت؛ ڕێک لەو ساتەی کە چاوەڕێی وەڵامین و کەچی ئەوەی پێمان دەبەخشێت ئارەزووە. کاتـێک ئەم ئارەزووانەمان بەخەبەر دێنێت، کە پاڵمان دەنێت بەرەو بیرکردنەوە لە جوانییەکی ڕەها، کە ئەمەش لەڕێگەی هونەرەوە نەبێت ناتوانین پێی بگەین. کۆتایی هەر کتێبێک، سەرەتای دانایی ئێمەیە؛ ئەو ساتەی کتێبێک هەموو توانای خستووەتە گەڕ تا هەموو شتێکمان پێبڵێت، وامان لێدەکات هەست بکەین هیچی پێ نەوتووین.” سوزان سۆنتاگ:- “کتێب نموونەیەکی خوودیمان پێدەبەخشێت، ڕێگەیەکە بۆئەوەی ببین بە مرۆڤێکی کامڵ.”
“پرۆست” پێیوایە کتێبی باش ڕێگای بەرەو خوودمان بۆ دەکێشێت:- خوێندنەوە لە لێواری ڕۆحماندا وەستاوە؛ دەتوانێت بەرەو خوودمان ببات، بەڵام ناتوانێت بوونیادی بنێت.
“بە قەڵەمی ماریا پۆپۆڤا”
“مارسیل پرۆست” لە جووڵای ١٨٧١، ماوەیەکی کەم پاش جەنگی پرۆسییە و سەرەتای کۆماری فەڕەنسای سێیەم لەدایکبووە. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم لە پاریس ژیاوە. یاسای خوێندووە و دەستێکی باڵای لە ئەدەبدا هەبووە. وتارنووس و ڕەخنەگر بووە. لەپاڵ ڕۆماندا کورتە چیرۆکیشی نووسیووە و یەکەم چیرۆکی لە ساڵی ١٨٩٦دا بووە بەناوی “ڕۆژەکان”. “پرۆست” بەدەست نەخۆشی ڕەبوو دەیناڵاند. دوای ئەوەی لە تەمەنی نۆ ساڵێدا تووشی هێرشی ڕەبوو بوو، بە مندالێکی نەخۆش لە قەڵەم درا. کاتێک لە ساڵی ١٨٩٧ دۆخی تەندروستی “پرۆست” خراپتر دەبێت، بەتەواوی لە کۆمەلگە دادەبڕێت و دووردەکەوێـتەوە. کاتێک ١٩٠٣ ڕۆبەرت “پرۆست”ی برای هاوسەرگیری کرد، لەهەمان ساڵدا باوکی کۆچی دوایی دەکات. مردنی دایکی لە ساڵی ١٩٠٥، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دوورکەوتنەوە و دابڕانی لە کۆمەڵگە هەبوو. ئەم ڕووداوە یەک لەدوای یەکانە ، دیدگای بەرانبەر کۆمەڵگە گۆڕی و تەنیایی هەمیشەیی هەڵبژارد. “پرۆست” سێ ساڵی کۆتایی تەمەنی، لەسەر تەختەخەوەکەی بەسەر برد، بە ڕۆژ دەخەوت و بە شەو کاری دەکرد، تا ڕۆمانی “گەڕان بەدوای کاتی لەدەستچوو” تەواو بکات. لە ١٨ی نۆڤەمبەری ١٩٢٢ ماڵئاوایی یەکجارەکی کرد و لە گۆڕستانی پییەر ڵاشێز بە خاک سپێردرا.
سەرباری ئەوەی “پرۆست” وتاری ڕەخنەیی و چیرۆکیشـی نووسیووە، بەڵام تەواوی تەمەنی خۆی بۆ ڕۆمانی “گەڕان بەدوای کاتی لەدەستچوو” تەرخانکرد؛ ئەم ڕۆمانە خۆی لە حەوت بەش دەبینـێتەوە. “پرۆست” لە ساڵی ١٩٠٩دەستیکرد بە نووسینی ئەم شاکارە، خۆی لە ٤٣٠٠ پەڕە و یەک ملیۆن و نیو وشە دەبینـێتەوە، ژمارەی کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکەش ٢٠٠ کەس دەبێـت. ڕۆمانەکە لەنێوان ساڵانی ١٩١٣ بۆ ١٩٢٧ بڵاوبوویەوە. دوای ئەوەی جەنگی یەکەمی جیهانیی کۆتایی پێهات، یەکەم بەشی ڕۆمانی “گەڕان بەدوای کاتی لەدەستچوو”، خەڵاتی گۆنکۆری فەڕەنسـی بۆ ڕۆمانی ١٩١٩دەباتەوە. گاستۆن گاڵێماری خەوەن ناوەندەی بەناوبانگی گاڵێمار، لە بەشی دووەمی “گەڕان بەدوای کاتی لەدەستچوو”ەوە، ئەرکی لە چاپدانی هەموو کارەکانی “پرۆست”ی لە ئەستۆ گرت. وێڕای ئەوەی “پرۆست” نەخۆش بوو و ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی بە نەخۆشی بەسەربرد، بەڵام چارەنووس وابوو کۆچی کۆتایی نەکات، تا هەرسێ بەشی کۆتایشیی تەواوکرد و بەشێوەی دەستنووسی کۆتایی لەدوای خۆی بەجێیهێشت و ڕۆبەرت “پرۆست”ی برای دوای مردنی مارسێل هەر سێ بەشەکەی بڵاوکردەوە.
گەڕان بەدوای کاتی لەدەستچوو و وەرگێڕان:-
- ئیلیاس بەدەوی وەرگێری سووری، هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ئەم شاکارەی وەرگێڕا. سێ بەرگی لێ بڵاوکردەوە (بەرگی دووەم و سێیەم و چوارەم).
- مۆنکرێف شەش بەشی “گەڕان بەوای کاتی لەدەستچوو”ی بۆسەر زمانی ئینگلیزی وەرگێرا، بەڵام پێش ئەوەی بەشی حەوتەم بەناوی “یادەوەرییە تێپەڕیووەکان” وەربگێڕێت، کۆچی دوایی کرد. دواتر کڵمارێت، هەر حەوت بەشەکەی لەژێر ناوی “گەڕان بەدوای کاتی لەدەستچوو”، وەرگێڕا و بڵاوکردەوە.
سەرچاوە:- الساقیة (مارسیل بروست عن سبب القراءة).
وەرگێڕانی:- مەدینە ئەحمەد