ئیڤان بۆنینی نووسەری ڕووس و وەرگری خەڵاتی نۆبڵ، لە یاداشتەکانیدا کە لە کۆتا ساڵەکانی تەمەنی نووسیوێتی، باسی هاوڕێیەتی خۆی و ئەنتۆن چیخۆڤ دەکات کە لە ساڵی ١٨٩٥ دەستیپێکرد و لە ساڵی ١٩٠٤ (ئەو ساڵەی چیخۆڤ کۆچی دوایی کرد) کۆتایی پێهات. باس لە گەشتێکی خۆی بۆ یاڵتای مۆسکۆ دەکات، کە هەر لەوێش چاوی کەوتووە بە ئەنتۆن چیخۆڤ. ئیڤان بۆنین دەستیکرد بە نووسینی کتێبێک لەبارەی ژیانی ئەنتۆن چیخۆڤەوە، بەڵام مەرگ نەیهێشت تەواوی بکات و لە ساڵی ١٩٥٣ کۆچی دوایی کرد. نووسەر یەکەم دیداری خۆی و چیخۆڤ کورت دەکاتەوە و دەڵێت لە ساڵی ١٨٩٥ لە مۆسکۆ چاوم بە ئەنتۆن کەوت، دەشڵێت: “چیخۆڤ زۆر بە گەرمی پێشوازی لێکردم، بەڵام ئەم سادەیی و خاکەڕاییەیم بە جۆرێک لە ساردی و سڕی لە قەڵەم دا.”
دواتر لێی پرسیم؛ بۆنین، تۆ زۆر دەنووسیت؟
بەرسڤم دایەوە و وتم؛ کەم دەنووسم.
- جێگەی داخە!
دواتر بەردەوامی دا بە قسەکانی و وتی: “دەبێت کار بکەین، ئێمەی نووسەر بەدرێژایی ژیانمان دەبێـت بەردەوام بین لە نووسین و پشوو بە پەنجەکانمان نەدەین.” تاوێک بێدەنگ بوو، پاشان بۆی زیاد کرد و وتی: “بە بڕوای من، دوای نووسینی هەر چیرۆکێک، پێویستە پێشەکی و خاتەم لاببەین، لەبەرئەوەی ئێمەی نووسەر زۆرجار خەیاڵپڵاوین و پێویستە بە ڕوونی و ڕێکی بنووسین.” دوای دیدارەکەی مۆسکۆ چاوم بە ئەنتۆن نەکەوتەوە تا بەهاری ساڵی ١٨٩٩، کە لە هەمان ساڵدا گەشتم کرد بۆ شاری یاڵتا، لە یەکێک لە شەوەکاندا لە کەنار دەریا چاوم پێیکەوت. پێیوتم: بۆچی سەردانت نەکردم؟ دەبێـت سبەی بێیت.
وتم: چ کات؟
وتی: سبەی بەیانی کاتژمێر هەشت.
کە سەرسامی بە ڕوخسارمەوە بینی، بۆی ڕوونکردمەوە و وتی بەیانیان زوو هەڵدەستن و ئەمە خوویانە، دواتی لێی پرسیم: ئەی تۆ چی؟
وتم: منیش بەهەمان شێوە.
- کەوایە زۆر باشە. سبەی بەیانی ڕاستەوخۆ دوای هەڵسانت لە خەو وەرە بۆ لام و پێکەوە قاوەیەک دەخۆینەوە.
دواتر لە کەنار دەریا پێکەوە پیاسەمان دەکرد و لەسەر یەکێک لە کورسییەکان دانیشتین.
لێمپرسی: حەزت لە دەریایە؟
بە بەڵێ وەڵامی دامەوە و دواتر وتی: وەکوو ئەوەی دەیزانی پەسنکردنی دەریا دژوارە. بەڵام جارێک لە یاداشتی یەکێک لەخوێندکارەکان پەسنێکی زۆر جوانی دەریام خوێندەوە، نووسیبووی: “دەریا گەورە بوو.” پێموایە هەر ئەم پەسنکردنەش بەسە. کاتێک پێشتر لە ڕووسیا چاوم کەوت بە چیخۆڤ، کەسێکی ئاسایی تەمەن سی ساڵ بوو، باڵابەرز و ڕێک و جووڵە سووک بوو. بەڵام کاتێک لە یاڵتا چاوم پێی کەوت، بەتەواوی گۆڕابوو؛ کێشـی ئێجگار دابەزیبوو، بەڵام هەندێک شتی هەروەکوو خۆی مابوویەوە. وەک هەمیشە بۆ دیدارەکان تامەزرۆ بوو، بەڵام دەتوت پابەندە بە جۆرێک کۆت و بەندەوە. وەک هەمیشە لەسەرخۆ و ڕەوان قسەی دەکرد، کاتێکیش قسەی دەکرد دەتوت هەمیشە سەرقاڵە و لەنێوان قسەکانیدا وەکوو ئەوەی وشەکانی ڕێکبخات، مەودای بە قسەکانی دەبەخشی. لەکاتی دیدارەکەی کەنار دەریامان، چووم بۆ خانووەکەی. هێشتا ئەو بەیانییە خۆشەم لەیادە کە لە حەوشەی پشت خانووەکەی بەسەرمان برد. ئیدی لەو وەختە بەدواوە بەردەوام بووم لە سەردانییەکانیم بۆ لای چیخۆڤ، تا ئەوەی بوو بە خوویەکی ڕۆژانە. بێگومان هەر ئەم سەردانییەش بوو بوو بە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندییەکەمان. بەڵام جۆرێک لە ئاگایی لە خۆیدا هێشتبوویەوە، هەر بەتەنیا لەگەڵ منیش وانەبوو بەڵکوو لەگەڵ هەمواندا وابوو. ساردوسڕی پێوە دیاربوو، بەڵام بەوشێوەیە نەبوو کە لێی تێگەشتبووم. دواتر درکم بەوەکرد چیخۆڤ وێڕای دۆخی کەمەڵایەتی، بەڵام لەگەڵ هەمواندا بە سۆزەوە مامەڵە دەکات. ئەو ساردوسڕییەشی کە دەریدەخست جگە لە ئاگاییەکی پەنگخواردوو هیچی تر نەبوو.
کوخە سپییەکەی ئاتوکا، یان وەکوو ئەوەی هاوڕێکانی پێی دەڵێن خانووە سپییەکە، باخچەیەکی بچووکی هەبوو کە هەمیشە گرنگی پێ دەدا، چیخۆڤ زۆر دڵی بە گوڵوگولزار دەکرایەوە. لە کۆتایی خانووەکەشیدا کتێبخانەیەکی هەبوو، کە بە دوو یان سێ تابلۆی ڵیڤیتان ڕازێنرابوویەوە، پەنجەیەکی گەورەی بازنەیشـی هەبوو کە بە جوانی دەریات لێوە دیار بوو. ئەو کاتژمێر و ڕۆژ و مانگانەی لەوێ بەسەرم برد، بۆ هەمیشە لە یادەوەرییەکانمدا دەمێننەوە و ڕەگیان داکوتاوە. کاتێک پێکەوە بووین بەردەوام پێدەکەنی، حەزی لەوەبوو ناوناتۆرە دروستبکات. کاتێک کەسێک بەسەرهاتێکی پێکەنیناوی بۆ بگێرابایەتەوە زۆر پێدەکەنی. دەیتوانی پێکەنیناویترین بەسەرهات بگێڕێتەوە بەبێ ئەوەی تەنانەت بزەیەکیش بکات. ئاگایی و ئارامییەکەشی بەهۆی شتە پەنگخواردووەکانی ناخییەوە بوو. ئەوکاتەی کە خوێندکار بـوو لەپاڵ خوێندنەکەی کاریشـی دەکرد. بەهۆی هەژارییەوە سەبارەت بە ئارەزووەکانی زۆر ئارامگر بوو. چەندین کاتژمێر بە مووچەیەکی کەم کاری دەکرد، تا تەنیا خوێندنەکەی تەواو بکات. وێڕای ئەوەی بە درێژایی پانزە ساڵ نەخۆش بوو و کەس بەمەی نەزانی تا ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی، بەڵام هیچ ڕۆژێک هیچ کەسێک گوێی لێ نەبوو بوو گازندە لە دۆخی خۆی بکات. کاتێک بەدرێژایی ڕۆژ بە چاوی داخراوەوە لەسەر کورسییەکەی دادەنیشت، دایکی دەهات و لە دۆخی دەپرسی و ئەویش بەوەی هیچ نییە تەنیا سەرئێشەیەکی سووکە وەڵامی دەدایەوە.
چیخۆڤ شەیدای ئەدەب بوو بەتایبەت تۆڵستۆی و لیرمنتۆڤ، زۆریش لەبارەیانەوە قسەی دەکرد، بەڵام هەرگیز باسی ئەدەبی لەگەڵ میوانەکانیدا نەدەکرد؛ مەگین ئەوەی میوانێکی زۆر تایبەت و خۆشەویست بایە. چیخۆڤ هەمیشە دەیوت: “نابێت پێش چاپکردن کەس کارەکانت بخوێنێـتەوە، ناشبێت گوێ لە ئامۆژگاریی کەسانی تر بگریت. گەر هەڵەشت کرد، با هەڵەکە هەر بۆ خۆت بێت و دەبێـت لە کارەکانتدا بوێر بیت.” بەدرێژایی بیست و پێنج ساڵ چیخۆڤ چەندین شتی ناخۆشی بیست و ڕەخنەگران هەمیشە دادپەوەر نەبوون لەگەڵی. جارێک پێیوتم: “تەنیا ئەوکاتانەی کە لە سەرما هەڵدەلەرزم، دادەنیشم و دەنووسم.” هیچ کات نەمبینیبوو سەرمای بێت یان تووڕە بووبێـت، گەر واش بووایە لە شاردنەوەی زۆر لێزان بوو.
جارێکی تریش پێیوتم: “نووسەر دەبێـت هەژار بێت، تا بوێری تەمەڵبوونی نەبێت. تاوەکوو بزانێت گەر واز لە نووسین بهێنێت، لە برسا دەمرێـت.” هەندێکجاریش تەواو پێچەوانەکەی دەوت: “نووسەر دەبێت ئەوەندە دەوڵەمەند بێت، بە دەوری جیهانێکدا گەشتبکات و شتی زیاتر فێر ببێت.” یەکێک لە کۆتا یادەوەرییەکانم لەگەڵ چیخۆڤدا، بەهاری ١٩٠٣ بوو. لە یاڵتا بووین و لە ئۆتێلی ڕووسیا دەمامەوە، لە درەنگانی یەکێک لە شەوەکاندا پێیان ڕاگەیاندم زەنگم بۆ کراوە، بەخێرایی چوومە خوارەوە و زانیم چیخۆڤە، پێیوتم:-
- گالیسکەیەکی چاک بە کرێ بگرە و وەرە بە شوێنمدا، دەڕۆین و بە شاردا پیاسە دەکەین.
- پیاسەکردن؟ ئێستا؟ هیچ بووە؟
- کەوتوومەتە داوی خۆشەویستییەوە.
- ئەمە شتێکی زۆر باشە ئەنتۆن، بەڵام کاتژمێر دەیە و زۆریش ساردە، لەوەیە تووشی سەرما ببیت.
- مشتومڕم لەگەڵ مەکە، تەنیا وەرە.
بە دە خولەک گەشتمە خانووەکەی، کە گەشتم لەگەڵ دایکیدا دانیشتبوو. وەکوو هەمیشە ئارامی و تاریکی باڵی بەسەر خانووەکەدا کێشابوو. کە ئاوڕم دایەوە و کتێبخانەکەیم بینی، دڵم داخورپا. ئای خودایە! چیخۆڤ چەند شەوی لێرە بەتەنیا بەسەر برد؟ شەوەکەم تژی بوو لە بیرکردنەوەی تاڵی چارەنووس.
لەبەردەم دەرگای کتێبخانەکە پێشوازی لێکردم و وتی: چ شەوێکە!
شەوێکی ئارام بوو، هەور و ئەستێرەکان دەوری مانگیان دابوو.
- تۆ بڵێی خەڵکی تا چەند ساڵی تر چیرۆکەکانم بخوێننەوە؟ حەوت ساڵی تر؟
شپرزبووم و وتم: جا بۆچی حەوت ساڵ؟
- باشە، با حەوت ساڵ و نیو بێـت.
بە نەرێنی وەڵامم دایەوە. دواتر بەردەوام بووم و وتم: ئەدەب زۆر دەژی، تا زیاتریش بژی بەهێزتر دەبێت.
چیخۆڤ وەڵامی نەدامەوە، تەنیا بە چاوە بەسۆز و سەرسامەکانی چاوی تێ بڕیبووم.
سەیری ڕەنگی بزڕکاویم کرد و وتم: خەمبار دیاریت! چیتە ئەنتۆن؟
سەیری کردم و بە گاڵتەوە وتی: ئەوە تۆیت خەمباریت، چونکە تۆ گالیسکەکەت بە کرێ گرتووە.
دواتر بە جددییەوە وتی: چیرۆکەکانم تا حەوت ساڵی تر دەخوێننەوە، بەڵام من تەنیا شەش ساڵم لە ژیاندا ماوە. نەکەی ڕۆژنامەکان لەمە ئاگادار بکەیتەوە.
کۆتا نامەی چیخۆڤم لە جوونی ١٩٠٤ بەدەست گەشت. ئەوکات لە گوندێک دەمایەوە کە زۆر دوور نەبوو، بۆی نووسیبووم کە باشە و خراپ نییە. لە چواری جوولای بەمەبەستی وەرگرتنی ڕۆژنامە و نامە، چووم بۆ پۆستەچی. بای وشکی ڕۆژاوا ڕۆژەکەی گەرمتر کردبوو. ڕۆژنامەکەم کردەوە و لەپڕێکدا هەستمکرد چەقۆیان لە سنگم چەقاندووە! هەواڵی مەرگی چیخۆڤ شۆکێکی گەورە بوو. بەبێ ئازار و ناڵە، لە ئارامی و جوانی بەرەبەیانێکی گەرمی هاوین کۆچی دوایی کرد، کۆچەکەی هەر بەوشێوەیە بوو کە ئاواتی بۆ دەخواست.
سهرچاوه؛ https://alsabaah.iq/73076-.html
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد







































































