زاراوەی داتای زەبەلاح بەکار دێت بۆ وەسفکردنی داتایەکی قەبارە گەورە و هەمە چەشن کە بە ئاسانی بەڕێوەنابرێت، جا ئەم داتایە لە جۆری داتای ڕێکخراو، داتای ڕێکنەخراو یاخود داتای نیمچە ڕێکخراو دەبێت. کە بە تێپەڕ بوونی کات بەردەوام چەند هێندە زیاد دەکات. ئەم داتایانە زۆر ئاڵۆز و گەورەن لە ڕوی قەبارە،خێرایی (خێرایی دروستکردن و پرۆسیس کردن و شیکارکردن)هەروەها هەمە چەشنی. کە سیستەمە باوەکانی بەڕێوەبردنی داتا ناتوانن ئەم داتەیانە هەڵبگرن و هەروەها پرۆسێس و شیکاری بکەن. بڕ و بەردەست بوونی ئەم داتایانە بە خێرایی زیاد دەکات، هەروەها کارتێکردنی لە لایەن تەکنۆلۆجیا پێشکەوتووە دیجیتاڵییەکانەوە زیاترە وەک پەیوەست بوون بە هێڵی ئینتەرنێت، گەڕۆکی، ئینتەرنێتی شتەکان هەروەها زیرەکی دەستکرد. لەبەرئەوەی فراوان بوونی داتا بەشێوەیەکی بەردەوام لە تەشەنەکردندایە، بۆیە کۆمەڵێک ئامرازی نوێی تایبەت بە بواری داتای زەبەلاح پەیدا دەبێت بۆ یارمەتیدانی کۆمپانیاکان لە کۆکردنەوە و پرۆسێسکردن و هەروەها شیکاری داتادا. ئەم داتا زەبەلاحانە زیاتر لە فێرکردنی ئامێر(Machine learning )،مۆدێلە پێشبینیکەرەکانی زیرەکی دەستکرد هەروەها مۆدێلە پێشکەوتوەکانی شیکاریکردنی کێشەی بزنسدا بەکاردێن.
“نمونەی داتای زەبەلاح”
لەم سەردەمەدا؛ دەکرێت داتا بە بەهاترین سەرمایەی کۆمپانیایەک بێت. بەکارهێنانی ئەم جۆرە داتایە بۆ زانینی پێشبینییەکان، یارمەتیدەر ئەبێت بۆ تێگەیشتن لەو هۆکارانەی کاریگەرییان هەیە لەسەر بزنسێک،لە بارودۆخی بازاڕ و مامەڵەی کڕیارەوە تاکو بەرەوپێشچونی گشتی بزنسەکە. ئەمانەی خوارەوە نمونەی هەندێک لە سودەکانی داتای زەبەلاحن کە یارمەتی گۆڕانی کۆمپانیا و دامەزراوەکان دەدەن لە هەموو پیشەسازییەکدا.
– بەدواداچونی ڕەفتاری بەکارهێنەر و خوی کڕین، بۆ ئەوەی پێشنیاری بەرهەمێکی بۆ بکەین کە بە تەواوی لەگەڵ پێداویستییە کەسییەکانیدا یەکبگرێتەوە.
– چاودێریکردنی شێوازەکانی پارەدان و شیکاری کردنیان هەروەها بەراورد کردنیان بە کڕینی کڕیارە هەمیشەییەکانیان.
– بەکارهێنانی ئەو تەکنۆلۆجیایانەی کە بە زیرەکی دەستکرد پاڵپشتی دەکرێن،وەک پێواژۆی زمانی سروشتی(Natural language processing )بۆ شیکارکردنی داتای ڕێکنەخراوی پزیشکی(بۆ نمونە ڕاپۆرتی توێژینەوە یان ئەنجامی پشکنینی تاقیگە)، بۆ زیادکردنی پێشبینی نوێ و پێشخستنی چارەسەر و هەروەها گرنگیدانی زیاتر بە نەخۆش.
– بەکارهێنانی داتای وێنەیی لە کامێرا و هەستەوەرەکانەوە، هەروەها داتای(GPS)بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕێگاوبانەکان. ئەمانە چەند ڕێگایەکی کەمی بەکارهێنانی داتای زەبەلاحە لە لایەن دامەزراوەکانەوە، بۆ ئەوەی ببن بە دامەزراوەیەکی پشت بە داتا بەستوو. تاکو بتوانن باشتر پێشبینی پێداویستی کڕیارەکانیان بکەن.
“تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە داتایە”
پێناسەکانی داتای زەبەلاح ڕەنگە لە سەرچاوەیەکەوە بۆ سەرچاوەیەک کەمێک بگۆڕێت،بەڵام هەمیشە چەند تایبەتمەندیەکی هەیە لەوانەش قەبارە، خێرایی هەروەها هەمە چەشنی و هتد.ئەم چەند تایبەتمەندییەی داتای زەبەلاح لە هەرە تایبەتمەندییە باوەکانن کە لە خوارەوە ڕوونیدەکەینەوە:-
قەبارە:- وەک بە ناوەکەیدا دیارە،یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە باوەکانی ئەم جۆرە داتایە بریتیە لە قەبارەیەکی گەورە.ئەم بڕە زۆرە لە داتا بەردەستە بۆ کۆکردنەوە و بەرهەمهێنان لە کۆمەڵێک سەرچاوە و ئامێری جیاوازەوە.
خێرایی:- مەبەست لەمە، بریتیە لەو خێراییەی کە تێیدا داتاکە بەرهەم دێت.لەمڕۆدا، بەزۆری داتا لە کاتی ڕاستەقینە یاخود نزیک لە کاتی ڕاستەقینەدا بەرهەم دێت، لەبەر ئەوە پێویستە ئەم داتایە پرۆسێسکراو بێت،بە ئاسانی دەستکەوێت هەروەها شیکار کراو بێت بۆ ئەوەی کاریگەریەکی ماناداری هەبێت.
هەمەچەشنی:- داتا جیاوازە، بەو مانایەی کە دەکرێت لە کۆمەڵێک سەرچاوەی جیاوازەوە هاتبێت، هەروەها دەکرێت داتاکە ڕێکخراو،ڕێکنەخراو یاخود نیمچە ڕێکخراو بێت.زۆرینەی داتا ڕێکخراوە تەقلیدییەکان(وەک داتای ناو داتابەیسە پێکەوە بەستراوەکان ) ئێستا لە لایەن تێکستی ڕێکنەخراو،وێنە هەروەها فایلی دەنگی و ڤیدیۆیی تەواو (کامل) دەکرێن.
وردی:- داتای زەبەلاح ئەگەری هەیە پڕ بێت لە هەڵە و ناڕێکی، کە وا دەکات کۆنترۆڵکردنی وردی و دروستی داتاکە قورس بێت. ئەم داتا زەبەلاحانە دەکرێت سەرلێشێوێنەر بن و کۆنترۆڵکردنیان زەحمەت بێت، لە هەمان کاتدا داتای بچوکیش ئەنجامێکی تەواو نادات بە دەستەوە، چەند وردی لەم داتایانەدا بەرز بێت ئەوەندە جێگای متمانە دەبن.
گۆڕان:- مانای داتای کۆکراوە بە بەردەوامی دەگۆڕێت،کە ڕەنگە بە تێپەڕبونی کات ببێتە هۆی ناچونیەکی. ئەم گۆڕانانە تەنها گۆڕان نین لە ناوەڕۆک و لێکدانەوەکان، بەڵکو هەموو ڕێگەو شێوازەکانی کۆکردنەوەی داتا دەگرێتەوە کە کۆمپانیاکان بەکاریدەهێنن بۆ دەسکەوتن و شیکاری داتاکانیان.
بەها:- بڕیاردان لەسەر بەهای بازرگانی ئەو داتایەی کۆدەکرێتەوە کارێکی گرنگە. داتای زەبەلاح پێویستە داتایەکی دروست بێت و بە شێوەیەکی کاریگەرانە شیکار کرابێت، تاکو ئەنجامێک بدات بە دەستەوە کە یارمەتی بڕیاردان بدات.
“داتای زەبەلاح چۆن کار دەکات؟”
بیرۆکەی بنچینەیی داتای زەبەلاح بریتیە لەوەی کە تا چەند بەرچاو ڕونیت زیاتر بێت دەربارەی شتێک،ئەوەندە زیاتر توانای پێشبینی کردن، بڕیاردان هەروەها پێشخستنی بزنسەکەت دەبێت. بۆ ئەوەی ئەم جۆرە داتایە کاری خۆی بکات، پێویستی بە سێ کردار هەیە
یەکخستن:- داتای زەبەلاح چەندین (تێرابایت) تەنانەت هەندێک جار (پێتابایت) لە داتای خاو، لە چەندین سەرچاوەوە کۆ دەکاتەوە، کە ئەم داتایانە وەرگیراون،پرۆسێسکراون هەروەها گۆڕاون بۆ فۆرماتێک کە بەکارهێنەر و شیکەرەوەکانی داتا، پێویستیانە تاکو دەست بکەن بە شیکارکردنی.
بەڕێوەبردن:- داتای گەورە، پێویستی بە عەمباری گەورە هەیە،جا ئەو عەمبارە کلاود،عەمباری ناوەکی یاخود هەردوکیان.بە هەمان شێوە پێویستە داتا بەو شێوەیە هەڵبگیرێت کە داواکراوە، هەروەها پێویستە پرۆسێسکراو بێت و لە کاتی ڕاستەقینەدا بەردەست بێت.کۆمپانیاکان بە شێوەیەکی بەرچاو کلاود بەکاردەهێنن چونکە بێ سنورە و هەروەها توانای فراوانبونی هەیە.
شیکاری:- هەنگاوی کۆتایی بریتیە لە شیکاریکردن و کار کردن لەسەر داتای زەبەلاح.بەپێچەوانەوە وەبەرهێنانەکە بەها و گرنگی نابێت. سەرەڕای گەڕان بەدوای خودی داتادا، بە هەمان شێوە گرنگە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بکرێت لەسەر بزنسەکە بە شێوەیەک کە هەموو کەس تێبگات.ئەمە بەکارهێنانی ئامرازەکانی وەک هێڵکاری و خشتە و داشبۆرد دەگرێتەوە بۆ بەرچاوڕونی دەربارەی داتاکە.
“سوودەکانی داتای زەبەلاح”
پێشخستنی توانای بڕیاردان:- داتای زەبەلاح هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی دامەزراوەیەک بکات بە دامەزراوەیەکی پشت بە داتا بەستو.کاتێک کەسێک بتوانێت شیکار و بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە داتایە بکات،ئەوا دەتوانێت شێواز و پێشبینی جیاواز بدۆزێتەوە تاکو بتوانن بڕیاری ستراتیجی بدات.
زیادکردنی چوستی و داهێنان:- داتای زەبەلاح ڕێگە دەدات بە کۆکردنەوە و پرۆسێسکردنی داتای کاتی ڕاستەقینە لە داتا پۆینتەکانەوە بۆ شیکاریکردن و بەدەستهێنانی ئەنجامێکی خێرا.ئەم پێشبینیانە لە ئەنجامی شیکاری ئەم داتایانەوە دەکرێت، دەتوانێت خێرایی و پێشڕەوی بکات لە پلان دانان، بەرهەمهێنان هەروەها خستنەبازاڕی بەرهەم و خزمەتگوزاری تایبەت.
باشترکردنی ئەزمونی کڕیارەکان:- پێکەوە بەستن و شیکاری سەرچاوەکانی داتای ڕێکخراو و داتای ڕێکنەخراو پێکەوە،یارمەتیت دەدات لە پێشبینیکردن بۆ تێگەیشتن لە ویستی کڕیار و پێداویستی کەسی.
پێشخستنی بەڕێوەبردنی مەترسییەکان:- شیکاریکردنی بڕێکی زۆر لە داتا،یارمەتی کۆمپانیاکان ئەدات بۆ باشتر هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان.بۆ ئاسانکردنی ناسینەوە و چاودێریکردنی مەترسییە شاراوەکان.
چوست و چالاکی:- بەکارهێنانی ئامرازەکانی شیکارکردنی داتای زەبەلاح،یارمەتیدەرە لە پرۆسێسکردن بە شێوەیەکی خێرا و بەرهەمهێنانی پێشبینیگەلێک کە یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی تێچو، بەفیڕۆنەدانی کات هەروەها زیادکردنی چوست و چالاکی بەشێوەیەکی گشتی.
کۆسپەکانی بەردەم زانایانی شیکەرەوەی داتا لە کاتێکدا داتای زەبەلاح سودی زۆری هەیە،لە هەمان کاتدا هەندێک کۆسپ و ڕێگری هەیە، کە دامەزراوەکان پێویستە چارەسەری بکەن لە کاتی کۆکردنەوە،بەڕێوەبردن هەروەها کارکردن لەسەر بڕێکی ئەوەندە زۆر لە داتادا لەوانە:-
کەمی بەهرە و لێهاتوویی لە بواری داتادا:- زانایانی بواری داتا، شیکەرەکانی داتا هەروەها ئەندازیارانی داتا کەسانی یەکەمن لەم بوارەدا، بۆیە کەمی لێهاتوویی و کەمی ئەزمونی ئەم کەسانە یەکێکە لە بەربەستەکان لەم بوارەدا.
خێرایی گەشەی داتا:- بە شێوەیەکی سرووشتی، داتای گەورە بە بەردەوامی لە گۆڕان و زۆربوندایە.بۆیە بە بێ ژێرخانێکی پتەو کە بتوانێت چارەسەری پرۆسێس، عەمبارکردن،تۆڕ و هەروەها پێداویستییەکانی ئاسایش بکات ئەوا بەڕێوەبردنی کارێکی قورسە.
ئاسایش:- ئەم داتا گەورانە زانیاری گرنگی بزنس و کڕیاری تێدایە، بۆیە ئەبێتە ئامانجێکی گرنگ بۆ هاککەرەکان.لەبەرئەوەی ئەم داتایانە گۆڕاو و ئاڵۆزن پاراستنیان کارێکی قورسە.
سەرچاوە:google cloud
وهرگێڕانی؛ لاولاو مستهفا